دەیان هەزار لاپەڕە وەك "بەڵگەی ساختەكاری" پێشكەش بە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن كران

31-05-2018 05:18
دەنگدانی تایبەت لە وێستگەیەكی سلێمانی/ 10-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

حزبە ناڕازییەكانی هەرێم كە هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی عێراق ڕەتدەكەنەوە، دەیان هەزار لاپەڕەیان وەك "بەڵگەی ساختەكاری" پێشكەش بە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن كرد لەشاری بەغداو داوای هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەكە دەكەن.

 

بەوتەی ئەوان، ساختەكارییەكان زۆر گەورەن‌و هەندێكیان كۆمیدین، لەوانە؛ "لە پارێزگای سلێمانی 6 كاندیدی لایەنی دەسەڵات بە یەك كۆد بۆهەر یەكێكیان چەندین هەزارجار دەنگدراوە" لە هەولێرو دهۆكیش ئەو دەنگانەی پوچەڵ كراونەتەوە لە پڕۆسەكەدا "بۆ لایەنی دەسەڵات هەژمار كراون."

 

ئەوانە لەكاتێكدان كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن سوورە لەسەر "دروست" بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە‌و دەڵێت"ئەنجامەكانی هەڵبژاردن هاوتایە لەگەڵ ئەوەی لەناو سندوقەكاندا هەیەو ئەو ئامێرە ئەلیكترۆنییانەی پشتی پێبەستراوە بە بەڵگەوە لامانە ئەنجامەكانی هەمان ئەنجامی ناو سندوقەكانە."

 

ئەمڕۆ ڕێگەپێدراوانی بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری لەبارەگای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە شاری بەغدا، تانەكانیان لەئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێشكەشكرد.

 

لەدوای پێشكەشكردنی تانەكان، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان پێشكەش كرد‌و زمناكۆ جەلال، ڕێكخەری ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان‌و ڕێپێدراوی بزوتنەوەكە ئەوەی خستەڕوو، چەند ڕۆژێكە بەهەماهەنگی لایەنە ناڕازییەكان سەرقاڵی دۆزینەوەی ئەو "ساختەكاری"یانە بوون، وتی"ژمارەیەك بەڵگەی زۆر خراونەتەڕوو، بەهۆی زۆریی ساختەكارییەكانەوە، ئەم هەڵبژاردنە كارەساتی بەسەر ئیرادەی دەنگدەراندا هێناوە."

 

هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیاندا، ڕێبوار كەریم، ڕێپێدراوی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری، وتی"لەم هەڵبژاردنەدا چەند جۆرێك تەزویر كراوە، یەكێك لەو جۆرانە ئەوەیە كە لە هەندێك لە پارێزگاكانی هەرێم دەنگی پوچەڵ‌و هەڵوەشاوە بۆ لایەنی دەسەڵاتدار چووە كە ئەمە زۆر زۆرو بێشومارەو چەندین كورسی كردووە، ئەمە جگە لەوەی پێناس بۆ خەڵك دروستكراوە تا دەنگ بدەن و لە هەندێك شوێن پەنجەمۆر نەبوە."

 

بەوتەی ڕێبوار كەریم كە هاوكات وتەبێژی فەرمی هاوپەیمانییە هەریەكە لە گۆڕان‌و هاوپەیمانی‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو بە وردی كاریان لەسەر پڕۆسەكە كردووە، وتی"یەكێك لە گەورەترین تەزویرەكان كە بەجۆرێك لە جۆرەكان كۆمیدییە، پەیوەندی بە بەكارهێنانی هەمان كارتی دەنگدان هەیە دەیان هەزار جار بۆیەكێك لە كاندیدەكان، بۆنمونە؛ لە پارێزگای سلێمانی 6 كاندیدی لایەنی دەسەڵات بە یەك كۆد بۆهەر یەكێكیان چەندین هەزارجار دەنگدراوە، ئێمە بەوردی كۆدەكانمان دۆزییەوەو پێشكەشمانكرد."

 

وتیشی"دەیان هەزار لاپەڕەی ئەو تەزویرەمان هێناوەو پێشكەشمان كردووە‌و بە ڕوونی پێمان زانی كە تەزویرێكی زۆر سەیرو غەریبەو تەنانەت تەزویر لەناو تەزویردا كراوە، واتە تەزویر لە كاندیدەكانی هەمان لایەنیش كراوە كە هەمووی بەوردی كۆدەكانیمان نوسیوە."

 

گۆڕان‌و هاوپەیمانی باسلەوەدەكەن "بەڵگە"كانیان كە پێشكەشی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیان كردووە هی خودی كۆمسیۆنەو پشتڕاست كراوەیە بەو داتایانەی لە كۆمسیۆنەوە وەریانگرتووە‌و لە تانەكەیاندا داوایان كردووە هەڵبژاردنەكە هەڵبوەشێتەوە.

 

ڕێبوار كەریم وتی"دەنگی پوچەڵ كە هەژماركراوە بۆ لایەنی دەسەڵات لە هەولێرو دهۆك بووە، ئەوەشی كە نمونەم هێنایەوە لە دەنگی كۆدی دووبارە بەشێكی هەرەزۆری لەسەر كاندیدەكانی هێزی دەسەڵات بووە لە سلێمانی."

 

دەربارەی ئومێدیان بە ئەنجامی تانەكانیان، وتەبێژەكەی هاوپەیمانی وتی"گەشبینین چونكە بەڵگەكانمان حاشا هەڵنەگرەو دانەو دوانیش نییە، بەڵگەی ئێمەش نییە ئەو بەڵگانەیە كە خودی كۆمسیۆن داویەتی بە ئێمە لەناو ئەوانەدا پڕە لە تەزویر."

 

بڕیارە لەماوەی 10 ڕۆژی داهاتوودا دەستەی دادوەری وەڵامی تانەی لایەنەكان بداتەوە، حزبە ناڕازییەكان دەڵێن ئەگەر ئەنجامی تانەكان لەئاست خواستی ئەواندا نەبێت، دواتر لە دادگای فیدراڵی سكاڵا تۆماردەكەن پێشئەوەی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە پەسەند بكرێت.

 

هەر ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق تیشكی خستەسەر تانەی لایەنەكان‌و گومانەكانی سەر پڕۆسەی هەڵبژاردنەكەو بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق.

 

ڕیاز بەدران، سەرۆكی بازنەی هەڵبژاردن لە كۆمسیۆن تەئكیدی لە سەركەوتوویی پڕۆسەكە كردەوە، وتی"هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە هەڵبژاردنەكە لە ڕووی ڕێكاری‌و تەكنیكی بەشێوەیەكی دروست بەڕێوەچووەو ئەنجامەكانی هەڵبژاردن هاوتایە لەگەڵ ئەوەی لەناو سندوقەكاندا هەیەو ئەو ئامێرە ئەلیكترۆنییانەی پشتی پێبەستراوە بە بەڵگەوە لامانە ئەنجامەكانی هەمان ئەنجامی ناو سندوقەكانە."

 

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ئەوەشی خستەڕوو، نزیكەی هەزارو 900 تانەیان وەرگرتووەو لەماوەی 10 ڕۆژدا پێداچوونەوەیان پێدا دەكرێت لەلایەن دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن‌و بڕیارەكانی ئەو دەستەیە "مولزەم‌و كۆتایی دەبن بۆ كۆمسیۆن‌و بۆ لایەنەكانی بەشدار لە هەڵبژاردن."

 

ڕیاز بەدران وتیشی"با گەلی عێراق دڵنیابێت لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن‌و ئاوڕنەداتەوە بۆ چەند لایەنێك كەوا دەیانەوێت كودەتا بكەن بەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردندا."

 

لە هەرێمی كوردستان تەنها پارتی‌و یەكێتی ڕازین بە ئەنجامەكان‌و پارتیش ئەنجامی سلێمانی ڕەتدەكاتەوە، هاوكات زۆرینەی زۆری سوننەكان پڕۆسەكە ڕەتدەكەنەوەو لەناو شیعەكانیشدا هەندێك لایەن هەمان هەڵوێستیان هەیە.

 

ئەو لایەنە ناڕازییانە لەم هەفتەیەدا توانییان ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران كۆبكەنەوەو دانیشتنێكی پەرلەمانیان ئەنجامدا دەربارەی هەڵبژاردن‌و ئەنجامەكانی كە تێیدا چەند بڕیارێكیان دەركرد كە هەماركردنەوەی دەستیی لەسەدا 10ی دەنگەكان‌و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن لە دەرەوەو "هەرێم‌و كەركوك"‌و ئاوارەكانی چەند پارێزگایەك، لەناو بڕیارەكاندان.

 

كۆمسیۆن لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا هەڵوێستی خۆی لەسەر بڕیارەكانی پەرلەمان ئاشكرا كرد‌و پەسەندی نەكردن، وتی"ڕێز لە دەسەڵاتی پەرلەمان دەگرین، بەڵام دەڵێین یاسا بڕیار دەدات‌و یاسا بەهایەكی باڵای هەیە لەسەر بڕیاری پەرلەمان. دەستتێوەردانی زیاتر لە یەك لایەن لەسەر هەمان بابەت هەیەو سەرۆك كۆماریش لە بەیاننامەیەكدا بۆچوونی پێشكەشكردووە بۆ دادگای فیدراڵی بۆئەوەی بزانین بڕیارەكەی پەرلەمان دروستە یان نا."

 

ڕیاز بەدران وتیشی"كۆمسیۆنیش هەموو ئامادەییەكی هەیە بۆئەوەی جارێكی دیكە هەموو وێستگەكان بەدەست بژمێرینەوە یاخود بەشێك لە دەنگەكان، بەهەمانشێوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەنگدان دادگای فیدراڵی دەتوانێت بڕیاری لەسەر بدات."

 

بەرپرسانی كۆمسیۆن ڕەتیانكردەوە هیچ سندوقێكی دەنگدان هاك كرابێت، دەڵێن"ناترسین لە ژماردنەوەی دەستیی، بەڵام ئەمە پێویستی بە بڕیاری لایەنێكی تایبەتمەندە كە دەسەڵاتی ئەو بڕیارەی هەبێت."