دەنگدانی تایبەت بە سستی‌و تۆماركردنی چەندین پێشێلكاریی كۆتایی هات

10-05-2018 07:52
دەنگدەرێك وەرەقەی دەنگدانەكەی دەخاتەناو سندوق، قوتابخانەی شەهید غەفور ژاژڵەیی لە سلێمانی/ 10-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

دەنگدانی تایبەت لە سەرتاسەری عێراق كۆتایی هات، هەرچەندە پڕۆسەكە بە تۆماركردنی چەندین پێشێلكاریی بەڕێوەچوو، بەڵام نوێنەرانی لایەنەسیاسییەكان كە چاودێریی ناوەندەكانی دەنگدانیان دەكرد بە "باش‌و سەركەوتوو" لە قەڵەمی دەدەن.

 

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 240 هەزار كەس ئەمڕۆ مافی دەنگدانیان هەبوو، سەرباری پێشێلكارییەكان كە دیارترینیان بەكارهێنانی مۆبایل بوو لەلایەن دەنگدەرانەوە بۆ وێنەگرتنی دەنگدانەكانیان‌و تۆماركردنی ئەو لایەن‌و كاندیدەی دەنگیان پێداوە، كێشەی سەرەكیی پڕۆسەكە سست بەڕێوەچوونی بوو.

 

هۆكاری سستییەكەش، بەهۆی نەخوێندنەوە یاخود درەنگ خوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران لەلایەن ئامێری تایبەتی ناسینەوەی دەنگدەرەوە دروست دەبوو، بەجۆرێك دەنگدەر هەبوو هەر 10 پەنجەكەی تاقی دەكرایەوە ئەوكات ئامێرەكە پەنجەمۆرەكەی دەخوێندەوە، ئەوەش لەچەند بنكەیەك ئاڵۆزیی لێكەوتەوەو ژمارەیەك لە دەنگدەرانیش فریانەكەوتن دەنگ بدەن، لەبەرئەوەی لە كاتژمێر 6ی ئێوارە كە وادەی كۆتاییهاتنی پڕۆسەكە بوو ئامێرو سندوقەكانی دەنگدان كوژانەوە. 

 

دەنگدەران چاوەڕوانن پەنجەمۆریان وەربگیرێت. وێنە: پەرەگراف.

 

ئەو دەنگدەرانەی ناویان لە تۆماری دەنگدەران هەبوو، تەنها كێشەیان نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر بوو، توانییان دەنگ بدەن، ئەوەش لە ڕێی پڕكردنەوەی فۆڕمێكی تایبەتی كۆمسیۆنەوە، ئەوانیش وەك سەرجەم دەنگدەرانی دیكە كارتی دەنگدانیان لێوەردەگیرایەوە بۆئەوەی نەتوانن لە شوێنی دیكە یاخود لە ڕۆژی دەنگدانی گشتیی جارێكی دیكە دەنگ بدەن.

 

نوێنەری لایەنەكان كە چاودێری پڕۆسەكەبوون چی دەڵێن؟

 

لە قوتابخانەی شەهید غەفور ژاژڵەیی لە سلێمانی، 2150 كەس بۆی هەبوو دەنگبدات، لەو ڕێژەیە 1927 كەس دەنگیاندا، ئەوانی دیكە پێیان ڕاگەیەندرا دەتوانن ڕۆژی شەممە لە دەنگدانی گشتیدا دەنگ بدەن.

 

دەنگدەران كە پەرەگراف قسەی لەگەڵدا كردن بێزاربوون لە قەرەباڵخیی‌و سستیی پڕۆسەكە، هەندێكیان دەیانوت ماوەی 5 كاتژمێرە لە ڕیزدا وەستاون‌و هێشتا نەگەیشتوونەتە ناو وێستگەكانی دەنگدان.

 

 

دەنگدەران چەند كاتژمێرێكە لە چاوەڕوانیدا وەستاون. وێنە؛ پەرەگراف.

 

هاوكات لەسەر، ڕیزگرتن‌و سست بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە چەندجارێك شەڕو دەمەقاڵە لە نێوان دەنگدەران خۆیان لەلایەك‌و دەنگدەران‌و كارمەندانی كۆمسیۆن دروست بوو.

 

نوێنەرانی حزبە سیاسییەكان كە وەك چاودێر لە وێستگەكانی دەنگدان ئامادەبوون، چەندین پێشێلكارییان تۆماركردو لەسەر ئەو بنەمایەش سكاڵای یاسایی بەرزدەكەنەوە.

