بارزانی: بۆ نەهێشتنی گومانەكان ڕازین بە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن

11-06-2018 06:32
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، بۆ نەهێشتنی گومانەكان و خاوێنیی پڕۆسەی هەڵبژاردن، بە هەموو ڕێكارێك ڕازین هەرلە ژماردنەوەی دەنگەكان یاخود بەدواداچوون بۆ سكاڵاكان لەهەر ناوچەیەك تەنانەت دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكانیش، دەڵێت"بەڵام هەوڵدان بۆ یاریكردن بە ئەنجامەكان و هەڵوەشاندنەوەی دەنگی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبوڵ نییە"

 

ئەو وتانەی بارزانی لە میانی كۆبوونەوەیەكیدا هاتووە لەگەڵ دۆگڵاس سیلیمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كە ئەمڕۆ لە سەلاحەدین بەڕێوەچووە، وتەكانی بارزانی‌و ڕازیبوونی پارتی بە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن هاوكاتە لەگەڵ فراوانبوونی ئەو داواكارییە بەتایبەت دوای گڕگرتنی كۆگایەكی هەڵگرتنی سندوق‌و ئامێرەكانی دەنگدان لە بەغداد.

 

بەپێی ماڵپەڕی فەرمی مەسعود بارزانی، لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریكا، بارزانی وتویەتی، تێبینیی زۆریان لەسەر ئەدای كۆمسیۆن و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن‌و دەستكاری ئەنجامەكان‌و ساختەكاری هەیە.

 

ئەوەشی خستوەتەڕوو، پارتی هیچ نوێنەرێكی لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقدا نییە، "بە عەمد ژمارەیەكی زۆری دەنگی پارتیان سووتاند بە تایبەتی دەنگی كەمپەكان و دەنگی خوشك و برا ئێزیدییەكان و ئامانجیش لە سووتاندنی ئەو دەنگانە ئەوە بووە كە ڕێگری بكرێت لەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای نەینەوا دەنگی یەكەم بێت كە لە ڕاستیدا دەنگی یەكەمە."

 

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە حزبەكەی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكەیە لە كوردستان‌و بەپێی ئەنجامە ڕاگەیەندراوەكان 28 كورسی بەدەستهێناوە، لە درێژەی وتەكانیدا بۆ باڵیۆزی ئەمەریكا دەڵێت"بۆ نەهێشتنی گومانەكان و خاوێنیی پڕۆسەكە پارتی بە هەموو ڕێكارێك ڕازی بووە جا چ ژماردنەوەی دەنگەكان بێت یان بەدواداچوون بۆ سكاڵاكان لە هەر ناوچەیەك تەنانەت دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكانیش. بەڵام هەوڵدان بۆ یاریكردن بە ئەنجامەكان و هەڵوەشاندنەوەی دەنگی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبوڵ نییە. ئەوە زوڵمێكە لە پێشمەرگە دەكرێ و پێشمەرگە مافی خۆیەتی و پارێزگاری لە وڵاتەكەی كردووە و حەقی لەسەر هەموو لایەك هەیە و بۆچی دەبێ دەنگی پێشمەرگە بە بێ هۆكار و لەپێناو مەرامی سیاسیی هەڵوەشێندرێتەوە؟."

 

بارزانی كاركردنی بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەنگی پێشمەرگە بە "ئاماژەیەكی مەترسیدار" لەقەڵەمداوەو دەڵێت"كاركردنە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئایندە و چارەنووسی كوردستان بۆیە بە هەموو شێوەیەك لەبەرانبەر ئەو بڕیارە زاڵمانەیە دەوەستینەوە."

 

 

كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی‌و باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق/ 11-6-2018. وێنە؛ ماڵپەڕی فەرمی بارزانی.

 

بەپێی یاسایەك كە پەرلەمانی عێراق پەسەندی كردو دەسەڵاتی دادوەری هەنگاوەكانی جێبەجێ كردنی دەستپێكردووە، دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان هەڵدەوەشێتەوە كە دەنگی پێشمەرگەو هێزەكانی چەكدارەكانی دیكە دەگرێتەوە، لەگەڵ هەڵوەشانەوەی دەنگدانی دەرەوەی عێراق‌و ئاوارەكان‌و جموجوڵی دانیشتوان.

 

هەربەپێی یاساكە، لەسەدا 100ی دەنگەكان لە سەرجەم عێراق بەدەست هەژمار دەكرێنەوە بە چاودێری نوێنەری لایەنە سیاسیەكان‌و نەتەوەیەكگرتووەكان‌و كاركردن بە ئامێری ئەلیكترۆنی بۆ هەژماری دەنگەكان ڕەتدەكرێتەوە.

 

دەربارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، مەسعود بارزانی جەختی كردوەتەوە، ئەوەی بۆ هەرێمی كوردستان ئەولەویەتەو پێویستە لایەنەكان ڕەچاوی بكەن پابەندبوونە بە سێ پڕەنسیپی هاوبەشی‌و تەوافوق‌و هاوسەنگیی لە بوارە جۆراوجۆرەكانی حوكمڕانی، "لەژێر سایەی ئەو سێ پرەنسیپە پێویستە زۆر بە ڕوونی ڕێككەوتن لەسەر بابەت و كێشەكان و پێكهێنانی حكوومەتی تازە بكرێت."

 

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن پابەندبوونی تەواوی خۆی ڕاگەیاندووە كە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری دەكات بۆ جێبەجێ كردنی یاساكەی پەرلەمان، لەگەڵئەوەشدا یاساكە ڕەتدەكاتەوەو بە نادەستوری لە قەڵەمی دەدات.

 

مەعن هیتاوی سەرۆكی كۆمسیۆن بۆئەو مەبەستە سكاڵای لە دادگای فیدراڵی تۆماركردووەو یەكێك لە خاڵەكانی تانەدانی لە یاساكە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەتە كە سەرۆكی كۆمسیۆن بە پێچەوانەی دەستور لەقەڵەمی دەدات.

 

ئەو پێشهاتە نوێیانەو لێدوانەكانی ئەمڕۆی بارزانی لەكاتێكدایە، گڕگرتنی كۆگایەكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە بەغدا كە سندوق‌و ئامێرەكانی دەنگدانی تێدابوو كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو زۆربەی لایەنەكان بە كارێكی "بە مەبەست"‌و مەترسیدار لەقەڵەمیاندا.

 

هەرچەندە حكومەتی عێراق دەڵێت، لە ڕووداوی ئاگركەوتنەوەكەی دوێنێدا ئەو سندوقانەی فۆرمەكانی دەنگدانیان تێدایە نەسوتاون‌و تەنها ئامێرەكانی دیكەی دەنگدان سوتاون لەوانە؛ ئامێری ناسینەوەی پەنجەمۆری دەنگدەر، بەڵام چەند لایەنێك لەناویاندا سەرۆكی پەرلەمانی عێراق‌و ئەیاد عەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی داوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەكەن، ئەوەش وەك ڕێگاچارەی دەرچوون لە قەیرانی هەڵبژاردن.

 

دوای ڕوداوی ئاگر كەوتنەوەكە، حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق فەرمانیدا بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنیی تووند لەسەرجەم پارێزگاكان بۆ پاراستنی سندوقەكانی دەنگدان‌و لێكۆڵینەوە لە ئاگركەوتنەوەكە، عەبادی هەڕەشەی تووندی لەو كەسانەش كرد كە دەیانەوێت پشێوی بنێنەوە.