ئەنجامی هەڵبژاردن ڕیزبەندی نوێی بۆ حزبەكانی هەرێم دروست كرد

19-05-2018 03:41
كەسانی یەكەمی 7 حزبە براوەكەی هەرێم لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

 

پەرەگراف

 

ئەنجامی هەڵبژادنی پەرلەمانی عێراق ڕیزبەندی حزبە كوردییەكانی گۆڕی‌و پارتی لە پلەی یەكەمدا مایەوەو یەكێتی بووە حیزبی دووەمی هەرێم بە جیاوازییەكی زۆر لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كە بووەتە هێزی سێیەم، هاوكات نەوەی نوێ بووەتە هێزی چوارەم.

 

بەپێی ئەنجامەكان لە سێ پارێزگاكەی هەرێم پارتی نزیكەی دوو ئەوەندەی یەكێتی، یەكێتی دووئەوەندەی گۆڕان، نەوەی نوێ دووئەوەندەی هەریەكە لە هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو كورسییان بەدەستهێناوە.

 

ئەوە لەكاتێكدایە لە كوردستان تەنها یەكێتی‌و پارتی ڕازین بە ئەنجامەكان، پارتیش ئەنجامی سلێمانی‌و هەڵەبجە ڕەتدەكاتەوە، تەواوی حزبەكانی دیكە كۆی پڕۆسەكە ڕەتدەكەنەوەو داوای دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دەكەن‌و پێیانوایە سیستمی جیاكردنەوەو ژماردنی ئەلیكترۆنیی دەنگەكان دەستكاریی كراوەو ئەنجامەكان "ساختەن" بەڵام كۆمسیۆن داواكاریی لایەنە ناڕازییەكان ڕەتدەكاتەوە.

 

ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بۆ زۆرێك لە خەڵك‌و حزبەكان مایەی سەرسوڕمان بوو، بەتایبەت لە سلێمانی كە یەكێتی هێنایە پلەی یەكەم‌و 8 كورسی بەدەستهێنا ئەوەش دوو ئەوەندەی كورسیەكانی گۆڕانە لەو پارێزگایە كە بووەتە 4 كورسی، ئەوە یەكەمجارە یەكێتی لە سلێمانی لە پێش گۆڕانەوەبێت لەوەتەی ئەو بزوتنەوەیە دروست بووە.

 

لەسەر ئاستی هەرێم‌و ناوچە دابڕاوەكان

 

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12ی ئایاری عێراق‌و لیستە براوەكانی ئاشكرا كرد، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێم پارتی توانی لە پلەی یەكەمدا بمێنێتەوەو 2 كورسی زیاد كرد‌و 19 كورسی بەدەستهێنا (هەولێر 8 كورسی، دهۆك 10 كورسی‌و سلێمانی یەك كورسی).

 

لیستی پارتی لە نەینەوا 6 كورسی بەدەستهێناوەو بەكۆی گشتی بە ناوچە دابڕاوەكانەوە بووەتە خاوەنی 25 كورسی، هاوكات لە 5 كورسی كۆتای كریستیانەكان 2 كورسی بەدەستهێناو كاندیدێكیشی لەناو لیستی سائیروندا لە بەغداد دەرچووە، واتە ئەو حزبە 28 كورسی لە خولی نوێی پەرلەماندا دەبێت لە كۆی 329 كورسی.

 

یەكێتی نیشتمانی لە ڕیزبەندی دووەم هێزی كوردستاندایە، هەرچەندە لە سێ پارێزگاكەی هەرێم یەك كورسی كەمی كردووەو لە 11وە بووەتە 10 كورسی (سلێمانی 8‌و هەولێر 2)، بەڵام بە جیاوازییەكی زۆر كە دوو ئەوەندەیە لە پێش هێزی سێیەمەوەیە كە بزوتنەوەی گۆڕانەو خاوەنی 5 كورسییە.

 

تەنها یەكێتی‌و پارتی لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان كورسییان بەدەستهێناوە، یەكێتی لە كەركوك 6 كورسی بەدەستهێناوە لە كۆی 12 كورسی، هیچ لایەنێكی دیكەی كوردی لەوشارە كورسی بەدەست نەهێناوە، ئەو حزبە لە نەینەوا كورسییەك‌و لە دیالەش كورسییەكی بەدەستهێناوە، بەكۆی گشتی كورسییەكانی یەكێتی بە هەرێم‌و ناوچە دابڕاوەكانەوە بووەتە 18 كورسی.

