پەرەگراف بەڵگەو زانیاریی ورد لەسەر "تەزویرە زەبەلاحەكە"ی سلێمانی بڵاودەكاتەوە

03-06-2018 09:21
وێنەیەك لە فۆرمی دەنگدان كە هەزاران جار بە هەمان كۆد دووبارە بوونی هەیە لە سندوقەكانی دەنگدانی سلێمانیدا لەسەر ئەو هاردەی دراوە بە حزبەكان.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

لایەنە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن، لەناو بەڵگەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردندا "تەزویرێكی زەبەلاح" دەدۆزنەوەو وەك خۆیان دەڵێن، لایەنە عێراقی‌و نێودەوڵەتییەكان توشی "شۆك" بوون كاتێك بەڵگەكانی ئەو "تەزویرە"یان پیشاندراوە.

 

وەك ئەوان دەڵێن، لە ئەنجامی وردبینی بۆ وێنەی فۆرمی دەنگدانی سەرجەم دەنگدەرانی سلێمانی، بۆیان دەركەوتووە 6 كاندیدی دەرچووی یەكێتی "هەریەكەیان بە هەزاران دەنگی بۆ دووبارە كراوەتەوەو ساختەیە" ئەوەشیان وەك بەڵگە پێشكەش بە دەستەی دادوەری هەڵبژاردن كردووە لە بەغدادو ئێستا چاوەڕوانی وەڵامن‌و "گەشبینن" كە وەڵامەكە بەدڵی ئەوان دەبێت.

 

"یەكەمجارە بەڵگەی زۆر ڕوون‌و ئاشكرا پێشكەش بكرێت، بەڵگەی كۆمسیۆن خۆیەتی‌و لەخۆیمان وەرگرتووە" د.ڕێبوار كەریم، وتەبێژی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری كە ڕێگەپێدراوی هاوپەیمانی بوو بۆ سكاڵا تۆماركردن‌و سەردانی بەغدای كرد بۆئەو مەبەستە، وای بە پەرەگراف وت.

 

هەرچەندە لەگەڵ كۆتایی هاتنی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 12ی ئایاری ئەمساڵ، سەرجەم حزبەكان جگە لە یەكێتی، ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی سلێمانییان ڕەتكردەوەو وتیان "تەزویری گەورەی ئەلیكترۆنی" كراوە، بەڵام هیچیان نەیانتوانی بە بەڵگە ئەوە بسەلمێنن هەتا 13 ڕۆژ دوای پڕۆسەكە ئەو هارد دیسكەیان لە كۆمسیۆن وەرگرت وەك بەڵگەیەك كە دەبێت وێنەی هەقیقی(سكان كراوی) فۆرمی دەنگدانی ناو سندوقەكانی سەرجەم وێستگەكانی دەنگدانی تێدابێت.

 

"بەڵام ئەو هاردەش بە گێلانە ساختەكراوەو تەزویرەكە لەوەدا ئاشكرا بوو"د.ڕێبوار وای وت.

 

تۆمەتباركردنی یەكێتی بە "تەزویری زەبەلاح" لە كاتێكدایە ئەو حزبە بەردەوام ئەوەی خستووەتەڕوو، پابەندی لێكۆڵینەوەو بڕیاری دادگاو كۆمسیۆن دەبێت لەسەر ئەو تۆمەتانەو ئەمڕۆ جارێكی دیكە "بێمنەت"ی خۆی ڕاگەیاند بۆ هەر ڕێكارێك لە ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست.

 

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی فەرمی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی"بەهیچ شێوەیەك نكوڵیمان نییە لەوەی هەموو ڕێكارێكی یاسایی لە چوارچێوەی دەستووری عێراق بگیرێتەبەر بۆ دڵنیایی هەموو لایەنەكان لەسەر ئەوەی ئەگەر خوانەكردە لە سلێمانی یان هەولێر یان هەرناوچەیەك یەكێتی لە مەسەلەی تەزویر دەستی هەبووبێت، لایەنەكان سیدی دەنگەكانیان وەرگرتووەو مافی خۆیانە بەراوردی بكەن لەگەڵ ئەو دەنگانەی دەرچوون‌و ئەگەر كێشەیەكیان هەیە دیارە سكاڵایان تۆماركردووە."

