گۆڕان لە بارەی بایكۆتكردنی بەغدا بڕیاری نەدا

26-05-2018 08:17
ڕێكخەری گشتی گۆڕان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانیدا قسە دەكات. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بڕیاری نەدا لەبارەی بەشداریی یان بایكۆتكردنی پڕۆسەی سیاسی لە بەغداد، ئەو بزووتنەوەیە لەبەر دوو هۆكار بڕیاردانی لەسەر ئەوپرسە یەكلایی نەكردەوە.

 

كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كە باڵاترین دامەزراوەی بڕیاردانی بزووتنەوەكەیە، بەدرێژایی ئەمڕۆ بەردەوام بوو، پرسی ئەنجامی هەڵبژاردن‌و هەڵوێستی گۆڕان‌و پەیوەندیی لەگەڵ حزبە ناڕازییەكانی دیكە، گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە.

 

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، لەبەر دوو هۆكار گۆڕان هیچ بڕیارێكی نەدا بۆ بەشداریكردن یاخود بایكۆتی پڕۆسەی سیاسی لە بەغداد.

 

ئەو ئەندامەی جڤات كە خۆی بەشداری كۆبوونەوەكەی كردووە، وتی"هۆكاری سەرەكی ئەو هەوڵانەن كە لە بەغداوە بەردەوامن، لەسەر ئاستی پەرلەمان‌و حكومەت، دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردن‌و گەڕانەوەی دەنگی حزبە دەنگ دزراوەكان، گۆڕان پێی باش بوو چاوەڕوانی ئەنجامی ئەو هەوڵانە بكات."

 

ئەندامەكەی جڤات هۆكارێكی دیكە بڕیارنەدانی بزووتنەوەكەی بۆئەوە گەڕاندەوە كە نایانەوێت بڕیارێكی تاك لایەنانە بدەن‌و خۆیان لەو حزبانە جیابكەنەوە كە هاوهەڵوێستن لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن.

 

"دەمانەوێت لەگەڵ هاوپەیمانی‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو یەك بڕیاری هاوبەش بدەین، بۆئەوەش گفتوگۆی بەردەوام هەیە لە نێوانمانداو لە داهاتوودا دەگەینە بڕیاری كۆتایی" ئەندامەكەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان وای وت.

 

گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو، سەرجەمیان 11 كورسی پەرلەمانی عێراقیان بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنەكەی 12ی ئەم مانگە، ئەو چوار حزبە پڕۆسەكە ڕەتدەكەنەوەو پێیانوایە "ساختەكاریی" تێدا كراوەو دەنگەكانیان "دزراوە" هەربۆیە داوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەكەن.

 

ئەو حزبانە لەگەڵ چەند حزب‌و لایەنێكی دیكەی عێراقی‌و كوردستانی هەوڵە سیاسی‌و دیبلۆماسی‌و یاساییەكانیان بەردەوامە بۆ جێبەجێكردنی داواكانیان، بەپێچەوانەوە وەك هەڵوێستێك دژی پڕۆسەكە، ڕای بەهێز لەناویاندا بایكۆتكردنی پڕۆسەی سیاسی‌و نەناردنی كاندیدە دەرچووەكانیانە بۆ پەرلەمانی عێراق، هەرچەندە هێشتا ئەوەیان یەكلایی نەكردووەتەوە.

 

هاوكات لە ڕاگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەكەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕاندا ئەوە خراوەتەڕوو، "چاوەڕێی رێكارە یاساییەكان‌و هەوڵە سیاسی‌و دیپلۆماسییەكانین بۆ دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردن لە پارێزگاكانی هەرێم‌و پارێزگاكانی كەركوك‌و موسڵ، یان راستكردنەوەی ئەنجامەكان‌و گێڕانەوەی دەنگە راستەقینەكانی هاوڵاتیانی كوردستان. بەپێچەوانەوە هەمو بژاردەیەك لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕان كراوەیە، بە بڕیاری بایكۆتی سیاسیشەوە."

 

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا جڤاتی نیشتمانی گۆڕان داوا لە هەموو هێزو لایەنە كوردستانییە نیشتمانییەكان دەكات بەرەیەكی فراوان دروست بكەن بۆ گۆڕانكاری ڕیشەیی لە هەرێمی كوردستان، داواش لە هاوڵاتیان دەكات خۆیان ئامادەبكەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30-9.

 

ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ زۆرێك لە خەڵك‌و حزبەكان مایەی سەرسوڕمان بوو، بەتایبەت لە سلێمانی كە یەكێتی هێنایە پلەی یەكەم‌و 8 كورسی بەدەستهێنا ئەوەش دوو ئەوەندەی كورسیەكانی گۆڕانە لەو پارێزگایە كە بووەتە 4 كورسی، یەكەمجارە یەكێتی لە سلێمانی دووئەوەندەی گۆڕان كورسی بهێنێت.

