پەرەگراف ناوەڕۆكی كۆبوونەوەیەكی گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانی ئاشكرا دەكات

09-05-2018 09:14
كەسانی یەكەمی هاوپەیمانی، گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانی دەستەیەكی هاوبەشیان پێكهێنا بۆ هەماهەنگی‌و چاودێریی هەڵبژاردن‌و ڕێگریكردن لەهەر هەوڵێكی ساختەكاریی، ئەمەریكاو وڵاتانی ئەوروپاش بۆ هەمان مەبەست پەیوەندییان بەو سێ حزبەوە كردووەو بەوردی چاودێریی پڕۆسەكە دەكەن.

 

چڕكردنەوەی چاودێری‌و هەماهەنگی لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات‌و وڵاتانی ڕۆژئاوا لەكاتێكدایە سبەینێ پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت دەستپێدەكات‌و ڕۆژی شەممە دەنگدانی گشتییە بۆ پەرلەمانی عێراق.

 

سەرچاوەیەكی باڵا كە ئاگاداری وردەكاریی هەماهەنگی نێوان سێ حزبەكەیە بۆ پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد، "ئەمڕۆ هەریەكە لە گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانی كۆبوونەتەوەو دەستەیەكی هاوبەشیان پێكهێناوە."

 

سەرچاوەكە وتی"ئەو سێ حزبە هەماهەنگی یەكتر دەكەن لە چاودێریكردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن‌و پێكەوە بە یەك دەست ڕێگریی دەكەن لەهەر هەوڵێكی ساختەكاریی لایەنەكانی دەسەڵات."

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانی كە لە ناوچە دابڕاوەكان پێكەوە لە یەك لیستدان، لەسەر ئاستی هەرێمیش ڕێككەوتنێكی فراوانتریان ئەنجامداوە، هەرچەندە تائێستا ڕێككەوتنەكەیان بۆ ڕایگشتی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام پەرەگراف  سەرەتای مانگی ڕابردوو ناوەڕۆكی ئەو ڕێككەوتنەی ئاشكرا كردو ئەوەی خستەڕوو، بۆ كاركردنی هاوبەشە دەربارەی هەڵبژاردن‌و هەماهەنگی لە بانگەشەو دژایەتی یەكتر نەكردن.

 

بڕیارە ئەو سێ حزبە زانیاریی لەنێوان خۆیاندا ئاڵوگۆڕ بكەن دەربارەی پێشێلكاریی‌و هەر هەوڵێكی ساختەكاری لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا، سەرچاوەكە وتیشی"بۆ هەر ئەگەرو ڕوداوێكی نەخوازراو هەڵوێستی هاوبەشیان دەبێت."

 

چڕكردنەوەی هەوڵە ناوخۆییەكان بۆ ڕێگریی لە پێشێلكاری‌و ئەگەری ساختەكاریی، هاوكاتە لەگەڵ هاتنەسەر خەتی ئەمەریكاو ئەوروپا بۆ هەمان مەبەست‌و پەیوەندییان بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانەوە كردووە.

 

سەرچاوە ئاگادارەكەی پەرەگراف دەڵێت"ئەمەریكی‌و بەوردی چاودێریی هەڵبژاردانەكە دەكەن، نیگەرانییان لە پێشێلكارییەكانی ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن گەیاندووەتە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بەتایبەت پێشێلكارییەكانی پارێزگای دهۆك، داواشیان كردووە لەهەر پێشێلكاریی‌و هەوڵێكی ساختەكاریی ئاگاداریان بكەنەوە."

 

ئەو سەرچاوەیە وتیشی"ئەمەریكی‌و ئەوروپییەكان لایخۆیانەوە دەستەیەكیان دروستكردووەو پەیوەندییان بە گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانییەوە هەیە بۆ وەرگرتنی زانیاریی، پێدەچێت لە چەند كاتژمێری داهاتووشدا پەیامی ناڕەزایی‌و هۆشداریی بگەیەننە پارتی‌و یەكێتی."

 

پەرەگراف لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە زانیویەتی، یەكێتی‌و پارتی كە دوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمن‌و هێزی چەكداریان بەدەستەوەیە، فشاری جۆراوجۆریان خستووەتەسەر ئەو هێزانە كە دەنگ بە حزبی دیكە نەدەن.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانیش لە چەند پەیامێكی جیاوازدا داوایانكردووە هێزی چەكدارو سەرجەم هاوڵاتیان ئازادانەو بێترس دەنگ بدەن‌و بەشداربن لە پڕۆسەكە.

 

هاوكات جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی پێشتریدا لەگەڵ پەرەگراف دڵنیاییدا كە هیچ لایەنێك ناتوانێت بزانێت دەنگدەر دەنگی بە كێ داوەو هیچ كەسێكیش ناتوانێت زیاتر لە جارێك دەنگ بدات.

 

سەرەتای ئەم هەفتەیەش نوسینگەی ڕاگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا هۆشدارییدا لە فشارخستنەسەر دەنگدەران‌و ڕایگەیاند، زانیارییان بەدەست گەیشتووە حزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم فشار دەخەنە سەر كارمەندانی ئاسایش‌و فەرمانبەرانی دیكە تا دەنگ بە چەند لایەنێكی دیاریكراو بدەن.

 

نوسینگەی عەبادی وتیشی"ئەگەر زانیارییەكان ڕاست بن، ئەوا پێشێلكارییەكی بەرچاو و جددی یاساییە لە هەرێمی كوردستاندا كە پارتە دەسەڵاتدارەكان ئەنجامیان داوە."

 

ئەم هەڵبژاردنە لەكاتێكدایە لیستی نوێ لە هەرێمی كوردستان دروست بوون كە دیارترینیان هاوپەیمانی‌و نەوەی نوێیە، لەسەر ئاستی هەرێم 503 كاندید لە چوارچێوەی 25 قەوارەدا كێبڕكێ دەكەن بۆ 46 كورسی پەرلەمانی عێراق كە بەمجۆرە دابەشبوون بەسەر پارێزگاكاندا؛ سلێمانی 18 كورسی، هەولێر 16‌و دهۆك 12 كورسی.