سێ دادوەر بۆ بەڕێوەبردنی نوسینگەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە هەرێم دانران

14-06-2018 07:19
دەنگدان بۆ پەرلەمانی عێراق لە وێستگەیەكی سلێمانی/ 12-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

دەسەڵاتی دادوەری عێراق سێ دادوەری دامەزراند بۆ بەڕێوەبردنی نوسینگەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی‌و دهۆك، بەبێ ئەوەی ناوەكانیان ئاشكرا بكات.

 

دیاریكردنی ئەو سێ دادوەرە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاساكەی پەرلەمانی عێراقە بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 12ی ئایار، بەپێی یاساكە ئەنجومەنی كۆمسیاران‌و سەرجەم بەرپرسی نوسینگەكانی كۆمسیۆن لە 18 پارێزگاكەی عێراق سڕ كران‌و دادوەران لە شوێنەكانیان دانران، كاری سەرەكی دادوەرەكان سەرپەرشتیكردنی پڕۆسەی هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردنە بەپێی یاساكەی پەرلەمان.

 

عەبدولستار بەیرەقدار، وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕایگەیاند، ئەو سێ دادوەرە لە لایەن فائق زیدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراقەوە بۆ بەڕێوەبردنی نوسینگەكانی كۆمسیۆن لە پارێزگاكانی هەرێم دانراون، ئەوەش دوای ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی كوردستانەوە كاندید كراون بۆئەو ئەركە. پێشتر دەسەڵاتی دادوەری عێراق داواكارییەكی لەوبارەیەوە ئاڕاستەی هەرێم كردبوو.

 

بە دیاریكردنی ئەو سێ دادوەرە، لەسەرجەم پارێزگاكانی عێراق‌و هەرێمی كوردستان شوێنی بەڕێوەبەری نوسینگەكانی كۆمسیۆن پڕكرانەوە، پێشتریش ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق 9 دادوەری لە شوێنی 9 ئەندامەكەی ئەنجومەنی كۆمسیاران دانا.

 

دیاریكردنی ئەو سێ دادوەرە بۆ نوسینگەكانی كۆمسیۆن لە هەرێم دوای ئەوەدێت كە دوێنێ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق 5 داواكاریی ڕەتكردەوە كە ئاڕاستەی كرابوون بۆ دەركردنی بڕیارێك بە مەبەستی ڕاگرتنی كاركردن بە یاساكەی پەرلەمان دەربارەی هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان‌و سڕ كردنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن.

 

یاساكەی پەرلەمان كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو هەریەكە لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و لایەنە براوەكان دژی وەستاونەتەوە، بەتایبەت پارتی‌و یەكێتی.

 

ئیاس ساموك، وتەبێژی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، دوێنێ لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، دادگاكەیان تەئكیدی لەوە كردووەتەوە، نەریتە دادوەرییە جێگیرەكان ڕێگە بە دادگا نادەن ڕای خۆی بە ئاشكرا یان بە پەردەپۆشكراوی دەربڕێت‌، لە بارەی ئەو بابەتەی خراوەتە بەردەمی، تا ئەوكاتەی فەرمانی یەكلاكەرەوە لەبارەی خودی یاساكەوە دەردەكات، وتیشی"بۆیە دادگا بە كۆی دەنگ بڕیاریدا بە ڕەتكردنەوەی داوای دەركردنی بڕیارێك بۆ وەستاندنی جێبەجێكردنی فەرمانەكانی یاسای هەمواركردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژادنی ئەنجومەنی نوێنەران."

 

بەدەر لەو 5 داواكارییەی ئاڕاستەی دادگای فیدراڵی كراون بۆ ڕاگرتنی كاركردن بە یاساكەی پەرلەمان كە ڕەتكرانەوە، هاوكات چەند تانەیەكیش لەسەر هەمان یاسا لە دادگای فیدڕاڵی تۆماركراون كە داوای هەڵوەشاندنەوەی یاساكە دەكەن بە پاساوی نادەستوری بوونی یاساكە، هەریەكە لە؛ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و پارتی‌و یەكێتی‌و فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق لەو لایەنانەن كە تانەیان لە یاساكە داوە.

 

تائێستا دادگای باڵای فیدراڵی وەڵامی تانەی ئەو لایەنانەی نەداوەتەوە دەربارەی ئەو یاسایەو دەستوەری بوون‌و نادەستوری بوونی ماددەكانی، لایەنە ڕازی‌و ناڕازییەكان بە یاساكە، چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكەن لەوبارەیەوە كە دەبێتە قسەی كۆتایی‌و ئەوەی ئەو دادگایە بڕیاری لێبدات دەبێت جێبەجێ بكرێت، تائەو كاتەی ئەو بڕیارەش دەردەچێت كاركردن بە یاساكەی پەرلەمان بەردەوام دەبێت.

 

بەپێی یاساكە كە پەرلەمانی عێراق پەسەندی كرد، بەدەر لە سڕ كردنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، هەروەها دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان هەڵدەوەشێتەوە كە دەنگی پێشمەرگەو هێزەكانی چەكدارەكانی دیكە دەگرێتەوە، لەگەڵ هەڵوەشانەوەی دەنگدانی دەرەوەی عێراق‌و ئاوارەكان‌و جموجوڵی دانیشتوان.

 

هەربەپێی یاساكە، لەسەدا 100ی دەنگەكان لە سەرجەم عێراق بەدەست هەژمار دەكرێنەوە بە چاودێری نوێنەری لایەنە سیاسیەكان‌و نەتەوەیەكگرتووەكان‌و كاركردن بە ئامێری ئەلیكترۆنی بۆ هەژماری دەنگەكان ڕەتدەكرێتەوە.