بزووتنەوەو یەكگرتوو سوورن لەسەر كۆكردنەوەی سەرجەم ئیسلامییەكان لە بەرەیەكدا

07-05-2018 05:26
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتی بزووتنەوەو سەلاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو.

 

پەرەگراف

 

بزووتنەوەو یەكگرتووی ئیسلامی كە یەك لیستیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، سوورن لەسەر كۆكردنەوەی سەرجەم ئیسلامییەكان لە بەرەیەكدا، بۆئەوەش لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی‌و سۆفی‌و سەلەفی‌و ڕێكخراوە ئیسلامیەكانی دیكە گفتوگۆیان كردووە، هیوایان بە ئەنجامی گفتوگۆكانیان هەیە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا.

 

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، دەڵێت"ئێمە هەوڵی زۆرماندا كە هەموو حاڵەتە ئیسلامییەكە بكەین بە یەك و بە یەك لیست دابەزین بۆ هەڵبژاردن، لەبەر ئەوەی تەوەقوعی خەڵك لە ئێمە وابوو كە چەند هێزێكی سیاسی ئیسلامین پێكەوە بەشداری هەڵبژاردن بكەین، لەگەڵ برایانی یەكگرتوو هەر لە سەرەتاوە ڕامان وابوو كە یەك لیستی شتێكی باشە و لەگەڵ براكانی تریش هەوڵماندا، بەڵام نەهاتن."

 

بزووتنەوەی ئیسلامی لە ناو لیستی یەكگرتوودا بە چەند كاندیدێك بەشدارە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە 5 ڕۆژی دیكە بەڕێوەدەچێت، هەردوو حزب پێكەوە بانگەشە دەكەن بۆ سەرخستنی لیستەكەیان كە بەناوی لیستی ئیسلامخوازان ‌و ئیسڵاحخوازان دەیناسێنن.

 

جگە لە بزوتنەوەو یەكگرتوو، كۆمەڵی ئیسلامی حزبێكی دیكەی دیاری ئیسلامییەو بەدەر لەو سێ لایەنەش چەندین گروپ‌و ڕەوتی دیكەی ئیسلامی هەن، ڕابەری بزووتنەوە باسلەوەدەكات بەرنامەیان هەیە بۆ پێكەوە كاركردنی هەموو لایەن‌و كەسایەتییە ئیسلامییەكان‌و بەشداریكردنیان بە یەك لیست لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا، بۆ ئەو مەبەستەش لە دوای كۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەسەر ئاستی لوتكەی لایەنە ئیسلامییەكان كۆدەبنەوە.

 

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز كە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی كردووە، وتیشی"هەردوولامان لە یەكگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی بڕیاری مەبدەئیمان داوە كە تا كۆتایی ئینشائەڵڵا پێكەوە دەبین مەگەر شتێكی لەناكاو ڕووبدات، لەگەڵ براكانی تریش جگە لە كۆمەڵی ئیسلامی كە بەردەوام لەگەڵیان خەریكین، تەیارێكی تری بەرفراوان هەیە لەوانەی لە ماڵی خۆیان دانیشتون یان ڕێكخراوەكان، هەروەها لەگەڵ سۆفی و سەلەفییەكان، لەگەڵ هەمووان قسەمان كردووە و پشت بەخوا لە ئایندەدا ئەو قسانە ئەنجامی دەبێت. ڕەنگە بۆ ئەم لیستە هەندێك تەحەفوزێكیان هەبێت، بەڵام بۆ دوای ئەم هەڵبژاردنە ناوی لیستەكە دەگۆڕین و ئەو خەڵكەش وا لێدەكەین كە حەساسیەتێكی بە ناوەكەش نەبێت."

 

بزوتنەوەی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی 2014ی پەرلەمانی عێراق لە هیچ پارێزگایەك دەنگی پێویستی نەهێنا تاوەكو پەرلەمانتارێكی بنێرێتە بەغداد، ئەو حزبە لە پەرلەمانی كوردستانیش خاوەنی یەك كورسییەو هەرلەسەرەتای ئەم خولەوە بووەبە ئۆپۆزسیۆن.

 

هەریەكە لە كۆمەڵ‌و یەكگرتووی ئیسلامی نوێنەریان لە پەرلەمانی عێراق هەیە، كۆمەڵ 3 كورسی‌و یەكگرتوو خاوەنی 4 كورسییە. لە پەرلەمانی كوردستانیش، كۆمەڵ خاوەنی 6 كورسی‌و یەكگرتوو خاوەنی 10 كورسییە.

