لیژنەیەكی باڵای دادوەری بۆ جێبەجێكردنی یاساكەی پەرلەمان چوونە باڵەخانەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن

07-06-2018 02:07

 

پەرەگراف

 

یاساكەی پەرلەمانی عێراق خرایە بواری جێبەجێ كردنەوەو لیژنەیەكی باڵای دادوەری چوونە ناو باڵەخانەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە بەغداو باڵەخانەكە وەردەگرن‌و ئامادەكاری دەكەن بۆ دانانی 9 دادوەر لە جێگای كۆمسیاران.

 

هاوكات ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لە بەیاننامەیەكدا بانگهێشتی ئەندامەكانی كرد بۆ كۆبوونەوە لە یەكشەممەی داهاتوودا بە مەبەستی دەستنیشانكردنی ئەو 9 دادوەرەی دەخرێنە شوێنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بۆ سەرپەرشتیكردنی دووبارە هەژماركردنەوەی دەنگەكانی هەڵبژاردن بە دەست.

 

ڕێكارەكانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بۆ جێبەجێ كردنی یاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردنە كە دوێنێ پەرلەمانی عێراق پەسەندیكرد، بەپێی یاساكە سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران‌و بەرپرسانی لقەكانی كۆمسیۆن لە پارێزگاكان لەكارەكانیان سڕ كران و دادوەران شوێنیان دەگرنەوە.

 

لە یاساكەدا ئەوەش هاتووە كە لەسەدا 100ی دەنگەكان لە سەرجەم عێراق بەدەست هەژمار دەكرێنەوە بە چاودێری نوێنەری لایەنە سیاسیەكان‌و نەتەوەیەكگرتووەكان‌و كاركردن بە ئامێری ئەلیكترۆنی بۆ هەژماری دەنگەكان ڕەتدەكرێتەوە.

 

هەربەپێی یاساكە ئەنجامی دەنگدانی دەرەوەی عێراق‌و ئاوارەكان‌و جموجوڵی دانیشتوان و دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان هەڵدەوەشێنەوە.

 

وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا خستنەبواری جێبەجێ كردنی یاساكەی ڕاگەیاند، وتی، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری داوا لە سەرجەم ئەندامانی دادگای باڵا دەكات، ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو ئامادەبن بۆ كۆبوونەوە بە مەبەستی دیاریكردنی ئەو دادوەرانەی كە سەرپەرشتیكردنی كارەكانی ئەنجوومەنی كۆمسیارانیان پێدەسپێردرێت.

 

عەبدولستار بەیرەقدار، وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، ئەوەشی خستەڕوو، دادوەرەكان سەرپەرشتیكردنی پڕۆسەی دووبارە ئەژمار و جیاكردنەوەی دەستیی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەكەن، هەروەها ئەركی سەرپەرشتیكردنی نوسینگەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیان لە پارێزگاكان پێدەسپێردرێت.

 

وتەبێژەكەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە بەیاننامەكەیدا، ئاماژە بەوەشدەكات، بەهۆی هەستیاریی ئەو ئەركەی بە دادگا سپێردراوەو بۆ دڵنیاییدان بە ڕایگشتی‌و لایەنە كێبڕكێكارەكان‌و بەمەبەستی ڕێگەنەدان بەهیچ لایەنێك كە بەناوی جۆراوجۆرەوە دەستوەردان یاخود هەوڵبدات كاریگەری لەسەر كاری دادگا بكات ڕێوشوێنی تایبەت دەگرنەبەر، دەڵێت"دادگا وەك كاری خۆی بە ئەمانەت و بێلایەنی تەواوەوە كارەكانی رادەپەڕێنێت و بە یەك ئاست لە هەمووان نزیكە."

 

بەیرەقدار وتیشی"ئەنجوومەنی دادوەریی ڕێگە بەهیچ بەشداربویەكی هەڵبژاردنەكان، یاخود هیچ كەسێكی پەیوەندیداربەوە نادات لە ئەنجوومەنی دادوەری یاخود كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئامادەبێت، یاخود پەیوەندی بە هەر دادوەرێك بكات، ئەوە واتای وایە ئەم بابەتە سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری‌و دادوەرە بەڕێزە پەیوەندیدارەكان دەگرێتەوە. بە هەموو لایەكی ڕادەگەیەنین، تەلەفۆنی سەرجەم دادوەرە پەیوەندیدارە بەڕێزەكان داخراون‌و داواش لە هەموان دەكەین ڕەچاوی دۆخی سەختی كارەكانی دادوەری بكەن."

 

كەمێك دوای ئەو بەیاننامەیە، عەبدولستار بەیرەقدار لە هەواڵێكدا كە ماڵپەڕی فەرمی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بڵاویكردەوە، ئەوەی ڕاگەیاند كە لیژنەیەكی دادوەریی كە پێكهاتوون لە سەرۆكی دەزگای داواكاری گشتی‌و سەرۆكی دەستەی سەرپەرشتی دادوەری‌و یەكێك لە دادوەرە سەرپەرشتكارەكان چوونەتە بارەگای كۆمسیۆن بۆ جێبەجێ كردنی فەرمانی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری‌و گرتنەبەری ڕێكارە لۆجستییەكان بەپێی ئەو یاسایەی دوێنێ لە پەرلەمان پەسەند كرا.