سەرۆكە "نوستووەكە" ڕوبەڕوی لێشاوێك لە ڕەخنە دەبێتەوە

31-05-2018 09:01
فوئاد مەعسوم، سەرۆك كۆماری عێراق. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

هەڵوێستەكانی سەرۆك كۆماری عێراق كە دژایەتی بڕیارەكانی پەرلەمان‌و لیژنەی لێكۆڵینەوەی حكومەت دەكات دەربارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووندی خەڵكانی ناڕازیی دەكاتەوەو تانەو توانجی جۆراو جۆری لێدەگرن، بە بەرگریكار لە "ساختەكارو گەندەڵان" تۆمەتباری دەكەن.

 

بەدەر لە ناڕازییەكان، شارەزایانی یاساش نوسراوەكانی سەرۆكایەتی كۆمار لەسەر ئەو پرسە بە "كارەسات، هەڵەو ساویلكانە" ناو دەبەن.

 

سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، دوێنێ نوسراوێكی ئاڕاستەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان كردو تێیدا بڕیارەكەی پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی هەندێك لە پارێزگاكان‌و هەژماركردنەوەی دەستیی لەسەدا 10ی دەنگەكان بە "پێچەوانەی یاساو دەستور" ناودەبات، ئاماژە بەوەشدەكات لەبارەی ئەو پرسەوە داوای ڕای دادگای باڵای فیدراڵی كردووە.

 

لە نوسراوێكی دیكەدا كە هەر دوێنێ، ئاڕاستەی دادگای باڵای فیدراڵی كردووە، سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق داوای بۆچوونی دادگاكە دەكات لەبارەی دەستوری بوون یاخود دەستوری نەبونی بڕیاری پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە پێكهێنراوە.

 

ئەو دوو نوسراوە لەكاتێكدان لە سەرتاسەری عێراق پڕۆسەی هەڵبژاردنەكەو ئەنجامەكانی ناڕەزاییان لێكەوتۆتەوە، بەتایبەت لە كوردستان تەنها پارتی‌و یەكێتی لە ئەنجامەكان ڕازین‌و پارتیش ئەنجامی سلێمانی‌و هەڵەبجە ڕەتدەكاتەوە، لایەنەكانی دیكە كۆی پڕۆسەكە ڕەتدەكەنەوەو داوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەكەن‌و دەڵێن، "ساختەكاری گەورە" كراوەو دەنگەكانیان "دزراوە."

 

ئەندام‌و لایەنگرانی حزبە ناڕازییەكان‌و ئەو كەسانەی توڕەن لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، هەرزوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كەوتنە ڕەخنەگرتنی تووند لە فوئاد مەعسوم‌و دایانەبەر تانەو تەشەر.

 

"چوار ساڵە یەك جار خوێندی ئەویش ناشاز دەرچو. ڕاستە دەڵێن هەندێك لە مرۆڤەكان لەگەڵ هەڵكشانی تەمەنیان عەقڵیان دادەبەزێت. دكتۆری خەڵەفاو" ئەمە وتەی عەبدول قەرەگۆلییە لەسەر دوو نوسراوەكەی فوئاد مەعسوم كە لەگەڵ ئەم كاریكاتێرەیدا لە فەیسبوك بڵاوی كردووەتەوە.

  

لە ژێر كاریكاتێرەكەدا كەسێك بەناوی سەوسەن ئەنوەر نوسیویەتی"شەڵا هەر نەیخوێندایەو دەنگی بنوسایە." كەسێكی دیكەش بەناوی چیمەن ئەحمەد دەڵێت"ئەك خوا ئەوەش بگرێ تۆ پەسەن ئەكات، بەڕاست ئەو میللەتەی ئێمە زۆریان ماوە بگەنە ئاستی سۆماڵ."

 

هەركات ڕەخنە لە هەڵوێستێكی فوئاد مەسعوم دەگیرێت، ئەم كاریكاتێرە بە فراوانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەكرێتەوە.

  

سەرۆك كۆماری عێراق بەپێی یاسا پارێزەری دەستورە، ساڵی ڕابردوو كاتێك ناكۆكی نێوان هەرێم‌و بەغدا تووندبووەوە، هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیەكدا 55 مادەی دەستوری دەستنیشانكرد كە پەیوەندیدارن بە مافی كوردەوەو بەغدا پێشێلی كردوون، ئەوكاتیش ڕەخنە لە فوئاد مەسعوم گیرا كە لە ماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا كەمترین هەڵوێستی جددی هەبووە لەسەر ئەو مادانە.

 

فوئاد مەعسوم كە لە پشكی كورد ئەو پۆستەی وەرگرتووە، بێدەنگییەكەی تەنها نەبووەتە جێگای ڕەخنەی خەڵكی كوردستان، بەڵكو لە ناوەڕاست‌و باشوری عێراقیش ڕوبەڕوی ڕەخنە بووەتەوەو تانەو تەشەری جیاوازی لێدەدرێت، زۆركەس بە سەرۆكە "نوستووەكە" ناوی دەبەن.

 

بەهۆی ئەو دوو نوسراوەیەوە ڕەخنەگرتن لە فوئاد مەسعوم بووەوە بە بابەتی گەرمی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ڕەخنەكان خەڵكی ئاسایی‌و لایەنە ناڕازییەكانی تێپەڕاندووە.

 

د.لەتیف مستەفا، پسپۆڕی یاسای دەستوری، نوسراوەكانی سەرۆكایەتی كۆمار بە "كارەسات" ناو دەبات.

