دادگای فیدراڵی ڕەتیكردەوە كاركردن بە یاساكەی پەرلەمان ڕابگرێت

13-06-2018 02:05
دەنگدان لە وێستگەیەكی سلێمانی/ 12-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق 5 داواكاریی ڕەتكردەوە كە ئاڕاستەی كرابوون بۆ دەركردنی بڕیارێك بە مەبەستی ڕاگرتنی كاركردن بە یاساكەی پەرلەمان دەربارەی هەڵبژاردن، بەپێی یاساكە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن سڕ كراوەو سەرجەم دەنگەكان بە دەست هەژماردەكرێنەوە.

 

ئەو هەڵوێستەی دادگای فیدراڵی لەكاتێكدایە، ڕێكارەكانی دەسەڵاتی دادوەری بۆ جێبەجێ كردنی یاساكەی پەرلەمان بەردەوامەو دوێنێ سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری لەگەڵ ئەو 27 دادوەرە كۆبووەوە كە لە شوێنی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران‌و بەرپرسی نوسینگەی پارێزگاكانی كۆمسیۆن دانراون‌و میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی یاساكەیان تاوتوێ كرد.

 

یاساكەی پەرلەمان كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو هەریەكە لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و لایەنە براوەكان دژی وەستاونەتەوە، بەتایبەت پارتی‌و یەكێتی، بۆئەو مەبەستەش تانەیان لە یاساكەداوە، ئەمڕۆش دادگای باڵای فیدراڵی كە خاوەنی قسەی كۆتاییە لەو پرسەدا كۆبووەتەوەو 5 داواكاریی بینیوە كە ئاڕاستەی كراون‌و داوادەكەن كاركردن بە یاساكە ڕابگیرێت.

 

ئیاس ساموك، وتەبێژی دادگای باڵای فیدراڵی، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، دوای تاوتوێكردنی داواكارییەكان دادگای باڵای فیدڕاڵی بۆی دەركەوتووە، "بڕیاردان لەبارەیانەوە پێش هەڵوەستەكردن لەسەر وتەكانی لایەنی بەرامبەر لە داواكاری تانەدان لە بڕیاری یاسای هەمواركردنەوەی سێیەم، بە ئەرێنی یان نەرێنی‌ دەكرێت هەستێك لای دادگا دروستبكات‌ لەبارەی ئەو سكاڵایەی پێشتر تۆماركراوە لەسەر هەمان یاسا."

 

وتەبێژەكەی دادگای باڵای فیدراڵی ئەوەشدەخاتەڕوو، دادگاكەیان تەئكیدی لەوە كردووەتەوە، نەریتە دادوەرییە جێگیرەكان ڕێگە بە دادگا نادەن ڕای خۆی بە ئاشكرا یان بە پەردەپۆشكراوی دەربڕێت‌، لە بارەی ئەو بابەتەی خراوەتە بەردەمی، تا ئەوكاتەی فەرمانی یەكلاكەرەوە لەبارەی خودی یاساكەوە دەردەكات، وتیشی"بۆیە دادگا بە كۆی دەنگ بڕیاریدا بە ڕەتكردنەوەی داوای دەركردنی بڕیارێك بۆ وەستاندنی جێبەجێكردنی فەرمانەكانی یاسای هەمواركردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژادنی ئەنجومەنی نوێنەران."

 

بەدەر لەو 5 داواكارییەی ئاڕاستەی دادگای فیدراڵی كراون بۆ ڕاگرتنی كاركردن بە یاساكەی پەرلەمان، هاوكات چەند تانەیەكیش لەسەر هەمان یاسا لە دادگای فیدڕاڵی تۆماركراون كە داوای هەڵوەشاندنەوەی یاساكە دەكەن بە پاساوی نادەستوری بوونی یاساكە، هەریەكە لە؛ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و پارتی‌و یەكێتی لەو لایەنانەن كە تانەیان لە یاساكە داوە.

 

تائێستا دادگای باڵای فیدراڵی وەڵامی تانەی ئەو لایەنانەی نەداوەتەوە دەربارەی ئەو یاسایەو دەستوەری بوون‌و نادەستوری بوونی ماددەكانی، لایەنە ڕازی‌و ناڕازییەكان بە یاساكە، چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكەن لەوبارەیەوە كە دەبێتە قسەی كۆتایی‌و ئەوەی ئەو دادگایە بڕیاری لێبدات دەبێت جێبەجێ بكرێت، تائەو كاتەی ئەو بڕیارەش دەردەچێت كاركردن بە یاساكەی پەرلەمان بەردەوام دەبێت.

 

بەپێی یاساكە كە پەرلەمانی عێراق پەسەندی كردو دەسەڵاتی دادوەری هەنگاوەكانی جێبەجێ كردنی دەستپێكردووە، ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و بەرپرسی نوسینگەكانی كۆمسیۆن لە سەرجەم پارێزگاكان سڕ كران، هەروەها دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان هەڵدەوەشێتەوە كە دەنگی پێشمەرگەو هێزەكانی چەكدارەكانی دیكە دەگرێتەوە، لەگەڵ هەڵوەشانەوەی دەنگدانی دەرەوەی عێراق‌و ئاوارەكان‌و جموجوڵی دانیشتوان.

 

هەربەپێی یاساكە، لەسەدا 100ی دەنگەكان لە سەرجەم عێراق بەدەست هەژمار دەكرێنەوە بە چاودێری نوێنەری لایەنە سیاسیەكان‌و نەتەوەیەكگرتووەكان‌و كاركردن بە ئامێری ئەلیكترۆنی بۆ هەژماری دەنگەكان ڕەتدەكرێتەوە.