هیومان ڕایتس ۆوچ: حكومەتی هەرێم هەڵهاتووانی دەستی داعش دەستگیردەكات

26-02-2017 12:33
كامپی خازر له‌ باكووری عێراق شوێنی هه‌زاران ئاواره‌ی نێوخۆی شه‌ڕی داعشه‌. فۆتۆ: بەڵقیس وویڵی، هیومان ڕایتس ۆوچ.


پەرەگراف

 

هیومان ڕایتس ۆوچ حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكات بە دەستگیركردنی پیاوان‌و نەوجەوانانی هەڵاتووی دەستی داعش لەنێو كەمپی ئاوارەكانی موسڵ، "تەنانەت دوای ئەوەی لە لێكۆڵینەوەی ئاسایشدا دەرچوون."

 

هیومان ڕایتس ۆوچ لە ڕاپۆرتەكەیدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردەوە ڕایگەیاند، هێزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەستاون بە دەستگیركردنی ئەو پیاو و كوڕە نەوجەوانانەی كە لە شەڕی موسڵ هەڵهاتوون، "تەنانەت دوای ئەوەی لە لێكۆڵینەوەی ئاسایشدا دەرچوون."

 

بەپێی ڕاپۆرتەكە لەنێوان ساڵی 2014 كاتێك خەڵك دەستیان كرد بە هەڵهاتن لە دەوڵەتی ئیسلامی(ناسراو بە داعش) بەرەو ناوچەكانی هەرێم تا كۆتایی مانگی كانوونی دوومی 2017، هێزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 900 پیاو و نەوجەوانیان لەناو شاری هەولێرو‌ پێنج كامپی جیاواز دەستگیركردووە."هەندێك جار دەستگیركراوەكان بۆ ماوەی چوار مانگ هیچ هەواڵ و پەیوەندیەكیان لەگەڵ خێزانەكانیان نەبووە."

 


هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكەوتنی لەگەڵ خزم‌و كەسوكاری هەشت لەو پیاو و نەوجەوانانە كردووە كە لە یەكێك لە كامپەكانەوە بە گومانی هەبوونی پەیوەندی بە داعش بردراون. هەروەها ئەو ڕێكخراوە چاوپێكەوتنی لەگەڵ كەسوكاری پیاوێكی ئاوارە كردووە كە لەلایەن دەزگای ئەمنی نەتەوەیی لە بازگەیەك دەستگیركراوە.

 

"خزم و كەس و كاری ئەم كەسانە ووتیان، هێزە عێراقیەكان و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی شوێن و چارەنووسی خزمە بەندكراوەكانیان ئاگاداریان نەكردونەتەوەو ئاسانكاریان بۆ نەكردوون لە پەیوەندیكردن پێیانەوە."

 

لەما فەقیە، جێگری بەڕێوەبەری هیومان ڕایتس ۆوچ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت''خێزانە ئاوارەكان پێیان ووتوین كە متمانەیان بە پڕۆسەی‌ لێكۆڵینەوەی سەنتەرەكانی پێشوازیكردن هەبووەو پێشبینیان كردووە خۆشەویستانیان لە ماوەی یەك دوو ڕۆژدا بگەڕێنەوە. ئێستاو لەپاش چەند مانگێك، كەس و كارەكانیان پێمان دەڵێن خوازیاربوون لە موسڵ بمانایەتەوە لەژێر مەترسی هێرشە ئاسمانیەكان وەك لەوەی مێردو كوڕەكانیان بێسەروشوێن بكرێن."


ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە كە چاودێری ڕەوشی مافی مرۆڤ دەكات لە دونیادا، باسلە كەیسێك دەكات كە لەمانگی كانوونی یەكەمی 2016 هێزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پزیشكێكی سروشتییان دەستگیر كردووە دوای ئەوەی پێی وتوون بە زۆر ناچاركراوە چەكدارانی داعش چارەسەر بكات.

