لە مەنبەج چی ڕوودەدات؟ ئەمەریكا بەڵێنی چی بە كوردانی ڕۆژئاوا داوە؟

05-06-2018 06:00
سەربازێكی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج لە پشت بنكەیەكی سەربازیی ئەمەریكاوە لە مەنبەج/ 4-4-2018. وێنە؛ ئەی پی.

 

پەرەگراف

 

توركیا دەڵێت، بەپێی ڕێككەوتنیان لەگەڵ ئەمەریكا، یەپەگە لە مەنبەج دەكشێتەوەو چەكی لێوەردەگیرێتەوە، ئەمڕۆش یەپەگە ڕاوێژكارە سەربازییەكانی لەو شارە كشاندەوەو ڕایگەیاند، ئەركەكانیان كۆتایی هاتووە.

 

ڕێككەوتنەكەی ئەمەریكاو توركیا دوای ئەوەدێت حكومەتی ئەنقەرە لە چەند مانگی ڕابردوودا سووربوو لەسەر كشانەوەی یەپەگە لە مەنبەج‌و فشاری خستەسەر واشنتۆن ئەوەش بە پاساوی ئەوەی یەپەگە درێژكراوەی پەكەكەیەو "هەڕەشەیە" بۆسەر ئاسایشی توركیا، ئەوە لە كاتێكدایە پێشتر ئەمەریكا بەڵێنی بە كوردانی ڕۆژئاوا داوە كە مەنبەج دەپارێزێت.

 

پێشهاتە نوێیەكان لەسەر پرسی مانەوەی یەپەگە لە مەنبەج كە هێزی چەكداری كوردانی ڕۆژئاوای كوردستانە، دوای ئەوەدێت لە 18-3-2018 سوپای توركیاو گروپە چەكدارە توندڕەوەكانی سەربەو وڵاتە كە لەناویاندا پاشماوەكانی داعش هەن، چوونە ناو شاری عەفرین‌و ئەو كانتۆنەیان داگیركردن، ئەوەش دوای بۆردومانێكی چڕی ئاسمانیی‌و زەمینیی بۆ ماوەی 2 مانگ.

 

مەولود چاوشئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا دەربارەی ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ ئەمەریكا دەربارەی مەنبەج، ئەمڕۆ ڕایگەیاند"لە یەكەم قۆناغدا پەكەكەو یەپەگەییەكان مەنبەج جێدەهێڵن. كاتێكیش دەرۆن چەكەكانیان لێوەردەگیرێتەوە. دەچن بۆ خۆرهەڵاتی فورات. چوونیان بۆ خۆرهەڵاتی فورات بەواتای ئەوە نایەت قبووڵی مانەوەیان دەكەین لەوێ. بنەمای ئەو مەترسیەی لەسەرمانە لە خۆرهەڵاتی فوراتەوە دێت."

 

وەزیری دەرەوەی توركیا ئەوەشی خستەڕوو، دوای منەبەج نەخشە ڕێگاكەیان لە خۆرهەڵاتی فوراتیش جێبەجێ دەكرێت.

 

"دوای مەنبەج دەست بە جێبەجێكردنی نەخشە ڕێگاكە دەكرێت لەو ناوچانەی دیكە كە یەپەگە كۆنتڕۆڵی كردوون. لە ڕێككەوتنەكەماندا ئەوە هەیە. لێرەدا ئەوە بەو واتایە نایەت كە بەردەوامیدانی پێكهاتەی یەپەگەییەكان لێرە قەبووڵ بكەین."

 

مەنبەج ساڵی 2016 لە تیرۆرستانی داعش ڕزگاركرا، ئەوكات لەسەر داوای ئەنجومەنی سەربازی شارەكە، یەپەگە لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ڕێككەوت‌و لە مانگی 6 ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی مەنبەجی دەستپێكرد، ناوەڕاستی مانگی 8 سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنەكە ڕاگەیەندراو دوای 3 مانگ شەڕڤانانی یەپەگە لە مەنبەج كشانەوەو دەسەڵاتی سەربازی‌و مەدەنی ڕادەستی ئەنجومەنەكە كراو تەنها ڕاوێژكارانی سەربازیی یەپەگە مانەوە، ئەمڕۆ كشانەوەی ئەوانیش ڕاگەیەندرا.

 

فەرماندەیی گشتی یەپەگە ئەمڕۆ ڕایگەیاند"لە ئێستادا پاش 2 ساڵ ئەنجومەنی سەربازیی مەنبەج گەیشتووەتە ئاستێك كە دەتوانێت خۆی بەڕێوەبەرێت‌و پەروەردە بكات، بۆیە فەرماندەیی گشتیی یەپەگە ئیدی بە پێویستی نابینێت ڕاوێژكارەكانی لە مەنبەج بمێننەوەو بڕیاری كشانەوەیانی داوە."

