كۆمسیۆن ڕەتیدەكاتەوە دەنگەكان بەدەست بژمێردرێنەوە

16-05-2018 07:25
دەنگدان لە وێستگەیەكی سلێمانی/ 12-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، ڕەتیدەكاتەوە دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەدەست بژمێردرێنەوە، بەرپرسێكی باڵای كۆمسیۆنیش بە پێویستی دەزانێت بەدمەوەچوون هەبێت بۆ داواكاریی لایەنە ناڕازییەكان.

 

ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 12ی ئایاری عێراق، ناكۆكی لە نێوان لایەنەكان لە هەرێمی كوردستان‌و كەركوك دروستكردووەو ناڕازییەكان پێیانوایە، دەستكاری ژمارە و ڕێژەی دەنگەكانیان كراوە.

 

زۆربەی حزبەكانی كوردستان ئەنجامی هەڵبژاردن ڕەتدەكەنەوە، لە سلێمانی‌و هەڵەبجە تەنها یەكێتی بە ئەنجامەكان ڕازییە، لە كەركوكیش عەرەب‌و توركمانەكان ناڕازین‌و داوای هەژماركردنی دەنگەكان بە دەست دەكەن.

 

حزبە ناڕازییەكانی هەرێم هەرچەندە سەرەتا داوای ژماردنەوەی دەنگەكانیان دەكرد بە دەست لەبری ژماردنی ئەلیكترۆنیی، بەڵام ئێستا بەوەش ڕازی نین‌و داوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەكەن.

 

ریاز بەدران، سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بۆچوونی كۆمسیۆنی خستەڕوو دەربارەی ژماردنی دەنگەكان بەدەست، وتی"ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست پێوست نییە، چونكە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان بە دروستی كاری خۆیان كردووە."

 

سیستمی ئەلیكترۆنی بۆ جیاكردنەوەی دەنگەكان‌و ئەندامی هەڵبژاردنەكە زۆرترین ناڕەزایی لە كوردستان لێكەوتەوەو هەریەكە لە گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو، هاوپەیمانی، بزوتنەوەو شیوعی، ڕەتیدەكەنەوە.

 

لە كاردانەوەی نیگەرانیی حزبە ناڕازییەكاندا، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند"ئەو 6 لایەنەی كە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لە مەسەلەی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە سلێمانی و بە تایبەتیش لە كەركوك، بۆ ئەوەی قافیەی شیعرەكەشیان بە ڕێك‌و پێكی بڕوات هەولێرو دهۆكیشیان تێخستووە. ئێمە لە نیگەرانی ئەو لایەنانە تێدەگەین، من وەكو سەرۆكی حكومەتیش لە ڕاستیدا ئەو هەواڵانەم پێگەیشتووە، ئێمەش نیگەرانین لەو بابەتە، ئەوەی من داوا دەكەم ئەوەیە كۆمسیۆن دەبێت ئەو مەسەلەیە زۆر بە جدی وەربگرێت و داواكاری ئەو لایەنانە بە جدی وەربگرێت." 

 

دوێنێش مەكتەبی سیاسی پارتی دوای كۆبوونەوەیەك بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، ئامادەن ئەگەر بەپێویست بزاندرێت، ‌لە سەرتاسەری كوردستان پڕۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەست ئەنجامبدرێت.

 

هەڵوێستەكەی كۆمسیۆن بۆ ڕەتكردنەوەی ژماردنی دەنگەكان بە دەست لە كاتێكدایە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دوێنێ داوایكرد، دەنگەكانی پارێزگای كەركوك جارێكی دیكە بە دەست بژمێردرێنەوە.

 

هاوكات خۆپیشاندان و ناڕەزایی عەرەب و توركمانەكانی كەركوك بەردەوامیی هەیەو یەكێتی بە "یاریكردن بە ئەنجامی هەڵبژاردن" تۆمەتبار دەكەن، بەڵام ئەو حزبە ئەنجامدانی ساختەكاری ڕەتدەكاتەوە و ئاماژە بە بەشداری فراوانی پێكهاتەی كورد دەكات لە هەڵبژاردنەكەدا.

 

لەلایەكی دیكەوە، سەعید كاكەیی، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، داواكاری لایەنەكان ئەو لایەنانەی داوای ژماردنەوەی دەنگەكانیان دەكرد بە دەست، لەلایەن كۆمسیۆنەوە ڕەتكراوەتەوە.

 

سەعید كاكەیی كە لە پشكی بزوتنەوەی گۆڕان لەو پۆستەدایە، ڕەتكردنەوەكەی كۆمسیۆنی بە "پێچەوانەی یاسا" ناوبردو بە پێویستی زانی، لە پێناو نەهێشتنی گومانەكان كۆمسیۆن ئەو هەنگاوە بنێت.

 

وتەكانی كاكەیی لە كاتێكدابوو ئەنجومەنی كۆمسیاران ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، سەعید كاكەیی‌و خێزانەكەی ڕوبەڕوی "هەڕەشەی كوشتن بونەتەوە"‌و لایەنێكی "زەرەرمەندی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن" هەوڵیداوە ناچاری بكات بە دەستلەكاركێشانەوە.

 

بەڵام كاكەیی لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا باسی ئەو بەیاننامەیە و هەڕەشەلێكردنی نەكرد، هەرچەندە بەشێك لە میدیاكان لە زاری ناوبراوەوە بڵاویانكردەوە كە هەڕەشە لەسەر ژیانی نیەو بەیاننامەكەی بە پڕوپاگەندە ناوبردووە.

 

ڕیاز بەدران، سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنەكان لە كۆمسیۆن، لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەیدا وەڵامی قسەكانی سەعید كاكەیی دایەوەو پێیوابوو "لە ژێر فشار و هەڕەشەدا" پێداگری دەكات لەسەر داواكاری لایەنەكان بۆ بەدەست ژماردنەوەی دەنگەكان.

 

لەگەڵ كۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەكەو دەركەوتنی ئەنجامی بەرایی لە وێستگەكانی دەنگدان، دەستبەجێ گۆڕان‌و هاوپەیمانی‌و بەدوای ئەوانیشدا یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی ئەنجامەكانیان ڕەتكردەوەو ڕایانگەیاند، سیستمی جیاكردنەوەو هەژماركردنی ئەلیكترۆنیی دەنگەكان "هاككراوە"و ئەنجامەكان "ساختەن" بۆ بەرژەوەندی یەكێتی.

 

بەدوای ئەوانیشدا جوڵانەوە نەوەی نوێ بەهەمانشێوە ئەنجامەكانی ڕەتكردەوە، پارتیش لە سلێمانی‌و هەڵەبجە هاوشێوەی ئەو حزبانە هەمان هەڵوێستی هەبوو، تەنها یەكێتی ڕازییەو بە "سەركەوتن"ی خۆی دەزانێت.

 

بەپێی ئەنجامی بەرایی لە سلێمانی، یەكێتی لە پلەی یەكەمدایەو لەپێش گۆڕانەوەیە، ئەوەش یەكەمجارە یەكێتی لەو پارێزگایە لەپێش گۆڕانەوەبێت لەوەتەی ئەو بزوتنەوەیە دروست بووە.

 

ئەو ئەنجامە بووەتەمایەی سەرنجی حزبەكانی دیكە‌و بە تووندی ڕەتیدەكەنەوە، بەوپێیەی پێشبینی دەكرا دەنگی یەكێتی كەمبكات بەهۆی دروستبوونی لیستی نوێ‌و بەتایبەت جیابوونەوەی بەرهەم ساڵح‌و چەندین بەرپرس‌و كادیری دیكەی یەكێتی‌و لەو حزبە.