 

بزووتنەوەی گۆڕان زۆرترین كورسی لە دەستدا لەناو هەموو حزبە كوردییەكاندا، لە سلێمانی 7 كورسی هەبوو دابەزیوە بۆ 4، لە هەولێریش 2 كورسی هەبوو دابەزیوە بۆ 1، لە دهۆك پێشتر‌و ئەمجارەش كورسی بەدەست نەهێناوە، بەكۆی گشتی ئەو بزوتنەوەیە 4 كورسی لەدەستداوەو 5 كورسی بەدەستهێنا.

 

دەقی ڕاگەیانراوی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان

 

ئەمڕۆ ٢٦/٥/٢٠١٨ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەكۆی سەرەكی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا. لە كۆبونەوەكەدا بارودۆخی كوردستان‌و پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق‌و ساختەكارییە رێكخراوو لە رادەبەدەرەكەی پارتی‌و یەكێتی تاووتوێكران.

 

جڤاتی نیشتمانی سوپاسی هاوڵاتیانی كوردستان دەكات كە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنیان كرد. هەروەها سوپاسی هەڵسوڕاوو دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات كە ماندونەناسانە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە گوڕوتینەوە كاریان بۆ سەرخستنی لیستی گۆڕان كرد.

 

كۆبونەوەكە بڕیاریدا بە:

 

یەكەم: ئیدانەكردنی ئەو ساختەكارییە رێكخراوەی یەكێتی‌و پارتی كە بەهۆیەوە دەنگی سەدان هەزار هاوڵاتی كوردستانیان دزی‌و سەرەتاییترین مافی هاوڵاتیانی كوردستانیان پێشێل كرد. جارێكی تریش سەلماندیان كە لە پێناوی بەرژەوەندی حیزبی خۆیان‌ سڵ لە هیچ رەفتارێك ناكەنەوە. بەڵام بەو رەفتارەیان هاوڵاتیانی كوردستانیان رق ئەستورتر كرد بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە شكسخواردوو خۆسەپێنە.

 

دوەم: بە توندی ئیدانەكردنی پەلامارە ترسنۆكانەكەی چەكدارانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە لە ئێوارەی ١٢/٥ دا كردیانە سەر مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی.

 

سێیەم: رەتكردنەوەی سەرتاپای ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. لە هەمان كاتدا چاوەڕێی رێكارە یاساییەكان‌و هەوڵە سیاسی‌و دیپلۆماسییەكانین بۆ دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردن لە پارێزگاكانی هەرێم‌و پارێزگاكانی كەركوك‌و موسڵ، یان راستكردنەوەی ئەنجامەكان‌و گێڕانەوەی دەنگە راستەقینەكانی هاوڵاتیانی كوردستان. بەپێچەوانەوە هەمو بژاردەیەك لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕان كراوەیە، بە بڕیاری بایكۆتی سیاسیشەوە، بە راوێژ لەگەڵ یەكگرتوی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری، بزوتنەوەی ئیسلامی‌و حیزبی شیوعی كوردستان. هەروەها داوا لە هەمو هێزو لایەنە كوردستانییە نیشتمانییەكان دەكەین بەرەیەكی فراوان دروست بكەن بۆ گۆڕانكاری ریشەیی لە هەرێمی كوردستان.

 

هاوڵاتیانی كوردستان

 

بزوتنەوەی گۆڕان بڕوای بەو راستییەیە كە ئیرادەی گەلەكەمان لەم هەڵبژاردنەدا سەركەوتو بوەو ئەو ساختەكارییەی پارتی‌و یەكێتی، باشترین بەڵگەیە كە ئەو رەفتارەیان لە ئەنجامی ئیفلاسی سیاسی‌و جەماوەرییانەوەیە.

 

دوابەدوای هەوڵەكانی گۆڕان‌و هێزە كوردستانییەكانی تر بۆ ساخكردنەوەی دەنگەكانی هاوڵاتیان چەندین هێزو لایەنی سیاسی عیراقی‌و نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لێكۆڵینەوەی بەپەلە دەكەن لە ساختەكارییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن. هەروەها دروستكردنی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە هەنگاوێكی ئەرێنی‌و دانپێدانانە بە ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا.

 

لە كۆتاییدا داوا لە هاوڵاتیانی كوردستان دەكەین بە گوڕوتینەوە خۆیان ئامادە بكەن بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە ٣٠/٩ی ئەمساڵ بەڕێوە بچێ. ئەمەش بۆ بەدیهێنانی گۆڕانكاری ریشەیی لە نەخشەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان‌و سیستمی حوكمڕانی‌‌و پوچەڵكردنەوەی پیلانەكانی پارتی‌و یەكێتی. هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان سەنگی مەحەك دەبێ بۆ بڕیاردان لەسەر شێوازی خەبات‌ لە پێناوی بەدیهێنانی گۆڕانكاری‌و چاكسازی لە هەرێمی كوردستان.

 

جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان