د.بڕیار ڕەشید: بێمنەتین لە ژماردنەوەی دەنگ و دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردنیش

06-06-2018 06:58
د. بڕیار ڕەشید، وتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

وتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی "بێمنەت"ی حزبەكەی ڕادەگەیەنێت دەربارەی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان‌و دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردنیش، تەئكید دەكاتەوە هەر بڕیارێك لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و دادگای فیدراڵی بدرێت یەكێتی پابەندی دەبێت‌و پێیانوایە لە دەسەڵاتی لایەنی دیكەدا نییە بڕیار لەو پرسە بدات.

 

د. بڕیار ڕەشید، وتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ پەرەگراف وەڵامی ئەو تۆمەتانە دەداتەوە كە لایەنە ناڕازییەكان ئاڕاستەی یەكێتی دەكەن بەوەی "ساختەكاری" كردووە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی عێراق.

 

بێمەنەتی یەكێتی لەكاتێكدایە لایەنە ناڕازییەكان لە ئەنجامی پڕۆسەكە تۆمەتی قورس ئاڕاستەی ئەو حزبە دەكەن‌و دەڵێن، بە ڕێژەی چەندین كورسی پەرلەمان "ساختەكاری" كردووە، وتەبێژەكەی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی ئەوە ڕەتدەكاتەوەو هۆشداریی دەدات ئەگەر ئەو تۆمەتانە بەردەوام بن، حزبەكەی وەڵامی دەبێت.

 

د.بڕیار ڕەشید سەرسوڕمانی خۆی پیشاندا بەتایبەت لە تۆمەتی لایەنە كوردییەكان بۆ یەكێتی لە كەركوك، پێیوابوو ئەگەر شتێكیوا لەو شارە ڕووبدات‌و لایەنێكی كوردی ساختەكاری بكات"كە ڕوویشی نەداوە" هێشتاش هەق نییە لایەنەكان دژایەتی بكەن.

 

دەربارەی هەڵوێستیان بۆ هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان یاخود بڕیاری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن، د.بڕیار ڕەشید وتی"وەكو یەكێتی بێمنەتین چ بە ژماردنەوەی دەنگەكان بێت چ بە دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردن بێت، هەر بڕیارێك كۆمسیۆن بیدات یان دادگای فیدراڵی، بەڵام بەدەر لەو دوو لایەنە دەسەڵاتی كەسی دیكە نییە."

 

لە وەڵامی پرسیارێكی پەرەگراف كە بێمنەتییەكەیان لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت، بڕیار ڕەشید وتی"كە تۆ دڵنیابیت لەخۆت لە هەموو شتێكدا بێمنەت دەبیت."

 

وتەبێژەكەی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی، ڕەخنەی لە ڕێكارەكانی پەرلەمان‌و حكومەتی عێراق گرت دەربارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن‌و بە كاری ئەوانی نەدەزانی، لە وەڵامی ئەوە ئەگەر پەرلەمان ئەمڕۆ ئەوپرسەی كرد بە یاسا؟(ئەم چاوپێكەوتنە چەند كاتژمێرێك بەرلە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ ئەنجامدراوە) وتی"كۆمسیۆن خۆی لێدوانیدا كە ڕێزی هەیە بۆ بڕیارەكانی پەرلەمان، بەڵام ئەوە كاری پەرلەمان نییە. پێم سەیرە پەرلەمان شتێكی ئاوا دەكات، زۆرجار كە شتێكیش زانیت نابێ بەماڵ بەسەرتەوە وەكو موزایەدە دەیكەیت."

 

بڕیار ڕەشید ئەوەشی خستەڕوو، بەرلە هەڵبژاردنیش چەندین تۆمەت ئاڕاستەی حزبەكەی كراوە بۆ دژایەتی‌و ورە ڕوخاندن، وتی"ئامانجیان نییە واقیع بسەلمێنن‌و بگەنە واقیع، ئەمانە بیانوون، دەیانەوێت بەردەوام لە مێشكی خەڵكدا بیهێڵنەوە كە یەكێتی ساختەكاری كردووەو بەم ڕیتمە بڕوات تا ئەوەی بچوكترین نوكتەش بێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەرامبەر یەكێتی بەكاری بهێننەوە."

