مام بێستون؛ هەوادارە سەرسەختەكەی نەوشیروان مستەفا 11 ساڵە لە بانگەشە نەوەستاوە

08-05-2018 03:55
مام بێستون ناوەستێت لە بانگەشە. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

مام بێستون كەسێكی ئاشنایە بە خەڵكی سلێمانی، ئەو ماوەی 11 ساڵە بەردەوام بە ماتۆڕەكەیەوە نەوەستاوە لە بانگەشەكردن بۆ گۆڕان، وەك خۆی باسیدەكات، حزبەكانی دیكە هەوڵیانداوە بە پارە ڕایبكێشن بەلای خۆیاندا، بەڵام ئەو دەڵێت"من خۆم نافرۆشم. ئەگەر خۆم بفرۆشتایە ئەو ڕێزەی ئێستام نەدەبوو."

 

بێستون ئەسعەد، تەمەنی 62 ساڵەو لەناو خەڵكدا هەربە مام بێستون بانگدەكرێت، سەرەتا پارتی بووە‌و لە ساڵی 2009وە لەگەڵ دامەزراندنی گۆڕاندا پەیوەندی بەو بزوتنەوەیەوە كردووەو هەرزوو بووەتە كەسێكی نزیكی نەوشیروان مستەفا.

 

"كە كاك نەوشیروان جیابووەوە وازم لە پارتی هێنا، چونكە ئەوان تەنها دراو و درۆیان هەیە، كە هاتمە ناو گۆڕان ورەم بەرزبووەوەو تائێستا خۆبەخشم‌و هەر خۆبەخشیش دەبم" مام بێستون بۆ پەرەگراف وای وت، وتیشی"هەتا كاك نەوشیروان مابوو لەگەڵیدا بووم، كە كاك نەوشیروانیش مرد لەسەر ڕێبازەكەیم هەتا مردن."

 

سەرەتای یەكتر بینینی مام بێستون‌و نەوشیروان مستەفا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2009‌و دامەزراندنی گۆڕان، ئەوكات پێشڕەو ئەحمەدكەلان هەڵسوڕاوی گۆڕان‌و كەسی نزیكی نەوشیروان مستەفا، مام بێستون دەبینێت بە ئاڵایەكی گۆڕانەوە خۆڕسكانە بانگەشە بۆ بزوتنەوەكە دەكات، لەو بینینەوە دڵسۆزیی مام بێستونی بۆ دەردەكەوێت.

 

"ساڵی 2009 كاتێك بینیم خۆی بە ماتۆڕێكەوە ئاڵایەكی گۆڕانی پێوەكردووەو بانگەشە دەكات، زانیمان زۆر دڵسۆزی گۆڕان‌و كاك نەوشیروانەو حەزی دەكرد بچێت كاك نەوشیروان ببینێت" پێشڕەو ئەحمەدكەلان بۆ پەرەگراف وای وت.

 

ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان وتیشی"بردم بۆلای كاك نەوشیروان، كاك نەوشیروان زۆری پێخۆش بوو كە بینی مام بێستون بەبێ بەرامبەر بەوجۆرە بانگەشە دەكات. مام بێستون كاریگەری زۆری هەبووەو خەڵك خۆشیان دەوێت."

 

مام بێستون ماتۆڕەكەی ڕازاندووەتەوە بە وێنەی نەوشیروان مستەفاو ئاڵای گۆڕان، ئەو بەردەوام سرودو گۆرانییەكانی گۆڕان لێدەدات‌و بە شەقامەكانی سلێمانیدا دەگەڕێت، بۆ مام بێستون هەموو ڕۆژێك ڕۆژی بانگەشەیە بۆ گۆڕان.

 

مام بێستون وتی"یەكەمجار كە چووم بۆلای كاك نەوشیروان لە گردەكەبوو، هەستا لەبەرم‌و چاكی‌و چۆنی لەگەڵدا كردم‌و پێموت من لەگەڵ پارتیدا ناكوڵێم‌و هاتوم بۆلای كاك نەوشیروانی بەڕێزو سەركردەی خاكیم‌و زۆر زۆر پێخۆشحاڵم، ئەویش دەستیكردە ملم."