 

یەپەگە دەشڵێت"ئێمە وەك هێزەكانی یەپەگە بۆ ڕایگشتی مەنبەج دووپاتی دەكەینەوە، بۆ ڕزگاركردن و ئازادكردنی هاوڵاتیانمان و پاراستنیان لە چەتەكانی داعش، بە تێكۆشان و فیداكارییەوە ئەركی سەر شانمانە بەجێ دەهێنین و لەسەریشی بەردەوام دەبین تا ئەوكاتەی بە تەواوەتی كۆتایی بە تیرۆریستان دەهێنین و ئاسایش و ئارامی یەكجارەكی بۆ هەموو ناوچە ڕزگاركراوەكان دابین دەكەین." 

 

دوای داگیركردنی عەفرین، ئێستا مەنبەج تاكە ناوچەی ژێردەستی كوردە كە دابڕاوە لە ناوچەكانی دیكەی ڕۆژئاوای كوردستان‌، جەرابلوس كە بەدەست هێزەكانی سەربە توركیاوەیە مەنبەج‌و كۆبانی لە یەكتر دابڕیوە، هێزەكانی ئەمەریكا لە مەنبەج بوونیان هەیەو تائێستا پاڵپشتی یەپەگەو ئەنجومەنی سەربازیی مەنبەج دەكەن.

 

پشتیوانیی ئەمەریكا لە چەند ساڵی شەڕی سوریا بۆ هێزە كوردییەكان شاراوە نەبووە، سەرباری ناڕەزایی بەردەوامی توركیا، بەڵام واشنتۆن سیاسەتی خۆی نەگۆڕی لەگەڵ شەڕڤانان‌و تائێستا كورد نزیكترین هێزی شەڕكەری دژی تیرۆرە لە ئەمەریكاوە لەسەر خاكی سوریا، بەڵام ڕێككەوتنە نوێیەكەی ئەمەریكاو توركیا دەربارەی مەنبەج كە هێشتا بەتەواوی ڕوون نییەو ناوەڕۆكەكەی ئاشكرا نەكراوە، پێشهاتێكی نوێیە بۆ كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان.

 

توركیا بەردەوام فشاری خستووەتەسەر ئەمەركیا بۆئەوەی هێزەكانی لە مەنبەج بكێشێتەوە تاوەكو هێرشی بكاتەسەر، بەڵام د.عەبدولكەریم عومەر وەزیری دەرەوەی كانتۆنی جەزیرە پێشتر بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، ڕێككەوتنیان لەگەڵ ئەمەریكا هەیەو ئەو ناوچانەی پێكەوە ڕزگاریان كردووە، ئەمەریكا دەیپارێزێت لەوانە؛ مەنبەج، كۆبانی، تەبقا، دێرەزوور، جەزیرە.

 

پەرەگراف لەكاتی هێرشەكانی توركیا بۆسەر عەفرین چاوپێكەوتنی لەگەڵ د.عەبدولكەریم عومەر ئەنجامدا(كۆتایی مانگی 1ی ئەمساڵ)، لەوێدا ئاماژەی بەوەكرد، ئەگەری ئەوە هەیە لە داهاتوودا ئەمەریكاش پشتبكاتە كورد، وتی"لەبەرئەوە ئێمە لە ڕۆژئاوا ئیرادەی خۆمان لە دەستی خۆماندایەو ئەوەمان نەكردووە بە بنەما لەگەڵ ڕوسیادابین یان ئەمەریكا."

 

لە ماوەی 6 ساڵی شەڕی كورد دژی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان لە سوریا، كورد توانیبووی هاوسەنگیی ڕابگرێت لە پەیوەندییەكانی لە نێوان ئەمەریكاو ڕوسیا وەك دوو زلهێزی خاوەن بەرژەوەندیی كە دژی یەكترن، بەڵام دواجار ئەمەریكا لەگەڵ كورد مایەوەو ڕوسیا پشتیكردە كورد، ئەوەش دوای ئەوەی ڕێگەیدا توركیا هێرش بكاتەسەر عەفرین(20-1-2018) كە لەژێر پاراستنی ڕووسیادا بوو.

 

هەرچەندە كورد خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ نییەو لە ڕووی سیاسی، ئابوری، دیبلۆماسی‌و سەربازیی هێندەی توركیا بەهێز نییە، بەڵام پشتكردنە كوردانی ڕۆژئاوا لەلایەن ئەمەریكاوە كارێكی هەروا ئاسان نییەو كەم نەبوون ئەو دەنگانەی كاتی هێرشكردنەسەر عەفرین بە سووربوونەوە دەیانوت، ئێستا كاتی هەڵبژاردنی كوردو كێشانی هێڵێكی سوورە لەبەردەم سەركێشییەكانی توركیا.