 

بەپێی ڕاپۆرتەكە، ئەفسەرانی ئاسایشی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەرەتاوە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكەن و پاشان لە مانگی تشرینی دووەم ئازادی دەكەن، ئەمەش لەدوای ئەوەی كە دراوسێیەكی پزیشكەكە كە ئەویش لە هەمان كامپ دەبێت بە هێزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕادەگەیەنێ كە پزیشكەكە بێتاوانە لە بوونی هەر پەیوەندیەك بە داعش. كاتێك خێزانەكەی چووەتە بنكەی ئاسایشی كامپەكە بۆ هەواڵ پرسینی مێردەكەی،‌ ئەفسەرێكی ئاسایش پێی دەڵێ،"دووركەوەرەوەو بوەستە لە هەواڵپرسینی."


لە كەیسێكی تردا، لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم‌و پاش دەستگیركردنی ئامۆزا تەمەن 22 ساڵەكەی لەبەرئەوەی هەمان ناوی كەسێكی تری هەبووە كە پەیوەندی لەگەڵ داعش هەبووە، ئاسایش كوڕێكی تەمەن 14 ساڵ بەناوی مەحمود دەستگیردەكەن.

 

"كاتێك بەرپرسان بۆیان دەردەكەوێ بەهۆی تێكەڵی ناوەوە بووە، ئامۆزاكەی ئازاد دەكەن، بەڵام كوڕە تەمەن 14 ساڵەكە هێشتا زیندانییە. ئەو ووتی كاتێك ئەفسەران هاتن بۆ دەستگیركردنی مەحمود، گوێی لێبووە كە ئەفسەرێك بەوانی تر دەڵێ بۆچی منداڵێكی وا دەستگیر دەكەن. ئامۆزاكەی بە گریانەوە وتی، لەدوای هاتنمان بۆ كامپەكە، هەركاتێك بچوایە بۆ تەوالێت داوای دەكرد لەگەڵی بڕۆم. ئەو تەنها منداڵێكەو دەترسێ. زۆر خەمی دەخۆم.'' ئەوە‌ سێیەم جار دەبێت ئەفسەرانی‌ ئاسایشی ناو كامپەكە بەهۆی ناوەكەیەوە ئامۆزاكەی دەستگیر دەكەن، هیومان ڕایتس ۆوچ وادەڵێت.

 


لەكەیسی سێیەمدا، بەرپرسانی كورد لە مانگی تشرینی دووەم گەنجێك دەستگیردەكەن كاتێك دەڕواتە دوكانێكی كامپەكە بۆ كڕینی مۆبایل. كاتێك باوكی هەوڵدەدات بزانێ چی بەسەر كوڕەكەی هاتووە، پێی دەڵێن''پرسیاری مەكە، ئەگەر هیچ شتێكی خراپی نەكردبێ، ئەوا هیچی بەسەر نایەت، ئەگەر شتێكی خراپیشی كردبێ، ئەوا ئیتر پرسیاری مەكە."

 

هیومان ڕایتس ۆوچ ڕاپۆرتی دەربارەی زیاتر لە 900 دەستگیركراوی وەك‌ كەسان‌و كاركتەری ناو كامپەكان‌و كۆمەڵگە ناوخۆییەكان‌و دانیشتوانی ناو كامپەكانی لە سەرچاوەی جیاواز كۆكردۆتەوە. هیومان ڕایتس ۆوچ نەیتوانیوە ژمارەی ئەو كەسانەی كە هێشتا لەلایەن بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەستبەسەرن پشت ڕاست بكاتەوە، یان بزانێ ئایا ئەم دەستگیركراوانە‌ ڕێگەیان پێدراوە پەیوەندی بە خێزانەكانیانەوە بكەن، یان ئایا خێزانەكانیان ئاگاداركراونەتەوە‌ لەشوێن‌و پێگەی هیچ كام لەم كەیسانە.

