توڕەیی جەماوەری گۆڕان باڵدەكێشێت بەسەر بڕیاری كۆتایی چوار حزبەكەدا

27-05-2018 05:15
كۆبوونەوەی لایەنگرانی گۆڕان لە گردی زەرگەتە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستەكەیان/ 9-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

چوار حزبە ناڕازییەكە هێشتا بڕیاری كۆتاییان نەداوە چ هەڵوێستێكیان هەبێت لە بەرامبەر ڕەتكردنەوەی هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی عێراق، ڕای هەندێك لە بەرپرسانی باڵای هەرچواریان لە بایكۆتەوە گۆڕاوە بە ئاڕاستەی بایكۆت نەكردنی بەغداد، لەبەرامبەردا پێكهێنانی لیستێكی هاوبەش‌و كاركردن لە دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی.

 

هەرچەندە ئەوە بووەتە ڕای زاڵ لە ئاستی سەرەوەی چوار حزبەكەدا، بەڵام بنكەی جەماوەریی‌و هەڵسوڕاوانی گۆڕان كە كاریگەریی تەواویان لەسەر بڕیاری حزبەكەیان هەیە‌و بڕیاری گۆڕانیش كاریگەریی لەسەر بڕیاری سێ حزبەكەی دیكە هەیە، ئەوە ڕەتدەكەنەوەو سوورن لەسەر بایكۆتكردنی بەغداو نەناردنی كاندیدە دەرچووەكانیان.

 

ئەوە لە كاتێكدایە ئەو چوارحزبە سوورن لەسەرئەوەی هەر بڕیارێك بدەن پێكەوەبن‌و یەكڕیزییان تێكنەچێت، بۆئەوەش گفتوگۆ ناوخۆییەكانیان بەردەوامە.

 

پەرەگراف لە سەرچاوەی باڵای ئەو حزبانەوە ئەوەی زانیوە، هەندێك لە بەرپرسەكانیان كە پێشتر داوای بایكۆتكردنی بەغدایان كردووە، ئێستا ڕایان گۆڕاوەو پێیانوایە بایكۆت "زیانی زیاترە لە سوود"  بەجۆرێك ئێستا زۆرینەیان ئەو ڕایەیان هەیە، وەك سەرچاوەیەكی ئاگادار دەڵێت"لە ئاستی باڵادا زیاتر لە ناو گۆڕان ڕای دژی ئەوە هەیە ئەوانیش كەمینەن."

 

"ئەگەر نەچینە بەغدا، لە بەرامبەردا چی بكەین؟ هەنگاوی دوای ئەوەمان چییە؟ پاشان لەسەر ئاستی عێراق ئەو قەبارەیەمان نییە كە بایكۆتكردنمان كاریگەریی دروست بكات، ڕەنگە هەر بە پڕۆسەی سیاسییەوە دیاریش نەبێت" ئەمە پرسیارو ڕاوبۆچوونی بەرپرسێكی باڵای یەكێك لەو حزبانەیە.

 

لە وەڵامی ئەوەشدا كە ئەگەر بچنە بەغدا چیدەكەن؟ وتی"لانیكەم بوونمان دەبێت لە ناوەندی سیاسی‌و گۆڕەپانەكە چۆڵ ناكەین‌و بۆ پارتی‌و یەكێتی تا وەك تاكە نوێنەری كورد خۆیان بناسێنن، هەروەها پەیوەندیمان پەرەپێدەدەین لەگەڵ حزبە عێراقییەكان‌و دونیا دەرەوەش، لەگەڵئەوەشدا عێراق‌و وڵاتانی دیكەش دەزانن ئەو ئەنجامە قەبارەی ڕاستەقینەی ئێمە نییەو تەزویرەكە ئاشكرایە ئەمەش خاڵێكی گرنگە."

 

ئەو بەرپرسە باڵایە كە داوایكرد ناوی خۆی‌و حزبكەشی ئاشكرا نەكرێت لەبەر هەستیاریی پرسەكە، وتیشی"دەتوانین یەك لیستی بەهێز دروست بكەین لە دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی‌و سیاسەت‌و بەرنامەیەكی جیاواز لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكەین نەك كاركردن بۆ حزب‌و كەسایەتی ناو حزبەكان."

