ئەو دادوەرانە دەستنیشانكران كە شوێنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەگرنەوە

10-06-2018 03:18
دەنگدان بۆ پەرلەمانی عێراق لە وێستگەیەكی سلێمانی/ 12-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

دەسەڵاتی دادوەری عێراق 9 دادوەری بۆ شوێنگرتنەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران‌و 18 دادوەری بۆ بەڕێوەبردنی نوسینگەكانی كۆمسیۆن لە پارێزگاكان، دەستنیشانكرد، ئەوەش بۆ جێبەجێكردنی یاساكەی پەرلەمان‌و ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردن.

 

ئەوە لەكاتێكدایە سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە دادگای فیدراڵی تانەی لە یاساكەی پەرلەمانداو بە پێچەوانەی چەند مادەیەكی دەستور لە قەڵەمی دەدات، یەكێك لەو خاڵانەی تانەی لێدراوە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەتە لە هەرێمی كوردستان كە لە یاساكەی پەرلەماندا هاتووە.

 

ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە عێراق كۆبووەوە بۆ جێبەجێكردنی مادەكانی ئەو یاسایەی پەرلەمان پەسەندی كرد دەربارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكە، بەپێی یاساكە كۆمسیاران‌و بەرپرسی لقەكانی كۆمسیۆن لە پارێزگاكان سڕ كران‌و دەبێت دادوەران شوێنەكانیان پڕبكەنەوە.

 

عەبدولستار بەیرەقدار، وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئەمڕۆ ڕایگەیاند، لە دانیشتنەكەدا ئەو دادوەرانە دیاریكراون كە بەكاتیی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان وەردەگرن، ئەوەش بەپێی مادەی 4 لە یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن‌و ئەو دادوەرانەش دەستنیشانكران كە لقەكانی كۆمسیۆن لە پارێزگاكان بەڕێوەدەبەن.

 

دانیشتنەكەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بە سەرۆكایەتی سەرۆكی ئەنجومەنەكە بووە، هەریەكە لە بەڕێوەبەری بازنەی هەڵبژاردنەكان، بەڕێوەبەری گشتی بازنەی كارگێڕیی و بەڕێوەبەری سكاڵاكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان میوانداریی كراون.

 

بەیرەقدار دەڵێت، میوانداریكردنی ئەو بەرپرسانەی كۆمسیۆن بۆ هەڵوەستەكردن بووە لەسەر شێوازی كاری كۆمسیۆن‌و باسكردنی ئەو سكاڵایانەی پێشكەشكراون دەربارەی هەڵبژاردنەكە.

 

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن پابەندبوونی تەواوی خۆی ڕاگەیاندووە لە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری بۆ جێبەجێ كردنی یاسا، لەگەڵئەوەشدا یاسا پەسەندكراوەكەی پەرلەمان ڕەتدەكاتەوەو بە نادەستوری لە قەڵەمی دەدات.

 

لەو چوارچێوەیەشدا مەعن هیتاوی سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، نوسراوێكی ئاڕاستەی سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی كردووەو تێیدا سكاڵای لە دژی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران تۆماركردووەو تانەی لە یاساكەی پەرلەمان داوە.

 

سكاڵاكەی سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیاران وێنەیەكی دەست پەرەگراف كەوتووەو ڕێكەوتی 9-6-2018ی لەسەرە، تێیدا 11 خاڵ دەربارەی یاساكەی پەرلەمان نوسراوەو ئاماژە بە چەندین مادەی دەستوری كراوە كە بەوتەی كۆمسیۆن یاساكەی پەرلەمان پێچەوانەی ئەو مادانەیە.

 

بەپێی یاساكەی پەرلەمانی عێراق، لەسەدا 100ی دەنگەكان لە سەرجەم عێراق بەدەست هەژمار دەكرێنەوە بە چاودێری نوێنەری لایەنە سیاسیەكان‌و نەتەوەیەكگرتووەكان‌و كاركردن بە ئامێری ئەلیكترۆنی بۆ هەژماری دەنگەكان ڕەتدەكرێتەوە.

 

هەربەپێی یاساكە ئەنجامی دەنگدانی دەرەوەی عێراق‌و ئاوارەكان‌و جموجوڵی دانیشتوان و دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان هەڵدەوەشێنەوە.

 

لە خاڵی 7ی تانەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیاران، باسلەوەكراوە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی دەرەوەو ئاوارەكان‌و جموجوڵی دانیشتوان‌و دەنگدانی تایبەت لە هەرێم، "پێچەوانەی مادەی 14ی دەستوری عێراقە" كە باسلەوەدەكات عێراقییەكان یەكسانن لەبەردەم یاسادا.

 

یاساكەی پەرلەمان 6ی ئەم مانگە پەسەندكراو كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە، بەوپێیەی یاساكە لە بەرژەوەندی ئەو لایەنانەدایە كە ئەنجامی ئەلیكترۆنیی هەڵبژاردنەكە لە بەرژەوەندییان نییە‌و ئەو لایەنانە پشتیوانی یاساكە دەكەن، بە پێچەوانەوە ئەو لایەنانەی براوەی هەڵبژاردنەكەن‌و ئەنجامەكانی پڕۆسەكە لە بەرژەوەندییانە سكاڵا لە دژی یاساكە تۆمار دەكەن.

 

ئەو دابەشبوونەی حزبەكان لەبارەی یاساكە لە كاتێكدایە، دەسەڵاتی دادوەری هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی یاساكەی دەستپێكردووە، ئێستا لایەنە ناڕازییەكان چاوەڕوانی بڕیاری دادكای باڵای فیدراڵی دەكەن كە قسەی كۆتایی لەوبارەیەوە بكات‌و كێشمەكێشەكان بەلایەكدا بخات.

 

پارتی‌و یەكێتی دیارترین دوولایەنن كە بەتووندی دژی یاساكە وەستاونەتەوەو سكاڵای لەدژی تۆمار دەكەن، هاوكات 6 حزبی دیكەی هەرێم(گۆڕان، هاوپەیمانی، یەكگرتوو، كۆمەڵ، بزوتنەوەو شیوعی) كە ناڕازین لە ئەنجامە ئەلیكترۆنییەكان پشتیوانی یاساكەو هەنگاوەكانی پەرلەمان‌و حكومەت دەكەن بۆ هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان‌و ئەو هەنگاوانە بە "سەركەوتنێكی گەورە" دەزانن.