 

چۆن "تەزویرەكە" ئاشكرا بووە؟

 

ڕۆژی هەڵبژاردن كاتێك دەنگدەر فۆرمی دەنگدانەكەی دەخستەسەر ئەو ئامێرەی لەسەر سندوقەكانی دەنگدان هەبوون، ئامێرەكە لەگەڵ جیاكردنەوەو هەماژماركردنی فۆرمەكاندا ڕاستەوخۆ وێنەیەكی دیجیتاڵیی فۆرمەكەی دەگرت(واتا سكانی دەكرد).

 

بەپێی یاسا دەبوو 3 ڕۆژ دوای هەڵبژاردن واتە لە 15-5 وێنەی فۆرمی دەنگدانی سەرجەم دەنگدەران(سكان كراوەكان) لە هەر پارێزگایەك بدرایە بە حزبە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن، بەڵام لە 25ی مانگدا حزبەكان ئەو وێنانەیان لەسەر هارد دیسكێك وەرگرتەوە.
وتەبێژەكەی هاوپەیمانی ئەوەی خستەڕوو، كۆمسیۆن "دەستی دەستی پێكردوون‌و لەكاتی خۆیدا هاردەكەی پێنەداون" لە وەڵامی ئەوەی مەبەستیان لەو دواخستنە چی بووە؟ د.ڕێبوار وتی"هاردەكەیان ئەو تەزویرەی تێدایە."

 

بەپێی ئەو بەڵگانەی پەرەگراف لە هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری دەستیكەوتووە، وێنەی فۆرمەكان بە فایلی پی دی ئێف دراوە بە حزبەكان، فۆرمەكان لە چەندین فۆڵدەردان‌و بەپێی بنكەو وێستگەی دەنگدانەكان جیاكراونەتەوەو كۆدیان لەسەرە، بە جۆرێك حزبەكان دەتوانن بزانن وێنەكانی ناو هەر فۆڵدەرێك هی كام بنكەو وێستگەی دەنگدانە.

 

هەر وێنەیەكی فۆرمی دەنگدانەكە ناوی فایلەكەی(NAME) ئەو باركۆدەیە كە لەسەر خودی فۆرمەكە هەیە، لە سەرتاسەری عێراقدا فۆرمی دەنگدانی هەر دەنگدەرێك خاوەنی باركۆدی خۆیەتی كە چەند ژمارەیەكە‌و نابێت لە سەرتاسەری عێراقدا دووبارە ببێتەوەو ژمارەی هاوشێوە لەسەر هیچ فۆرمێكی دەنگدان هەبێت.

 

كاتێك حزبە ناڕازییەكانی سلێمانی وێنەی سكان كراوی فۆرمی دەنگەكانیان وەرگرتووە، وردبینییان بۆ فۆرمەكان كردووەو بینیویانە ناوی پی دی ئێفی فۆرمەكان دووبارەی تێدا نییە، بەڵام ئەو فۆرمانەی دەنگیان بۆ هەندێك لە كاندیدانی یەكێتی بووە ئەو كۆدەی بووەتە ناوی پی دی ئێفەكە، جیاوازە لە كۆدی سەر فۆرمی دەنگەكان، ئەو حاڵەتە لەو فۆرمانەدا بەدینەكراوە كە دەنگیان بۆ لایەنەكانی دیكە بووە، ئەوە دەبێتە سەرەتای ئاشكرابوونی "تەزویرە زەبەلاحەكە."

 

فۆرمێكی دەنگدانی دروست كە ناوی فایلەكە هەمان كۆدی سەر فۆرمەكەیە.

 

فۆرمێك كە دەنگی تێدا دراوە بە كاندیدی ژمارە 5ی یەكێتی كە هەزاران جار دووبارە بووەتەوەو لەهیچیاندا ناوی فایلەكە هاوتای كۆدی سەر فۆرمەكە نییە، ئەمەش پێچەوانەی فۆرمە دروستەكانە لە هارد دیسكەكەدا.

 

لە درێژەی وردبینییەكەدا تێبینی ئەوەیان كردووە 6 كەس لە 8 كاندیدە دەرچووەكەی یەكێتی، لە ناو هارد دیسكەكەدا هەزاران دەنگیان هەیە بە یەك فۆرمی دەنگدان كە لە زۆربەی هەرە زۆری سندوقەكانی پارێزگای سلێمانیدا ئەو فۆرمە بە هەمان كۆد بوونی هەیە.
كاندیدانی ژمارە 1، 5، 10، 21، 31، 34ی لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی ئەو شەش كاندیدەن كە بەپێی ئەنجامی ڕاگەیەندراوی هەڵبژاردنەكە دەرچوون بۆ پەرلەمان.

