پارتی‌و یەكێتی‌و كۆمسیۆن یاساكەی پەرلەمان ڕەتدەكەنەوەو لایەنە ناڕازییەكان پشتیوانی دەكەن

07-06-2018 05:38
دەنگدانی تایبەت لە وێستگەیەكی سلێمانی/ 10-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

پارتی‌و یەكێتی‌و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەو یاسایە ڕەتدەكەنەوە كە دوێنێ لە پەرلەمان پەسەند كراو سكاڵای لە دژ تۆمار دەكەن، ئەو 6 حزبەش كە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ڕەتدەكەنەوە پشتیوانی یاساكەو هەنگاوەكانی پەرلەمان‌و حكومەت دەكەن بۆ هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان‌و هەڵوەشاندنەوەی بەشێك لە پڕۆسەكە.

 

ئەو یاسایەی دوێنێ لە پەرلەمانی عێراق پەسەند كرا كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە، بەوپێیەی یاساكە لە بەرژەوەندی ئەو لایەنانەدایە كە ئەنجامی ئەلیكترۆنیی هەڵبژاردنەكە لە بەرژەوەندییان نییە، ئەو لایەنانە پشتیوانی یاساكە دەكەن، بە پێچەوانەوە ئەو لایەنانەی براوەی هەڵبژاردنەكەن‌و ئەنجامەكانی پڕۆسەكە لە بەرژەوەندییانە سكاڵا لە دژی یاساكەی پەرلەمان تۆمار دەكەن.

 

ئەو دابەشبوونەی حزبەكان لەبارەی یاساكە لە كاتێكدایە، ئەمڕۆ دەسەڵاتی دادوەری یاساكەی خستەبواری جێبەجێ كردنەوەو لیژنەیەكی باڵای دادوەری چوونە ناو باڵەخانەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە بەغداد بۆ وەرگرتنی باڵەخانەكە‌و جێبەجێ كردنی فەرمانی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری‌و گرتنەبەری ڕێكارە لۆجستییەكان بەپێی ئەو یاسایەی لە پەرلەمان پەسەند كرا.

 

هاوكات ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لە بەیاننامەیەكدا بانگهێشتی ئەندامەكانی كرد بۆ كۆبوونەوە لە یەكشەممەی داهاتوودا بە مەبەستی دەستنیشانكردنی ئەو 9 دادوەرەی دەخرێنە شوێنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بۆ سەرپەرشتیكردنی دووبارە هەژماركردنەوەی دەنگەكانی هەڵبژاردن بە دەست.

 

ڕێكارەكانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بۆ جێبەجێ كردنی یاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردنە كە دوێنێ پەرلەمانی عێراق پەسەندیكرد، بەپێی یاساكە سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران‌و بەرپرسانی لقەكانی كۆمسیۆن لە پارێزگاكان لەكارەكانیان سڕ كران و دادوەران شوێنیان دەگرنەوە.

 

لە یاساكەدا ئەوەش هاتووە كە لەسەدا 100ی دەنگەكان لە سەرجەم عێراق بەدەست هەژمار دەكرێنەوە بە چاودێری نوێنەری لایەنە سیاسیەكان‌و نەتەوەیەكگرتووەكان‌و كاركردن بە ئامێری ئەلیكترۆنی بۆ هەژماری دەنگەكان ڕەتدەكرێتەوە.

 

هەربەپێی یاساكە ئەنجامی دەنگدانی دەرەوەی عێراق‌و ئاوارەكان‌و جموجوڵی دانیشتوان و دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان هەڵدەوەشێنەوە.

 

پارتی‌و یەكێتی‌و كۆمسیۆن لە بەرەیەكدان

 

دوای پەسەندكردنی یاساكە، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لەگەڵ هەریەكە لە پارتی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە لە كوردستان‌و یەكێتی كە براوەی دووەمی پڕۆسەكەیە‌و هیچیان بەشدار نەبوون لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق دەربارەی هەڵبژاردن، یاساكەیان ڕەتكردەوەو بە پێچەوانەی دەستورو یاسا لەقەڵەمیانداو ڕایانگەیاند كە سكاڵای لە دژ تۆمار دەكەن.

 

خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی ڕاگەیاندووە، مافی پەرلەمان نییە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەڵوەشێنێتەوە، بۆی هەیە داوای ژماردنەوەی دەنگ بە ‌دەست بكات و داوای لێكۆڵینەوە بكات، وتی"بەڵام بۆی نییە داوای هەڵوەشاندنەوەی دەنگدان بكات، ئینجا دەنگدانی تایبەتی كوردستانیش بە تەنها، ئەمە‌ڕوونە كە بڕیارێكی سیاسییە، ئەگەرنا بۆ تەنها لە ‌كوردستان دەنگدانی تایبەت هەڵدەوەشێندرێتەو؟‌."

 

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دەشڵێت"ئێمە وەكو پارتی سكاڵای یاسایی تۆمار دەكەین لە ‌دادگای فیدراڵی و لەگەڵ چەند ڕاوێژكارێكی سەرۆككۆمار قسەمان كردووە، بۆ ئەوەی بزانین هەڵوێستی سەرۆككۆمار چی دەبێت سەبارەت بەو هەنگاوەی پەرلەمانی عێراق. جگە لەوەش ڕەنگە پەیامێك بۆ بەغدا ڕەوانە بكرێت ئەگەر ئەوە جێبەجێ بكرێت ئێمە هەڵوێستمان دەبێت."

