لیژنەی یاسایی پەرلەمان: هەژماری ئەلیكترۆنیی دەنگەكان لە هەرێم‌و كەركوك هەڵوەشاوەتەوە

30-05-2018 04:32
كۆبوونەوەی لیژنەی یاسایی پەرلەمان عێراق لەسەر پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردن. وێنە؛ ئەكاونتی ئەمین بەكر لە فەیسبوك.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق تەئكید دەكاتەوە، ئەنجامی هەژماركردنی ئەلیكترۆنیی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە سێ پارێزگاكەی هەرێم‌و كەركوك هەڵوەشاوەیەو كۆمسیۆن دەبێت جێبەجێی بكات‌و لەسەدا 100ی دەنگەكانی ئەو چوار پارێزگایە بە دەست جیابكرێنەوە.

 

ئەمڕۆ پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژە یاسایەك كرد كە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەو تێیدا هەژماركردنەوەی دەستیی لەسەدا 100ی دەنگەكان لە سەرتاسەری عێراق بەسەر كۆمسیۆندا دەسەپێنێت، لەكاتێكدا 2 ڕۆژ لەمەوبەر بڕیاریدا بە جیاكردنەوەی لەسەدا 10ی دەنگەكان لە عێراق.

 

لایەنە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن كە پێیانوایە پڕۆسەكە "ساختەكاری" تێدا كراوە، بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە شەممەی داهاتوو خوێندنەوەی دووەم بۆ ئەو پڕۆژە یاسایە بكرێت‌و بخرێتە دەنگدانەوە، ئەگەر ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادەبن بۆ كۆبوونەوەكە.

 

ئەمین بەكر، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق كە بەشداری كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بووە بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، لەناو پڕۆژە یاساكەدا جیاكردنەوەی دەستیی لەسەدا 100ی دەنگەكان لە سەرتاسەری عێراق بەسەر كۆمسیۆندا دەسەپێندرێت، ئەو لایەنانەش دیاری دەكرێن كە سەرپەرشتی پڕۆسەكە دەكەن كە چەند دادوەرێك دەبن.

 

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان كە هاوكات ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقە ئاماژەی بەوەشكرد، بەردەوام دەبن لە كاركردن لەسەر پڕۆژە یاساكە تا ڕۆژی شەممەی داهاتوو كە بڕیارە خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت‌و بخرێتە دەنگدانەوە، وتیشی"تائەوكاتە بۆ خوێندنەوەی دووەم دەتوانرێت شتی دیكە بۆ پڕۆژەكە زیاد بكرێت."

 

ئەوە لەكاتێكدایە بەپێی بڕیارێكی پەرلەمانی عێراق كە 2 ڕۆژ لەمەوبەر دەریكرد، ئەنجامی هەژماركردنی ئەلیكترۆنیی دەنگەكان لە سێ پارێزگاكەی هەرێم‌و كەركوك "هەڵوەشاوەتەوە."

 

زانا ڕۆستایی، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق‌و ئەندامی لیژنەی یاسایی بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، بڕیارەكەی پەرلەمان لە دوێنێوە چووەتە بواری جێبەجێ كردنەوە‌و كۆمسیۆن دەبێت جێبەجێی بكات، وتی"بڕیارەكە لە شوێنی خۆیەتی، كۆمسیۆن پابەند نەبێت لە دادگا سكاڵای لەسەر تۆماردەكەین‌و بۆ ئەوان ئیلزامییە‌و دەبێت جێبەجێی بكەن، چونكە سەربە پەرلەمانن."

 

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی پەرلەمان وتی"لە بڕگەی دەیەمی بڕیارەكەدا بە ڕاشكاویی هاتووە؛ هەڵوەشانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن لە پارێزگاكانی هەرێم‌و كەركوك بەهۆی ئەو پێشێلكارییە زۆرانەی تێیدا كراوەو ڕادەی ئەو ساختەكارییەی تێیدا ئەنجامدراوە." وتیشی"بڕیارمانداوەو وەكو پەرلەمان هەڵمانوەشاندووەتەوە، كۆمسیۆن ئەگەر جێبەجێی نەكات ڕوبەڕوی دادگا دەكرێتەوە."

 

لە وەڵامی پرسیارێكی پەرەگراف كە ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ بكرێت بە مانای چی دێت؟ دەبێت دوای ئەوە چی بكرێت؟ زانا ڕۆستایی وتی"ئەنجامە ئەلیكترۆنییەكە هەڵوەشایەوە، ئەوكات ژماردنەوەی لەسەدا سەدی وێستگەكانی دەنگدانە بە دەست."

 

هەروەها سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان كە لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقە، بەهەمانشێوە جەخت لەوەدەكاتەوە، ئەنجامی هەژماركردنی ئەلیكترۆنیی دەنگەكان لە هەرێمی كوردستان‌و كەركوك هەڵوەشاوەتەوە.

 

ئەمین بەكر، تەئكیدی لەوەكردەوە، بەپێی بڕیارەكەی پەرلەمان دەبێت كۆمسیۆن لەسەدا 100ی دەنگەكانی هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆك‌و كەركوك بە دەستیی جیابكاتەوە، وتی"بەپێی بڕیارەكە ئەو چوار پارێزگایە دەبێت هەڵبوەشێتەوەو جیاكردنەوەی دەستیی بكرێت، لە پڕۆژە یاساكەدا ئەوە بۆ سەرجەم عێراق داواكراوە."