 

لە سلێمانی 3 هەزارو 118 سندوقی دەنگدان هەبووە، بەرپرسانی هاوپەیمانی كە وردبینییان بۆ فۆرمی دەنگدانی سندوقەكانی هەڵبژاردن كردووە لەسەر هارد دیسكەكەی كۆمسیۆن، بە پەرەگرافیان وت"بۆ نمونە لە 62 سندوق لەناو هاردەكەدا تەنها 2 دانەیان فۆرمی دووبارەی ئەو 6 كاندیدەی تێدا نەبووە."

 

بەرپرسێكی هاوپەیمانی دەڵێت، لەو هارد دیسكەی كە كۆمسیۆن داویەتی بە حزبەكان‌و لای سەرجەم حزبەكان هەیە، "كاندیدی ژمارە 1ی لیستی یەكێتی لە سلێمانی بە كۆدی ژمارە 06110520183014371201 خاوەنی زیاتر لە 15 هەزار فۆرمی دەنگدانە كە سەرجەم ئەو فۆرمانە ئەو كۆدەیان لەسەرە."

 

ئەوە لەكاتێكدایە ئەو كۆدەی لەسەر ئەو فۆرمانەی كاندیدی ژمارە 1ی یەكێتی هەیە، كۆدی یەك دەنگدەرەو دەبێت تەنها لەسەر یەك فۆرمی دەنگدان هەبێت‌و نابێت لە سەرتاسەری عێراقدا دووبارە ببێتەوە، ئەو نمونەیە بۆ 5 كاندیدەكەی دیكەی یەكێتیش بەهەمان شێوەیە.

 

 

ئەو فۆرمەی بە هەمان كۆد دەنگی پێدراوە بۆ كاندیدی ژمارە 1ی یەكێتی لە سلێمانی، لەناو ئەو هارد دیسكەی دراوە بە حزبەكان هەزاران جار دووبارە بووەتەوە (فۆرمی 5 كاندیدەكەی دیكەش لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەدایە).

 

پەرەگراف لەزاری ئەو كەسانەوە كە وردبینییان بۆ فۆرمەكانی ناو هارد دیسكەكە كردووە ئەوەی زانیوە، بەدەر لەو شەش كاندیدە چەند كاندیدێكی دیكەی یەكێتیش بەهەمانشێوە فۆرمی دووبارەیان هەیە بەهەمان كۆد، بەڵام ئەوان ژمارەی فۆرمەكانیان كەمە، "6 كاندیدەكە بەو فۆرمە دووبارانە دەرچوون بۆ پەرلەمان، ئەوانی دیكە كەمیان هەیەو كاریگەریی لەسەر دەرچوونیان نەبووە، تەنها دەنگی لیستەكەی پێزیاد كراوە."

 

بۆنمونە؛ لە ناوەندیی برایەتی كچان لە سلێمانی، بنكەی دەنگدانی 126401 وێستگەی ژمارە 01(هەر وێستگەیەك سندوقێكی دەنگدانە) 225 دەنگی دروست هەبووە، هەریەكە لەو 6 كاندیدەی یەكێتی لەسەر هارد دیسكەكەی كە دراوە بە حزبەكان خاوەنی 9 دەنگن كە هەر 9 فۆرمی دەنگەكانیان یەك كۆدی لەسەرەو 9 جار دووبارە بووەتەوە، شێوازی مۆری دەنگدەریش لە هەر 9 فۆرمەكەدا وەكویەك وان، واتە لەكۆی 225 دەنگی دروست 54 یان دووبارەن‌و بە "ساختە" لە قەڵەم دەدرێن.

 

هەمان فۆرم بە هەمان كۆد لە وێستگەكانی دیكەشدا دووبارە بووەتەوە، بۆ نمونە؛ لە ناوەندیی ڕەنگینی كچان، بنكەی دەنگدانی 126605 وێستگەی 03 هەمان ئەو 6 كاندیدە خاوەنی 5 دەنگن(تەنها كاندیدی ژمارە یەك 6 دەنگی هەیە) كە فۆرمەكانیان هەمان كۆدی لەسەرەو شێوازی مۆری دەنگدەریش هەمان شێوەیە((لە هەڵبژاردنەكەدا دەنگدەر بۆ دیاریكردنی لیست‌و كاندیدەكان قەڵەمێكی تایبەتی بەكاردەهێنا كە لە شێوەی مۆردا لۆگۆی كۆمسیۆنی دەنەخشاند).

