قەرەیلان: توركیا تێدەگات لەخاكی هەرێم‌و بە پشتگیری هێزەكانی باشور نەبێت ناتوانێت شەڕی پەكەكە بكات

27-02-2017 07:24
"دەوڵەتی تورك لەگەڵ هێزەكانی باشوری كوردستان لە پەیوەندییەكی زۆر تاكتیكیدایە"


پەرەگراف

 

موراد قەرەیلان تەئكید دەكاتەوە توركیا ئەوەی بۆ ڕوون بووەتەوە كە ئەگەر لەخاكی هەرێمی كوردستان‌و بە پشتگیری هێزەكانی هەرێم نەبێت، ناتوانێت شەڕی پەكەكە بكات‌و سەربكەوێت، هۆشداریش دەدات لە پەیوەندییەكانی هەرێم‌و توركیاو داوادەكات ڕابردوو لەبیر نەكرێت.

 

قەرەیلان كە ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكەیە بەبۆنەی نۆهەمین ساڵیادی ئۆپەراسیۆنی هەرێمی (زاب) ئەمڕۆ قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات كردووەو زانیاری نوێش ئاشكرا دەكات لەبارەی گفتوگۆكانی ساڵانی ڕابردووی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی‌و نێچیرڤان بارزانی.

 

لەمانگی شوباتی ساڵی 2008 هەزاران سەربازی سوپای توركیا بەچەكی قورسەوە سنوری هەرێمی كوردستانیان بەزاند بۆ هێرشكردنەسەر بنكەو بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، پێش ئەوەش سوپای توركیا بەسەختی بۆ ماوەیەكی درێژ لەڕیی فڕۆكەی جەنگییەوە بۆردومانی ئامانجەكانی پەكەكەیان كردبوو.

 

قەرەیلان ئاماژەی بە چۆنیەتی ئۆپەراسیۆنی زاب كردووەو ئەوەی خستوەتەڕوو كە توركیا گورزێكی سەختی لێدرا، "سوپای تورك لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی زابدا هیچی دەست نەكەوت، سوپای تورك بەنیاز بوو بەرلەوەی زستان كۆتایی بێت هێرش بكاتەسەر بڕیارگەكانی ئێمە لە زاپ، بەڵام ئێمە هێزەكانمان كشاندەوەو ئەمە بۆ ئەوان بوو بە كێشەیەكی گەورە... بەرخۆدانی گەریلا لەچوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا بووەهۆی شكستهێنانی سوپای تورك، بۆ سەركەوتنمان لەو ئۆپەراسیۆنەدا ڕۆڵی وڵاتپارێزان لە ئامێدی‌و بامەڕنێ‌و هەروەها گەلی كورد لە باشورو باكوری كوردستان زۆر گرنگ بوو."

 

ئەو بەرپرسە باڵایەی پەكەكە پێیوایە لەدوای شكستهێنانیان لەو ئۆپەراسیۆنەدا، توركیا ناچاربووە سیاسەتی خۆی بەرامبەر پەكەكەو گەلی كورد بگۆڕێت، "بۆ نموونە لە قۆناغی ئۆسلۆدا دەوڵەتی تورك ڕاستەوخۆ لەگەڵ پەكەكە دانیشت‌و هەموو سیاسەتەكانی بەرامبەر بە گەلی كورد گۆڕی".

 

باسلەوەشدەكات ئەوكات توركیا پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان باش نەبووە، بەڵام دواتر سیاسەتەكانی گۆڕیوەو پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ هەولێر دروست كردووە، "ئەوكات پەیوەندی باشوری كوردستان‌و دەوڵەتی توركیا وەكو هێڵی سور ناوزەد دەكرا، بەڵام ئێستا ئەمە لەبیر براوەتەوە، دەوڵەتی تورك پاش ئۆپەراسیۆنی زاب تێگەیشت كە ئەگەر لە ڕێگای باشوری كوردستانەوە ئۆپەراسیۆن ئەنجام نەدات ناتوانێت سەركەوێت."

 

قەرەیلان باسلە دیدارێكی نێوان خۆی‌و نێچیرڤان بارزانی دەكات كە تێیدا هەڵوێستی توركیا لەبارەی حكومەتی كوردییەوە ڕووندەكاتەوە.

 

" لەكۆتاییەكانی ساڵی 2005دا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی چاوپێكەوتنێكم ئەنجامدا، ئەو كات بە منی وت: من وەكو سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان چووم بۆ توركیا، لەوێ پۆستەكەمیان لێ پرسیم، من وتم سەرۆك وەزیرانم، بەڵام ئەوان بە توركی وەڵامیان دامەوە، كە (ئۆڵماز) واتە نابێ، چەندجار پرسیاریان كردو من وەڵامم دایەوە سەرۆك وەزیران، بەڵام ئەون دووبارە وتیانەوە ئۆڵماز، دەوڵەتی تورك نایەوێت كورد سەرۆك وەزیرانی هەبێت، نچیرڤان بارزانی خۆی ئەم قسەیەی بۆ من گێڕایەوە، ئەو شتانەی ئەو باسی كردن زۆر ڕاست بوون‌و ئەگەر لە ئێستاش دەپرسن دەبێت بڵێم كە دەوڵەتی تورك ئێستاش بە هەمان عەقڵییەتەوە كار دەكات".

