عەبادی هەڵوێستی كۆتایی ڕاگەیاند دەربارەی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن

12-06-2018 08:53
حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق.

 

پەرەگراف

 

سەرۆكوەزیرانی عێراق تەئكید دەكاتەوە تەنها دادگای فیدراڵی دەتوانێت بڕیار لە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن بدات‌و پەرلەمان‌و حكومەت ئەو دەسەڵاتەیان نییە، دەشڵێت، بەهیچ جۆرێك پشتگیری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن ناكات.

 

هەڵوێستەكەی حەیدەر عەبادی دوای ئەوەدێت داواكارییەكانی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن لە فراوان بووندان، لەسەر ئاستی هەرێم 6 حزبە ناڕازییەكەو لەسەر ئاستی عێراقیش زۆربەی لیستە سونییەكان ئەو داواكارییەیان هەیە لەوانەش هەریەكە لە سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان‌و ئەیاد عەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی.

 

دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو، بەپێی ڕاپۆرتی سەرەتایی ڕووداوی ئاگركەوتنەوەكەی دوو ڕۆژ لەمەوبەری كۆگایەكی كۆمسیۆن لە بەغدا كارێكی بە ئەنقەست بووە، تەئكیدیشیكردەوە پاراستنی كۆگاكان بەرپرسیارێتی كۆمسیۆنەو ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەرو فەرمانی دەستگیركردن بۆچەند كەسێك دەركراوە.

 

"دوو بەڵگە لەسەر بە ئەنقەستی ئەو ئاگرە هەیە، یەكەم؛ شوێنەواری بەنزین هەیە، دووەم؛ ئاگرەكە لە یەك شوێن نەكراوەتەوەو بڵاو ببێتەوە، بەڵكو لەچەند شوێنێك كراوەتەوە، ئەمە ئاگری قەزاو قەدەر نییە" عەبادی وای وت.

 

ڕووداوی ئاگركەوتنەوەكە كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو ژمارەیەكی زۆر ئامێری تایبەت بە دەنگدانی تێدا سووتاو بووەهۆی هەڵكشانی زیاتری داواكارییەكان بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن.

 

عەبادی هەڵوێستی خۆی ئاشكراكرد دەربارەی دووبارە كردنەوەی هەڵبژاردن، لەگەڵئەوەی تەئكیدی كردەوە تەنها دەسەڵاتی دادگای فیدراڵییە بڕیارێكی لەو جۆرە بدات‌و دەسەڵاتی پەرلەمان‌و حكومەت نییە، وتیشی"ئێمە بە هیچ جۆرێك پشتگیری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن ناكەین، مەگەر بڕیارێكی دەسەڵاتی دادوەری بێت."

 

سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، پڕۆسەكە بە دوو قۆناغدا دەڕوات، دەسەڵاتی دادوەری سەیری سەرجەم سكاڵاكان دەكات كە بەدەستیان گەیشتووە، دواتریش دادگای فیدراڵی واژۆ لەسەر ئەنجامەكان دەكات، وتی"هەموو ئەنجامەكان یان بەشێكی یان هیچی."

 

عەبادی باسیلەوەكرد دوو جۆر پڕوپاگەندەی بیستووە دەربارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، "پڕوپاگەندەی یەكەم دەڵێت با دووبارە بكرێتەوەو ئەوەی دووەم دەڵێت با گوێ لە سكاڵاكان نەگیرێت‌و چۆن هاتووە وا بڕوات. ئەمە هەردووكی ڕێوشوێنی خۆی هەیەو مادەم سكاڵا هەیە پێویستە بەپێی یاسا چارەسەر بكرێن."

 

سەرۆكوەزیرانی عێراق داواشیكرد لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن بەردەوام بن لە گفتوگۆكانیان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، ئاماژەی بەوەشكرد نزیكەی 270 كورسی پەرلەمان بەسەر 7 بۆ 8 لیستی براوەدا دابەشبووەو سكاڵاكانی هەڵبژاردنەكە ئەگەر گۆڕانكاریی دروست بكەن لە كورسییەكاندا هەرلە كورسی ئەو لایەنانەدا دەبێت.

 

هەڵوێستەكەی عەبادی لە كاتێكدایە، ڕێكارەكانی دەسەڵاتی دادوەری بۆ جێبەجێ كردنی یاساكەی پەرلەمان بەردەوامەو ئەمڕۆ سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری لەگەڵ ئەو 27 دادوەرە كۆبووەوە كە لە شوێنی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران‌و بەرپرسی نوسینگەی پارێزگاكانی كۆمسیۆن دانراون‌و میكانیزمەكانی جێبەجێ كردنی یاساكەیان تاوتوێ كرد.

 

ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ داواكارییەكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ دادگای فیدراڵی كە تێیدا داوادەكات كاركردن بە یاسا نوێیەكەی پەرلەمان ڕابگیرێت، سەرۆكی كۆمسیۆن تانەی لە یاساكەداوەو بە پێچەوانەی دەستور لەقەڵەمی دەدات، دادگای فیدراڵی كە خاوەنی قسەی كۆتاییە لەوپرسەدا بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەو بابەتە یەكلایی بكاتەوە.

 

بەپێی یاساكە كە پەرلەمانی عێراق پەسەندی كردو دەسەڵاتی دادوەری هەنگاوەكانی جێبەجێ كردنی دەستپێكردووە، ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و بەرپرسی نوسینگەكانی كۆمسیۆن لە سەرجەم پارێزگاكان سڕ كران، هەروەها دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان هەڵدەوەشێتەوە كە دەنگی پێشمەرگەو هێزەكانی چەكدارەكانی دیكە دەگرێتەوە، لەگەڵ هەڵوەشانەوەی دەنگدانی دەرەوەی عێراق‌و ئاوارەكان‌و جموجوڵی دانیشتوان.

 

هەربەپێی یاساكە، لەسەدا 100ی دەنگەكان لە سەرجەم عێراق بەدەست هەژمار دەكرێنەوە بە چاودێری نوێنەری لایەنە سیاسیەكان‌و نەتەوەیەكگرتووەكان‌و كاركردن بە ئامێری ئەلیكترۆنی بۆ هەژماری دەنگەكان ڕەتدەكرێتەوە.