ماڵی مام جەلال "سەركەوتن"ی یەكێتی بەهی خۆیان دەزانن‌و كۆسرەت ڕەسوڵ نیگەرانە

23-05-2018 05:58
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو كۆسرەت ڕەسوڵ كەسانی یەكەمی دوو باڵە سەرەكییەكەی یەكێتی.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

هەرچەندە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە قازانجی یەكێتی بوو وەك حزب، بەڵام ئەو ئەنجامە ناكۆكی نێوان دوو باڵە سەرەكییەكەی ئەو حزبەی تۆخ كردووەتەوەو ماڵی مام جەلال ئەنجامەكە بە دەستكەوتی خۆیان دەزانن بەوپێیەی زۆرینەی ڕەهای كاندیدە دەرچووەكانی یەكێتی لەو باڵەن.

 

یەكێتی براوەی سەرەكی‌و دڵخۆشترین حزبە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، چونكە یەكەمجارە لە دوای دروستبوونی گۆڕانەوە بتوانێت بە جیاوازییەكی زۆر پێش ئەو بزووتنەوەیە بكەوێت لە هەرێم، بەتایبەت كە دوو ئەوەندەی گۆڕان كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا لە پارێزگای سلێمانی.

 

ئەوە لەكاتێكدایە لە كوردستان تەنها یەكێتی‌و پارتی ڕازین بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، پارتیش ئەنجامی سلێمانی‌و هەڵەبجە ڕەتدەكاتەوە، حزبەكانی دیكە كۆی پڕۆسەكە ڕەتدەكەنەوەو پێیانوایە "ساختەكاری كراوەو دەنگەكانیان دزراوە."

 

لە دوای تەواوبوونی هەڵبژاردن‌و دەركەوتنی ئەنجامی بەرایی لە وێستگەكانی دەنگدان، هەرئەو ئێوارەیە كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی‌و دەسەڵاتداری یەكەمی ئەو حزبە "پیرۆزبایی سەركەوتن"ی ڕاگەیاند، بەڵام خۆشحاڵییەكەی ناوبراو زۆری نەخایاندو دوای چەند ڕۆژێك گۆڕدرا بە "نیگەرانیی"، ئەوەش كاتێك ناوی كاندیدە دەرچووەكان ئاشكرابوون.

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكێتی بۆ پەرەگراف باسیلەوەكرد، لەكۆی 18 كاندیدی دەرچووی یەكێتی لە هەڵبژاردنەكە لەسەرجەم ناوچەكان یەك كاندیدیان سەربە باڵەكەی كۆسرەت ڕەسوڵە.

 

"تەنها لە هەولێر كاندیدێكی سەربە كاك كۆسرەت دەرچووە كە ناوی كوردەی هاشم جیهازەو بەكۆتای ژنان سەركەوتووە، لەهیچ ناوچەیەكی دیكە كاندیدی سەربە ئەوان دەرنەچووە، ئەو ئەنجامانە نیگەرانی كاك كۆسرەتی لێكەوتووەتەوە" سەرچاوە ئاگادارەكە وای وت.

 

بەرلە هەڵبژاردن بۆ یەكخستنی ڕیزەكانیان‌و ئامادەكاریی بۆ هەڵمەتی بانگەشە بە یەكگرتوویی، یەكێتی دەسەڵاتی كەسی یەكەمی بەخشییە كۆسرەت ڕەسوڵ، هاوكات لەسەر داوای مەكتەبی ڕێكخستن كە سەربە ماڵی مام جەلالن، شاڵاوی كوڕی كۆسرەت ڕەسوڵ كرایە بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەكێتی.

 

بەرپرسێكی باڵای یەكێتی كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت، بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، ئەو گۆڕانكارییانەی بەرلە هەڵبژاردن بۆ ڕازیكردنی كۆسرەت ڕەسوڵ‌و باڵەكەی بووەو ئەوكات ترسیان هەبووە بچنەپاڵ هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح.

 

ئەو بەرپرسەی یەكێتی زانیارییەكی دیكەشی ئاشكرا كرد، وتی"نزیكیی ماڵی كاك كۆسرەت‌و هاوپەیمانیەكەی كاك بەرهەم بەجۆرێك بوو تەنانەت دەربازی كاك كۆسرەت چەند كاندیدێكی هەبوو لەناو لیستەكەی ئەوان لە شاری هەولێر، بەڵام هیچیان دەرنەچوون بەوپێیەی تەنها یەك كورسییان هێناو سەرۆك لیستەكەیان بردی" سەرچاوەیەكی دیكەش هەمان زانیاریی پشتڕاست كردەوە.

 

بەرپرسەكەی یەكێتی تەئكیدی كردەوە، ئەوەی یەكێتی بە دەستیهێناوەو خۆیان بە "سەركەوتن"ی دەزانن سەرباری تۆمەتی حزبەكانی دیكە كە دەڵێن "ساختەكارییە"، ماڵی مام جەلال بە دەستكەوتی خۆیانی دەزانن.

 

وتیشی"ڕۆژانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنیش زۆرترین دەركەوتن‌و كۆبوونەوەی جەماوەریی فراوان ماڵی مام جەلال كردویانە بەتایبەت كاك قوباد زۆربەی ناوچەكانی كوردستان گەڕا بۆ كۆكردنەوەی دەنگ."