 

یەكێك لەو ڕێكارانەی بە گەرمی باسدەكرێت كە بگیرێتەبەر، دووبارە هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردنە بەوپێیە باسلەوەدەكرێت هەژماری ئەلیكترۆنی كێشەی دروست كردووە، لە وەڵامی ئەوەی ئایا هەژماركردنەوەی دەستی هیچ لە ئەنجامەكان دەگۆڕێت؟ وتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی وتی"كۆمسیۆن خۆی قسەی لەسەر كردووەو دەڵێت، تاقیكردنەوەمان لەسەر ئامێرەكان كردووەو بەراوردمان كردووە كێشەی نییە."

 

بۆچی یەكێتی وەڵامی تۆمەتەكان ناداتەوە؟

 

ئەوەی لە هەڵبژاردنەكەدا لە سلێمانی ڕوویداوەو لایەنە ناڕازییەكان بە "تەزویرێكی زەبەلاح" ناوی دەبەن، بریتییە لە ئەنجامی وردبینی بۆ وێنەی فۆرمی دەنگدانی سەرجەم دەنگدەرانی سلێمانی كە لەسەر هارد دیسك لە كۆمسیۆنیان وەرگرتووە، وەك ئەو لایەنانە دەڵێن، لەوەدا بۆیان دەركەوتووە 6 كاندیدی دەرچووی یەكێتی "هەریەكەیان بە هەزاران دەنگی بۆ دووبارە كراوەتەوەو ساختەیە" ئەوەشیان وەك بەڵگە پێشكەش بە دەستەی دادوەری هەڵبژاردن كردووە لە بەغداد.

 

وتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی زانیاریی نەخستەڕوو دەربارەی وردبینییەكانی دەزگاكەیان بۆ هارد دیسكەكەو ئەو داتایانەی لەناویدان، قسەكردنی لەسەر ئەو پرسەو وەڵامدانەوەی لایەنە ناڕازییەكانی بە كاری كۆمسیۆن لەقەڵەمدا، بەوپێیەی كۆمسیۆن خۆی داویەتی بەو لایەنانە.

 

"هەر لۆژیكییەن ئەمە ڕێی تێناچێت، كۆمسیۆن شتیوا ناهێنێتەسەر خۆی، ئەوەی دراوە بەوان بەتەئكید خۆشی پێداچوونەوەی بۆكردووە، خۆ كۆمسیۆن كەسێك‌و دوان نییە، لیژنەیەكە نوێنەری گۆڕان‌و لایەنەكانی دیكەی تێدایە، ئەگەر شتێكی ئاوا زەق هەبێت چۆن بەڵگەیەك پێشكەشی ئەوان دەكات‌و شتێكی ئاوا دەخاتە بەردەستیان، بڵێی خۆی پێداچوونەوەی پێدا نەكردبێت؟ بوختان دروست كردن زۆر ئاسانە" د. بڕیار ڕەشید وای وت.

 

دەربارەی ئەوەی حزبەكەی بۆچی وەڵامی ئەو تۆمەتە قورسانەی ساختەكاری ناداتەوە؟ وتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی، وتی"لەبەرئەوەی وەڵامی هەرچی بدەینەوە شتێكی نوێ دێننە پێشەوە، چونكە كێشەكەیان ئەوە نییە واقیعییەن شتێك بسەلمێنن، ئەمە دژایەتی یەكێتییە ئەوەش ئاسانە‌و هەرچی وت دژی بە."

 

پەرەگراف پرسیاری ئەوەی كرد، ئایا بە واقیعی بایی هەشت كورسی دەنگی هەقیقی یەكێتی لەناو سندوقەكانی سلێمانیدا هەیە؟ لە وەڵامدا وتەبێژەكەی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی وتی"ئەی ئەگەر وانەبێت چۆن 8 كورسی دەهێنین؟."

