"ساختەكاری" پشتڕاست كرایەوەو عەبادی گەشتكردنی لە بەرپرسانی كۆمسیۆن قەدەغە كرد

05-06-2018 08:44
حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق.

 

پەرەگراف

 

عەبادی بە فەرمی دان دەنێت بەوەدا كە لە هەڵبژاردنەكەدا "ساختەكاری" هەبووە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕاپۆرتی لیژنەی لێكۆڵینەوەی تایبەت بەو پرسەی پەسەند كردو داوای هەژماركردنەوەی دەستیی لانیكەم لەسەدا 5ی دەنگەكان دەكات لە سەرتاسەری عێراق‌ لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی دەنگدانی دەرەوەی وڵات‌و ئاوارەكان، هاوكات گەشتكردن لە بەرپرسانی كۆمسیۆن قەدەغە كرا.

 

ئەوە لەكاتێكدایە سبەینێ وادەی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقە بۆ دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن، ئەندامێكی لیژنەی یاسایی پەرلەمان دەڵێت، ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ‌و گشت بەڕێوەبەرانی نوسینگەی پارێزگاكان "لەسەر كار لادەبرێن."

 

دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی ئاشكرا كرد كە بەپێی بەدواداچونی لیژنەكانی لێكۆڵینەوە دەركەوتووە "ساختەكاری" لە هەڵبژاردنەكەدا هەبووە.

 

دوو هەفتە لەمەوبەر حكومەتی عێراق پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای ڕاگەیاند، بەمەبەستی بەدواداچوون سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردن‌و ئەو ڕاپۆرت‌و زانیارییانەی كەسانی تایبەتمەند پێشكەیان كردووە دەربارەی "پارێزراو نەبوونی ئامێرەكانی دەنگدان" لە دەستێوەردان، لیژنەكە ئەمڕۆ ڕاپۆرتی خۆی پێشكەش بە حكومەت كردووەو حكومەتیش ڕاپۆرتەكەی پەسەند كردووە.

 

لە ڕاپۆرتی لیژنەكەدا بەوردی چۆنێتی كاركردن‌و لێكۆڵینەوەكانی لیژنەكە باسكراوەو، لە كۆتاییشدا 6 خاڵ وەك پێشنیارەكانی لیژنەكە خراونەتەڕوو، كە تێیاندا داواكراوە، لانیكەم لەسەدا 5ی دەنگەكان لەسەرتاسەری عێراق بەدەست هەژمار بكرێنەوەو ئەنجامی دەنگدانی دەرەوەی وڵات‌و ئاوارەكان لە ناوخۆ هەڵبوەشێتەوە بەهۆی بوونی ساختەكاری.

 

لە بەشێكی دیكەی پێشنیارەكاندا كە ئەنجومەنی وەزیران سەرجەمیانی پەسەند كرد، داواكراوە ڕێوشوێنی یاسایی بگیرێتەبەر بەرامبەر بەرپرسانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەهۆی یاریكردن بە پڕۆسەی دەنگدان‌و ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكەو داواكراوە داواكاری گشتی سكاڵا لەوبارەیەوە بجوڵێنێت، هەروەها داواكراوە دەستەی دەستپاكی لێكۆڵینەوە بكات‌، حكومەت ڕاپۆرتەكە ئاڕاستەی پەرلەمانیش دەكات بۆ گرتنەبەری ڕیوشوێنی پێویست.

 

دوای كۆبوونەوەكەی حكومەت‌و پەسەندكردنی ئەو ڕاسپاردانەی لیژنەی لێكۆڵینەوە، حەیدەر عەبادی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا تەئكیدی لەوەكردەوە، لیژنەكە ساختەكاری لە هەندێك ناوەندی دەنگداندا ئاشكراكردووەو كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بەرپرسیارێتیەكەی هەڵدەگرن.