 

گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو، سەرجەمیان 11 كورسی پەرلەمانی عێراقیان بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنەكەی 12ی ئەم مانگە، ئەو چوار حزبە پڕۆسەكە ڕەتدەكەنەوەو پێیانوایە "ساختەكاریی" تێدا كراوەو دەنگەكانیان "دزراوە" هەربۆیە داوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەكەن.

 

لەناو چوارحزبەكەدا بزووتنەوەی گۆڕان بەهێزترینیانەو سێ حزبەكەی دیكە چاوەڕوانی بڕیاری ئەو دەكەن، ئەویش لەژێر كاریگەریی جەماوەرەكەیدایە كە زۆر توڕەن لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن‌و پڕۆسەكە ڕەتدەكەنەوە‌و سوورن لەسەر بایكۆت.

 

جەماوەری گۆڕان لە ڕێی ئۆرگانەكانی بزووتنەوەكەوە لە شارو شارۆچكەكان ئەو پەیامەیان گەیاندووەتە بەرپرسانی بزوتنەوەكەیان كە "چوونە بەغداد بەو ئەنجامەوە قبوڵ ناكەن."

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گفتوگۆكانی چوار حزبەكە، دەڵێت، هاوكێشەكە بەوجۆرەیە هەرچوار حزبەكە دەیانەوێت یەكڕیزییان تێك نەچێت، بەڵام ئێستا ساردییەك لە نێوانیان دروست بووەو هەندێكیان لەگەڵ چوونە بەغدان.

 

"بەگشتی سێ حزبەكەی دیكە ناوێرن بەبێ گۆڕان بڕیار بدەن ئەوەش لەترسی قسەی خەڵك‌و كاردانەوەی جەماوەر، گۆڕانیش لە ژێر كاریگەری جەماوەرەكەیدایەو ناوێرێت بڕیارێك بدات جەماوەر ڕازیی نەكات، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ڕای جەماوەر پێچەوانەی ڕای زۆربەی بەرپرسەكانیانە، هەموان دەیانەوێت دڵی جەماوەرەكەیان ڕابگرن بەتایبەت كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەبەردەمیاندایە" ئەو سەرچاوەیە وادەڵێت.

 

هەرچەندە جەماوەری حزبە ناڕازییەكانی دیكەش توڕەن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، بەڵام هیچكام لەوحزبانە وەك بزووتنەوەی گۆڕان لە ژێر كاریگەریی جەماوەرەكەیدا نییە، وەك سەرچاوەكە دەڵێت"ئەو حزبانەی دیكە ئاسانتر دەتوانن جەماوەرەكەیان ڕازی بكەن." 

 

وەك بەرپرسانی چوار حزبەكە باسیدەكەن لەوە یەكلایی بوونەتەوە كە ئەگەر بچنە بەغداد "لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی پێكەوە نابن"، دەیانەوێت ئەوەش بكەنە خاڵێكی گرنگ بۆ ڕازیكردنی جەماوەرە توڕەو نیگەرانەكەیان لەكاتی چوونیان بۆ بەغداد كە ئێستا ئەگەرێكی بەهێزە.

 

هاوكات پەرەگراف زانیویەتی ئەمەریكاو ئێران كە دوو وڵاتی خاوەن هەژمونن لە عێراق، بە حزبە ناڕازییەكانی هەرێمیان وتووە بایكۆتی بەغداد مەكەن‌و بەشداربن لە پڕۆسەی سیاسی.

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار دەڵێت"ئەمەریكییەكان وتویانە ئێمە دەزانین ئەو دەنگانەی هێناوتانە دەنگی حەقیقی ئێوە نییەو وەرنە بەغداد ئێمە بە قەبارەی زیاتر لەوەی هێناوتانە مامەڵەتان لەگەڵدا دەكەین."

 

ئەو چوار حزبە لەگەڵ چەند حزب‌و لایەنێكی دیكەی عێراقی‌و كوردستانی هەوڵە سیاسی‌و دیبلۆماسی‌و یاساییەكانیان بەردەوامە بۆ جێبەجێكردنی داواكانیان كە وەك ئەوان دەڵێن "ڕاستكردنەوە"ی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنە، بۆئەوەش چاویان لەسەر دوا بڕیارو كارەكانی پەرلەمان‌و حكومەتی عێراقە كە پێدەچێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا خاڵی كۆتایی لەسەر ئەو پرسە دابنێن.