پارتی ئامادەیە بۆ ژماردنەوەی دەنگەكان بە دەست عەبادیش هەمان داوای هەیە بۆ كەركوك

15-05-2018 08:51

 

پەرەگراف

 

حەیدەر عەبادی داوادەكات دەنگەكانی پارێزگای كەركوك جارێكی دیكە بە دەست بژمێردرێنەوە، لە كوردستانیش پارتی ئامادەیی پیشاندا بۆ ئەنجامدانی هەمان كار بەمەبەستی ڕەواندنەوەی گومانەكان، ئەوە لەكاتێكدایە حزبە ناڕازییەكانی هەرێم داوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەكەن.

 

ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 12ی ئایاری عێراق، ناكۆكی لە نێوان لایەنەكان لە هەرێمی كوردستان‌و كەركوك دروستكردووەو ناڕازییەكان پێیانوایە، دەستكاری ژمارە و ڕێژەی دەنگەكانیان كراوە.

 

زۆربەی حزبەكانی كوردستان ئەنجامی هەڵبژاردن ڕەتدەكەنەوە، لە سلێمانی‌و هەڵەبجە تەنها یەكێتی بە ئەنجامەكان ڕازییە، لە كەركوكیش عەرەب‌و توركمانەكان ناڕازین‌و داوای هەژماركردنی دەنگەكان بە دەست دەكەن.

 

حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چارەسەری كێشەكانی كەركوكی بەستەوە بە دووبارە هەژماركردنەوەی دەنگەكانی ئەو پارێزگایە بە دەست، داوای لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش كرد بە ڕوونی مامەڵە لەگەڵ تانەكاندا بكات‌و ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر.

 

داواكارییەكەی عەبادی لەكاتێكدایە خۆپیشاندان و ناڕەزایی عەرەب و توركمانەكانی كەركوك بەردەوامیی هەیەو یەكێتی بە یاریكردن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان تۆمەتباردەكەن، بەڵام ئەو حزبە بونی تەزویرات ڕەتدەكاتەوە و ئاماژە بە بەشداری فراوانی پێكهاتەی كورد دەكات لە هەڵبژاردنەكەدا.

 

بەپێی ئەنجامە بەراییەكان كە هێشتا كۆمسیۆن ڕاینەگەیاندوە، یەكێتی بەتەنیا نیوەی كورسییەكانی پارێزگای كەركوكی بەدەستهێناوە.

 

حەیدەر عەبادی، ڕەخنەی لە كۆمسیۆن گرت‌و ئاشكرایكرد تا دوو هەفتە بەر لە پڕۆسەكە كۆمپانیای پشكنینی ئامێرەكەیان دیارینەكردووە، داواشیكرد، كۆمسیۆن بە شەفافی‌و ڕوونی مامەڵە لەگەڵ تانەو سكاڵاكاندا بكات، بگاتە ڕێكارو ڕێوشوێنی وردبینی گونجاو بەپێی یاسا.

 

هەروەها جەختیكردەوە لە پێویستی پاراستنی دەنگی هاوڵاتیان و ئیرادەی خەڵك لە لایەن كۆمسیۆنەوە، بە پێویستیزانی لایەنەكان و دەنگدەرانیش پشت بە ڕێگا یاساییەكان ببەستن بۆ یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی پێشێلكاری و تانەكان.

 

لە دەنگدانی پەرلەمانی عیراق، لە كۆی 24 ملیۆن دەنگدەر نزیكەی 11 ملیۆن كەس بەشداری پرۆسەكەیان كرد، ئەوەش بە ڕێژەی لە سەدا 44 بوو، بەڵام كۆمسیۆن هێشتا ئەنجامی بەرایی تەواونەكراوی 16 پارێزگای بڵاوكردۆتەوە لە كۆی 18 پارێزگا.

