بە وێنەو زانیاریی؛ چۆن دەنگ دەدرێت؟

11-05-2018 03:14
دەنگدانی تایبەت لە قوتابخانەیەكی سلێمانی/ 10-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە عێراق بەمەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك‌و دوور لە ساختەكاری، ئەمساڵ بە سیستمی ئەلیكترۆنی پڕۆسەكە بەڕێوەدەبات، سندوقی زیرەك بەكاردەهێنرێت بۆ جیاكردنەوەو هەژماركردنی دەنگەكان‌و وەك هەڵبژاردنەكانی پێشوو پڕۆسەكە بە دەستی مرۆڤ ئەنجام نادرێت.

 

دەنگدەر پێویستە كارتی دەنگدانی بایۆمەتری(ئەگەر كردبووی) یاخود ئەو كارتەی پێبێت كە هەڵبژاردنی ڕابردوو دەنگی پێداوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بەڵگەیەكی دیكەی پێبێت كە عێراقی بوونی بسەلمێنێت، ئەوكات دەتوانێت دەنگ بدات.

 

سەرەتا كە دەنگدەر دەچێتە بنكەی دەنگدانەكەی، كارمەندێكی كۆمسیۆن پێشوازی لێدەكات‌و كارتی دەنگدانەكەی لێوەردەگرێت‌و لەڕێی كۆمپیوتەرێكی تایبەتی كۆمسیۆنەوە ناوەكەی دەدۆزێتەوە كە ئایا لەو بنكەیەیە؟ لەچ وێستگەیەكی دەنگدانە؟ دواتر پسوڵەیەك دەداتە دەنگدەر كە وەڵامی ئەو دوو پرسیارەی لەسەرەو دەنگدەر ئاڕاستە دەكات بۆ وێستگەی دەنگدانەكەی.

 

دواتر دەنگدەر دەچێتە وێستگەكەو كارتی دەنگدانەكەی دەداتە كارمەندانی كۆمسیۆن، كارمەندەكان ناوەكەی لە تۆماری دەنگدەران دەدۆزنەوەو لە بەرامبەر ناوەكەی واژۆی پێدەكەن، دواتر كارتەكەی دەخرێتە ئامێرێكی تایبەتەوەو پەنجەمۆری دەنگدەر لەسەر هەمان ئامێر وەردەگیرێت بۆ ناسینەوەی.

 

 

 

ئەگەر ئامێرەكە چەنجەمۆرەكەی خوێندەوە ئەوكات كاغەزی دەنگدانی بۆ مۆردەكرێت‌و باركۆدی سەر كاغەزەكە دەخرێتەسەر هەمان ئەو ئامێرەی كارتی دەنگدانەكەی تێدایەو پەنجەمۆری دەنگدەری وەرگرتووە، كە باركۆدەكە تۆماركرا كاغەزەكە دەدرێتەدەست دەنگدەرو دەچێت لەناو كابینەی دەنگدان دەنگەكەی دەدات.

 

 

 

دەنگدەر مۆرێكی تایبەت بەكاردەهێنێت بۆ دەنگدان كە لە شێوەی قەڵەمێكدایەو سەری مۆرەكە بریتییە لە لۆگۆی كۆمسیۆن لەناو بازنەیەكدا، حبری مۆرەكەش تایبەتەو بە هیچ شێوەیەك ناسڕێتەوە، هیچ كەس‌و لایەنێكیش ناتوانێت بزانێت دەنگدەر دەنگی بە چ لیست‌و كاندیدێك داوە.

 

 

دوای ئەو هەنگاوە، دەنگدەر دەچێتە بەردەم كارمەندی سەر سندوقی دەنگدان، پەنجەی شایەتومانی مۆردەكات‌و كاغەزی دەنگدانەكەی دەخاتەناو سندوقەكەوە، سندوقەكە ئامێری جیاكردنەوەو هەژماركردنی دەنگەكانی لێبەستراوەو لەماوەی كەمتر لە 7 چركەدا كاغەزەكە وەردەگرێت‌و ڕاستەوخۆ دەنگەكە جیادەكاتەوەو هەژماریشی دەكات كە بۆ چ لیست‌و لایەنێك بووە، بەڵام ئاشكرای ناكات تا كۆتایی بە پڕۆسەكە دێت، بەم شێوەیە دەنگدەر كۆتایی بە دەنگدانەكەی دەهێنێت.

 

 

 

ئامێری وەرگرتنی پەنجەمۆری دەنگدەرو سندوقی دەنگدانەكە هەریەكەیان پاترییەكی لێبەستراوە كە بۆماوەی 11 كاتژمێر دەتوانن بەبێ كارەبا كاربكەن، ئەوەش وایكردووە نەبوونی كارەبا كاریگەریی لەسەر پڕۆسەكە دروست ناكات، هەروەها هەردوو ئامێرەكە كاتی كاركردنیان دیارییكراوەو لە كاتژمێر 6ی ئێوارە كە وادەی كۆتاییهاتنی پڕۆسەكەیە، ئامێرەكان دەكوژێنەوە.

 

 

 

دەنگی سەرجەم سندوقەكانی هەڵبژاردن لە ڕێی مانگێكی دەستكردی تایبەتەوە كە كۆمپانیایەكی كۆریی دابینیكردووە دەگواسترێنەوە بۆ بەغداد، لەگەڵ ئەوەشدا كۆمسیۆن ڕێگایەكی دیكە دەگرێتەبەر بۆ دڵنیایی زیاتر لە پاكیی پڕۆسەكە.

 

ڕزگار حەمە محێدین دەربارەی ئەو ڕێگایەی دیكە پێشتر بۆ پەرەگراف، وتی"لەسەر سندوقەكە شوێنێكی تایبەتی هەیەو فلاش میمۆرییەكی زۆر تایبەت بەكاردەهێنین، ئەو فلاشە دەتوانێت تەنها زانیارییەكان لە سندوقەكە وەربگرێت، واتە سكانی سەرجەم وەرەقەكانی دەنگدان‌و ئەنجامەكان وەردەگرێت، شەوی هەڵبژاردنەكە ئێمە لە ڕێگای فڕۆكەوە لە هەموو پارێزگاكان سەرجەم فلاشەكان كۆدەكەینەوەو لە سێرڤەرێك بەجیا دایان دەنێین، ئەوەی كە لە ئاسمانەوە بە مانگی دەستكرد هاتووە لە سێرڤەرێكی دیكەیەو ئەوكات بەراوردێك دەكەین لەنێوان هەردووكیان بۆ ئەوەی دڵنیایی تەواو بدەین كە ئەوەی لە ئاسمان هاتووە لەگەڵ ئەوەی لە فلاشەكان كۆمانكردووەتەوە وەكو یەكن."

 

سەرجەم سندوقەكانی هەڵبژاردن شوێنی ئەو فلاش میمۆرییەیان هەیەو كۆمسیۆن گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەك كردووە بۆ هێنانی ئەو فلاشە تایبەتانە بۆ هەموو وێستگەو بنكەكانی دەنگدان، "لای بەڕێوەبەری وێستگەی دەنگدانەكە دەبێت، كۆتایی دەنگدانەكە جگە لەوەی بە مانگی دەستكرد ئەنجامەكان دەنێرێت لە ڕێگەی ئەو فلاشەشەوە وەریدەگرین‌و فلاشەكان كۆدەكەینەوە."