 

 

ئێستا كە ساڵێك بەسەر كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا تێدەپەڕێت، گۆڕان لە بەردەم یەكەم هەڵبژاردندایە بەبێ نەوشیروان مستەفا، بەرپرسانی گۆڕان بە گەرموگوڕییەوە بانگەشە بۆ لیستەكەیان دەكەن‌و مام بێستونیش وەك تیمی بانگەشە دەردەكەوێت‌و سەردانی شارو شارۆچكەكان دەكات‌و بەشدارە لە ئاهەنگەكانی لیستی گۆڕان.

 

زۆرێك لەو كەسانەی مام بێستون دەبینن حەزدەكەن وێنەی لەگەڵدا بگرن، مام بێستون وتی"پێش بانگەشەش خەڵك زۆر پێیانخۆشەو وێنەم لەگەڵدا دەگرن، لەم ماوەیەشدا ڕەنگە 2 هەزار ڕەسمم لەگەڵ گیرابێت، هەر حەپەساوم بەو گەرموگوڕییەی خەڵك."

 

مام بێستون تەنها سەرنجی خەڵكی ڕانەكێشاوە، بەڵكو حزبەكانی دیكەش چەندجارێك هەوڵیانداوە بەپارە ڕایبكێشن بەلای خۆیاندا، بەڵام ئەو دەڵێت، هەرگیز وازلە گۆڕان ناهێنێت.

 

"لایەنەكان پێیانوتووم پارەیەكی زۆرت دەدەینێ ئەو ئاڵاو شتە لە ماتۆڕەكەت بكەرەوەو بانگەشە بۆ ئێمە بكە، وتومە خۆم نافرۆشم بۆ پارە، یەك ڕێبازم هەیە ئەویش كاك نەوشیروانە. ئەگەر خۆم بفرۆشتایە ئەو ڕێزو جمورەم نەدەبوو" مام بێستون كە عارەبانەی پێیەو لە عەلوەكەی سلێمانی حەماڵی دەكات وا دەڵێت.

 

ساتی بیستنی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا

 

لەساڵی 2009وە و لە یەكەم بینینەوە، مام بێستون دەبێتە كەسێكی نزیكی نەوشیروان مستەفاو بەردەوام سەردانی دەكات، هەر ئەوكات نەوشیروان مستەفا تەسبیحێكی دەداتێ، ئەویش لەوكاتەوە لە هەموو وێنەیەكدا تەسبیحەكە بەكاردەهێنێت‌و بەرزی دەكاتەوە، هەربۆیە كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا كاریگەری زۆری لەسەری هەبووەو دەڵێت"كاك نەوشیروان بۆ من ئاڵتوون بوو، لە من ڕۆیشت."

 

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 19-5-2017، مام بێستون لە ماڵەوە خەریكی چا خواردنەوە دەبێت، كوڕەكەی تەلەفزیۆن دەكاتەوەو هەواڵی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا دەبیستێت‌و ڕاستەوخۆ بە مام بێستون دەڵێت.

 

مام بێستون وتی"كوڕەكەم تەلەفزیۆنی كردەوەو وتی باوكە نەوشیروان مستەفا وەفاتی كرد، سوێند بە خوا پەرداخە چاكەم لەدەست كەوتە خوارەوەو بە گریانەوە هاتم بۆ ماڵەكەی لە گردەكە."

 

لە دوای كۆچی نەوشیروان مستەفا، مام بێستون ڕیشی نەتاشیوەو ڕۆژانەش سەردانی مەزارەكەی دەكات لە گردی زەرگەتە، وتی"بەقەدەر هەموو دونیام خۆشدەویست، هەموو ڕۆژێك نەیەم فاتیحایەك نەخوێنم ئیدارە ناكەم، پارە لای من ناخوات، خۆشەویستییەكەی بۆمن هەموو دونیایە، ئەبم بە قوربانی قەبرەكەشی."