 

سیستمی ئەلیكترۆنی بۆ جیاكردنەوەی دەنگەكان زۆرترین ناڕەزایی لە كوردستان لێكەوتەوە، ئەمڕۆش مەكتەبی سیاسی پارتی دوای كۆبوونەوەیەك بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، ئامادەن ئەگەر بەپێویست بزاندرێت، ‌لە سەرتاسەری كوردستان پڕۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەست ئەنجامبدرێت.

 

مەكتەبی سیاسی پارتی لە بەیاننامەی كۆتایی كۆبوونەوەكەیدا، باسلەوەدەكات كە پێشتر ئەوەیان خستووەتەڕوو، گومانیان لە دەرەنجامە بەراییەكانی پارێزگای سلێمانی هەیە كە دەرەنجام وەكو ڕای دەنگدەری پارتی "نەبووە."

 

پارتی، دەشڵێت"بۆ ڕەوینەوەی گومانەكان و پاراستنی ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری، داوای ژماردنەوەی پسوڵەی دەنگدانەكانمان بەدەست كردبوو، ئامادەییشمان دەربڕی كە ئەگەر بەپێویست بزاندرێ، ‌سەرتاسەری كوردستان ئەم پڕۆسەیە بیگرێتەوە."

 

ئامادەییەكەی پارتی بۆ هەژماركردنەوەی دەنگەكان بە دەست لەكاتێكدایە حزبە ناڕازییەكان كە هەریەكە لە گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ، هاوپەیمانی، شیوعی‌و بزوتنەوەی ئیسلامی-ن‌و سەرەتا داوای هەژماركردنەوەی دەستیان دەكرد، ئێستا ئەنجامی هەڵبژاردن‌و كۆی پڕۆسەكە ڕەتدەكەنەوەو داوای ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دەكەن لە هەرێم‌و ناوچە دابڕاوەكان بە زوترین كات.

 

پارتی داوای یەكڕیزی لایەنە كوردییەكان‌و كۆتایی هێنان بە كەشوهەوای هەڵمەتی هەڵبژاردن دەكات، بەپێویستیشی دەزانێت لایەنەكان بۆ لادانی گومانەكان، لەڕێگەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن‌و یاساوە هەوڵی خۆیان بدەن.

 

لەگەڵ كۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەكەو دەركەوتنی ئەنجامی بەرایی لە وێستگەكانی دەنگدان، دەستبەجێ گۆڕان‌و هاوپەیمانی‌و بەدوای ئەوانیشدا یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی ئەنجامەكانیان ڕەتكردەوەو ڕایانگەیاند، سیستمی جیاكردنەوەو هەژماركردنی ئەلیكترۆنیی دەنگەكان "هاككراوە"و ئەنجامەكان "ساختەن" بۆ بەرژەوەندی یەكێتی.

 

بەدوای ئەوانیشدا جوڵانەوە نەوەی نوێ بەهەمانشێوە ئەنجامەكانی ڕەتكردەوە، پارتیش لە سلێمانی‌و هەڵەبجە هاوشێوەی ئەو حزبانە هەمان هەڵوێستی هەبوو، تەنها یەكێتی ڕازییەو بە "سەركەوتن"ی خۆی دەزانێت.

 

بەپێی ئەنجامی بەرایی لە سلێمانی، یەكێتی لە پلەی یەكەمدایەو لەپێش گۆڕانەوەیە، ئەوەش یەكەمجارە یەكێتی لەو پارێزگایە لەپێش گۆڕانەوەبێت لەوەتەی ئەو بزوتنەوەیە دروست بووە.

 

ئەو ئەنجامە بووەتەمایەی سەرنجی حزبەكانی دیكە‌و بە تووندی ڕەتیدەكەنەوە، بەوپێیەی پێشبینی دەكرا دەنگی یەكێتی كەمبكات بەهۆی دروستبوونی لیستی نوێ‌و بەتایبەت جیابوونەوەی بەرهەم ساڵح‌و چەندین بەرپرس‌و كادیری دیكەی یەكێتی‌و لەو حزبە.