دەمیرتاش: 20 ساڵیش لە زیندان بمهێڵنەوە سەرم لە بەرانبەریاندا دانانەوێنم

18-06-2018 04:30
سەلاحەدین دەمیرتاش لەكاتی پێشكەشكردنی پەیامەكەیدا/ 17-6-2018.

 

پەرەگراف

 

سەلاحەدین دەمیرتاش كاندیدی هەدەپە بۆ سەرۆكایەتی توركیا لە زیندانەوە پەیامێكی ڤیدیۆیی ئاڕاستەی دەنگدەرانی ئەو وڵاتە كردو هۆشدارییدا كە دەنگدان بە ئاكەپە وادەكات چارەنوسی توركیاو هەموو بڕیارەكان تەنیا لە دەستی كەسێكدا دەبێت(ئەردۆغان)، وتی"ئەو شتەی كە ئەمڕۆ دەیبینین تەنیا پێشەكییەكەی ڕژێمی تاكەپیاوییە."

 

دەمیرتاشی تەمەن 45 ساڵ، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، ماوەی 20 مانگە لە زیندانە بە تۆمەتی بوونی پەیوەندیی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە)، پەیامە ڤیدیۆییەكەی لە تەلەفزیۆنی فەرمیی دەوڵەت(تەرتەهابەر) بڵاوكرایەوە، ئەوەش یەكەمجارە لە مێژووی توركیادا كاندیدێكی سەرۆكایەتی لە كەناڵی فەرمی دەوڵەتەوە دەربكەوێت‌و بانگەشە بۆخۆی بكات.

 

لە پەیامەكەیدا هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، داوای لە دەنگدەران كرد دەنگێكیان بۆ هەدەپەو دەنگێكیان بۆ دەمیرتاش بێت، وتی"نەك تەنیا ٢٠ مانگ، ئەگەر ٢٠ ساڵیش من لە زینداندا بهێڵنەوە سەری خۆم لە بەرانبەریاندا دانانەوێنم. لەپێناو ئاشتی و دیموكراتی من بە ناوی ئێوە خۆڕادەگرم."

 

یەكشەممەی داهاتوو دەنگدان لە توركیا دەستپێدەكات بۆ پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی وڵات، حزبە بەشداربووەكان لەوانەش هەدەپە؛ پێویستە لەسەدا 10ی دەنگەكان بەدەستبهێنن ئەوكات دەتوانن بچنە پەرلەمانی ئەو وڵاتە.

 

دەقی پەیامەكەی دەمیرتاش كە ماڵپەڕی فورات نیوزی نزیك لە پەكەكە كردویەتی بە كوردی

 

خوشك و برایانی هێژا

بە گەرمترین خۆشەویستی، بیركردن و هەستەوە سڵاوتان لێ دەكەم. لەم كەمپینی هەڵبژاردنەدا بەداخەوە لە زیندانی پیتی ئێف-ی ئەدیرنە بانگەوازتان ئاڕاستە دەكەم.

 

لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ لەگەڵ ١٢ هەڤاڵی پەرلەمانتار ئێمەیان خستە زیندان. ٢٠ مانگە بەشێوەیەكی بێ حقووقی ئێمە لێرەدا زیندانین. هیچ جارێك دادگاییكردنێكی دادپەروەرانە و‌ بێلایەنانە بەڕێوەنەچوو. لەم ٢٠ مانگەدا، تەنیا ٢ جار چوومەتە‌ بەردەم دادگا. پڕۆسەی دادگاییكردنی من دەكرا بەبێ گرتن بەڕێوەچووبا، بەڵام بەهۆی زەختی سیاسی بڕیاری دیلگرتنی من بەردەوامە. تاوانباركردنی منیش بەهۆی قسەكانمەوەیە، ئەو قسانەی كە زۆر جار ئێوە گوێتان لێ گرتووە. جگە لەمە، هیچ شتێكی دیكە نییە.

 

بەهۆی ئەوەی ئاكەپە لە من دەترسێت، من لێرەم. لێرەدا من گیراوم و لە مەیدانەكان پاشەملێ بوختانم دەكەن. دەربارەی من هیچ بڕیارێكی سزادان نییە، بەڵام وەك تاوانبار ناوم دێنن. بەم شێوەیە دەستووری بنەڕەتی پێشێل دەكەن و بە هەڵە ڕای گشتی ئاگادار دەكەنەوە.

