لایەنە ناڕازییەكان هەوڵدەدەن پەرلەمانی عێراق بڕیارێك بەسەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردندا بسەپێنێت

17-05-2018 06:45
وەرگرتنی پەنجەمۆری دەنگدەرێك لە وێستگەیەكی سلێمانی/ 12-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

ناڕەزاییەكان دژی ئەنجامی پڕۆسەی هەڵبژاردن فراوان دەبن‌و سەرتاسەری عێراق دەگرنەوە، هەندێك لە حزبەكان داوای دووبارە ژماردنەوەی دەنگەكان بە دەست دەكەن‌و هەندێكیشیان تائاستی دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن پێداگریی دەكەن.

 

بڕیارە ڕۆژی شەممە پەرلەمانی عێراق لە كۆبوونەوەیەكدا بە ئامادەبوونی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن تاوتوێی ئەو پرسە بكات‌و لایەنە ناڕازییەكان هەوڵدەدەن بڕیارێك بەسەر كۆمسیۆندا بسەپێنن بۆ جیاكردنەوەی دەنگەكان بە دەست بەشێوەیەكی ڕێژەیی، بۆئەو مەبەستە 81 پەرلەمانتار واژۆیان كۆكردووەتەوە.

 

لەسەر ئاستی كوردستان تەنها یەكێتی‌و پارتی ڕازین بە ئەنجامەكان، پارتیش ئەنجامی سلێمانی‌و هەڵەبجە ڕەتدەكاتەوە، تەواوی حزبەكانی دیكە كۆی پڕۆسەكە ڕەتدەكەنەوەو داوای دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دەكەن‌و پێیانوایە سیستمی جیاكردنەوەو ژماردنی ئەلیكترۆنیی دەنگەكان دەستكاریی كراوەو ئەنجامەكان "ساختەن."

 

لەسەر ئاستی عێراقیش ناڕەزاییەكان لە فراوان بووندان‌و زۆربەی سوننەكان ناڕازین‌و لەناو شیعەكانیشدا حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق دیارترینی ناڕازییەكانە.

 

د.موسەنا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق باسلەوەدەكات پەیوەندی نێوان ناڕەزاییەكانی كوردستان‌و عێراق "هاوبەشییە لە یەك جۆر زوڵم كە ساختەكاریی هەڵبژاردنە."

 

موسەنا ئەمین كە هاوكات سەرۆكی لیستی یەكگرتوو بوو لە سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو، هەوڵ لەئارادا نییە بۆ دروستكردنی بەرەكی سەرتاسەری لە عێراق، بۆ پەرەگراف وتی"بەڵام هاوسۆزی‌و هاوئامانجییە كە لە هەموو شوێنێك دەنگی خەڵك دزراوە، بەڵام ئەوەی لە كوردستان كراوە وێنەی نییە لە هیچ شوێنێكی عێراق."

 

بەوتەی موسەنا ئەمین، زۆربەی حزبەكان لە باشورو ناوەڕاستی عێراق ناڕازین لە پڕۆسەكە‌و ئەنجامەكانی.

 

پەرەگراف لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیویەتی، لە كۆبوونەوەكەی ڕۆژی شەممەی پەرلەماندا هەوڵدەدرێت ئەوەبەسەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردندا بسەپێنرێت كە ڕێژەی لەسەدا 5 تا 25ی سندوقەكانی دەنگدان لە ناوچە جیاوازەكان بەدەست جیابكرێنەوەو بەراورد بكرێن لەگەڵ ئەنجامی ئەلیكترۆنی.

 

سەرچاوەكە وتی"كۆمسیۆن ناوێرێت سندوقەكان بكاتەوە، چونكە ئابڕوچوونی گەورەی تێدایە، هەربۆیە كاردەكرێت پەرلەمان ئەوەبەسەر كۆمسیۆندا بسەپێنێت."

