پێكهێنانی هێزی چەكدار گۆڕان دابەشی سێ ئاڕاستە دەكات

18-05-2018 06:22
یەكێك لەو كەسانەی گۆڕان كە شەوی هێرشەكەی یەكێتی بەچەكەوە چووە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەكەی. وێنە؛ فازڵ هۆرامی.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

پرسی پێكهێنانی هێزی چەكدار "نەبووەتە بڕیار" لای گۆڕان، بەڵام هێشتا بەشێكە لە گفتوگۆ ناوخۆییەكانی بەرپرس‌و هەڵسوڕاوانی ئەوبزووتنەوەیەو دابەش بوون بەسەر سێ بۆچوونی جیاوازدا، بۆچوونی بەهێز ئەوەیە گۆڕان هێزی چەكدار "دروست ناكات."

 

بیرۆكەی پێكهێنانی هێزی چەكدار بۆ گۆڕان نوێ نییەو سێ ساڵ لەمەوبەر لەناو ئەو بزووتنەوەیە وروژێندرا، بەڵام ئەوكات ڕەتكرایەوە، ئێستاش دوای هێرشی هێزێكی چەكداری یەكێتی بۆسەر مەكۆی سەرەكی گۆڕان، چەك هەڵگرتن زیاتر لە پێشتر خواستی لەسەرە.

 

بەرپرسانی باڵای گۆڕان كە پەرەگراف قسەی لەگەڵدا كردون نایانەوێت بە ناوی خۆیانەوە قسەلەسەر ئەم پرسە بكەن، ئەوان بۆچونی جیاوازیان هەیەو هەندێكیان كە بە "زۆرینە" خۆیان دەناسێنن، دژی پێكهێنانی هێزی چەكدارن‌و پێیانوایە لەگەڵ بنەماكانی بزووتنەوەكەیاندا ناگونجێت‌و پێویستە پشوودرێژبن لەسەر خەباتی مەدەنی‌و ڕێگای ناتوندوتیژی.

 

ئەوانەی ئەو بۆچوونەیان هەیە لە پێش هێرشەكەی یەكێتی لەشەوی 12ی ئەم مانگە بۆسەر مەكۆی سەرەكی گۆڕان زۆرینەی ڕەهابوون لەناو ئەو بزووتنەوەیەدا، بەڵام دوای هێرشەكەی یەكێتی، بەشێكی كەمیان بۆچوونیان گۆڕاوەو لەگەڵ ئەوەدان هێزی چەكدار دروست بكەن "بۆ خۆپاراستن."

 

بەرپرسێكی گۆڕان بۆ پەرەگراف وتی"واقیع دەیسەپێنێت بەسەرماندا هێزمان هەبێت بۆ پارێزگاری لە خۆمان‌و لە دەنگەكانمان، هێزمان ناوێت بۆ هێرشكردنەسەر هیچ لایەك، بەڵام كاتێك دەبینی دامودەزگای چەكدار بێلایەن نین‌و لەهەر بۆنەیەكدا ئەگەری پەلاماردانمان هەیە، ئەوكات هێزێكمان دەوێت بۆ خۆپارێزی‌و ئەمە بووەتە پێویستی، بەڵام پێناچێت ببێتە بڕیار لەناو بزووتنەوەكەداو زۆرینە دژی ئەوەن."

 

هەرچەندە بەپێی یاسا، حزبی سیاسی نابێت هێزی چەكداری هەبێت، بەڵام پارتی‌و یەكێتی هێزەكانی 80و 70ی پێشمەرگەیان هەیە كە حزبین‌و مووچە لە حكومەت وەردەگرن.

 

ئەو لیوایانەی وەزارەتی پێشمەرگەش كە لە پێشمەرگەكانی ئەو دوو حزبە بە هاوبەشی پێكهێنراون‌و بە "لیوا هاوبەشەكان" ناودەبرێن، حزبی بوونیان لە ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوودا بەڕوونی دەركەوت، كاتێك لیواكان لێكهەڵوەشانەوەو پێشمەرگەی هەرلایەك لەو دوو حزبە گەڕایەوە سنوری حزبیی خۆی.

 

بەرپرسێكی دیكەی گۆڕان كە دژی پێكهێنانی هێزی چەكدارە لەلایەن بزووتنەوەكەیەوە، وتی"ڕێبازی نەوشیروان مستەفا خەباتی مەدەنی‌و ناتوندوتیژییە، كاك نەوشیروان پێشتریش چەندجارێك ئەوەی ڕەتكردووەتەوە هێزمان هەبێت، ئێمە دەبێت پشوودرێژ بین لەسەر خەباتی مەدەنی‌و هیچ شتێك ساردمان نەكاتەوە، پێموایە داواكاریی هەندێك لە هەڵسوڕاوان بۆ دروستكردنی هێز جێبەجێ ناكرێت‌و ئەوكەسانەش هەندێكیان دڵ گەرمی هێرشەكەی یەكێتین‌و وەك ناچاریی داوای دەكەن نەك لە بیروباوەڕەوە."

 

بەدەر لەو دوو بۆچوونەی كە لەگەڵ‌و دژی پێكهێنانی هێزی چەكدارن، بۆچوونێكی دیكە لەناو گۆڕاندا سەریهەڵداوە كە "كەمینەیەكی كەم" لە ئەندام‌و هەڵسوڕاوانی ئەو بزووتنەوەیە داوای دەكەن، هەرچەندە لە ئاستی باڵادا بەرپرسانی گۆڕان پشتیوانییان ناكەن، بەڵام ئەمانیش وەك ئاڕاستەی سێیەمی ئەو پرسە دەردەكەون.

