تەنها یەكێتی لە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن لە سلێمانی‌و هەڵەبجە ڕازییە

12-05-2018 09:23
دەنگدان لە قوتابخانەیەكی سلێمانی/ 12-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

پەرەگراف

 

هەریەكە لە گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ، نەوەی نوێ، پارتی‌و یەكگرتوو ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن ڕەتدەكەنەوە، پارتی تەنها لە سلێمانی‌و هەڵەبجەو لایەنەكانی دیكە لەسەر ئاستی كوردستان، داوای جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەست دەكەن، بەڵام یەكێتی نیشتمانی لە ئەنجامەكانی ڕازییەو "مژدەی سەركەوتن"ی ڕاگەیاند.

 

لەگەڵ كۆتاییهاتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەناو وێستگەكانی دەنگدان ئەنجامی هەڵبژاردنەكە ڕاگەیەندراو درایە ڕۆژنامەنوسان‌و نوێنەرانی لایەنەسیاسییەكان، بەپێی ئەنجامەكانی لەزۆربەی ناوچەكانی سلێمانی یەكێتی لە پلەی یەكەمدایەو لەپێش گۆڕانەوەیە.

 

ئەوەش بووەتەمایەی سەرنجی حزبەكانی دیكە، بەوپێیەی چاوەڕێ دەكرا دەنگی یەكێتی كەمبكات بەهۆی دروستبوونی لیستی نوێ بەتایبەت جیابوونەوەی بەرهەم ساڵح‌و چەندین بەرپرس‌و كادیری دیكەی یەكێتی‌و لەو حزبە.

 

دەستبەجێ دوای بڵاوكردنەوەی ئەنجامە بەراییەكان، گۆڕان‌و هاوپەیمانی‌و دواتریش یەكگرتوو، كۆمەڵ، نەوەی نوێ ئەنجامەكانیان ڕەتكردەوەو پارتیش لە سلێمانی بەهەمانشێوە ئەنجامەكان ڕەتدەكاتەوە.

 

بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند "سیستمی ئەلیكترۆنی دەنگدان هاككراوەو لە بنكەیەكی دەنگدانی بەختیاری شاری سلێمانیدا دەنگەكان بەدەست هەژمار كرانەوە، ئەنجامەكە لەبەرژەوەندی گۆڕان پێچەوانە بووەتەوە."

 

هەروەها گۆڕان جەختدەكاتەوە كە "بێدەنگ نابن لە دزین و ئاڵوگۆڕكردنی دەنگە خۆڕسكەكانمان، چونكە دەنگەكانی گۆڕان لەگەڵ دەنگی لایەنێكی سیاسی پێچەوانە كراونەتەوە و بریكارانی گۆڕان ئیمزا لەسەر ئەنجامە ساختەكانی بنكەكانی دەنگدان ناكەن."

 

هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەریش ڕایگەیاند"یارییەكی ترسناك بەدەنگەكانی ئێوەوە كراوە و ژمارەی سەیرو سەمەری گوماناوی خراونتە روو، ئێمە بە وردی چاودێری دۆخی هەڵبژاردنەكانمان كردوەو بەهەموو پێوەرەكان ئەو ژمارانەی دەخرێنە روو دروست نین و یاری بەژمارەكان كراوە."

 

هاوپەیمانی داوا لەهاوڵاتیان دەكات بەرگری لەدەنگەكانی خۆیان بكەن‌و ڕێگە نەدەن دەستی ساختەكاریی بگات بە موقەدەراتی ئەوان و یاری بە دەنگەكانیانەوە بكرێت.

 

"ئێمە وەك هاوپەیمانی كۆی پرۆسەكە رەتدەكەینەوە، هەروەها هەموو هەوڵێكی خۆمان دەخەیەنە كارو هەموو رێگایەكی یاسایی و مەدەنی دەگرینە بەر بۆ داكۆكیكردن لەدەنگەكانی هاوڵاتیان، هەروەها كۆمیسۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاگادار دەكەینەوە و رێگە نادەین دەرئەنجامی ساختەكاری فەرزبكرێت بەسەر هەڵبژاردنەكەدا، بەڵگەی ساختەكاریەكانیش ئەویە لە رێگەی فەرزكردنی دەنگەكانی چەند سندوقێكەوە ئەو راستیە دەركەوتوە كە بەشێوەیەكی رێكخراوەیی یاری بە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە كراوە."