 

حاكم شێخ لەتیف كە لە خولی پێشوودا ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقیش بووە، نوسیویەتی"ناكرێ سەرۆك كۆمار كە پارێزەری دەستورە و چەندین ڕاوێژكاری یاسایی هەیەو ملیۆنەها دۆلار بودجەیەتی و لە 2005 یشەوە پشكی كوردە ئەوەندە توێشوی نەخستبێ و داوایەكی هەڵەو ساویلكەی وابكات، دەبا لە پاڵ ئەو دەیان و سەدان كەسەی بۆ ئیمتیازاتی حیزبی و شتی تر داتان مەزراندون با چەن ڕاوێژكارێكی ڕاستەقینەشتان دامەزراندایە هیچ نەبێ بۆ ئەوەی ئەوەندە هەڵە نەكەن."

 

حاكم شێخ لەتیف باسلەوەشدەكات، داوای تەفسیرو بەیان ڕەئی بۆ دەقەكانی دەستورە، بە گوێرەی بڕگەی دوەم لە مادەی 93، نەك بۆ یاساو بڕیارەكانی پەرلەمان.

 

ئەو پسپۆڕە یاساییە دەشڵێت"لەوەتا تۆ سەرۆك كۆماری دوو هەوڵت داوە بۆ بەرگری لە دەستور یان مافە دەستورییەكان بە حیسابی خۆت. یەكەمیانت شكستی هێنا، دەبا پێت بڵێم ئەمیش بەدەردی ئەو دەچێ. هەروەكو چۆن بۆ ئەو تانەیەی لە یاسای بودجەتدا وتم ڕەت دەكرێتەوە و ڕەتیش كرایەوە، دڵنیابە ئەم داوایەشت ڕەت دەبێتەوە، تانەدان لە یاساو بڕیارەكانی پەرلەمان لە دادگای فیدراڵ بە دەعوای دەستوری دەبێت نەك بە داواكردنی تەفسیرو بەیان ڕەئی."

 

هەڵوێستەكانی فوئاد مەعسوم كە لەسەر پشكی یەكێتی ئەو پۆستەی وەرگرتووە لەكاتێكدایە، حزبەكەی لە سلێمانی ڕوبەڕوی تۆمەتی ئەنجامدانی "ساختەكاری گەورە" كراوەتەوە لەلایەن حزبەكانی دیكەوە.

 

هاوكات فراكسیۆنەكانی گۆڕان، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا داوا لە سەرۆك كۆمار دەكەن، "ڕێز لە دەستور و دەسەڵاتەكانی دیكە بگرێت و بێلایەنی خۆی بپارێزێت و چیتر بەرگریی لە ساختەكار و گەندەڵەكان نەكات، پێویستە سەرۆكی هەمو عێراق بێت، نەك حیزبەكەی یان لایەنێكی سیاسی دیاریكراو."

 

ئەو سێ فراكسیۆنە هەڵوێستەكەی فوئاد مەعسوم بە دەستوەردان لە كاری یاسادانان لە قەڵەم دەدەن، دەڵێن"تێناگەین كە جێبەجێكردنی یاسا و گەڕاندنەوە و پاراستنی مافی دەنگدەران و دەنگی شەقام و لێپرسینەوە لە ساختەچییەكان، پێشێلكردنی دەستورە، یان بەرگریی كردن لەو كەسانەی كە دەستوریان شكاندوە."

 

كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەمڕۆ بڕیارەكانی پەرلەمانی ڕەتكردەوەو بە ئاماژەكردن بە نوسراوەكانی سەرۆك كۆمار، ئەوەی خستەڕوو، چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكەن.

 

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، ڕیاز بەدران سەرۆكی بازنەی هەڵبژاردن لە كۆمسیۆن، وتی"ڕێز لە دەسەڵاتی پەرلەمان دەگرین، بەڵام دەڵێین یاسا بڕیار دەدات‌و یاسا بەهایەكی باڵای هەیە لەسەر بڕیاری پەرلەمان. دەستتێوەردانی زیاتر لە یەك لایەن لەسەر هەمان بابەت هەیەو سەرۆك كۆماریش لە بەیاننامەیەكدا بۆچوونی پێشكەشكردووە بۆ دادگای فیدراڵی بۆئەوەی بزانین بڕیارەكەی پەرلەمان دروستە یان نا."

 

ڕەخنەو نیگەرانیی لە نوسراوەكانی، فوئاد مەعسومی ناچاركرد بەیاننامەیەك بڵاوبكاتەوەو پاساوی یاسایی‌و دەستوری بۆ بۆچوونەكانی بهێنێتەوە.

 

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار كە ئەمڕۆ بەیاننامەكەی بڵاوكردەوە، تەئكید دەكاتەوە كە بە "یەك چاو" سەیری هەموو لایەنەكان دەكەن.

 

لەبەشێكی بەیاننامەكەدا هاتووە"سەرۆكایەتیی كۆمار رەتی ناكاتەوە و تەئكیدیشی ناكاتەوە كە ئەگەری گۆڕین و دەسكاریكردن هەبێت لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگداندا، لەهەمان كاتدا بەڕێز سەرۆك كۆمار پشتگیریی هەمو رێوشوێنە قانونیی و رێكارە كارپێكراوەكان دەكات لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و دادگا و لێكۆڵینەوە و دۆزینەوە و لێپێچینەوەی هەر لایەنێك كە تێوەگلاندنی ساغ ببێتەوە لەم یاریكردن و دەستكاریكردنە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا."