وردەكاری هێرشكردنەسەر مەكۆی سەرەكی گۆڕان لەلایەن هێزەكەی یەكێتییەوە

14-05-2018 01:04
ئاسەواری بەركەوتنی فیشەك بە شوشەی پەنجەرەیەكی مەكۆی سەرەكی گۆڕانەوە.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

وێنە؛ فازڵ هۆرامی

 

كاتێك نوێنەرانی چوار حزب لە بینای مەكۆی سەرەكی گۆڕان لە گردی زەرگەتە لە گەرمەی كۆبوونەوەیەكی بەپەلەدابوون دەربارەی ڕەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن، لەپڕ "سەدان فیشەك" نران بە بیناكەو ئەو ژوورەی كۆبوونەوەكەی تێدابوو.

 

"بەشداربووانی كۆبوونەوەكە بەپەلە لە ژورەكە هاتنە دەرەوە‌و خۆیان دانەواند‌و گڵۆپەكانی ئەو نهۆمە كوژێنرانەوە، تەقەكان بەردەوام بوون، ئەوان‌و ئەو كەسانەی دیكەش كە لەناو بیناكەدابوون خۆیاندەدایە پاڵ دیوارو ئەو پایانەی دەرەوەی ژوورەكان كە فیشەك نەیدەگرتنەوە." ئەمە گێڕانەوەی شایەتحاڵێكی ڕووداوەكەیە بۆ پەرەگراف.

 

مەكۆی سەرەكی گۆڕان دەوروبەری كاتژمێر 10ی شەوی 12ی ئەم مانگە درایەبەر گوللە بە چەكی جۆراوجۆر، بیناكە جگە لە ئەندامانی وەفدی كۆبوونەوەی گۆڕان، كۆمەڵ، هاوپەیمانی‌و یەكگرتوو، دەیان بەرپرسی باڵا‌و هەڵسوڕاوی گۆڕانی تێدابووە، تەقەكان بە جۆرێك بوون بە دەگمەن ژووری بیناكە هەیە كە ڕووی لە بەشی پێشەوەبێت‌و ئاسەواری گوللەی پێوەنەبێت.

 

"شڵەژاوییەكی زۆر لەناو بیناكە دروست بوو، كارەبای هەموو بیناكە كوژێنرایەوە، تەقەكان دەوری 20 دەقە بە چڕیی بەردەوام بوون‌و دووجار گرمەی گەورەهات كە لەدەنگی تەقاندنی چەكی قورس دەچوو" شایەتحاڵێكی دیكە كە بەهەمانشێوە خۆی لەناو بیناكەدابووە وای وت. 

 

ئەو ژوورەی كۆبوونەوەی چوار حزبەكەی تێدابووە، ئاسەواری چەند فیشەكێك بە پەنجەرەو دیوارەكانیەوەیەتی، هەریەكە لە گۆڕان، كۆمەڵ، هاوپەیمانی‌و یەكگرتوو لەگەڵ دوو حزبی دیكە، بە فەرمی ئەو تەقەكردنانەیان بە هەوڵی "تیرۆر و تۆقاندنی" ئەندامانی كۆبوونەوەكە لە قەڵەم دا.

 

كێ سەرپەرشتی هێزەكەی دەكردو دۆخی دەرەوەی بیناكە چۆن بووە؟

 

هێزەكەی یەكێتی لە بەردەم دەرگای سەرەكی گردی زەرگەتە جێگیر بوبون، هەردوو ئاڕاستەی شەقامەكەی بەردەم گردەكەیان گرت بوو، ڕێگەی هاتووچۆی هیچ كەسێكیان نەدەدا نە بە ئۆتۆمبێل نە بە پیادە، گڵۆپەكانی سەر شەقامەكەش كوژابوونەوەو شەقامەكە تاریك بوو.

 

یەكێك لە پاسەوانەكانی گردی زەرگەتە، وتی"بەچاوی خۆم شێخ جەعفەرم بینی كە سەرپەرشتی هێزەكەی دەكردو خۆیشی دابەزیبوو چەكی بە دەستەوەبوو، جنێوی بە بەرپرسێكی باڵای گۆڕان دەدا" دوو شایەتحاڵی دیكەش هەمان زانیارییان پشتڕاست كردەوە.