 

هەروەها لە قوتابخانەی بناری كچان، بنكەی دەنگدانی 128904 وێستگەی 03 ژمارەی دەنگدەری دروست 327 بووە لەو ڕێژەیە 75 دەنگیان دووبارەن بۆ 6 كاندیدەكەی یەكێتی، بەمجۆرە لە وێستگەكانی دیكەشدا بە ڕێژەی جیاواز دەنگی دووبارەیان هەیە.

 

بۆچی هەزاران فۆرمی ئەو 6 كاندیدە كۆدەكانیان هاوشێوەن؟

 

كاتێك پڕۆسەی دەنگدان كۆتایی هات هەر ئەو ئێوارەیە دوای چەند خولەكێك شریتێكی كاخەز لە سندوقەكان هاتنە دەرەوە كە ژمارەی دەنگدەر، دەنگی دروست، دەنگی پوچەڵ، دەنگی بەدەستهاتووی هەر حزب‌و كاندیدێكی لەسەر بوو، ئەنجامەكانی سەر ئەو شریتە لە سلێمانی لە بەرژەوەندی یەكێتی بوون، لە ناو لیستی یەكێتیشدا ئەو 6 كاندیدە دەنگی زۆریان هێنابوو.

 

لەگەڵ هاتنەدەرەوەی ئەو ئەنجامانە‌و پێدانی بە نوێنەری لایەنە سیاسییەكان كە لەناو وێستگەكاندا چاودێری پڕۆسەكە بوون، هەمان ئەنجام بە ئینتەرنێت نێردران بۆ ناوەندی سەرەكی كۆمسیۆن لە بەغداد‌و ئەوانیش دواتر بە پەشت بەستن بەو ژمارانە ئەنجامی هەڵبژاردنەكەیان ڕاگەیاند.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی پەرەگراف لە ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان وەریگرتووە، سەرەتای هەڵبژاردن ئەنجامەكانی سەر ئەو شریتە "ساختەكراو" بوون‌و ئەنجامەكان هەمان ئەنجامی فۆرمی ناو سندوقەكان نەبوون، "پێشتر پرۆگرام كراون كە ئەنجام بەوشێوەیە دەربچێت كە لەسەر ئامێرەكە تۆماركراوە لەبەرژەوەندی یەكێتی."

 

بۆ پشتڕاست كردنەوەی ئەوەی ئایا فۆرمی دەنگدانی هەقیقی ناو سندوقەكان‌و ئەنجامەكانی سەر ئەو شریتەی یەكەم ڕۆژی هەڵبژاردن ڕاگەیەندرا وەكویەك وان یان نا؟ پەنا بۆ وێنە سكان كراوەكانی فۆرمەكانی دەنگدان دەبرێت كە لەسەر هارد دیسكەكە تۆماركراون.

 

هەربەپێی ئەو زانیارییانە، لە ماوەی ئەو 10 ڕۆژەی پێدانی هارد دیسكەكە دواخراوە بە حزبەكان، "دەستكاری وێنەكانی فۆرمی دەنگدانی ناو هارد دیسكەكە كراوەو هاوتا كراوە بەو ساختەكارییەی كە لەسەر شریتی ئەنجامەكانی یەكەم ڕۆژی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی یەكێتی پرۆگرام كراوەو ڕاگەیەندراوە."

 

لایەنە ناڕازییەكان بەمجۆرە باسی ورەدەكاریی پڕۆسەكە دەكەن‌و ئەوەدەخەنەڕوو، بۆئەوەی جیاوازییەكە دەرنەكەوێت‌و "تەزویرەكە" ئاشكرا نەبێت، یەكێتی زیاتر لە 120 هەزار فۆرمی دەنگدانی سكان كراوی هەقیقی لایەنەكانی دیكەی لەسەر هارد دیسكەكە "دەرهێناوە"و لە شوێنی ئەوان بۆ هەریەك لە 6 كاندیدەكەی خۆی كە لەسەر شریتەكە "دەنگەكانی بۆ ساختە كردوون"، لەسەر هاردەكەش بۆ هەریەكەیان، یەك فۆرمی هەقیقی دەنگدانیان "هەزاران جار دووبارە كردووەتەوە" بە ڕێژەی جیاواز لەناو هەر سندوقێكدا كە "تەنها بۆئەو شەش كاندیدە دەوروبەری 120 هەزار فۆرمیان بۆ دووبارە كراوەتەوە بە هەمان كۆد."