 

بۆ ئەوەی ژیانی خۆشگوزەرانانەی دەسەڵاتدارێتیی خۆیان لەدەست نەدەن، درۆ دەكەن. من ناتوانم لەوە تێبگەم ئەو كەسانەی كە ئەخلاق و ویژدانی خۆیان لەدەستداوە، چۆن دەیانەوێ وڵات بەڕێوەببەن. ئێوە بزانن لە ماوەیەكی كورتدا دەردەكەوێت كە من تاوانبار نیم، تەنیا با دەزگای دادوەری لە بری دەسەڵاتدارێتی پشت بە حقووق ببەستێت.

 

با ئەم شتە لەبیر نەكەن، سەید ڕەزا گوتبووی "من نەمتوانی سەر لە فرتوفێڵی ئێوە دەركەم، ئەمە بۆ من بوو بە دەرد. بەڵام من لە بەردەم ئێوە سەرم دانەنەواند، با ئەمەش بۆ ئێوە ببێتە دەرد!" من سەر لە درۆكانی ئێوە دەردەكەم!

 

ئەگەر زۆرداری و بێ حقووقی تەنیا لەسەر من بوایە، باسی ئەم شتانەم نەدەكرد. بەڵام هەموو ڕۆژێك ئەم زۆرداری و بێ حقووقییە لە دەوروبەری خۆم دەبینم. ئێوە مەغدووری ئەم زوڵمەن. من دەبینم كە ژیانی ئێوە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر تراژیدی دەبێت. دەیانەوێت كۆمەڵگە تووشی‌ ترس، بێ هیوایی و ڕەشبینی بكەن. بۆ ئەوەی ئیدی برا لە برا، دراوسێ لە دراوسێ بە گومان بێت. لەگەڵ ئەمەدا‌ بێكاری، هەژاری، قەیرانی ئابووری و بەرزبوونەوەی بەهای دراوی بیانی ژیانی خنكاندووە. حكوومەتی ئاكەپە هەموو ڕۆژێك لە كۆشك و سەراكانە، بەڵام گەلەكەمان برسییە. بە گیانی منداڵانی ئێمە درێژە بە سیاسەتی شەڕ دەدەن.

 

خوشك و برایانی هێژا

لە ڕژێمە دیموكراتییەكاندا هەڵبژاردن زۆر گرنگە. بەو دەنگەی كە ئێوە دەیدەن، قانوون دادەنرێت و نوێنەرانی خۆتان هەڵدەبژێرن. بڕیاری ئێوە نەك تەنیا بۆ ئەمڕۆ، بەڵكو كاریگەری لەسەر داهاتووی منداڵانیش دەبێت. ئێوە بڕیاری خۆتان دەدەن كە ئایا لە دوای ٢٤ی حوزەیران وڵات بەرەو كوێ بچێت.

 

ئەگەر ئێوە دەنگ بە ئاكەپە بدەن، چارەنووسی وڵات تەنیا لە دەستی كەسێكدا دەبێت، هەموو بڕیارەكانی بەڕێوەبردن، دادگاییكردن و قانوونەكان لە دەستی كەسێكدا دەبێت. هیچ دەزگایەك نابێت كە بتوانێت بچووكترین كێشەكانی ئەو كەسەش ڕاست بكاتەوە، چارەنووسی ٨١ ملیۆن كەس لە دەستی تاكەكەسێكدا دەبێت.

 

دونیا لە كاتێكدا لە ڕێی دیموكراتی پێشدەكەوێت، توركیا بە حكومەتێكی دەرەوەی سەردەمەكە بەتەنیا دەمێنێتەوە و دوور دەبێت لە دیموكراتی. هەموو دەستكەوتە دیموكراتییەكان لە شەوێكدا نامێنن. هیچ شوێنێك نامێنێت كە لە بەرانبەر نادادپەروەریدا ئێمە سكاڵای لەلا بكەین. دادگا و فەرمانگەكانی دەوڵەت بۆ دەردی ئێوە نابنە دەرمان. هەموو شتێك بە گوێرەی كەیف و زەوقی كەسێك دەكرێت. لەو ڕژێمەدا مرۆڤ هەست دەكات كە خەریكە دەخنكێت.