 

جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و فەرماندەی یەكەی 70 ی هێزی پێشمەرگەیە، شایەتحاڵێكی دیكە كە لەو كاتەدا لەبەردەم گردی زەرگەتە بووە، وتی"ئەوەندەی من بینیم ژمارەیەك ئۆتۆمبێل چەكداری لەگەڵدا بوو، چەند مێكزەمینییەك دۆشكەیان لەسەر بوو تەقەیان دەكرد، چەندین بیكەیسی‌و ئاڕپیجی-شم بینی ئەمە جگەلە كڵاشینكۆف‌و چەكی دیكەی بچوك كە هەموویان بەكارهێنران."

 

 

قەباخی گوللەی تەقێندراو لەبەردەم گردی زەرگەتە/ 12-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

لەگەڵ بەردەوامیی تەقەكردن لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان، پاسەوانەكانی گۆڕان وەڵامی تەقەكان دەدەنەوە، پاسەوانێكیان وتی"دوای چەند خولەكێك لە تەقەی چڕی ئەوان، ئێمەش وەڵامێكی تووندمان دانەوە، دوو كەس لەناو گردەكە برینداربوون، لەوانیش بریندار هەبوون‌و ڕێگەمان نەدا یەك بست بێنەناو گردەكەوە."

 

هاوكات شۆفێرێكی كەناڵی خەندان كە بۆ ڕوماڵی كۆبوونەوەكە لە گردی زەرگەتە بووە گیانی لەدەستدا، پەرەگراف زانیویەتی ئەو شۆفێرە گوللەی بەرنەكەوتووە، بەڵام لە بەیاننامەی شەش لایەنی سیاسیدا(چواریان بەشداربووەكانی كۆبوونەوەكەن) هۆكاری گیانلەدەستدانی ئەو شۆفێرە بە "دەرهاویشتەی ئەو تەقەكردنە" لەقەڵەمدراوەو ئۆباڵەكەی خراوەتە ئەستۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستان.

 

سەرباری ئەو زیانە مادییەی بەر بینای مەكۆی سەرەكی گۆڕان كەوتووە، چەندین ئۆتۆمبێلی بەرپرس‌و هەڵسوڕاوانی گۆڕان گوللەیان بەركەوتووەو زیانیان پێگەیشتووە. 

 

وەك شایەتحاڵەكان دەیگێڕنەوە، دۆخی ئاڵۆزو تەقەكردن بۆماوەی 20 خولەك بەردەوام بووە، دواتر هێزەكەی یەكێتی كشانەوەو ناوچەكەیان چۆڵكردو شەڕو تەقە ڕاگیران، ئەندامانی وەفدی چوار حزبە هێشتا لەناو بیناكە ماونەتەوەو دوای كۆتاییهاتنی تەقەكان، دەستیان كردووەتەوە بە كۆبوونەوەكەیان.

 

"هاتنە نهۆمی دووەم لە ئۆفیسەكەی ڕەوانشاد كاك نەوشیروان بۆ چەند خولەكێك درێژەیان بە كۆبوونەوەكەیاندا، دواتر نوێنەرانی سێ حزبەكە لە دەرگای پشتەوەی گردەكەوە ڕۆیشتن‌و بەرپرسانی گۆڕان مانەوە" سەرچاوەیەك كە ئەوكاتە لەناو بینای مەكۆی سەرەكی گۆڕان بووە وادەڵێت.

 

 

یەكێك لەو ئۆتۆمبێلانەی لەناو گردی زەرگەتە زیانی بەركەوتووە/ 12-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

لەكاتی تەقەكردنەكاندا كەناڵی كەی ئێن ئێن، بانگەوازی بۆ ئەندام‌و لایەنگرانی گۆڕان كرد ڕووبكەنە گردی زەرگەتەو پشتێنەی مرۆیی دروست بكەن بۆ پاراستنی، كەی ئێن ئێن ناوی لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی دەزگای زانیاری‌و دژەتیرۆری یەكێتی هێنا وەك بەرپرسیار لە ئەنجامدانی هێرشەكە.