 

ئەوە لەكاتێكدایە حزبە ناڕازییەكانی هەرێم، چەند جارێك گومانی خۆیان پیشانداوە لە پارێزراو نەبوونی سندوقەكانی دەنگدان لە دەستتێوەردان، زانا ڕۆستایی خۆیشی هەمان گومانی هەبوو، وتی"دەبێت سندوقەكان پارێزگارییان لێكرابێت بۆ هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان، مەترسیشمان هەیە كە پارێزگارییان لێنەكراوە."

 

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، وتیشی"لەكاتی ژماردنەوەی دەستیی چاودێری دەكەین، ئەگەر هەستمان بە هەر ساختەكارییەك كرد لە دادگا تانەی لێدەدەین."

 

لە كاردانەوەی هەوڵەكانی پەرلەمانی عێراق بۆ بەدەست ژماردنەوەی دەنگەكانی هەڵبژاردن، پارتی دیموكراتی كوردستان كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە لە هەرێم، بە فەرمی پشتیوانی خۆی بۆ هەماركردنەوەی دەستیی ڕاگەیاند.

 

مەحمود محەمەد، وتەبێژی فەرمی پارتی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت"لە روانگەی هەست بە بەرپرسیارییەتی و بە خەمەوە بوونی پاراستنی سەقامگیری و رەواندنەوەی گومانەكان، هەر بریارێك بدرێت بە رێگای یاسایی بۆ ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست و بۆ مەبەستی گێرانەوەی متمانەی لایەنە سیاسییەكان و دەنگدەران، ئێمە بە باشی دەزانین و تەئیدی دەكەین."

 

ڕاگەیەندراوەكەی وتەبێژی پارتی دەشڵێت"شایەنی باسە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بە تەنیا دەرئەنجامەكانی هەرێمی كوردستان و كەركوك ئیلغا دەكاتەوە، رەت دەكەینەوە و بە بریارێكی سیاسی دەزانین."

 

بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق كە هاوكات دەنگدانی دەرەوەو دەنگدانی مەرجداری ئاوارەكانی جگە لە پارێزگای نەینەوا هەڵوەشاندووەتەوە، بە نوسراوی فەرمی گەیشتووەتە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ جێبەجێ كردن.

 

زانا ڕۆستایی وتی"چاوەڕوانی وەڵامیان لێناكەین‌و ئەوان دەبێت جێبەجێی بكەن."

 

كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكە ناڕەزایی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی لێكەوتووەتەوە، لیژنەی یاسایی پەرلەمان ئەوەدەخاتەڕوو، ناڕازییەكان ناتوانن كاریگەرییان لەسەر بڕیارەكەی پەرلەمان هەبێت كە 2 ڕۆژ لەمەوبەر دەریكردووە، ئەوان دەتوانن كاربۆ پەكخستنی ئەو پڕۆژە یاسایە بكەن كە ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەكەمی بۆكراوەو شەممەی داهاتوو خوێندنەوەی دووەمی بۆدەكرێت.

 

كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق درێژكراوەی كۆبوونەوەكەی 2 ڕۆژ لەمەوبەر بوو، بەو واتایەی پێویستی بە ئامادەبوونی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران نەبوو بۆ گرێدانی كۆبوونەوەكە، ڕۆژی شەممە خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاساكە دەكرێت و لەکاتی دەنگ لەسەردانی پێویست بە ئامادەبوونی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران دەكات.

 

زانا ڕۆستایی، دەربارەی كاریگەریی لایەنە ناڕازییەكان لەسەر كۆبوونەوەكەی پەرلەمان، وتی"ئەوان دەتوانن لە ڕۆژی دەنگدان ئامادەنەبن بۆئەوەی ژمارەی یاسایی تەواو نەبێت، ئەگەر ئێمە ژمارەی یاساییمان پێ تەواونەكرێت ناتوانین دەنگ لەسەر یاساكە بدەین." وتیشی"لە ڕۆژی دەنگدان دەبێت 165 ئەندام ئامادەبن، ئەگەر ئامادەنەبن یاساكەمان پێدەرناچێت."

 

هەوڵەكانی پەرلەمان لە كاتێكدایە حكومەتی عێراقیش لیژنەیەكی باڵای پێكهێناوە بە مەبەستی بەدواداچوون سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردن‌و ئەو ڕاپۆرت‌و زانیارییانەی كەسانی تایبەتمەند پێشكەیان كردووە دەربارەی "پارێزراو نەبوونی ئامێرەكانی دەنگدان" لە دەستێوەردان، لیژنەكە بەردەوامە لە كارەكانی.

 

هەر ئەمڕۆش كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ڕایگەیاند، ئەنجامی هەڵبژاردنی لە هەزارو 21 وێستگەی دەنگدان هەڵوەشاندووەتەوە لە سەرتاسەری عێراق، لە دهۆك 224 وێستگە، كەركوك 186 وێستگە، سلێمانی 96 وێستگەو هەولێر 73 وێستگە لەناو هەڵوەشاوەكاندان.