 

من ئەم شتە بە گوێرەی پێشبینییەكانی خۆم ناڵێم، بەڵكو سەیری ڕووداوەكانی ساڵانی ڕابردوو دەكەم و وەها دەڵێم. ئەو شتەی كە ئەمڕۆ دەیبینین تەنیا پێشەكییەكەی ڕژێمی تاكەپیاوییە. بەشی ترسناكی فیلمەكە هێشتا دەستی پێنەكردووە. لە ٢٤ی حوزەیراندا ئێوە بڕیار دەدەن كە ئایا كەشوهەوای ترس دەستپێبكات یان نا.

 

من دەزانم كە بڕیاری ئێوە لەپێناو ئازادی و دیموكراتی دەبێت. ئەم هەڵوێستە بەهادارەی ئێوە، داهاتووی ڕووناكی توركیا مسۆگەر دەكات. بەرلەوەی ئێمە بكەوینە تونێلێكی تاریك، لە بەردەممان فرسەتێكی گەورە هەیە. ئێمە پێكەوە ئەم دەرفەتە بەكاردێنین و وڵات لە دۆخی بەر‌ كەندەڵان ڕزگار دەكەین.

 

با هەڕەشەی شەقاوەكان كە بە والی و قائیمقامەكان، بە دەرفەتەكانی دەوڵەت، بە سزادان و میدیا بانگەشەی هەڵبژاردن دەكەن، ئێوە نەترسێنێت. سەخت نابێت كە مرۆڤ پیشانی ئەو كاراكتەرە سیاسییانەی بدات كە گەل كێیە و هێزی گەل چییە.

 

لە ٢٤ی حوزەیراندا دەنگەكان بۆ هەدەپە و دەمیرتاش بخەنە زەرف و ئەوەی دیكە بۆ ئێمە لێبگەڕێن. ئێوارە كاتێك سندووق كرانەوە دەبینین كە ئەو شەقاوە و ساختەكارانە دەكەونە چ حاڵێك. ئەم دەرفەتە لە بەردەم ئێمەیە كە دەرسێكی باشی سیاسەتمەدارانی بچووك بدەین. بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگی خۆتان بدەن.

 

پێویستە هەڤاڵانی گەنج بۆ چاودێریكردن ئەرك وەرگرن. تا زۆرترین ڕادە من باوەڕم بە گەنجان و ژنان هەیە. دەرفەتەكانی من لێرە زۆر كەمن، بەڵام دەزانم‌ ئێوە بە ناوی منەوە بەشێوەیەكی باش درێژە بە كەمپینی هەڵبژاردن دەدەن. من دەزانم ئێوە خاوەندارێتی لە سندووقەكانی دەنگدان دەكەن.

 

خەمی منتان نەبێت، ئێوە باش بن منیش باش دەبم. نەك تەنیا ٢٠ مانگ، ئەگەر ٢٠ ساڵیش من لە زینداندا بهێڵنەوە سەری خۆم لە بەرانبەریاندا دانانەوێنم. لەپێناو ئاشتی و دیموكراتی من بە ناوی ئێوە خۆڕادەگرم.

 

ئێمە كوردین، توركین، ژن و پیاوین، عەلەوی و سوننین. توڕەیی ئێمە لە بەرانبەر زوڵمە. ئێمە شێخ بەدرەدینین، لایەكی ئێمە پیر سوڵتانە. ئێمە مەزڵوومین، ئێمە دەنیزین. ناوی ئێمە سەعیدە لە مەیدانی دەروازەی چیا. ئێمە حوسێنین لە كەربەلا. لە دوورەوڵات ئەحمەد كایاین، لە زینداندا یڵماز گونەین. جیاوازی ئێمە ئەوەیە تەنیا كەسێك نین، بەڵكو ئێمە زۆر كەسین. ئێمە شان دەدەینە بەر شانی یەكتر.

 

لە ٢٤ی حوزەیراندا دەنگێك بدەنە هەدەپە و دەنگێك بدەنە دەمیرتاش. شانسێك بدەنە ڕووناكی، هیوا، ئارامی و ئاشتی. باوەڕ بەم شتە‌ بێنین و پێكەوە بەدی بێنین.

 

بەم هەستانەوە، بە ڕێزەوە سڵاو لە هەمووتان دەكەم و جەژنی ڕەمەزانتان لێ پیرۆز دەكەم. ئایندەیەكی بەهیوا و بەختەوەر بۆ هەمووتان دەخوازم.