 

بە چەند خولەكێك دوای كشانەوەی هێزەكەی یەكێتی چەندین هەڵسوڕاوی گۆڕان كە پێشتر لە كەرتی سەربازیدا بوون، خۆیان‌و پاسەوان‌و خزم‌و كەسیان بە چەكەوە گەیشتنە گردەكە، لەگەڵ ئەوانیشدا سەدان كەسی مەدەنی‌و لایەنگرانی گۆڕان لەبەردەم گردەكە كۆبوونەوەو هوتافیان بۆ پشتیوانی گۆڕان‌و دژی یەكێتی دەوتەوە.

 

ئەو شەوە، تادەهات ئاپۆڕای خەڵك ڕووەو گردەكە زیاتر دەبوو بۆ پشتیوانی گۆڕان، ژمارەی ئەو كەسانەشی بەچەكەوە دەهاتن لە هەڵكشاندابوون، دۆخی زاڵ لەناو خەڵك‌و چەكدارەكاندا ئەوەبوو كە بەرپرسانی گۆڕان ڕێگەیان پێبدەن "تۆڵە"ی تەقەكردنەكان لە یەكێتی بكەنەوە.

 

پەرەگراف شایەتحاڵی فشاری زۆری هەڵسوڕاوان‌و چەك بەدەستانی گۆڕان بوو بۆسەر بەرپرسە باڵاكانیان، لەناویاندا قادری حاجی عەلی كە هاتە ناو ئامادەبووان لەسەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا، بەڵام بەرپرسانی گۆڕان نەچوونە ژێرباری فشارەكان.

  

بۆچی هێرشكرایەسەر گۆڕان‌و یەكێتی چی دەویست؟

 

لەگەڵ كۆتاییهاتنی هەڵبژاردن‌و دەركەوتنی ئەنجامی بەرایی لە وێستگەكانی دەنگدان، دەستبەجێ گۆڕان‌و هاوپەیمانی‌و بەدوای ئەوانیشدا یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی ئەنجامەكانیان ڕەتكردەوەو ڕایانگەیاند، سیستمی جیاكردنەوەو هەژماركردنی ئەلیكترۆنیی دەنگەكان "هاككراوە"و ئەنجامەكان "ساختەن" بۆ بەرژەوەندی یەكێتی.

 

بەدوای ئەوانیشدا جوڵانەوە نەوەی نوێ بەهەمانشێوە ئەنجامەكانی ڕەتكردەوە، پارتیش لە سلێمانی‌و هەڵەبجە هاوشێوەی ئەو حزبانە هەمان هەڵوێستی هەبوو.

 

پەرەگراف لەزاری سەرچاوەی ئاگادارەوە زانیویەتی، دوای ڕەتكردەوەی ئەو ئەنجامانە، چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتی پەیوەندییان بە بەرپرسانی باڵای گۆڕانەوە كردووەو توندوتیژی لە نێوانیاندا دروست بووە.

 

سەرچاوەكە كە ئاگاداری وردەكاریی پەیوەندییەكانە وتی"ناوەڕۆكی سەرجەم پەیوەندییەكان بۆ فشارخستنەسەر گۆڕان بوو كە ئەو ئەنجامە بەراییانە قبوڵ بكات‌و میدیاكەی بێدەنگ بكات لە ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكان‌و باسكردنی ساختەكاری، بەڵام بەرپرسانی گۆڕان بەتووندی ڕەتیان كردەوەو هەندێك لە پەیوەندییەكان بە قسەی تووند‌و ئاڵۆزیی كۆتاییانپێهات، لە دوای ئەوە هێزەكەی یەكێتی هێرشیانكردەسەر گردەكە."

 

بەپێی ئەنجامی بەرایی لەزۆربەی ناوچەكانی سلێمانی، یەكێتی لە پلەی یەكەمدایەو لەپێش گۆڕانەوەیە، ئەوەش یەكەمجارە یەكێتی لەو پارێزگایە لەپێش گۆڕانەوەبێت لەوەتەی ئەو بزوتنەوەیە دروست بووە.

 

ئەو ئەنجامە بووەتەمایەی سەرنجی حزبەكانی دیكە‌و بە تووندی ڕەتیدەكەنەوە، بەوپێیەی چاوەڕێ دەكرا دەنگی یەكێتی كەمبكات بەهۆی دروستبوونی لیستی نوێ‌و بەتایبەت جیابوونەوەی بەرهەم ساڵح‌و چەندین بەرپرس‌و كادیری دیكەی یەكێتی‌و لەو حزبە.