 

عەبادی ئەوەشی خستەڕوو، بەوپێیەی "شتی مەترسیدار" لە ڕاپۆرتی لیژنەكەدا هاتووە، گەشتكردنی دەرەوەی وڵات قەدەغە دەكرێت لە بەرپرسانی كۆمسیۆن لە پلەی جێگری بەڕێوەبەری گشتی بۆ سەروتر، ڕێگەی گەشتكردنیان پێنادرێت بەبێ ڕەزامەندی سەرۆكوەزیران. 

 

عەبادی ئەوەشی خستەڕوو، بەردەوام دەبن لە بەدواداچون بۆ تانەكان‌و دانی بەوەدا نا پشتبەستن بە ئامێری ئەلیكترۆنی لە هەڵبژاردنەكەدا ڕوبەڕوی كێشەی كردنەوە.

 

 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق داواشی لە دەزگای هەواڵگری‌و ئاسایشی نیشتمانی‌و هەواڵگری وەزارەتی ناوخۆ كردووە بەدوای ئەو كەسانەدا بگەڕێن كە یارییان بە دەنگەكان كردووەو ساختەكارییان ئەنجامداوە، تاوەكو ڕێوشوێنی یاسایی لە دژیان بگیرێتەبەر.

 

پەسەندكردنی ڕاسپاردەكانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەلایەن حكومەتەوە لەكاتێكدایە سبەینێ پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردن.

 

ئەگەر ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادەی كۆبوونەوەكە بن كە 165 پەرلەمانتارە، پڕۆژەكە دەنگی لەسەر دەدرێت، بە پەسەند كردنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پابەند دەكات بە هەژماركردنەوەی دەستی لە سەدا 100ی دەنگەكانی عێراق، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی هەردوو دەنگدانی دەرەوەو مەرجداری ئاوارەكان‌و دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان، ئەوەش بەهۆی پێشێلكاریی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 12ی ئایاری ئەمساڵ.

 

هەربەپێی پڕۆژە یاساكە، كۆمەڵێك دادوەر شوێنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن دەگرنەوەو سەرپەرشتی كارەكانی كۆمسیۆن دەكەن.

 

زانا ڕۆستایی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق كەمێك لەمەوبەر لە ئەكاونتی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی"سبەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ‌و گشت بەڕێوەبەرانی نوسینگەی پارێزگاكان لەسەر كار لادەبات."

 

نوسینەكەی ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی پەرلەمان ئاماژەیە بەوەی سبەینێ ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادە دەبن‌و پڕۆژە یاساكە پەسەند دەكرێت، ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت"ڕۆژی ڕەشی تەزویركاران داهات، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی گەشتی قەدەغەكرد لە كارمەندانی كۆمسیۆن تا لێكۆڵینەوە تەواو دەبێت."

 

هەڵبژاردنەكەو ئەنجامەكانی ناڕەزایی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا لە كوردستان‌و عێراق، هەریەكە لە گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو، سەرجەمیان 11 كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا، ئەو چوار حزبە پڕۆسەكە ڕەتدەكەنەوەو پێیانوایە "ساختەكاریی" تێدا كراوەو دەنگەكانیان "دزراوە" هەربۆیە داوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەكەن‌و هەوڵەكانیان لەگەڵ لایەنە عێراقییە ناڕازییەكان بەردەوامە بۆ تێنەپەڕینی ئەنجامە ڕاگەیەندراوەكانی هەڵبژاردنەكە.

 

ئەو چوار حزبە ناڕازییەی هەرێم، دەیان هەزار لاپەڕەیان وەك "بەڵگەی ساختەكاری" پێشكەش بە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن كردووە لەشاری بەغداو داوای هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەكە دەكەن.

 

ئەوانە لەكاتێكدان كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن سوورە لەسەر "دروست" بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە‌و لە دوایین هەڵوێستیدا بڕیار و داواكارییەكانی پەرلەمانی ڕەتكردەوە و ئامادەیی پیشاندا بۆ هەژماری دەستی دەنگەكان لەسەر داوای دادگای فیدراڵی.