 

"هەردەنگێك بۆ ئەوان دزراوە هی ئێمە بووە"

 

گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو كە پێكەوە لە بەرەی ناڕازیدان، هەریەكەیان بە جیا، بەڵام بە ئاگاداریی یەكتر وردبینی بۆ ژمارەیەك سندوق كردووە لەناو هارد دیسكەكەی كۆمسیۆندا بە هەرچواریان نزیكەی 600 سندوقی سلێمانییان وردبینی كردووە، ئەوەش بۆئەوەی فریای تۆماركردنی سكاڵا بكەون لە پێنج شەممەی ڕابردوودا.

 

لەبەرئەوەی نەتوانراوە وردبینی بۆ فۆرمەكانی سەرجەم 3 هەزارو 118 سندوقەكە بكرێت، ناتوانرێت بە دیاریكراوی بزانرێت چەند دەنگی دووبارە هەیەو 6 كاندیدەكەی یەكێتی هەریەكەیان چەند دەنگیان دووبارەن، بەڵام بەرپرسانی گۆڕان‌و هاوپەیمانی دەڵێن، "ئەو 6 كاندیدە هەریەكەیان لە نێوان 15 بۆ 20 هەزار دەنگیان دووبارەیە."

 

بەپێی ئەو داتایانەی لە بەردەست پەرەگرافدان‌و لە هاوپەیمانی وەرگیراون، لە ئەنجامی وردبینیكردنی 82 سندوقی دەنگدان، دەركەوتووە 3020 دەنگ دووبارەن بۆ 6 كاندیدەكەی یەكێتی.

 

6 كاندیدەكەی یەكێتی بە سەرجەمیان 129 هەزارو 811 دەنگیان بەدەستهێناوە لە ناویاندا كاندیدی ژمارە 34 كەمترین دەنگی ئەو 6 كەسەی هەیە كە 16 هەزارو 527 دەنگەو كاندیدی ژمارە 1 زۆرترینی هەیە كە 28 هەزارو 157 دەنگە، ئەمەش بەپێی ئەو ئامارەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ڕایگەیاندووە وەك ئەنجامی پڕۆسەكە.

 

ئەو لایەنانە پێنج شەممەی ڕابردوو تانەیان لە پڕۆسەكەدا، گۆڕان‌و هاوپەیمانی چوونە بەغداو دەیان هەزار لاپەڕەیان وەك "بەڵگەی ساختەكاری" پێشكەش بە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن كرد، داوای هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەكە دەكەن.

 

وتەبێژەكەی هاوپەیمانی باسلەوەدەكات لە بەغدا نەتەوەیەكگرتووەكان‌و لایەنە عێراقییەكانیان بینیوەو بەڵگەكانیان پیشانداون، وتی"یوئێن‌و لایەنە عێراقییەكان پێیانوتین ئێمە توشی شۆك بوین، هەرلە بەغدا كۆمەڵێك باڵیۆزخانەو نوێنەرایەتی وڵاتان پەیوەندییان پێوەكردین كە ئەو بەڵگانەیان دەوێت‌و ئامادەمانكردووەو ناردومانە بۆ بەشێكی زۆریان."

 

داواكاریی ئەو لایەنانە دووبارە كردنەوەی هەڵبژاردنە لەو ناوچانەی وەك خۆیان دەڵێن سەلماندوویانە‌و بەڵگەیان پێشكەش كردووە كە ساختەكاریی كراوە.

 

ڕێبوار كەریم وتی"بەڕاستیش دەمەوێت بیڵێم تەزویری زەبەلاح لە پارێزگای سلێمانی كراوە. بە گێلانەو بە تەمەڵیی كراوە. ڕاستە لە هەولێرو دهۆكیش هەبووە، بەڵام ئەوەی سلێمانی ئابڕووبەرەو هەموو سنورەكانی تێپەڕاندووە، هەردەنگێك بۆ ئەوان دزراوە هی ئێمە بووەو لێمان براوە(مەبەستم لایەنەكان هەموویەتی نەك تەنها هاوپەیمانی)."

