"توندترین هەڵوێست"ی حزبە ناڕازییەكان ڕوبەڕوی بەربەست دەبێتەوە

21-05-2018 09:36
كەسانی یەكەمی، هاوپەیمانی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ.

 

پەرەگراف

 

حزبە ناڕازییەكانی هەرێم كە كورسی پەرلەمانیان بردووەتەوەو پڕۆسەی هەڵبژاردن ڕەتدەكەنەوە، وەك پیشاندانی توندترین هەڵوێست دەیانەوێت كاندیدە دەرچووەكانیان نەنێرنە پەرلەمانی عێراق‌و كورسیەكانیان بە پڕنەكراوەیی بمێنێتەوە، بەڵام ئەو هەڵوێستەیان ڕوبەڕوی بەربەستی یاسایی بووەتەوە.

 

پسپۆڕێكی یاسای دەستوری باسلەوەدەكات، ئەگەر ئەو حزبانە كاندیدە دەرچووەكانیان نەنێرنە پەرلەمان، ئەوا كورسییەكانیان دەدرێتە كاندیدی لیستە براوەكانی دیكەو بەپێی یاسا نابێت 329 كورسیەكەی پەرلەمانی عێراق بە چۆڵی بمێننەوە.

 

گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو 11 كورسی پەرلەمانی عێراقیان بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنەكەی 12ی ئەم مانگە، ئەو چوار حزبە پڕۆسەكە ڕەتدەكەنەوەو پێیانوایە "ساختەكاریی" تێدا كراوەو دەنگەكانیان "دزراوە" هەربۆیە داوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەكەن.

 

ئەو حزبانە لەگەڵ چەند حزب‌و لایەنێكی دیكەی عێراقی‌و كوردستانی هەوڵە سیاسی‌و دیبلۆماسی‌و یاساییەكانیان بەردەوامە بۆ جێبەجێكردنی داواكانیان، بەڵام هێشتا هەوڵەكانیان هیچی لێ سەوز نەبووە كە بەدڵی ئەوان بێت.

 

پەرەگراف لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەو حزبانەوە ئەوەی زانیوە لە تەواوی ئەو كۆبوونەوانەی لەدوای هەڵبژاردن لە نێوان ئەو حزبانەدا ئەنجامدراوە بۆچوونی زاڵ لەناو سەرجەمیاندا ئەوەبووە بایكۆتی پڕۆسەی سیاسی بكەن‌و كاندیدە دەرچووەكانیان نەنێرنە بەغداد.

 

ئەوەش وەك پیشاندانی ناڕەزایی‌و پیادەكردنی "توندترین هەڵوێست" ناوی دەبەن، بەڵام پرسی پڕكردنەوەی كورسیەكانیان لەلایەن كاندیدانی لیستەكانی دیكەوە بەربەستی بەردەمیانەو گرفتی بۆ بڕیاردانیان دروست كردووە.

 

"یاسا باسی ئەوەی نەكردوە كە پەرلەمانتارانی لیستێك هیچیان نەچن، بەڵام مادەی 15 بڕگەی دوەم لە یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە 45ی ساڵی 2013 ی هەموار كراو دەڵێت، ئەگەر كورسیەكی پەرلەمان چۆڵ بوو، لیستەكەی هیچ پاڵێوراوی تری نەبوو یان ئیستینفازی كردبوو(مەبەست لەوەیە كەسیان نەمابێت) ئەوا كورسیەكەی دەدرێتە پاڵێوراوی لیستێكی تر كە بەلانی كەمەوە ڕێژەی پێویستی دەنگی كورسیەكی پەرلەمانی هێنابێت" د.لەتیف مستەفا، پسپۆڕی یاسای دەستوری‌و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بۆ پەرەگراف وای وت.

 

حاكم شێخ لەتیف دەشڵێت"كەواتە بەگوێرەی دەستور و یاسای ئاڵوگۆڕی ئەندامانی پەرلەمان ژمارە 6 ساڵی 2006ی هەمواركراو، یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە 45 ساڵی 2013ی هەمواركراو لەساڵی 2017 نابێ 329 كورسیەكەی پەرلەمان بە چۆڵی بمێننەوە، ئەگەر ئەو لیستانە هەر نەچوون كورسیەكانیان دەدرێ بە لیستە براوەكانی تر."