 

هاوكات موحسین سەعدون پەرلەمانتاری پارتی‌و سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە ‌پەرلەمانی عێراق، بەپێویستی دەزانێت لە دادگای فیدراڵی سكاڵا تۆماربكرێت لە دژی هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێم، دەڵێت"ئەوان بڕیاریان داوە لە هەر پارێزگایەك فەرمانبەر بێنن و دەنگەكان بەدەست ئەژمار بكرێنەوە و داوەرێكیش سەرپەرشتیی دەكات، ئەمە كارێكی ئاساییە، بەڵام بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەنگەكان ئەمە نابێت و مافی ئەوان نییەو هەڵەیەكی گەورەیەو زیاتر سیاسییەو هەندێك لایەنی كورد لە ‌پشت ئەو بڕیارەوەن."

 

سەرۆكی لیژنەی یاسایی ‌پەرلەمانی عێراق ئەوەشدەخاتەڕوو، لایەنە سیاییەكان مافیان هەیە سكاڵا تۆمار بكەن تا دادگای فیدراڵی بچێتەسەرخەت‌و بڕیاری خۆی بدات.
 

 

لەلایەكی دیكەوە سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی فەرمی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە ڕاستەوخۆ كەناڵی ڕووداو گواستیەوە، هەڵوێستی حزبەكەی دەربارەی یاساكەی پەرلەمان خستەڕوو كە دژایەتی تووندی دەكات.

 

سەعدی پیرە وتی"دانیشتنەكە لەسەرەتاوە نایاساییەو دانیشتنی كراوە بووەو نابێت. ناتوانرێت دادوەر دابنرێت لەبری كۆمسیۆنی پارێزگاكان، چونكە ناتوانێت دادوەری بكات‌و ڕۆڵی جێبەجێ كردنیش ببینێت."

 

وتەبێژەكەی یەكێتی هاوشێوەی پارتی بەتووندی دژی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی تایبەت لە هەرێم وەستایەوە، وتیشی"پێمانوایە ئەو نەوعە كاركردنە دەبێتەهۆی نەمانی ئەهمیەتی یاساو دەستور لە عێراق‌و دڵنیام دەبێتە مایەی فیتنەیەكی گەورە. لەلایەن ئێمەو دامەزراوەكانی دیكەی شەرعی لە عێراق تانەی لێدەدرێ‌و ڕێگای لێدەگیرێت."

 

بەپێی یاساكە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن سڕ كراوەو دەسەڵاتی نەماوە بەسەر پڕۆسەكەوە، لە كاردانەوەی یاساكەشدا ئەنجومەنی كۆمسیاران كە باڵاترین دەسەڵاتی هەیە لە ناو كۆمسیۆندا یاساكەی بە پێچەوانەی یاسای كۆمسیۆنەكەو دەستور لە قەڵەمدا.

 

ئەنجومەنی كۆمسیاران لە بەیاننامەیەكدا باسلەوەدەكات، مافی یاسایی‌و دەستوری خۆی بەكاردەهێنێت بۆ تانەدان لە یاساكە، تەئكیدی لە هەماهەنگی تەواو كردەوە لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری بۆ ئاسانكاری كارەكانیان، ئەوەشی ڕەتكدرەوە كە كۆمسیۆن دژی هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان بێت، ئەگەر پاڵپشتی یاسایی هەبێت.

 

6 حزبەكە پشتیوانی دەكەن

 

پەسەندكردنی ئەو یاسایە لە عێراق دوای هەوڵی چڕی لایەنە ناڕازییەكان هات بۆ تێنەپەڕینی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، ئەو لایەنانە پێشتریش سەركەوتووبوون لە تەواوكردنی ڕێژەی یاسایی بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پەرلەمان‌، هەربۆیە پەسەندكردنی یاساكە بە سەركەوتن لە قەڵەم دەدەن.

 

گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ، یەكگرتوو، بزوتنەوەو حزبی شیوعی لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا دەڵێن"پشتگیری خۆمان رادەگەیەنین بۆ ئەو هەنگاوە گرنگ و مێژوییەی ئەنجومەنی نووینەرانی عێراق گرتیەبەر بۆ بەدەنگەوە هاتنی دەنگدەران و لایەنە سیاسیەكان لەسەر تەزویر و ساختە و چەتەیی ئەلكترۆنی بۆسەر دەنگی هاوڵاتیان و دەستكاری ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 12ی 5ی 2018لە عێراق و هەرێمی كوردستان."

 

ئەو 6 حزبە هەڵوێستی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەرز دەنرخێنن‌و دەڵێن"لەكاتی پێویستدا هاتە سەرخەت بۆ هاوكاریی و هەماهەنگی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ریسواكردنی پرۆژەی گەندەڵكارانی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان."

 

پەسەند كردنی یاساكە لە پەرلەمانی عێراق دوای ئەوەهات ڕۆژی پێشتر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە فەرمی دانی بەوەدانا كە لە هەڵبژاردنەكەدا "ساختەكاری" هەبووە‌و ڕاپۆرتی لیژنەی لێكۆڵینەوەی تایبەت بەو پرسەی پەسەند كردو گەشتكردنی لە بەرپرسانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن قەدەغە كرد.