ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی چوار حزبە ناڕازییەكەو برێت مەكگۆرك

22-05-2018 06:21
كۆبوونەوەی برێت مەكگۆرك‌و چوار حزبە ناڕازییەكە لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان/ 22-5-2018.

 

پەرەگراف

 

لە كۆبوونەوەی چوار لایەنە ناڕازییەكەو برێت مەكگۆرك، لایەنەكان سوربوون لەسەر ڕەتكردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق‌و داوای دووبارە ئەنجامدانەوەی دەكەن، ڕێگریی لە ساختەكاری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستانیش گفتوگۆی چڕی لەسەر كراوە.

 

برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا بۆشەڕ دژی داعش ئەمڕۆ لە گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی گۆڕان لەگەڵ كەسانی یەكەمی، گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو كۆبووەوەو هەڵبژاردن‌و پرسی ساختەكاریی لە پڕۆسەكەو پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقیان تاوتوێ كردووە.

 

د.هۆشیار عومەر عەلی ڕێكخەری ژوری پەیوەندی دیپلۆماسی بزوتنەوەی گۆڕان، ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی ئاشكرا كرد‌و ئەوەی خستەڕوو، مەكگۆرك زۆر بەجدی هەڵوێست‌و سكاڵاكانی ئەو چوار لایەنەی وەرگرتووە دەربارەی ساختەكاریی لە پڕۆسەی هەڵبژاردن.

 

وتی"لەگەڵ یۆنامی‌و یانكۆبیچ نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان لەعێراق، لەسەر خەتن بۆئەوەی بەوردی بەدواداچون بۆ سكاڵاكان بكرێت."

 

گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو 11 كورسی پەرلەمانی عێراقیان بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنەكەی 12ی ئەم مانگە، ئەو چوار حزبە پڕۆسەكە ڕەتدەكەنەوەو پێیانوایە "ساختەكاریی" تێدا كراوەو دەنگەكانیان "دزراوە."

 

ئەو حزبانە لەگەڵ چەند حزب‌و لایەنێكی دیكەی عێراقی‌و كوردستانی هەوڵە سیاسی‌و دیبلۆماسی‌و یاساییەكانیان بەردەوامە بۆ جێبەجێكردنی داواكانیان، بەڵام هێشتا هەوڵەكانیان هیچی لێ سەوز نەبووە كە بەدڵی ئەوان بێت.

 

ڕێكخەری ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی گۆڕان كە بەشداربوو لە كۆبوونەوەكە، باسیلەوەشكرد بەشێكی دیكەی گفتوگۆكانیان دەربارەی ساختەكاریی بووە لە هەڵبژاردن، وتی"تەركیزێكی زۆر كرا لەسەر ئەوەی كۆتایی بێت بە تەزویرو ساختەكاری‌و هەڵبژاردنێكی ڕێك‌و پێك بكرێت بەتایبەت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 30-9 بكرێت، ئەوان وتیان ئێمە هەموو پشتیوانییەك پیشاندەدەین كە ئەو هەڵبژاردنە سەركەوتووبێت."

 

چوار لایەنەكە كۆبوونەوەیان لەگەڵ مەكگۆرك بە گرنگ دەزانن‌و دەڵێن، ئەوان بە یەكڕیزی سوورن لەسەر هەڵوێستەكانیان‌و سازش لەسەر دەنگی هاوڵاتیان ناكەن، هۆشیار عومەر وتی"ئەم ئەنجامە تەنها تەزویر نییە، بەڵكو گۆڕینی تەواوی ئەنجام و پڕۆسەكەیە، ئەم تەزویركردنە بەم ئاستە باڵایەو بەوشێوەیە كە ڕونە لای هاوڵاتیانی كوردستان و دەوڵەتانی دونیاش، دەبێتە هۆی ناسەقامگیری و تێكچونی ئاسایش لەهەرێمی كوردستان‌و ئەو لایەنانەی ئەم هەنگاوانەیان ناوە بەرپرسیارن‌و ئێمە ئێستاش سورین لەسەر ئەوەی ئەم ئەنجامە هەڵبوەشێتەوە و سكاڵاشمان كردوە، كە جارێكی دیكە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێتەوە."

 

سەردانی مەكگۆرك بۆلای حزبە ناڕازییەكان لە سلێمانی هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامیی كۆبوونەوەی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن لە بەغداد بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ وەفدێكی پارتی سەردانی شاری بەغدادی كردو كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەكان دەستپێكرد.

 

دەربارەی داواكاریی ئەمەریكا بۆ بەشداریكردنی لایەنە ناڕازییەكان لە حكومەتی نوێی عێراق، ڕێكخەری ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی گۆڕان ئەوەی خستەڕوو، ئەوپرسە پەیوەندی بە حزبەكان خۆیانەوە هەیە‌و وەفدەكەی ئەمەریكا ئەو بڕیارەیان بۆ حزبەكان بەجێهێشتووە.

 

لە كوردستان تەنها یەكێتی‌و پارتی ڕازین بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، پارتیش ئەنجامی سلێمانی‌و هەڵەبجە ڕەتدەكاتەوە.

 

پەرەگراف لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەو وچار حزبە ناڕازییەوە ئەوەی زانیوە لە تەواوی ئەو كۆبوونەوانەی لەدوای هەڵبژاردن لە نێوان ئەو حزبانەدا ئەنجامدراوە بۆچوونی زاڵ لەناو سەرجەمیاندا ئەوەبووە بایكۆتی پڕۆسەی سیاسی بكەن‌و كاندیدە دەرچووەكانیان نەنێرنە بەغداد.

 

ئەوەش وەك پیشاندانی ناڕەزایی‌و پیادەكردنی "توندترین هەڵوێست" ناوی دەبەن، بەڵام پرسی پڕكردنەوەی كورسیەكانیان لەلایەن كاندیدانی لیستەكانی دیكەوە بەربەستی بەردەمیانەو گرفتی بۆ بڕیاردانیان دروست كردووە.

 

هەرلەمیانەی سەردانەكەی مەكگۆرك بۆ گردی زەرگەتە، بەرپرسانی گۆڕان شوێنەواری ئەو فیشەكانەیان پیشاندا كە هێزێكی یەكێتی شەوی كۆتاییهاتنی هەڵبژاردن نای بە مەكۆی سەرەكی گۆڕانەوە.

 

مەكۆی سەرەكی گۆڕان دەوروبەری كاتژمێر 10ی شەوی 12ی ئەم مانگە درایەبەر گوللە بە چەكی جۆراوجۆر، بیناكە جگە لە ئەندامانی وەفدی كۆبوونەوەی گۆڕان، كۆمەڵ، هاوپەیمانی‌و یەكگرتوو، دەیان بەرپرسی باڵا‌و هەڵسوڕاوی گۆڕانی تێدابووە، تەقەكان بە جۆرێك بوون بە دەگمەن ژووری بیناكە هەیە كە ڕووی لە بەشی پێشەوەبێت‌و ئاسەواری گوللەی پێوەنەبێت.