 

مام بێستون لەسەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا.

 

ئەو ئێستاش هاتوچۆی ماڵی نەوشیروان مستەفا دەكات‌و كوڕەكانی دەیناسن‌و ڕێزی لێدەگرن، وەك خۆی دەڵێت، سەرجەم بەرپرسانی گۆڕان بە ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن.

 

بۆچی بەو ڕادەیە نەوشیروان مستەفای خۆشدەویست؟ مام بێستون لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا وتی"سادەبوو سادە، كە مەسعود بارزانی هات بۆ سلێمانی شار هەمووی گیرابوو بە چەكدار، كە كاك نەوشیروان چوو بۆ هەولێر نە دەترساو زۆر سادەبوو. كراسێكی لەبەردابوو بایی 10 هەزار دینار نەدەبوو، قۆندەرەكانیشی بایی 5 هەزار بوو."

 

مام بێستون وتیشی"لەگەڵ مندا زۆر سوعبەتی دەكرد‌و زۆر قسەخۆش بوو، زۆر منی خۆشدەویست‌و هەموو كات منی لەبەرچاو بووە."

 

مام بێستون لەگەڵ ماتۆڕەكەیدا، ماڵەكەشی كە دەكەوێتە گەڕەكی كۆستەی چەم لە سلێمانی، نیلی پۆش كردووەو بە ئاڵاو وێنەی نەوشیروان مستەفا ڕازاندویەتییەوە.

 

بەرپرسانی گۆڕان بە گرنگی‌و بایەخەوە باسلە ڕۆڵی مام بێستون‌و بانگەشەكردنی دەكەن بۆ بزوتنەوكە، د.ئاسۆ مەحمود، باژێڕوانی سلێمانی گۆڕان بۆ پەرەگراف وتی"مام بێستون لە دروستبوونی گۆڕانەوە تائێستا بەبێ وەستان كاتی بانگەشەو بەدەر لەكاتی بانگەشە ئەوماتۆڕەی تەرخانكردووە بۆ بانگەشەی گۆڕان‌و سرودەكانی گۆڕان، ئەمەش خۆڕسكانەو لە خۆشەویستی گۆڕان‌و كاك نەوشیروان ئەوكارە دەكات."

 

باژێڕوانی سلێمانی گۆڕان، باسیلەوەشكرد، زۆر خەڵك سەرسامن بەوەی مام بێستون بەو توانا سنوردارەی كە هەیەتی لەگەڵ ئیشەكەی خۆیدا شەو و ڕۆژ كار بۆ لیستی گۆڕان دەكات، وتی"ئەوەی ئەو دەیكات بەشێكە لە هاندانی خەڵك‌و دەڵێن مام بێستون ئەگەر ئەمە بكات من بۆ نەیكەم."

 

مام بێستون سنوری هەرێمی كوردستانی تێپەڕاندووەو ئەندام‌و هەوادارانی گۆڕان لە وڵاتانی دەرەوە پەیوەندی پێوەدەكەن‌و دەستخۆشی لێدەكەن، وتی"دوێنێ شەو لە ئەمەریكاوە تەلەفۆنم بۆكرا، زۆر پەیوەندیم پێوەدەكرێت لە سویدو بەریتانیاوە."

 

مام بێستون چ ئومێدێكی بە گۆڕان هەیە؟ لە وەڵامدا وتی"ئومێدم هەیە پشتبەخوا سەربكەوێت‌و ئەو چەك‌و ئەسلیحانە لە یەكێتی‌و پارتی وەربگرێتەوەو ئەو مووچەو پارەیەیان لێوەربگرینەوەو بیدەینەوە بە میللەت، میللەت هەژارەو نەبووە، تەنها ئەوەم دەوێت، من پارەم ناوێت."