 

لە وەڵامی ئەوەشدا كە تۆمەتبار دەكرێن بەوەی بە ساختەكاری‌و دەنگی دووبارەبووەوە هێناویانە، وتی"كام دووبارە؟ ئێستا منیش دەتوانم بڵێم یەكێتی هەقی خۆی 16 كورسییە، بەڵام لایەنەكان غەدریان لێكردووەو دەنگی یەكێتییان دزیوە، ئەمە قسەیەو زۆر ئاسانە، چۆنە لیستێك كە 2 كورسی هەبێت توانیویەتی بگاتە ئەم بەڵگانەو كۆمسیۆن نەتوانێت بگاتە ئەو بەڵگانە. یەكێتی چ پێوستی بەوەیە، یەكێتی كە لە لوتكەی دەسەڵاتدابووە خۆی هانی هەڵبژاردنی داوەو هەنگاوی بۆناوە."

 

پەرلەمان‌و حكومەتی عێراق بڕیاریانداوە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی دەنگدانی دەرەوەو ئاوارەكان، ئایا یەكێتی ئەمەی قبوڵە؟ د.بڕیار وتی"هیچ كێشەمان نییە، ئەگەر كۆمسیۆن یان دادگای فیدراڵی بڕیار بدەن یەكێتی ناچێت گفتوگۆی لەسەر بكات، چونكە ئەمە ئیشی حزب نییە تەداخولی كاری ئەوان بكات."

 

مەترسی شەڕو توندوتیژی هەیە؟

 

ئێستا هەوڵی لایەنە ناڕازییەكان بەردەوامە بۆ جێبەجێ كردنی بڕیارێك كە ئەو ئەنجامانەی ڕاگەیەندراون تێنەپەڕێن، لە ئەگەری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن یاخود هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان، هەندێك باسلە دروستبوونی توندوتیژی‌و شەڕی ناوخۆ دەكەن.

 

یەكێتی كە هێزێكی چەكدارەو براوەی هەڵبژاردنەكەیە، لە ئەگەری بڕیارێكی لەو شێوەیەدا پێیوایە توندوتیژی لێبكەوێتەوە؟ وتەبێژەكەی دەزگای هەڵبژاردنی ئەو حزبە بەم جۆرە وەڵامی دایەوە، "هەركاتێك بڕیاریوادرا پێویست ناكات قسەی لەسەر بكەین‌و جێبەجێی دەكەین، مێژووی یەكێتی هەوڵدانە بۆ دیموكراسی‌و مۆدێرنكردنی سیستمی هەڵبژاردن‌و لەگەڵ دەنگ‌و ڕەنگ‌و حزبی جیاوازدایە. ئەگەری توندوتیژی‌و شەڕ بەهیچ شێوەیەك نییە."

 

لە كەركوكیش یەكێتی ڕوبەڕوی تۆمەتی ئەنجامدانی ساختەكاری بووەتەوە، د.بڕیار ڕەشید تۆمەتی پێكهاتەكانی عەرەب‌و توركمان بە شتێكی ئاسایی دادەنێت بەرامبەر حزبێكی كوردی، بەڵام سەری سوڕماوە لە تۆمەتی حزبە كوردییەكان.

 

"شتێكی ئاساییە عەرەب‌و توركمان بەردەوام تێبینییان لەسەر كورد هەبێت، ئەوەی مایەی نیگەرانییە حزبەكانی ناو هەرێم قسەلەسەر یەكێتی دەكەن بەرامبەر بە عەرەب‌و توركمان، نازانین ئەمە چۆن وەسف‌و پێناسەی بۆبكەین كە دژایەتی حزبێكی كوردی دەكرێت كە ئەو حزبە بەرگری لە تاكی كورد دەكات."

 

لە وەڵامی ئەوەی ئەگەر ئەو لایەنانە تۆمەتەكەیان ڕاست بێت هەق بە دژایەتییەكەیان نادات؟ وتەبێژەكەی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی وتی"كەركوك شوێنی یەكلایی كردنەوەی ململانێ ناوخۆیی‌و ناوچەییەكانەو هەوڵدان بۆ تەزویركردنی دەنگ لە كەركوك زۆر مەحاڵە، بەلامەوە سەیرە بەو شەڕو كێشەیەی لە ڕابردوو لەكەركوك ڕوویدا ئاوا بەئاسانی قسەیان لەسەر ئەوەبێت یەكێتی بەو ئاسانییە چووە لەوێ تەزویری كردووە."