 

چاودێرێكی دۆخی عێراق ئەوەدەخاتەڕوو، ناڕەزایی لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی دیكە جیاوازەو بەدووری دەزانێت كۆمسیۆن ڕازی بێت بە ژماردنەوەی دەنگەكان بە دەست.

 

یاسین تەها، توێژەرو چاودێری دۆخی عێراق بۆ پەرەگراف وتی"لەناوچە شیعییەكان گلەیی لە سیستمی ئەلیكترۆنی نییە، گلەیی لە هەندێك پێشێلكاری‌و گوشاری تەقلیدی هەیە، بە پێچەوانەی هەرێم‌و پارێزگا سوننە نشینەكان."

 

وەك ئەو چاودێرە باسیكرد، لە پارێزگا سوننەكانی وەك؛ دیالە، نەینەوا، ڕومادی‌و تكریت گوشاری سەربازیی هەبووەو دەستكاری سندوقەكان كراوەو لە كەشێكی تەندروستدا هەڵبژاردن نەكراوەو ناڕەزایی زۆر هەیە‌و بەڵگەی زۆر هەن كە هەڵبژاردنەكە گوزارشت لە خواستی دانیشتوانی ئەو ناوچانە ناكات.

 

"بەشێوەیەكی گشتی لە هەموو لایەك گومان‌و ناڕەزایی‌و تانە ڕوبەڕوی كۆمسیۆن بووەتەوە لەسەر هەڵبژاردنەكە، هەتا نەتەوەیەكگرتووەكان‌و لیستە گەورەكان فشاریان هەیە لەسەر كۆمسیۆن" یاسین تەها كە بەوردی چاودێری دۆخی عێراق دەكات وای وت.

 

لە درێژەی گومان‌و ناڕەزاییەكان لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن، ئەمڕۆ یان كۆبیش، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق داوایكرد كۆمسیۆن بەزویی كار بكات بۆ لێكۆڵینەوە لە هەموو ئەو سكاڵایانەی تۆماركراوە، وتی"دەستبكات بە هەژماركردنەوەی بەشێكی دەنگەكان لە بنكە دەستنیشانكراوەكاندا بەتایبەتیش لەكەركوك."

 

پێشتریش حەیدەر عەبادی هەمان داواكاری هەبوو بۆ ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست، بەڵام كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، ڕەتیكردەوە دەنگەكان بەدەست بژمێردرێنەوە.

 

ناڕەزاییەكان ئەنجامیان دەبێت؟

 

هەرچەندە ناڕەزاییەكان لە فراوانبووندان، بەڵام پێناچێت ئەنجامی هەوڵەكان بە جۆرێك بێت لایەنە ناڕازییەكان ڕازیی بكات، بەوپێیەی كۆمسیۆن ناچێتە ژێرباری داواكارییەكان‌و ئێران‌و ئەمەریكاش كە كاریگەرییان لە عێراق هەیە دەیانەوێت پڕۆسەكە تێپەڕێندرێت.

 

موسەنا ئەمین كە بۆ بەدواداچوونی ناڕەزاییەكان‌و پرسی هەڵبژاردن چووەتە بەغداد، ئەنجامی هەوڵەكانیانی بەستەوە بەوەی چەندە كۆمسیۆن وەڵامدانەوەی هەیەو چەندە داواكاری گشتی عێراق لێپێچینەوە لە كۆمسیۆن دەكات لەسەر بنەمای "تەزویر" وتیشی"شەممە بڕیارە كۆبوونەوەی كتوپڕی پەرلەمان ئەنجامبدرێت، ئایا تاچەندە ڕێژەی یاسایی ئامادەبووان تەواو دەبێت بۆ كۆبوونەوەكە‌و تاچەند جددی بوون هەیە لە لێپرسینەوە لە كۆمسیۆن."