 

لایەنگرانی ئاڕاستەی سێیەم زیاتر كاردانەوەی هێرشەكەی یەكێتی بۆسەر گردی زەرگەتە بەسەریاندا زاڵە، ئەوان نەك هەر داوای هێزی چەكدار دەكەن، بگرە دەیانەوێت "بیكەنە بەدیلی پڕۆسەی هەڵبژاردن‌و سندوقی دەنگدان."

 

بەرپرسێكی گۆڕان كە خۆی دژی ئەو ئاڕاستەیەیە، دەڵێت"هێرشەكەی یەكێتی خەریكە دەبێتە سەرەتای دروستبوونی توندڕەوی لەناو گۆڕان، هەندێك باسلەوەدەكەن بڕوایان بە خەباتی مەدەنی‌و سندوقی دەنگدان‌و هەڵبژاردن نەماوەو هێزی چەكدار وەك بەدیل دەبینن."

 

ئەو بەرپرسەی گۆڕان، بیركردنەوە لە پێكهێنانی هێزی چەكدار وەك بەدیلی پڕۆسەی هەڵبژاردن بە "مەترسیدار" ناوبرد، لەگەڵئەوەشدا دڵنیابوو بزووتنەوەكەی ناچێتە ژێرباری هیچ داوایەكی لەوجۆرەو وتی"تائێستا هیچ بڕیارێك نییە بۆ پێكهێنانی هێز، پێموایە لە كۆتاییدا گۆڕان هێزی چەكدار دروست ناكات بۆ هیچ مەبەستێك، بەڵام نابێت بەهیچ جۆرێك حزبە چەكدارەكانیش مامەڵەیان وەك ئێستا بمێنێت‌و بە مەزاج‌و ئارەزوی خۆیان هەڵبكوتنەسەر حزبە مەدەنییەكان‌و پەلاماریان بدەن."

 

مەكۆی سەرەكی گۆڕان دەوروبەری كاتژمێر 10ی شەوی 12ی ئەم مانگە درایەبەر گوللە بە چەكی جۆراوجۆر، بیناكە جگە لە ئەندامانی وەفدی كۆبوونەوەی گۆڕان، كۆمەڵ، هاوپەیمانی‌و یەكگرتوو، دەیان بەرپرسی باڵا‌و هەڵسوڕاوی گۆڕانی تێدابووە، تەقەكان بە جۆرێك بوون بە دەگمەن ژووری بیناكە هەیە كە ڕووی لە بەشی پێشەوەبێت‌و ئاسەواری گوللەی پێوەنەبێت.

 

بزوتنەوەی گۆڕان دەیان هەڵسوڕاوی هەیە كە پێشتر فەرماندەو بەرپرسی سەربازی بوون، ئەو شەوەی یەكێتی تەقەی لە مەكۆی سەرەكییان كرد لە گردی زەرگەتە، بە چەند خولەكێك دوای كشانەوەی هێزەكەی یەكێتی، چەندین هەڵسوڕاوی گۆڕان كە پێشتر لە كەرتی سەربازیدا بوون، خۆیان‌و پاسەوان‌و خزم‌و كەسیان بە چەكەوە گەیشتنە گردەكە.

 

لەگەڵ ئەوانیشدا سەدان كەسی مەدەنی‌و لایەنگرانی گۆڕان لەبەردەم گردەكە كۆبوونەوەو هوتافیان بۆ پشتیوانی گۆڕان‌و دژی یەكێتی دەوتەوەو هەندێك لەو كەسانەش چەكیان پێبوو، كۆبوونەوەی خەڵك دوای بانگەوازێكی كەناڵی كەی ئێن ئێن هات بۆ ئەندام‌و لایەنگرانی گۆڕان كە داوایكرد ڕووبكەنە گردی زەرگەتەو پشتێنەی مرۆیی دروست بكەن بۆ پاراستنی.

 

ئەو شەوە، تادەهات ئاپۆڕای خەڵك ڕووەو گردەكە زیاتر دەبوو بۆ پشتیوانی گۆڕان، ژمارەی ئەو كەسانەشی بەچەكەوە دەهاتن لە هەڵكشاندابوون، دۆخی زاڵ لەناو خەڵك‌و چەكدارەكاندا ئەوەبوو كە بەرپرسانی گۆڕان ڕێگەیان پێبدەن "تۆڵە"ی تەقەكردنەكان لە یەكێتی بكەنەوە.

 

پەرەگراف شایەتحاڵی فشاری زۆری هەڵسوڕاوان‌و چەك بەدەستانی گۆڕان بوو بۆسەر بەرپرسە باڵاكانیان، لەناویاندا قادری حاجی عەلی كە هاتە ناو ئامادەبووان لەسەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا، بەڵام بەرپرسانی گۆڕان نەچوونە ژێرباری فشارەكان‌و ئەو داواكارییانەیان ڕەتكردەوە بۆ بەكارهێنانی چەك دژی یەكێتی.

 

(پەرەگراف پێشتر لە ڕاپۆرتێكدا وردەكاری هێرشەكەی ئەو شەوەی بڵاوكردەوە، بۆ خوێندنەوەی ڕاپۆرتەكە كلیك لێرە بكە.)