لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تەكنەلۆجیای ئەلیكترۆنی بەكارناهێنرێت

24-05-2018 04:15
دەنگدان لە وێستگەیەكی سلێمانی بۆ پەرلەمانی عێراق/ 12-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم بڕیاریدا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تەكنەلۆجیای ئەلیكترۆنی بۆ هەژماركردن‌و جیاكردنەوەی دەنگەكان بەكار نەهێنرێت، هەوڵەكانیشیان چڕدەكەنەوە بۆ چارەسەركردنی كەموكورتییەكانی هەژماركردن‌و جیاكردنەوەی دەستیی دەنگەكان.

 

بڕیارەكەی كۆمسیۆن دوای ئەوەهات بەكارهێنانی سیستمی ئەلیكترۆنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ناڕەزایی فراوانی حزبەكانی لێكەوتەوەو تائێستا هەریەكە لە گۆڕان، كۆمەڵ، هاوپەیمانی‌و یەكگرتوو ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە ڕەتدەكەنەوەو پێیانوایە بەهۆی سیستمی ئەلیكترۆنییەوە "ساختەكاری" كراوەو دەنگەكانیان "دزراوە."

 

شیروان زرار، وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دوای گفتوگۆی یاداشتی چوار ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران‌و پێنج حزبی كوردستانی، سەبارەت بە بەكارهێنانی تەكنەلۆجیا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، "بەكۆی دەنگ بڕیاردرا كۆمسیۆن دەستبەرداری بەكارهێنانی تەكنەلۆجیای هەژماركردنی ئەلیكترۆنی دەنگدان ببێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30-9-2018."

 

وتەبێژەكەی كۆمسیۆن ئەوەشی خستەڕوو، هەموو شێوازێكی تازە دەگرێنەبەر بۆ ڕێگریی لە ساختەكاری لەكاتی ئەنجامدانی هەژماركردن‌و جیاكردنەوەی دەنگەكان بە شێوەی دەستی.

 

بەپێی بڕیارەكەی كۆمسیۆن هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان وەك ساڵانی ڕابردوو بە دەست ئەنجامدەدرێت كە پێشتر تێبینی‌و گازندەی زۆری لایەنەكان لەسەر بووە، شیروان زرار ئەوەی خستەڕوو، ئەوانیش وەك كۆمسیۆن ئاگادارن كە هەژماركردن‌و جیاكردنەوەی دەستیی "كۆمەڵێك كەموكورتی زۆری تێدایە."

 

وتەبێژەكەی كۆمسیۆن باسیلەوەشكرد بە ڕاوێژ لەگەڵ حزبەكان‌و ڕێكخراوەكان، كارلەسەر چارەسەركردنی ئەو كەموكورتیانە دەكەن، وتی"هەوڵدەدەین بەهەموو لایەك بگەینە قەناعەتێك باشترین بژاردە‌و باشترین ڕێگریی بكەین لەوەی بەهیچ شێوەیەك ساختەكاری ئەنجامبدرێت، دڵنیایی بدەین بە لایەنەكان‌و هاوڵاتیان."

 

هەر ئەمڕۆ كۆمسیۆن وادەی تۆماركردنی قەوارە سیاسیەكانی ڕاگەیاند بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 27-5-2018 دەستپێدەكات تا 7-6-2018، هەروەها تۆماركردنی هاوپەیمانێتیی بۆئەو هەڵبژاردنە لە 18-6-2018 دەستپێدەكات تا 20-6-2018.