 

یەكگرتووی ئیسلامیش بەهەمانشێوە ئەنجامەكان ڕەتدەكاتەوە، دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتوو ڕایگەیاند"هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە بەپێی دەرئەنجامە سەرتاییەكان گومانێكی زۆر هەیە لەسەر ئەو دەرئەنجامانە، بۆیە داواكارین پشت بەجیاكردنەوەی ئەلیكتڕۆنی نەبەسترێت و جارێكیتر جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەست ئەژمار بكرێت."

 

نەوەی نوێ-ش بەهەمانشێوەی ئەو لایەنانە ئەنجامەكان ڕەتدەكاتەوەو پارتیش لە سلێمانی‌و هەڵەبجە بەهەمانشێوە ئەنجامەكان ڕەتدەكاتەوە.

 

ئەدهەم بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی رووداو رایگەیاند، یەقینیان هەیە دەنگەكانی سلێمانی و هەڵەبجە بە شێوازێكی مونەزەم "لەلایەن لایەنێكی دیاریكراوەوە دەستكاری كراوە."

 

لایخۆیەوە نەوەی نوێ لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت"هەرجەندە نەوەی نوێ لەسەر ئاستی هەمو كوردستان دوەمە و لە هەندێك لە شوێنەكان یەكەمە و لە كەركوك دوەمە و لە هەولێر دوەمە، بەڵام ئێمە هێشتا بەم دووەمە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان رازی نین، كە دو حیزبی دەسەڵات دەستكاری ئەنجام و پسوڵەكانیان كردوە، بە تایبەت یەكێتی لەسەر ئاستی سلێمانی و هەندێ ناوچەی تر دەسكارییەكی زۆری دەنگەكانی كردوە."

 

نەوەی نوێ چاوەڕێی هەڵوێستی لایەنەكانی تری دەرەوەی (یەكێتی و پارتی) دەكات "كە بێنە پێش و پێكەوە كار بكەین لەسەر دەستكاری نەكردنی دەنگە راستەقینەكانی ناو سندوقەكان و هەروەها ناو سێرڤەرەكە."

 

لە پارێزگای هەڵەبجەش سەرجەم لایەنەكان جگە لە یەكێتی، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێن"ئەنجامەكە ڕەت دەكەینەوە‌و داوا دەكەین بە دەست دەنگەكان هەژماربكرێنەوە، لە هەمان ئەو بنكانەی دەنگەكانی لێ هەژماركراوە."

 

هەروەها دەڵێن، پاراستنی سندوقەكانی دەنگدان و نوێنەرانیان لە سەرجەم بنكەكان دەخەنە ئەستۆی هێزەئەمنییەكان و پارێزگاری هەڵەبجە.

 

"مژدەی سەركەوتن" لە یەكێتییەوە

 

لەگەڵ ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكان لەلایەن ئەو شەش حزبەوە، بەڵام یەكێتی "مژدەی سەركەوتن"ی ڕاگەیاندو لە دەوروبەری مەڵبەندی سلێمانی ئەو حزبە، بەچڕیی دەستكرا بە "تەقەی خۆشیی."

 

بەپێی میدیای فەرمی یەكێتی، هەریەك لە حاكم قادر حەمەجان لێپرسراوی هەردوو مەڵبەندی سلێمانی و چەمچەماڵ و لاهور شێخ جەنگی و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا مژدەی سەركەوتنی یەكێتیان بە لایەنگران و خەڵكی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند.

 

لەوبارەیەوە حاكم قادر ڕایگەیاندووە"پیرۆزبایی لەسەرجەم خەڵكی كوردستان و لایەنگرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەم و بەڵێنیان پێدەدەدین كە یەكێتی لەجاران زیاتر خەمخۆریان بێت و لە ئاست ئەو متمانەیەیا بێت كە پێیان دراوە."

 

وتیشی"لەمڕۆ بەدواوە یەكێتی ئەركی قورستر دەبێت و هەموو هەوڵێك دەدات لە پێناو باشكردنی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان و بەدەمەوەچوونی داواكارییەكان."

 

هەروەها كۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێكدا پیرۆزبایی "سەركەوتن"ی یەكێتی لە هەڵبژاردنەكەی ئەمڕۆ، لە سەرجەم خەڵكی كوردستان كرد، بەهەمانشێوە مەكتەبی سیاسی یەكێتیش لە بەیاننامەیەكدا، پیرۆزبایی "سەركەوتن"ی ڕاگەیاند.