شەش حزب تەقەی هێزەكەی یەكێتی لە مەكۆی گۆڕان بە "هەوڵی تیرۆر و تۆقاندن" لە قەڵەم دەدەن

13-05-2018 06:00
ئۆتۆمبێلێك لەناو گردی زەرگەتە زیانی پێگەیشتووە بەتەقەی هێزەكەی یەكێتی. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

شەش لایەنی سیاسی تەقەكردنی شەوی ڕابردووی هێزێكی یەكێتی لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان بە هەوڵی "تیرۆر و تۆقاندنی" ئەندامانی كۆبوونەوەی نێوان گۆڕان، كۆمەڵ، هاوپەیمانی‌و یەكگرتوو لە قەڵەم دەدەن.

 

تەقەكردنەكە لە كاتێكدابووە ئەندامانی ئەو چوار حزبە لە كۆبوونەوەدابوون بۆ تاوتوێ كردنی هەڵوێستی هاوبەش دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردن كە سەرجەمیان ئەنجامەكە ڕەتدەكەنەوە، هێزەكەی یەكێتی ئاڕاستەی تەقەكانی "ڕاستەوخۆ ڕووی لە ژوری كۆبوونەوەكە بووە."

 

هەریەكە لە گۆڕان، كۆمەڵ، هاوپەیمانی، حزبی شیوعی، بزوتنەوەو یەكگرتوو، لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا سەرباری ئیدانەكردنی تووندی ئەو ڕووداوە، ڕایانگەیاند"وێڕای برینداربوونی چەند هاوڵاتییەك و زەرەر و زیانێكی زۆری ماددی بارەگاكە و تەقەكردن لە ئوتومبێلی كەناڵی ئاسمانی سپێدە و لە دەرهاویشتەی ئەو تەقەكردنەدا شۆفێری كەناڵی خەندان گیانی لەدەست دا، بەو بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشی لە كەسوكاری دەكەین و رایدەگەیەنین ئۆباڵەكەی دەخەینە ئەستۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستان."

 

دوێنێ لەگەڵ كۆتاییهاتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەناو وێستگەكانی دەنگدان ئەنجامی هەڵبژاردنەكە ڕاگەیەندراو درایە ڕۆژنامەنوسان‌و نوێنەرانی لایەنەسیاسییەكان، بەپێی ئەنجامەكانی لەزۆربەی ناوچەكانی سلێمانی یەكێتی لە پلەی یەكەمدایەو لەپێش گۆڕانەوەیە.

 

ئەوەش بووەمایەی سەرنجی حزبەكانی دیكە، بەوپێیەی چاوەڕێ دەكرا دەنگی یەكێتی كەمبكات بەهۆی دروستبوونی لیستی نوێ بەتایبەت جیابوونەوەی بەرهەم ساڵح‌و چەندین بەرپرس‌و كادیری دیكەی یەكێتی‌و لەو حزبە، سەرجەم حزبەكان ئەو ئەنجامانەی هەڵبژاردنەكە ڕەتدەكەنەوەو تەنها یەكێتی پێی ڕازییە.

 

دوای تەقەكردن لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان، سەدان كەس  لەبەردەم گردی زەرگەتە كۆبوونەوە بۆ پاراستنی گردەكەو پشتێنەی ئەمنیی‌و مرۆییان دروستكرد.

 

ڤیدیۆ؛ كۆبوونەوەی ئەندام‌و لایەنگرانی گۆڕان لەبەردەم گردی زەرگەتە دوای كشانەوەی هێزەكەی یەكێتی.

 

 

دەقی ڕاگەیەندراوی ئەمڕۆی شەش حزبی سیاسی دەربارەی ئەو ڕووداوە

 

هاوڵاتیانی بەشەرەفی كوردستان

 

دوێنێ شەو، ١٢ی ئایاری ٢٠١٨، هێزێكی چەكداری سەر بە یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەڵدەكەوتنە سەر مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان، هەوڵی تیرۆر و تۆقاندنی ئەندامانی كۆبوونەوەكەیان داوە و راستەوخۆ ئاراستەی تەقەكردنەكە رووی لە ژووری كۆبوونەوەكە بووە، كە بۆ تاوتوێكردنی هەڵوێستی هاوبەشی لایەنەكان بووە لە بەرامبەر ساختەكارییەكان و دەستكاریی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن.

 

لە ئەنجامی ئەو رەفتارە دژە دیموكرسیی و نایاساییە، وێڕای بریندابوونی چەند هاوڵاتییەك و زەرەر و زیانێكی زۆری ماددی بارەگاكە و تەقەكردن لە ئوتومبێلی كەناڵی ئاسمانی سپێدە و لە دەرهاویشتەی ئەو تەقەكردنەدا شۆفێری كەناڵی خەندان گیانی لەدەست دا، بەو بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشی لە كەسوكاری دەكەین و رایدەگەیەنین ئۆباڵەكەی دەخەینە ئەستۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستان.

 

جەخت دەكەینەوە كە بەكارهێنانی هێزی چەكدار لە ململانێ سیاسییەكاندا دەبێتە مایەی تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی و ئاسایشی هاوڵاتیان دەخاتە مەترسییەوە. هەروەها ئەم كارە رەفتارێكی نا دیموكراسی و ناشارستانییە و ناوبانگی میللەتەكەمان لەكەدار دەكات. بۆیە وێڕای ئیدانەكردن، بەهیچ شێوەیەك بۆ هاوڵاتیانی ئاشتیخوازی هەرێمی كوردستان مایەی قبوڵكردن نییە و هەموو رێكارێكی یاسایی و سیاسیی و جەماوەری مەدەنی و دیموكراسی هاوبەش دەگرینەبەر.

 

سەركەوتووبێت ئیرادەی حەقخوازانی گەلەكەمان


بزوتنەوەی گۆڕان - یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان - كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان


هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری - حزبی شیوعی كوردستان - بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان

١٣-٥-٢٠١٨