 

لەو شەوەوەی هێرشكرایەسەر مەكۆی سەرەكی گۆڕان، تائێستا سەدان كەس بە چەكەوە لە گردی زەرگەتەن بۆ پارێزگاریی لە گۆڕان، لەگەڵ ئەوەی شەڕو پێكدادانی دیكە ڕووینەداوە، بەڵام چەك هەڵگرتنی گۆڕان بەردەوامەو لای زۆرێك لە گۆڕانخوازان كە پەرەگراف قسەی لەگەڵدا كردووە، هەڵگرتنی چەك بووە بە "پێویستیی بۆ خۆپاراستن."

 

شێخ جەعفەر چی دەڵێت؟

 

جەعفەر شێخ مستەفا دانبەوەدا دەنێت كەچووەتە بەردەم گردی زەرگەتە، بەڵام ڕووداوەكەو هۆكارەكەی بە جۆرێكی دیكە باسدەكات.

 

بەرپرسی یەكەی 70ی هێزی پێشمەرگە بۆ دەنگی ئەمەریكا دەڵێت"بزوتنەوەی گۆڕان پەلاماری سندوقەكانیاندا لەدوای تەواوبونی پڕۆسەی هەڵبژاردن، ئێمەش تا حەدی پاڕانەوە لێیان پاڕاینەوە بوەستن لەو كارە، بەڵام ئەوان بەردەوام بوون."

 

دەشڵێت" بەخوێنی شەهیدان خۆم و دوو پێشمەرگە و شۆفێرەكەم بوین كەچوینە گردەكە لای ئێمەوە هیچ تەقەیەك نەكراوە" ئەو وتانەی شێخ جەعفەر لەكاتێكدایە سەرباری ئاسەواری گوللە بە بینای مەكۆی سەرەكی گۆڕان‌و چەند ئۆتۆمبێلێك لەناو گردی زەرگەتە، هاوكات گرتەی ڤیدیۆیی هەیە كە تەقەكردنی چڕ پیشاندەدات، وەك لە كۆتایی ئەم ڕاپۆرتەدا دانراوە.

 

شێخ جەعفەر هێرشی تووند دەكاتەسەر قادری حاجی عەلی‌و باسلە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوانیان دەكات پێشئەوەی بچێتە بەردەم گردەكە كە گرژیی لە پەیوەندییەكەدا دروست بووە، "كەوتینە قسەكردن تا گەیشتە ئەوەی تەحەدام بكات منیش پێم وت، لەكوێی؟ وتی: لەگردەكەم ئەگەر ئازای وەرە، منیش چووم، هەر كە گەیشتینە گردەكە بەبێ ئەوەی ئێمە هیچ بكەین وەك باران گوللە باری بەسەرماندا، ئۆتۆمبێلەكەی خۆم پێنج گوللەی پێوەیە سێ گوللەی بەوشوێنەوەیە كە منی لێ دانیشتبووم، پێشمەرگەش لەو ناوە نزیك بوون هاتن."

 

شێخ جەعفەر دەشڵێت"بەڕاستی من نەدەوەستام لەوێدا كە ئەوەم بینی، بەڵام كاك دلێری سەید مەجید تەلەفۆنی كرد تكای لێكردم بابەتەكە كۆتایی پێبێت، ئەوەندە بزانرێت من نە بۆشەڕ چووم نە بۆ تەقەكردن چوم، لەوێوە ڕۆیشتم بەڵام كە كاك قادری حاجی عەلی تەحەدای كردم، من چومە گردەكە ئەوە ڕوداوەكە وەك خۆی بێ زیاد و ڕەنگە كەمی هەبێت."

 

ڤیدیۆ؛ تەقەكردن لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان لە گردی زەرگەتە شەوی 12-5-2018.

 

ڤیدیۆ؛ كۆبوونەوەی ئەندام‌و لایەنگرانی گۆڕان لەبەردەم گردی زەرگەتە دوای كشانەوەی هێزەكەی یەكێتی.