 

بڕیار ڕەشید كە بەتووندی تۆمەتەكانی ساختەكاریی ڕەتكردەوە كە لەلایەن حزبەكەیەوە ئەنجامدرابێت، وتیشی"لەحاڵەتێكیشدا ئەگەر شتێكی وا ڕوویدابێت كە ڕوویشی نەداوە، لەلایەن حزبێكی كوردییەوە كە لەناو كەركوكدا كردبێتی، ئەم لایەنانە هەق نییە لە حاڵەتێكی ئاواشدا دژایەتی بكەن."

 

یەكێتی لە هەولێرو دهۆك تێبینی هەبووە لەسەر پڕۆسەكەو ڕۆژی هەڵبژاردنەكە ڕێكاری یاسایی گرتووەتەبەر، بەڵام تانەی نەداوە لە ئەنجامەكان‌و وەك وتەبێژەكەیان دەڵێت، بەڵگەیان نییە بیسەلمێنن "ساختەكاریی گەورە" كراوەو ئەوەی هەیە سكاڵاكانی ڕۆژی هەڵبژاردنە كە تۆماریان كردووەو لەسەر بنەمای بەڵگە بووە.

 

لایەنە ناڕازییەكان دەڵێن لە هەولێرو دهۆكیش ساختەكاری بایی چەند كورسییەك كراوە، ئایا یەكێتیش هەمان قسە دەكات؟ بڕیار ڕەشید وتی"پێشبینی ناكەین ساختەكاری بگاتە ئەوەی بایی چەند كورسییەك ساختەكاری بكرێت، ئیشی ئێمە ئەوەیە سكاڵاكانمان بگەیەنینە كۆمسیۆن‌و بەدواداچوونی بۆبكرێت، ئەم لایەنانە شت زۆر دەڵێن بۆئەوەی كورسییەكانیان زیاد بكەن ئامادەن هەموو شتێك بكەن."

 

وتەبێژەكەی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی باسیلەوەشكرد، لایەنە ناڕازییەكان "بە چەكوشێكەوە كەوتوونەتە یەكێتی."

 

وتیشی"ئەمەی ئێستا دەنگی هەقیقی هەموو لایەنەكانە، وەكو یەكێتی چاوەڕێمان كردووە حزبەكان بەپێی كات هێوربنەوەو خۆیان لە واقیعەكە تێگەیشتوون‌و دەزانن بابەتەكە چییەو واز لە موزایەدە بێنن بە تێپەڕبوونی كات‌و بەڵگەكانی كۆمسیۆن كە خستویەتییە بەردەستیان."

 

بڕیار ڕەشید ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر لایەنەكان بەردەوام بن لە دژایەتی حزبەكەی‌و "تۆمەت بەخشینەوە" ئەوكات یەكێتی وەڵامی دەبێت، وتی"چونكە ناتوانێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت، یەكێتی دەنگێكی هەقیقی خۆی هێناوەو ئەم لایەنانە قسەیان لەسەرەو بەردەوام تۆمەت دەبەخشنەوە، تائێستاش یەك خاڵیان لەسەر یەكێتی نەسەلمێندراوە، ئەوكاتە یەكێتی وەڵامێكی دیكەی دەبێت بۆیان."

 

دەربارەی ئەوەی وەڵامەكە چی دەبێت؟ وتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی وتی"وەڵامەكە مەكتەبی سیاسی بڕیاری لەسەر دەدات ئایا ڕێگەی یاسایی چی دەگرێتەبەرو چارەسەر چی دەبێت بۆ ئەمانە، بەردەوام شتی زۆر خەیاڵی‌و منداڵانە دەڵێن، پەنایان بۆ هەمووشتێك بردووە بۆ لەكەدار كردنی یەكێتی، یەكێتی ڕێگای یاسایی هەیە بە ئاسانی دەتوانێت بیگرێتەبەر."