 

 

دەنگدەرێك لەكاتی وەرگرتنی پەنجەمۆريدا. وێنە: پەرەگراف.

 

"پڕۆسەكە زۆر خاوەو خەڵك زۆر لەدەرەوە وەستاون‌و بێزابوون، هەندێك كەس دەڕواتەوە. خاوییەكە كارمەندانی كۆمسیۆنی زۆر وەستاندووە هەندێك جار 6 بۆ 7 خولەك سەرقاڵی دەنگدەرێك دەبن" سەردار حەمەئەمین، نوێنەری یەكگرتووی ئیسلامی لە وێستگەیەكی قوتابخانەی شەهید غەفور ژاژڵەیی بۆ پەرەگراف وای وت.

 

هاوكات هەژار جەبار، نوێنەری هاوپەیمانی لەهەمان وێستگەی دەنگدان، وتی"تائێستا(كاتژمێر 3) سێ حاڵەت تۆماركراوە كە دەنگدەران بە مۆبایل وێنەی دەنگدانەكانیان گرت، بەڵام بەرپرسی وێستگەكە پێی سڕینەوەو ئێمەش تەئیكدمان كردەوە كە قەدەغەیەو دەبێت بیسڕنەوە."

 

سەرباری بردنەژورەوەی چەك لەلایەن هەندێك دەنگدەرو هەڵواسینی لۆگۆی یەكێتی بەسەرسنگیانەوە كە دوو كاری قەدەغەو ڕێگە پێنەدراون‌و نوێنەری لایەنەسیاسیەكان تۆماریانكردن‌و پەرەگراف-یش بەچاوی خۆی ئەو حاڵەتانەی بینی، هاوكات بەكارهێنانی مۆبایل لەناو كابینەی دەنگدان‌و وێنەگرتنی دەنگدان دیارترین پێشێلكاریی بوو.

 

 

دەنگدەرێك لۆگۆی یەكێتی بەسنگەوەیە لەكاتی دەنگدان/ 10-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

ئامانح سەلاح، نوێنەری گۆڕان لە وێستگەیەكی دەنگدانی قوتابخانەی شەهید غەفور ژاژڵەیی، لەسەر دەفتەرەكەی بەردەمی بەوردی ئامارەكانی تۆماركردووە، بۆ پەرەگراف وتی"تائێستا(كاتژمێر 3:05 خولەك) 243 دەنگدراوە لەم وێستگەیە لە كۆی 450 كەس كە مافی دەنگدانیان هەیە، 20 حاڵەت هەبووە كە بە مۆبایل وێنەی دەنگدانەكەیان گرت، 3 دانەیان پێمان سڕینەوەو ئەوانی دیكە نەیان سڕییەوەو چونەدەرەوە."

 

وێنەگرتنی دەنگدان لەلایەن كۆمسیۆنەوە قەدەغەكراوە، بەڵام ڕێكاری تووند ناگیرێتەبەر بۆ ڕێگریی لەوكارە، ئەو حاڵەتانە زیاتر لە دەنگدانی تایبەتدا تۆماردەكرێن، بەو پێیەی هەندێك لە بەرپرسانی هێزە ئەمنییەكان فشاری جۆراوجۆر دەخەنەسەر دەنگدەران تاوەكو دەنگیان بۆ حزبەكانیان مسۆگەر بكەن، بۆئەوەش داوای وێنەگرتنی دەنگدانەكەیان لێدەكەن تا وەك بەڵگەیەك پیشانیان بدەنەوە.

 

 

دوای دەنگدان لە قوتابخانەی شەهید غەفور ژاژڵەیی/ 10-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

ئەنجامی دەنگدانی تایبەت ڕاناگەیەندرێت‌و چاوەڕوانی ئەنجامی دەنگدانی گشتی دەكرێت كە ڕۆژی شەممە ئەنجامدەدرێت.

 

ئەم هەڵبژاردنە لەكاتێكدایە لیستی نوێ لە هەرێمی كوردستان دروست بوون كە دیارترینیان هاوپەیمانی‌و نەوەی نوێیە، لەسەر ئاستی هەرێم 503 كاندید لە چوارچێوەی 25 قەوارەدا كێبڕكێ دەكەن بۆ 46 كورسی پەرلەمانی عێراق كە بەمجۆرە دابەشبوون بەسەر پارێزگاكاندا؛ سلێمانی 18 كورسی، هەولێر 16‌و دهۆك 12 كورسی.

 

ڤیدیۆ؛ ساتی كۆتاییهاتنی دەنگدان‌و كوژانەوەی ئامێرەكان