 

هیومان ڕایتس ۆوچ پێشتر ڕاپۆرتی دۆكیومێنتاری لەسەر 85 كەیسی تر ئامادەكردووە كە تێیدا خزم و كەس و كاری گومانلێكراوانی تیرۆریزم وتبویان كە هیچ شتێكیان نەزانیوە دەربارەی شوێن و چارەنووسی خزمە دەستگیركراوەكانیان لەلایەن هێزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێزە عێراقیەكانی كامپەكان و كۆمەڵگا ناوخۆییەكان. هەندێك جار دەستگیركراوەكان بۆماوەی چوار مانگ دەستبەسەربوون بەبێ بوونی هیچ پەیوەندیەك یان هەواڵێك بە خێزانەكانیانەوە.

 

"دەبێت بەرپرسانی عێراقی و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ لە ئاگاداركردنەوەی خێزانی دەستگیركراوەكان بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پۆلیسی ناوخۆیی یان بەڕێوەبەرایەتی كامپەكان دەربارەی شوێنی هەموو دەستگیركراوەكان."

 

هەروەها هیومان ڕایتس ۆوچ تەئكید دەكاتەوە كە دەبێت بەرپرسان ژمارەی دەستگیركراونی مەدەنی و چەكدار بۆ ڕای گشتی بڵاوبكەنەوە، هەموو ئەوانەی كە لە بازگەكان‌و سەنتەرەكانی پێشوازیكردن‌و كامپەكان لەكاتی شەڕی داعش دەستگیركراون لەگەڵ ئاشكراكردنی بنەمای یاسایی دەستگیركردنیان‌و ئەو تۆمەتانەی ڕوبەڕویان كراوەتەوە.

 

"دەبێت بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیایی خێرا بدەن لە دابینكردنی پڕۆسەیەكی دادوەری سەربەخۆ بۆ دەستگیركراوەكان و ڕێگە بە دەستگیركراوان بدەن لە هەبوونی پارێزەرو چارەسەری تەندروستی و پەیوەندیكردن بە خێزانەكانیانەوە."

 

لە 17 تشرینی یەكەمی 2016 ، حكومەتی ناوەندی عێراق‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازییان بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ ڕاگەیاند كە بووە‌ هۆی هاڵهاتنی زیاتر لە 150 هەزار هاوڵاتی شارو گوندەكانی ئەو پارێزگایەو زۆرێكیان لە كامپەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی ئاسایش نیشتەجێ بوون.

 

لە كۆتایی مانگی كانوونی دووەمی 2017 هیومان ڕایتس ۆوچ قسەی لەگەڵ 10 خزم‌و شاهێدحاڵی ناو كامپی خازر كرد كە 35 كیلۆمەتر دوورە لە‌ ڕۆژئاوای شاری هەولێرو وە‌ هەموویان وتیان، لە مانگی تشرینی دووەم و كانوونی یەكەمی 2016 لە موسڵ هەڵهاتوون.

 

ئەوان، لەكاتی گەشتەكەیاندا لە چەندین شوێنی جیاواز لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كراوە بە ئەگەری هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش، سەرەتا لە بازگەكانی هێزە ئەمنیەكانی عێراق و پاشان لەلایەن ئاسایشەوە لەكاتی گەیشتنیان بە كەمپەكان و لە هەموو ئەم شوێنانە بێتاوان دەرچوون.

 

لەگەڵ ئەوەی بێتاوان دەرچوون، بەڵام ئەو كەسانە بە هیومان ڕایتس ۆوچیان وتووە، پاش چەند هەفتە یان مانگێك، هێزە ئەمنیەكان هەستاون بە دەستگیركردنی شەش پیاو و دوو كوڕی ناو كامپەكە، لە نێوان دوو ڕۆژ و دوو مانگ و نیو بەرلەوەی هیومان ڕایتس ۆوچ قسە لەگەڵ خێزانەكانیان بكات.