 

پەرەگراف زانیویەتی حزبە ناڕازییەكان ئێستا سەرقاڵی تاوتوێی چارەنوسی ئەو كورسییانەن كە بەدەستیان هێناوە‌و بەدوای دەرچەیەكی یاساییدا دەگەڕێن كە یەكبگرێتەوە لەگەڵ پیادەكردنی هەڵوێستێكی تووند، بەبێ ئەوەی كورسیەكانیان بدرێت بە كاندیدی حزبی دیكە.

 

وەك حاكم شێخ لەتیف ڕونیدەكاتەوە، بەپێی یاسای ئاڵوگۆڕكردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، ژمارە 6ی ساڵی 2006 هەمواركراو لە ساڵی 2007 مادەی 1 بڕگەی حەوتەم، ئەگەر پەرلەمانتار 3 لە دانیشتنی یەك وەرزی یاسادانان بەبێ بیانوو(عوزر) ئامادەنەبوو(غائب بوو)، ئەوا دەستی پێ لەكار دەكێشرێتەوەو ئەوكات بەگوێرەی بڕگەی 2 لەمادەی 2 لەهەمان یاسا، كەسێكی دیكە لە هەمان لیست لە شوێنی دادەنرێت.

 

هەروەها بەپێی مادەی 14 لە یاسای خزمەتی مەدەنی، فەرمانبەری تازە دامەزراو ئەگەر لە ماوەی یەك مانگدا بەبێ بیانوو(عوزر) دەستبەكار نەبوو دوای ئاگاداركردنەوەی، دامەزراندنەكەی پوچەڵ دەكرێتەوە.

 

حاكم شێخ لەتیف وتیشی"بۆیە ئەو پەرلەمانتارەی هەر لەسەرەتاوە دەوام ناكات جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەوەی كە دەوام دەكات‌و بەڵام دواتر غائب دەبێت، لەبەرئەوەی غیاب لە پەرلەمان بە دانیشتنە نەك بە ڕۆژو مانگ لەبەرئەوەش كە پەرلەمان هەفتەیەك دەوام دەكات‌و هەفتەیەك دەوام ناكات، واتە مانگی دوو هەفتە دەوام دەكەن لەو دوو هەفتەیە واتە لە مانگێكدا، 8 بۆ 9 دانیشتن ئەكەن بۆیە ئامادە نەبونیان لە 3 دانیشتن بەبێ عوزر یان لەهەموو بارێكدا لە ماوەی یەك مانگ بەبێ عوزر دەستبەكارنەبوو دوای ئاگاداركردنەوەیان، دەشێت لە پەرلەمان دوربخرێنەوە."

 

پڕۆسەی بوون بە پەرلەمانتار بە جۆرێكە دوای ئەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ئەنجامی كۆتایی ڕاگەیاند، هەر لایەنێك ئەنجامەكانی بەدڵ نەبوو لە دەستەی دادوەری تانەی لێدەدات، كاتێك دەستەی دادوەری بڕیاریدا لەسەر ئەنجامەكان، دەیاننێرێت بۆ دادگای فیدراڵی، دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی دەرئەنجامەكانی پەسەند كرد، ناوی پەرلەمانتارە دەرچوەكان دەنێردرێ بۆ پەرلەمان‌و پەرلەمانتاران لە ڕۆژی پەسەندكردنی دەرئەنجامەكان لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە موچەو دەرماڵەیان بۆ دەبەسترێت.

 

هاوكات بەپێی مادەی 54 لە دەستوری عێراق، دەبێت لەماوەی 15 ڕۆژدا لە ڕێكەوتی پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە، سەرۆك كۆمار بانگهێشتی پەرلەمان بكات بۆ گرێدانی دانیشتنی یەكەمی خۆی، لەو دانیشتنەدا پەرلەمانتاران سوێند دەخۆن‌و لە ڕۆژی سوێند خواردنەوە دەستبەكار دەبن.