 

بەمەبەستی دروستكردنی یەك لیستیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لایەنە ئیسلامییەكان ماوەیەكی زۆر سەرقاڵی كۆبوونەوەو گفتوگۆكردن بوون، بەڵام دواجار كۆمەڵی ئیسلامی نەچووە ناو یەك لیستییەكەوەو بە سەربەخۆ بەشدارە لە هەڵبژاردن، لە ناوچە دابڕاوەكانیش كۆمەڵ لەگەڵ گۆڕان‌و هاوپەیمانی یەك لیستیان هەیە.

 

"ئیسلامییەكانی هەرێمی كوردستان پێویستە لەم قۆناغەدا بەرچاو ڕۆشن بن هەم خۆیان و هەم مەنهەجەكەیان و هەم خەڵكیش بە گومانەوە سەیریان نەكات، ئێمە گوتومانە لەم قۆناغەدا نابینە جێگرەوەی پەیڕەو و پڕۆگرام، یانی پەیاممان وەك ئیسلام نابەینە ناو دەسەڵات لەم قۆناغەدا، بەڵكو بە قیەم و ئەخلاقی خۆمان دەچینە دەسەڵات و هەر بەوەش دەبینە جێگرەوەی ئەو دەسەڵاتە، بۆ ئەوەشی كە خەڵك نەترسێت و گومان نەكات لەوەی كە ئێمە كۆمەڵێك شتی جیاواز دەكەین" ڕابەری بزووتنەوە وادەڵێت.

 

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز پێیوایە، ئەگەر ئیسلامییەكانی كوردستان لە یەك لیست و قەوارە و چوارچێوەدا كۆببنەوە، ئەوا دەتوانن ببنە شوێنگرەوەی دەسەڵات لە هەرێم.

 

وتیشی"پێشبینی ئێمە ئەوەیە لە ئایندەدا ڕێژەیەكی باشی خەڵك دێن بەدەم لیستەكەوە و لە میانی هەڵمەتی بانگەشە و گەڕانمان لە زاخۆ تا كەلار، بۆمان دەركەوتوو كە خەڵك زۆر پێشوازیمان دەكات و پێیان خۆشە كە موسڵمانان پێكەوە بن. لە هەمانكاتدا پڕوپاگەندەیەكی زۆر و چەواشەكارییەكی زۆر دەكرێت دژی ئەم لیستە بۆ ئەوەی دەنگ نەهێنێت."

 

بۆ ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق، لیستی نوێ لە هەرێمی كوردستان دروست بوون، كە دیارترینیان هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵحە(چەند بەرپرسێكی پێشووی كۆمەڵی ئیسلامی تێدایە) لەگەڵ نەوەی نوێ‌.

 

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز پێیوایە لیستە نوێیەكان دەنگی ئیسلامییەكان نابەن، ئەوەشدەخاتەڕوو، ئەگەری گۆڕانكاریی هەیە لە هاوكێشەی سیاسی‌و پێگەی لایەنەكان بەهۆی ئەو لیستە نوێیانەوە.

 

ڕابەری بزووتنەوە دەڵێت"گۆڕانكاری شتێكی باشە و ئەگەر جێگۆڕكێی هێز هەبێت لە هەرێمی كوردستان ئەوا شتێكی زۆر باشە و لە بەرژەوەندی خەڵكدایە، ئەوەی ئێمە لەم ماوەیەی هەڵمەتی بانگەشە گەڕاوین و بینیومانە ئەگەر هەیە بە ڕێژەیەكی باش جێگۆڕكێ‌ هەبێت و هێزی تازە كە دروست بوون دەنگ بهێنن و لە نەخشەی سیاسی كوردستان خۆیان بسەلمێنن، ئێمەش وەك لیستە ئیسلامییەكە پێمان وایە بوونمان لە ئایندە باشتر دەبێت تا ئێستا."

 

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، بە دووری دەزانێت لیستە نوێیەكان كاریگەرییان لەسەر دەنگەكانی ئەوان هەبێت، وتی"جەماوەری ئێمە بە پڕۆژەی ئیسلامی دەنگ دەدات بە ئێمە، ئەوان خۆیان ڕایانگەیاندووە كە پڕۆژەی ئیسلامی نین، لەبەرئەوە دەنگدەری ئێمە دەنگ بە پڕۆژە دەدات."

 

لە هەرێمی كوردستان 503 كاندید لە چوارچێوەی 25 قەوارەدا كێبڕكێ دەكەن بۆ 46 كورسی پەرلەمانی عێراق كە بەمجۆرە دابەشبوون بەسەر پارێزگاكاندا؛ سلێمانی 18 كورسی، هەولێر 16‌و دهۆك 12 كورسی.