 

هاوكات ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی كە لەلایەن حزبەكەیەوە سڕكراوە لە پۆستەكەی، لەسەر لیستی هاوپەیمانیی بەغداد خۆی كاندید كردبوو، 2 هەزارو 904 دەنگی لە شاری بەغداد بەدەستهێناو بووەوە بە پەرلەمانتار، هێشتا دیارنییە ئەو كورسییە دەچێتەسەر كورسییەكانی یەكێتی یاخود نا. 

 

بزوتنەوەی گۆڕان هێزی سێیەمی كوردستانە، لە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم هیچ كورسییەكی نییە و لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش 4 كورسی لە دەستداوەو بووەتە خاوەنی پێنج كورسی(سلێمانی 4 ‌و هەولێر 1).

 

هێزی چوارەم بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی كوردستان، نەوەی نوێ-یە، ئەو هێزە كە یەكەمجارە بەشداری پڕۆسەكە بكات توانیویەتی ببێتە خاوەنی چوار كورسی (سلێمانی 2‌و هەولێر 2).

 

سێ لایەنی تری هەرێمی كوردستان لە ژمارەی كورسییەكانیاندا یەكسانن و تەنیا لە ژمارەی دەنگەكاندا جیاوازییان هەیە، ئەوانیش هەریەك لە هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری بە سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح جێگری پێشوی سكرتێری گشتی یەكێتی، كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی كە یەكی دوو كورسییان بە دەستهێناوە.

 

بەراوردی كورسی حزبەكان لە سێ پارێزگاكەی هەرێم لەگەڵ ساڵی 2014

 

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014ی پەرلەمانی عێراق، پارتی لە سێ پارێزگاكەی هەرێم 17 كورسی بەدەستهێنا، ئەوكات لە هەولێر 7 ‌و لە دهۆك 8‌و لە سلێمانی 2 كورسی هەبوو.

 

لەم هەڵبژاردنەدا، پارتی 2 كورسی زیادكرد لەسەر ئاستی هەرێم، هاوكات ژمارەی كورسییەكانی لە هەرسێ پارێزگاكە گۆڕدرا، پارتی 7 كورسییەكەی هەولێری كرد بە 8، لە 2 كورسیەكەی سلێمانی یەكێكیانی لەدەستدا، بەڵام لە بەرامبەردا 8 كورسیەكەی دهۆكی كرد بە 10.

 

یەكێتی لە 2014 لە سلێمانی 6 كورسی بەدەستهێنا، لەم هەڵبژاردنە كردی بە 8، هاوكات ئەو كورسییەی لەدەستدا كە لە دهۆك هەیبوو، لە هەولێریش 4 كورسییەكەی بوو بە 2.

 

بزووتنەوەی گۆڕان زۆرترین كورسی لە دەستداوە لەناو هەموو حزبەكاندا، لە سلێمانی 7 كورسی هەبوو دابەزیوە بۆ 4، لە هەولێریش 2 كورسی هەبوو دابەزیوە بۆ 1، لە دهۆك پێشتر‌و ئەمجارەش كورسی بەدەست نەهێناوە، بەكۆی گشتی ئەو بزوتنەوەیە 4 كورسی لەدەستداوە.

 

هەریەكە لە كۆمەڵ‌و یەكگرتووی ئیسلامیش كورسییەكانیان دابەزیوە، یەكگرتوو ساڵی 2014 لە دهۆك 2 كورسی بە دەستهێنا، لەم هەڵبژاردنە دابەزیوە بۆ 1، لە سلێمانیش 2 كورسی هەبوو بەهەمانشێوە بووەبە 1، لە هەولێر پێشتر‌و ئەمجارەش كورسی بەدەست نەهێنا.

 

كۆمەڵی ئیسلامیش لە هەولێر 2 كورسی هەبوو دابەزیوە بۆ 1، لە سلێمانیش یەك كورسی هەبوو پارێزگاری لێكردووەو وەك خۆی ماوەتەوە، لە دهۆكیش پێشترو ئەمجارەش كورسی نییە.

 

هاوپەیمانی‌و نەوەی نوێ ساڵی 2014 دروست نەبوبون، ئەم هەڵبژاردنە یەكەم بەشدارییان بوو.

 

ژمارەی كورسی حزبە براوەكانی هەرێم لە خولی نوێی پەرلەمانی عێراق 2018

پارتی 28

یەكێتی 18

گۆڕان 5

نەوەی نوێ 4

هاوپەیمانی 2

كۆمەڵ 2

یەكگرتوو 2

كۆی گشتی كورسییەكانی كورد دەكاتە 61 كورسی لە كۆی 329