 

ڕۆژانی بەرلە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، یەكێتی بە دۆخێكی سەختی ناوخۆییدا تێپەڕی، ئەوكات ململانێی باڵەكان گەیشتبوونە ئاستێك ئەگەری لەتبوونێكی دیكە ڕووی لەو حزبە كردبوو.

 

كێشەی سەرەكی یەكێتی شێوازی بەستنی كۆنگرەی حزبەكەیە كە 5 ساڵە دواكەوتووە، هەرباڵەی دەیەوێت كۆنگرەو گۆڕانكارییەكان لە بەرژەوەندیی خۆی بێت، بۆ بەستنی كۆنگرەش هەریەكە لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو كۆسرەت ڕەسوڵ كە سەرۆكایەتی دوو باڵە جیاوازەكەی یەكێتی دەكەن بۆچوونی پێچەوانەیان هەیە.

 

بەرپرسەكەی یەكێتی پێیوابوو ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەو "سەركەوتن"ی ماڵی مام جەلال، "كاریگەریی دەبێت بۆسەر پێگەیان لە كۆنگرەی یەكێتی" ئەگەر كۆنگرەكە بەرلە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ببەسترێت (30-9 وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانە).

 

ئەو بەرپرسەی یەكێتی پێشبینی ئەوەشیكرد، بەستنی كۆنگرەو وردەكارییەكانی گەڕێكی دیكەی ململانێی تووند لەناو یەكێتی‌و باڵەكانیدا دروست بكات، وتیشی"بۆیە پێناچێت بەرلە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ببەسترێت."

 

یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق میكانیزمێكی گرتەبەر كە ڕێگریی بكات لەوەی كێشە ناوخۆییەكان كاریگەری لەسەر دەنگی حزبەكەیان هەبێت، بۆئەوەش هەر باڵێكی ئەو حزبە ژمارەیەك كاندیدی هەبووە لە لیستی یەكێتی لە سەرجەم پارێزگاكان‌و كاری بۆ كاندیدەكانی خۆی كردووە.

 

بەدەر لە حزبە ناڕازییەكان، لەناو كاندیدانی یەكێتیش دەنگی ناڕەزایی دژی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەرزبووەوە، لەوانەش ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی‌و كاندیدی یەكێتی لە هەولێر كە سەركەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام بەهۆی كۆتای ژنانەوە كورسییەكەی درا بە كوردەی هاشم جیهاز(كاندیدەكەی نزیك لە كۆسرەت ڕەسوڵ).

 

ئارێز عەبدوڵا دوای ئاشكرابوونی ئەنجامەكان لە پۆستێكیدا لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك، سەرباری پیرۆزبایی لە كاندیدانی لیستەكەی‌و ئەو كاندیدەی چووە شوێنەكەی ئەو، وتی" من بەش بەحاڵی خۆم بەپشت بەستن بە چەندین بەڵگە و ئاماژە متمانەم بەئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە نیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕێز لە پڕۆسێسەكە دەگرم و پێیەوە پابەند دەبم."

 

ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بۆ زۆرێك لە خەڵك‌و حزبەكان مایەی سەرسوڕمان بوو، بەتایبەت لە سلێمانی كە یەكێتی هێنایە پلەی یەكەم‌و 8 كورسی بەدەستهێنا ئەوەش دوو ئەوەندەی كورسیەكانی گۆڕانە لەو پارێزگایە كە بووەتە 4 كورسی، سەرباری ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكە لەلایەن گۆڕان‌و حزبەكانی دیكەوە.

 

ئەم هەڵبژاردنە بە جیاوازییەكی زۆر یەكێتی هێنایە ڕیزبەندی دووەم هێزی كوردستان، هەرچەندە لە سێ پارێزگاكەی هەرێم یەك كورسی كەمی كردووەو لە 11وە بووەتە 10 كورسی (سلێمانی 8‌و هەولێر 2)، بەڵام بە جیاوازییەك كە دوو ئەوەندەیە لە پێش هێزی سێیەمەوەیە كە بزوتنەوەی گۆڕانەو خاوەنی 5 كورسییە.

 

تەنها یەكێتی‌و پارتی لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان كورسییان بەدەستهێنا، یەكێتی لە كەركوك 6 كورسی بەدەستهێناوە لە كۆی 12 كورسی، هیچ لایەنێكی دیكەی كوردی لەوشارە كورسی بەدەست نەهێناوە، ئەو حزبە لە نەینەوا كورسییەك‌و لە دیالەش كورسییەكی بەدەستهێناوە، بەكۆی گشتی كورسییەكانی یەكێتی بە هەرێم‌و ناوچە دابڕاوەكانەوە گەیشتە 18 كورسی.

 

بەدەر لە كێشە ناوخۆییەكانیان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ یەكێتی تاقیكردنەوەیەكی گرنگ بوو، بەوپێیەی بەرهەم ساڵح كەسی دووەمی ئەو حزبە بە لیستێكی جیا بەشداریی پڕۆسەكەی كرد، تەنها 2 كورسی بەدەستهێنا (لە هەولێر1 ‌و سلێمانی 1)، بەڵام ئەویش هاوشێوەی گۆڕان‌و حزبەكانی دیكە پڕۆسەكە ڕەتدەكاتەوە بەهۆكاری "ساختەكاری‌و دزینی دەنگ."