كۆمسیۆن هەڵوەشێندرایەوەو هەژماركردنەوەی لەسەدا 100ی دەنگەكان بوو بە یاسا

06-06-2018 06:11
كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق.

 

پەرەگراف

 

پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەسەند كردو بەپێی یاساكە سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران‌و بەرپرسانی لقەكانی كۆمسیۆن لە پارێزگاكان لەكارەكانیان سڕ كران و دادوەران شوێنیان دەگرنەوە.

 

لە یاساكەدا ئەوەش هاتووە كە لەسەدا 100ی دەنگەكان لە سەرجەم عێراق بەدەست هەژمار دەكرێنەوە بە چاودێری نوێنەری لایەنە سیاسیەكان‌و نەتەوەیەكگرتووەكان‌و كاركردن بە ئامێری ئەلیكترۆنی بۆ هەژماری دەنگەكان ڕەتدەكرێتەوە.

 

هەربەپێی یاساكە ئەنجامی دەنگدانی دەرەوەی عێراق‌و ئاوارەكان‌و جموجوڵی دانیشتوان و دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان هەڵدەوەشێنەوە، لە یاساكەدا هاتووە كە "لە ڕۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەكرێت."

 

ئەحمەد حاجی ڕەشید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق بۆ پەرەگراف وتی"پێشنیارەكانمان هەمووی جێگیركراو بوو بە یاسا، ئێستا كۆمسیۆن لەبەرامبەر یاسادایە."

 

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ وتیشی"ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران هەموویان سڕ كران بە بەڕێوەبەرانی پارێزگاكانیشەوە، دادوەر لە شوێنیان دادەنرێت‌و پڕۆسەكە دەڕوات تا ئەوكاتەی دەردەكەوێت ساختەكارییان كردووە یان نا ئەوكات ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری دەكرێن."

 

 دوای كۆبوونەوەكە هەرسێ فراكسیۆنی گۆڕان، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا پەسەندكردنی پڕۆژە یاساكەیان بە "سەركەوتنێكی گەورە لەقەڵەمدا" و پیرۆزباییان لە دەنگدەران كرد.

 

ئەمین بەكر، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، وتی"ئەم سەركەوتنە هی ئەو لایەنانەیە لەگەڵ ڕاستی‌و دەركەوتنی هەقیقەتدان‌و ئامانجمانە دەنگ‌و ئیرادەی ڕاستەقینە دەربكەوێت‌و ئەو لایەنانەی تەزویریان كردووە هەقیقەتیان دەربكەوێت، توانیمان بیسەلمێنین ئیرادەی گشتی لەسەر هەقەو ئەنجومەنی كۆمسیاران لەمڕۆوە سڕ دەكرێن‌و بەڕێوەبەری لقەكانی كۆمسیۆن لە پارێزگاكان سڕ دەكرێن‌و دادوەران لە شوێنیان دادەنرێن."

 

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی بڕگەیەكی یاساكە، هەموو ئەو سندوقانەی ساختەكارییان تێدا كراوە ئەگەر پەنجەمۆری دەنگدەر یەكنەگرێتەوە لەگەڵ ئەو باركۆدەی لەسەر فۆرمەكانی ناو سندوقەكان تۆماركراوە، هەڵدەوەشێنەوە.

 

هاوكات موسەنا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو سەرباری پیرۆزبایی لە دەنگدەران‌و خەڵكی عێراق، تەئكیدی لەوەكردەوە دانیشتنەكە ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادەی بوون، وتی، هەندێك پەرلەمانتاری لایەنەكانی دیكەش كە بەشداری دانیشتنەكەیان نەكردو بۆ چاودێریی هاتبوون "پیرۆزباییان لێكردین." 

 

كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان‌و ئامادەبوونی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساكە دوای هەوڵی چڕی لایەنە ناڕازییەكان هات بۆ تێنەپەڕینی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، ئەو لایەنانە پێشتریش سەركەوتووبوون لە ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پەرلەمان‌و خوێندنەوەی یەكەم‌و دووەمی پڕۆژەكە.

 

كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان دوای ئەوەهات دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە فەرمی دانی بەوەدانا كە لە هەڵبژاردنەكەدا "ساختەكاری" هەبووە، ڕاپۆرتی لیژنەی لێكۆڵینەوەی تایبەت بەو پرسەی پەسەند كردو داوای هەژماركردنەوەی دەستیی لانیكەم لەسەدا 5ی دەنگەكانی كرد لە سەرتاسەری عێراق‌ لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی دەنگدانی دەرەوەی وڵات‌و ئاوارەكان، هاوكات گەشتكردن لە بەرپرسانی كۆمسیۆن قەدەغە كرا.

 

حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بەوپێیەی "شتی مەترسیدار" لە ڕاپۆرتی لیژنەی لێكۆڵینەوەكەدا هاتووە كە لەلایەن حكومەتەوە پەسەند كرا، گەشتكردنی دەرەوەی وڵات قەدەغە دەكرێت لە بەرپرسانی كۆمسیۆن لە پلەی جێگری بەڕێوەبەری گشتی بۆ سەروتر، ڕێگەی گەشتكردنیان پێنادرێت بەبێ ڕەزامەندی سەرۆكوەزیران.