 

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو، وتیشی"ئەوەی داواكاریی هەقیقی هەموولایەكە ڕەتكردنەوەی ئەم هەڵبژاردنەو ئەنجامدانەوەیەتی لە كەشوهەوایەكی تەندروست، بەڵام ئەگەر ئەمە مومكین نەبوو، بە بەڵگەی سەلماندنی ئەو گزیكارییەی كە كراوە دەتوانرێت هەندێك لە سندوقەكان هەژماربكرێنەوە"

 

لەگەڵ ئەوەشدا گومانی خستەسەر سندوقەكانی دەنگدان، وتی"ئەو سندوقانە 3 ڕۆژە لە دەستێكی نائەمیندایە‌و پارێزراو نییە، دوو ڕۆژە 200 سندوق لە سلێمانیەوە هێنراونەتە بەغداد، جگە لە هێزە ئەمنییەكان هیچ چاودێرێكی لەگەڵدا نەبووە، كێ متمانەی بەم سندوقانە هەیە بیانژمێرێت؟."

 

لەناو حزبە كوردییەكاندا پارتی ئامادەیی پیشانداوە بۆ ژماردنەوەی دەنگەكان بە دەست لەسەرتاسەری كوردستان‌و هەرشوێنێك بە پێویست بزانرێت، بەڵام یەكێتی مەرجی ئەوەی هەیە ئەو پڕۆسەیە لەسەر ئاستی عێراق ئەنجامبدرێت نەك تەنها پارێزگایەكی دیاریكراو.

 

یاسن تەها پێیوایە پەرلەمانی عێراق ئەگەر هیچشی پێنەكرێت، بەڵام كۆبوونەوەی لەسەر ئەو بابەتە، پرسیارو گومانی گەورە لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردنەكە دروستدەكات.

 

ئەو چاودێرە وتی"دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن ناواقیعی‌و قورسە، چونكە هەڵبژاردن لە عیراق قورسەو ئامادەكاریی‌و بودجەی زۆری دەوێت، هەڵبژاردن لە دۆخی خراپتریش كراوە دوا 2003، لەسەردەمی باڵادەستی قاعیدەشدا هەڵنەوەشێنراوەتەوە ئێستا قورسە ئەوكارە بكرێت، بەتایبەت كە ئەمەریكاو ئێران پیرۆزبایی‌و دەستخۆشییانكرد."

 

دەربارەی ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست، یاسین تەها پێیوایە كۆمسیۆن ناچێتە ژێرباری ئەو داواكارییە، "لەبەرئەوەی بەهیچ جۆرێك نایەوێت ئەودەرگایە لە خۆی بكاتەوە، چونكە لە یەك شوێن بكرێت لە شوێنەكانی دیكە داوادەكرێت كە داوایانكرد ئەوكاتە عەیب‌و عارەكانی دەردەكەوێت بەتایبەت لە ئەنبارو دەشتی نەینەوا كێشەی زۆری تێدا، لەهەر شوێنێك دەربكەوێت بۆ شوێنەكانی دیكەش دەبن بە كێشە بۆیە كۆمسیۆن نایەوێت ئەو دەرگایە لەخۆی بكاتەوە، خاڵێكی دیكەش یاسای هەڵبژاردن خراپ داڕێژراوەو دەڵێت جیاكردنەوەی دەنگەكان ئەلیكترۆنییە."

 

هەر دەربارەی ئەنجامی ناڕەزاییەكان، موسەنا ئەمین بە پێویستی دەزانێت سەرۆكایەتییەكانی عێراق‌و پەرلەمان كۆببنەوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەك، وتی"ئەو ئامادەییە زۆر بەدیناكەم، كۆمسیۆنیش پرسەكە قورس دەكات‌و نایەوێت بیكات، چونكە دەیانەوێت ئەو گەندەڵییەی كردویانە تێی پەڕێنن، تائێستا ئامادەییەكی لەوشێوەیە نییە، بەڵام بزانین ڕۆژی شەممە پەرلەمان چ بڕیارێك دەدات."