 

وتەبێژەكەی هاوپەیمانی ئەوەشی خستەڕوو، لە هەولێرو دهۆك "ساختەكارییەكە ڕێكخراوتر بووە"، باسیلە جۆرەكانی دیكەی ساختەكاریی كرد بەدەر لە فۆرمەكانی دەنگدان بە كۆدی دووبارە.

 

وتی"لە هەولێر دەنگی ئێمە پوچەڵكراوەو بۆ لایەنی دەسەڵات ئەژماركراوە، ژمارەیەكی زۆر كارتی دەنگدان بۆ خەڵك دروستكراوەو دەنگی پێدراوە، سندوق هەیە لە سلێمانی لەسەدا 120 دەنگی تێدایە، دەنگدانیش بەبێ پەنجەمۆر یەكێكیترە لە ساختەكارییەكان، ئەمانە هەمویمان بە بەڵگە بردووە بۆ بەغداد."

 

ڕێبوار كەریم، گەشبینە بە ئەنجامی تانەكانیان‌و دەڵێت"گەشبینییەكەم لەوەوە سەرچاوەی گرتووە بەڵگەكانمان بنەبڕەو ڕێدەگرێ لەهەر خوێندنەوەیەكی جیاواز، بەڵگەكانمان پێشكەش كردووەو چاوەڕوانین وەڵاممان بە ئەرێنی بدرێتەوە، كە وەڵام دراینەوە ئەوكاتە لێپرسینەوەی دیكە لەو لایەنانە دەكرێ كە بەشداربوون لەو تەزویرەو كردویانە."

 

بۆ وەرگرتنی ڕای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پەرەگراف پەیوەندیكرد بە هەریەكە لە ڕزگار حەمەمحێدین جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن‌و هاوڕێ تۆفیق بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمسیۆن، بەڵام هیچیان بەردەست نەبوون، لە دوای هەڵبژاردنەوە هیچیان لێدوانیان بۆ ڕۆژنامەنوسان نەداوەو بەردەست نین.

 

 

ئەو فۆرمەی بە كۆدی 06120520183013472601 دەنگی پێدراوە بۆ كاندیدی ژمارە 10ی یەكێتی لە سلێمانی، لەناو ئەو هارد دیسكەی دراوە بە حزبەكان هەزاران جار دووبارە بووەتەوە.

 

 

ئەو فۆرمەی بە كۆدی 06170520183013474701 دەنگی پێدراوە بۆ كاندیدی ژمارە 21ی یەكێتی لە سلێمانی، لەناو ئەو هارد دیسكەی دراوە بە حزبەكان هەزاران جار دووبارە بووەتەوە.

 

ئەو فۆرمەی بە كۆدی 06130520183013471601 دەنگی پێدراوە بۆ كاندیدی ژمارە 31ی یەكێتی لە سلێمانی، لەناو ئەو هارد دیسكەی دراوە بە حزبەكان هەزاران جار دووبارە بووەتەوە.

 

ئەو فۆرمەی بە كۆدی 06110520183013472701 دەنگی پێدراوە بۆ كاندیدی ژمارە 34ی یەكێتی لە سلێمانی، لەناو ئەو هارد دیسكەی دراوە بە حزبەكان هەزاران جار دووبارە بووەتەوە.

 

ئەو فۆرمەی بە كۆدی 06180520183013472801 دەنگی پێدراوە بۆ كاندیدی ژمارە 5ی یەكێتی لە سلێمانی، لەناو ئەو هارد دیسكەی دراوە بە حزبەكان هەزاران جار دووبارە بووەتەوە.

 

فۆرمە دروستەكانی دەنگدان كە دووبارە نەبوونەتەوە لە بەشی خوارەوەیاندا هێمای كۆدەكەیان لەسەر فۆرمەكە بوونی هەیە وەك بەشی سەرەوە، بەڵام ئەو فۆرمانەی بە هەمان كۆد دووبارە بوونەتەوە لە بەشی خوارەوەیان هێمای كۆدەكە بوونی نییە، ئەوەش جیاوازییەكی دیكەیە لە نێوان هەردوو فۆرمەكەدا، وەك ئەم وێنەیەی خوارەوە كە دەنگێكی دروستە بۆ كاندیدی ژمارە 5ی یەكێتی‌ بە كۆدی 06120520183018977001 دووبارە نەبووەتەوەو لەبەشی خوارەوەی هێمای كۆدەكە بوونی هەیە.