یەكێتی چوار بەیاننامە لەسەر هەڵبژاردنی كەركوك بڵاودەكاتەوە

29-05-2018 07:05
كه‌ركوك، ئایاری 2018، هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی یه‌كێتی بۆ هه‌لبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق. وێنە؛ په‌یجی ئاسۆ مامه‌ند له‌فه‌یسبوك.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

پەرلەمانتاران‌و مەڵبەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێردا چوار بەیاننامەیان لەسەر كێشەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە كەركوك و لێكەوتەكانی ئەو دۆسیەیە بڵاوكردۆتەوە، لە هەمویاندا دەربارەی "پلانگێڕی و پێشێلكاری" هۆشداریدەدەن.

 

هەڵوێستەكانی یەكێتی هاوكاتە لەگەڵ پەرەسەندنی مشتومڕەكان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12ی ئایاری ئەمساڵ، دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق لە دوایین بڕیاریدا زنجیرەیەك ڕێكاری لێكۆڵینەوەو هەژماری دەستیی دەنگەكانی دەركرد لە نێویاندا بۆ كەركوك.

 

نوێنەرانی كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 29-5 لە بەیاننامەیەكدا هۆشداری دەدەن لە "پیلانگێڕییەكانی وڵاتێكی بێگانە دژ بە شارەكە"و پێیانوایە "گروپێكی چەكداری.. هاوشان لەگەڵ تیمێكی سەر بە وڵاتێكی دراوسێ دەستكاری دەنگەكانی ناو سندوقەكان دەكەن بە ئامانجی گۆڕینی ئەنجامەكان لە بەرژەوەندی پێكهاتەیەكی دیاریكراو."

 

وەكو لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ئەو سندوقانە لە كۆگانی كۆمسیۆنە لە كەركوك و لە دوای تەواوبونی هەڵبژاردنەكەوە لەلایەن "میلیشیا چەكدارەكانەوە" گەمارۆدراوە، بۆیە سەرۆك و فەرمانبەرانی كۆمسیۆنیش لەپێناو پاراستنی گیانی خۆیان نەگەڕاونەتەوە سەر كارەكانیان.

 

نوێنەرانی كەركوكی یەكێتی لێپرسراوێكی كۆمسیۆن لە شارەكە تۆمەتباردەكەن بە ڕادەستكردنی كۆپیی كلیلی ژورو هۆڵەكانی كۆگاكەی كۆمسیۆن بە گروپێكی چەكداری.

 

پێشتریش ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاماژەی بە گەمارۆدانی فەرمانبەرەكانیان و دەستبەسەركردنیان كرد، لە ئەنجامی خۆپیشاندانی لایەنگرانی حزبە ناڕازیەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن، بەڵام لایەنی ئەمنی و ئیداری كەركوك ئەوەیان ڕەتكردەوە.

 

هەر ئەمڕۆ سێشەممە، مەڵبەندی ڕێكخستنی كەركوكی یەكێتی لە بەیاننامەیەكدا هەندێك لایەنی سیاسی تۆمەتباركرد بە دەستكاری سندوقەكانی دەنگدان و گۆڕینی فۆڕمی دەنگەكان لەو سندوقانەدا.

 

مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی گروپێكی چەكداری نزیك لە لایەنێكی سیاسی تۆمەتباردەكات بە گەمارۆدانی كۆگای كۆمسیۆن و یاریكردن بە ئەنجامی ناو سندوقەكان بە هاوكاری لێپرسراوێكی كۆمسیۆن لە شارەكە.

 

هەروەها هۆشداریداوە لەوەی هەر ئەو گروپە ڕێگربون لە كاری لیژنەیەكی بەغدا و بردنی ئەنجامەكان بۆ بەغدا تا بەراورد بكرێن، بۆیە هەر ئەنجامێكی تر جگە لەو ئەنجامە فەرمییەی پێشتر ڕاگەیەندراوە یەكێتی جەخت لە ڕەتكردنەوەی دەكاتەوە.

 

بەپێی ئەنجامی كۆتایی ڕاگەیەندراوی كۆمسیۆن، یەكێتی لە كەركوك بۆتە خاوەنی شەش كورسی لە كۆی 13 كورسی پارێزگاكە كە یەكێكیان كۆتای كریستیانە.

 

ڕێبوار تەها، سەرۆكی لیستی یەكێتی لە پارێزگای كەركوك لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ سێشەممە 25-5 كۆبونەوەكەی دوێنێی پەرلەمانی عێراقی بە نادەستوری ناوبردووەو پێیوایە "مەترسیدارترین پێشێلكاری دەستوریی" بووە.

 

ناوبراو ڕونیكردۆتەوە بەپێی دەستور پەرلەمان دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هیچ هەڵبژاردنێكی نیەو بڕیارەكانیشی پوچەڵن، بۆیە لە دادگای فیدراڵی تانە لە دانیشتنەكەدا دەدەن، داواشیكردوە "بەدواداچون بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن لەكەركوك بكرێت، چونكە تائێستاش ژمارەیەك لەسندوقەكانی دەنگدان لەلایەن حزبەكانەوە دەستیان بەسەرداگیراوە."

 

بەپێی بڕیارەكەی دوێنێی پەرلەمانی عێراق، دەنگدانی دەرەوەو بەشێك لە مەرجداری ئاوارەكان هەڵدەوەشێنرێتەوە و سەدا 10ی دەنگەكان لە نێویاندا كەركوك بەدەستی هەژماردەكرێنەوەو هەركات دەركەوت ساختەكاری هەبووە، هەڵبژاردنی كەركوك و هەرێمی كوردستان هەڵدەوەشێتەوە.

 

لە بەیاننامەیەكی دیكەدا شوان داودی، پەرلەمانتاری كەركوكی یەكێتی لە بەغدا پێیوایە لە شارەكە هەوڵی تێكدانی پێكەوەژیان دەدرێت و دەڵێت "ماوەیەكە بەناوی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە ئەنجامەكانی هەڵبژرادنەوە، لە كەركوك لە ڕێگەی سوكایەتیكرد و ئیستفزازكردنی پێكهاتەیەكەوە هەوڵی نانەوەی شەڕی نەتەوەیی لە شارەكە دەدرێت."

 

بەشێك لە ناڕەزاییەكان بەرانبەر ئەنجامی هەڵبژاردنە لە كەركوك و زیاتر لە دوو هەفتەیە گردبونەوەی ناڕەزایی بەردەوامی هەیە، دوای ئەوەی چەند لایەنێك یەكێتی-یان بە دەستكاری دەنگەكانیان تۆمەتباركرد، هەرچەندە ئەو حزبە بەتوندی ئەوە ڕەتدەكاتەوە.