 

"هەموویان پێیان ڕاگەیاندین كە نەیانزانیووە كە ئەو كوڕو پیاوانە بۆ كوێ دەبرێن و نەشیانتوانیوە كە پەیوەندییان پێوە بكەن. سەرەڕای هەوڵدانیان بۆ دەستكەوتنی زانیاری لە كارمەندانی ئاسایشی ناو كامپەكە، كە پێیان ڕاگەیاندوون بوەستن لە پرسیاركردن لە شوێنیان."

 

پیاوێك كە لەگەڵ ئامۆزاكەی بەناوی فارس كە لەسەرەتای مانگی كانوونی دووەمی 2017 لە موسڵ هەڵهاتبوون وتی، بەرپرسانی دەزگای ئەمنی قەومیی لە بازگەیەكی سوپای عێراق فارسیان دەستگیركردووە.

 

ئەو پیاوە وتی یەكێك لە كارمەندانی هێزی ئەمنی عێراق لە بازگەكە ناسراوێكی كۆنیان بووە، بەڵام چەندین ساڵ لەمەوبەر بەینیان تێكچووە كاتێك ئەو پیاوە ڕەتیكردووەتەوە ڕێگە بە فارس بدات هاوسەرگیری لەگەڵ خوشكە بچوكەكەی بكات.

 

ئەو پیاوەی كە لە موسڵ هەڵهاتبوو وتی"پیاوەكەی تر دەستی بۆ فارس ڕاكێشاو بە بەرپرسانی دەزگای ئەمنی قەومی وت كە فارس پەیوەندی لەگەڵ داعش هەیەو لەوكاتەدا دەستگیریان كردو ئامۆزاكەی هیچی بۆ نەكرا جگەلەوەی كە‌ بازگەكە جێیبهێڵێ و بەرەو كامپەكە بڕوات‌. ئەو پیاوەو خوشكەكەی فارس وتیان، لەوكاتەوە بەفەرمی هیچ شتێكیان دەربارەی شوێنی فارس نەبیستووەو، فارسی هەرگیز هیچ پەیوەندیەكی لەگەڵ داعش نەبووە."

 


بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێ كاتێك ڕوودەدات كە هێزە ئەمنیەكان خەڵك دەستگیردەكەن‌و پاشان شوێن یان چارەنوسی دەستگیركراوان ئاشكرا ناكەن، بۆیە لەلایەن یاساوە پارێزگارییان لێناكرێت كە ئەمەش پێشێلكاری یاسا نێودەوڵەتیەكانی مافەكانی مرۆڤەو دەكرێت بە تاوانی نێودەوڵەتی لەقەڵەم بدرێت.

 

بێبەشكردنی دەستگیركراوان لە بوونی هەر پەیوەندییەك بە جیهانی دەرەوەو ڕەتكردنەوەی داواكانیان لە پێدانی زانیاری بە ئەندامانی خێزانەكانیان دەربارەی چارەنووس یان شوێنیان ئاماژەیە بەوەی كە دەستگیركردنیان بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێیە.

 

د.دیندار زێباری، بەرپرسی كۆمیتەی باڵای بەدواداچوون‌و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەوبارەیەوەو لە كۆتایی مانگی تشرینی یەكەم ڕوونكردنەوەی لەسەر پڕۆسەی لێكۆڵینەوەو دەستگیركردنی ئاوارەكان لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەش بە هیومان ڕایتس ۆوچ كردووە.

 

زێباری ڕایگەیاندوە، بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندن بە ئاگاداركردنەوەی خێزانی دەستگیركراوان لەپڕۆسەكەو پێگەیان، بەڵام، ''بەهۆی كەمی فەرمانبەرو سەرچاوەی دارایی ئەنجامدانی ئەم كارە هەندێك جار قورسە."

 

لایخۆیەوە لەما فەقیە، جێگری بەڕێوەبەری هیومان ڕایتس ۆوچ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت''دەبێت بەرپرسانی عێراقی و حكومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیابن لەوەی كە هەوڵەكانیان بۆ پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتیانی مەدەنی لە هێرشەكانی داعش نەبێتە هۆی پێشێلكردنی مافە بنەڕەتیەكان."