بەوێنە؛ خەڵكی موسڵ لەدۆخێكی تاقەتپڕوكێن‌و لەشەڕێكی قورس خۆیان ڕزگاردەكەن

27-02-2017 03:08
موسڵ/ 25-2ی 2017، هەڵاتنی خێزانێكی ئاوارە لەگەڕەكی مەئموون لەبەری ڕاستی شارەكەوە بۆ لای هێزە ئەمنییەكانی عێراق. فۆتۆ: فازڵ هۆرامی.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

لەكاتێكدا شەڕێكی قورس لەگەڕەكی مەئموون لە باشوری ڕۆژئاوای موسڵ بەڕێوەدەچێت، خەڵكەكەی ناوچەكە جێدەهێڵن‌و ئاوارەدەبن، هەرچەندە ڕێگاكە ئارام نییە، بەهۆی بۆردومانی فڕۆكەو تۆپخانەو هاوەنەوە لەگەڵ تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەكانی داعش.

 

هەینی‌و شەممەی رابردوو 24و 25ی ئەم مانگە، بە بەردەوامی خەڵكی بەری ڕاستی موسڵ، بەتایبەت گەڕەكی مەئموون پەیتا پەیتا ناوچەكانیان جێدەهێشت، لەوكاتەی لەنێو كۆڵان‌و شەقامەكانی ئەو گەڕەكە شەڕێكی قورس لەنێوان فرقەی ئاڵتونی سوپای عێراق‌و چەكدارانی داعش بەردەوام بوو.

 

ئاوارەكانی بەری راستی موسڵ، برسیی‌و تینوو دەگەیشتنە بەرەی چەپی شارەكە بۆ ژێر دەسەڵاتی هێزە ئەمنییەكانی عێراق.

 

ژمارەیەك لە ئاوارەكان مەڕو ماڵاتەكانیان لەگەڵ خۆیان دەهێنا بۆ ژێر دەسەڵاتی هێزە ئەمنییەكانی عێراق.

 

كاتێك ئاوارەكان دەگەیشتنە لای فرقەی ئاڵتونی سوپای عێراق، پیاوەكان لە ژنەكان جیادەكرانەوە بۆ پشكنین.

 

پیاو و كوڕەكان ناویان لە داتابەیسێكی سوپادا لەسەر كۆمپیوتەرێك داخلدەكران ئەوەش بۆ ئەوەی بزانن ئایا گۆمانلێكراو یان تاوانبارنین.

 

ئەوانەی كە گۆمانلێكراو بوون دەگوازرانەوە بۆ شوێنیترو چارەنووسیان نادیار بوو.

 

رۆژی شەممە 25 -2 لانیكەم حەوت كەس دەستبەسەركران كە دوو كەسیان لەنێو گەڕەكی مەئمونەوە بەدەستبەسەركراوی هێنرابوون.