پەرلەمانی عێراق باسلە ئەگەری هەڵوەشانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن دەكات لە هەرێم‌و كەركوك

28-05-2018 08:16
پەرلەمانی عێراق.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا دەنگی لەسەدا 10ی سندوقەكانی هەڵبژاردن لە سەرتاسەری عێراق بە دەست بژمێردرێنەوەو دەنگدانی دەرەوەی وڵات و  دەنگدانی ئاوارەكانی ڕەتكردەوە، هاوكات باسلە ئەگەری هەڵوەشانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن دەكات لە هەرێم‌و كەركوك.

 

لە بڕیارەكەی پەرلەماندا هاتووە، لایەنە پەیوەندیدارەكان هەریەكە بەپێی تایبەتمەندی خۆی هەستن بە گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنانەی متمانە بۆ هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانەی بێساختەكاریی دەگێڕنەوە، لەوانە؛ هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی دەرەوەی وڵات‌و دەنگدانی مەرجدار لەسەرجەم پارێزگاكان جگە لە نەینەوا، هەڵوەشاندنەوەكە دەنگی كەمینەكان ناگرێتەوە كە بەكۆتا ناودەبرێن.

 

هەروەها بڕیارەكە ئەوەشی لە خۆگرتووە، هەژماركردنەوەی دەستیی لەسەدا 10ی سندوقەكانی دەنگدان لە ناوەندەكانی هەڵبژاردن، ئەگەر لەو هەژماركردنەوەیەدا لەسەدا 25 گۆڕانكاریی دەرخست لە ئەنجامەكان، ئەوكاتە لەسەرجەم پارێزگاكان دەنگەكان بەدەست هەژماردەكرێنەوەو دەستبەجێ لایەنە سیاسییەكان وێنەیەكی ئەلیكترۆنیی‌و وێنەی فۆڕمەكانی دەنگدان‌و ئەنجامەكانیان بەدەست دەگاتەوە.

 

هاوكات فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە لە ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمان بڵاوكراوەتەوە، ناوەرۆِكی كۆبوونەوەكەی خستووەتەڕوو، لە بەشێكیدا دەڵێت"لیژنەی گەڕان بەدوای ڕاستییەكان لە كارەكانی بەردەوام بێت‌و بەخێرایی ئەنجامی پشكنینەكانی پێشكەش بە ئەنجومەنی نوێنەران بكات، پشتگیری تەواوی ئەو لیژنەیە دەكەین ئەنجومەنی وەزیران دروستیكردووە بۆ گەڕان بەدوای ڕاستییەكان‌و وردبینی بەڵگەكان، هەڵوەشانەوەی ئەنجامی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان‌و كەركوك ئەگەر ئیرادەی دەنگدەران ساختەكرابێت‌و پێشێلكاریی گەورە ئەنجامدرابێت."

 

پەرلەمانی عێراق تەئكید لەوەشدەكاتەوە، هەركەسێك تێوەبگلێت لە تێكدانی یاساو پاكیی هەڵبژاردنەكە دەخرێتە بەردەم دادگا بۆ لێپرسنەوە.

 

بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆیدا دوای ئەوەهات لە سێ هەوڵی پێشتریدا پەرلەمان سەركەوتوو نەبوو لە گرێدانی دانیشتنێك لەبارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ئەوەش بەهۆی ئامادەنەبوونی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران، بەڵام كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ زیاتر لە ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادەی بوون كە 168 پەرلەمانتار بووە (ڕێژەی یاسایی 165 پەرلەمانتارە).

 

ئەحمەد حاجی ڕەشید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، سبەینێ بڕیارەكەی پەرلەمان دەنێردرێت بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ جێبەجێ كردن.

 

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ كە خۆی ئامادەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بووە، وتیشی"پەرلەمان لێپرسینەوەیان لێدەكات، چونكە كۆمسیۆن لەژێر چاودێری پەرلەمانی عێراقدایە، دوای ناردنی بڕیارەكە بەدواداچوون دەكەین، پێموایە ئەمە كرانەوەیە لە پرسەكەدا، چونكە تا دوێنێ كۆمسیۆن سوربوو لەسەرئەوەی ئەنجامەكان كێشەیان نییە."

 

لە وەڵامی ئەوەی هیچ كەس‌و لایەنێك دەتوانێت تانە لە بڕیارەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان بدات؟ ئەحمەد حاجی ڕەشید وتی"هیچ كەس‌و دەسەڵاتێك ناتوانێت تانە لە بڕیارەكەی پەرلەمان بدات."

 

دەربارەی لێدوانی چەند پەرلەمانتارێكی عەرەب كە گوایە دانیشتنەكەی ئەمڕۆ ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادەی نەبوون، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ وتی"باخۆیان لەوێ بوونایەو بیانژماردایە."

 

لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا پەرلەمانتارانی حزبە ناڕازییەكانی هەرێم، گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو ئامادەبوون‌و پارتی‌و یەكێتی ئامادە نەبوون، هاوكات زۆرینەی سوننەكان‌و هەندێك لە شیعەكانیش ئامادەبوون لەوانە لیستی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی.

 

پەرلەمانی عێراق دانیشتنەكەی ئەمڕۆی بە كراوەیی هێشتەوە، ئەوەش بەو واتایەی هەركات بیەوێت دانیشتنەكەی درێژە پێبدات پێویستی بە ئامادەبوونی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران نییە. 

 

بڕیارو هەڵوێستەكانی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دوای ئەوەدێت 24ی ئەم مانگە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای ڕاگەیاند، بەمەبەستی بەدواداچوون سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردن‌و ئەو ڕاپۆرت‌و زانیارییانەی كەسانی تایبەتمەند پێشكەیان كردووە دەربارەی "پارێزراو نەبوونی ئامێرەكانی دەنگدان" لە دەستێوەردان.

 

سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق پێكهێنانی لیژنەكەی بە "زۆر گرنگ‌و چاوەڕوانكراو" ناوبرد‌و بۆ پەرەگراف وتی، ئەگەری ئەوە هەیە لە 6 پارێزگای عێراق ئەوانەی مافیان خوراوە مافەكانیان بۆ بگەڕێتەوە كە لە ناویاندا سێ پارێزگاكەی هەرێم‌و كەركوك هەن.

 

ئەنجامەكانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ناڕەزایی زۆری لێكەوتەوەو لە كوردستان هەریەكە لە گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو، سەرجەمیان 11 كورسییان بەدەستهێنا، ئەو چوار حزبە پڕۆسەكە ڕەتدەكەنەوەو پێیانوایە "ساختەكاریی" تێدا كراوەو دەنگەكانیان "دزراوە" هەربۆیە داوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەكەن.

 

لەسەر ئاستی عێراقیش زۆرینەی سوننەكان پڕۆسەكە ڕەتدەكەنەوەو بەهەمانشێوە داوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەكەن، لەناو شیعەكانیشدا دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی هەمان داواكاریی هەیە.