 

بەبڕوای قەرەیلان، ئۆپەراسیۆنی زاب سیستمی توركیای توشی گۆڕانكاری بنەڕەتی كرد، پاش ئەو ئۆپەراسیۆنە پێشكەوتنێكی سیاسی‌و مەدەنی لە توركیا پێكهات، دەڵێت"پاش ئۆپەراسیۆنەكە لە مانگی گوڵان‌و پاشان لە مانگی نیساندا بەڕێز جەلال تاڵەبانی وەكو سەرۆك كۆماری عێراق سەردانی توركیای كرد، لەو كاتەدا ئێمە لەگەڵ بەڕێز تاڵەبانی چاوپێكەوتنێكمان هەبوو، لەو چاوپێكەوتنەدا بەڕێز تاڵەبانی بە منی وت پاش ئەوەی پڕۆتۆكۆلی فەرمی كۆتایی هات، عەبدوڵا گول‌و ئەردۆغان هەموو ئەوانی دیكەیان دەركردو دەرگاكەیان داخست، تەنیا من‌و ئەو دوانە ماینەوە، ئەوان لە منیان پرسی، كە پەكەكە لە زاب چی كرد؟ چۆن توانی بەم شێوەیە شكست بە سوپا بێنێت، مام جەلالیش ئەوەندەی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكەوە زانیبووی پێی وتبوون".


ئەو ئەندامەی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە تەئكید دەكاتەوە كە دوای ئۆپەراسیۆنی زاب، دەوڵەتی توركیا بەباشی لەوە تێگەیشتووە، كە ئەگەر هێزەكانی باشوری كوردستان پشتگیری نەكەن ناتوانێت لەگەڵ پەكەكە شەڕ بكات، "بۆیە ئیتر ئەو پەیوەندییە وەكو هێڵی سور نەمایەوە، هەموو سیاسەتمەدارانی باشوری كوردستان ئەمە دەزانن‌و پێویستە قەت لە بیری نەكەن، ئەمڕۆكە دەوڵەتی تورك لەگەڵ هێزەكانی باشوری كوردستان لە پەیوەندییەكی زۆر تاكتیكیدایە."

 

قەرەیلان پێشیوایە مەبەستی توركیا لەو پەیوەندییە هەڵگیرسانەوەی شەڕی نێوان كوردەكانەو توركیا پێیوایە باشوری كوردستان لەئەنجامی هەڵەكانی ئەوان ئەو كیانەی پێكهێناوە، "ئەردۆغان ئێستاش دەڵێت، كە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی عێراقدا هەڵە بوو، چونكە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمەدا بە قازانجی كوردەكان تەواو بوو، ئێستاكەش پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هێزەكانی باشوری كوردستان بە مەبەستی قەرەبووكردنەوەی ئەو هەڵانەن، كەس ناڵێت كە نابێت پەیوەندی هەبێت، بەڵام پێویستە بە هۆشیارییەوە ئەو پەیوەندییانە پێكبێن".

 

ئەو بەرپرسە باڵایەی پەكەكە ئەوەش ڕەتدەكاتەوە كە توركیا لەگەڵ دەوڵەتی سەربەخۆی كورد بێت لە باشوری كوردستان، دەڵێت"ئەوان تەنانەت ڕێگا نادەن كۆمەڵەیەكی سەربەخۆی كوردیش پێكبێت چ بگات بە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی، ئەگەر هەر ئەمڕۆ ئێمە دەستهەڵگری خەباتی چەكداری ببین، ئەوان هەموو تەركیزیان دادەنێن بۆ سەركوتكردنی هێزەكانی باشوری كوردستان."

 

ئەو بەرپرسە باڵایەی پەكەكە بڕوای وایە، سوپای توركیا بەراورد بە نۆ ساڵ پێش ئێستا لاواز بووەو بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو لاوازییانە دەیانەوێت زیاتر تەكنیك بەكاربهێنن، "ئێمە بەراورد بە نۆ ساڵ پێش ئێستا لە پێگەیەكی زۆر بەهێزترداین، هەم دەرفەت‌و تواناكانمان‌و هەم باوەڕو ڕۆحیەتمان بەرزتر بووە، لەلایەكی دیكەوە ئەزمونی زیاتریشمان هەیە، لە ڕووی ئەمانەوە دەتوانین مەزندە بكەین، كە ئەگەر ئۆپەراسیۆنێكی لەبابەتی زاب دووبارە ببێتەوە ئەنجامەكەی چ دەبێت بۆ هەردوو لایەن."