بۆیەكەمجار پەرەگراف "بەشێكی دیكە لە پڕۆسەی ساختەكاریی" هەڵبژاردن لە سلێمانی ئاشكرا دەكات

20-06-2018 04:01
دەنگدانی تایبەت لە وێستگەیەكی سلێمانی/ 10-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

ئەو بەڵگانەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پێشكەشی حزبەكانی كردووە لە پارێزگای سلێمانی جیاوازە لە هەمان بەڵگەكانی كۆمسیۆن كە لە پارێزگای هەولێر دراوە بە حزبەكان، لە سلێمانی هەندێك زانیاریی لە حزبەكان "شاردراوەتەوە"، ئەوەش وەك "بەشێكی دیكەی پڕۆسەی ساختەكارییەكە" لە قەڵەم دەدرێت.

 

لەناو بەڵگەكانی پارێزگای هەولێردا كە لە كۆمسیۆن دراوە بە حزبەكان‌و دەبێت لە سەرتاسەری عێراق بەوجۆرە بێت، بۆ هەر وێستگەیەكی دەنگدان 3 فۆڵدەرو 2 فایل بوونی هەیە، لە 3 فۆڵدەرەكەدا وێنەی سكان كراوی فۆرمی دەنگدانی سەرجەم دەنگدەرانی تێدایە، دەنگی دروست‌و نادروست‌و دەنگە دورخراوەكان جیاكراونەتەوە(دورخراوەكان ئەو دەنگانەن كە بەدەست خراونەتە سندوقەكانەوەو بە ئامێرەكەدا تێپەڕ نەبوون) تائێرە لە پارێزگای سلێمانیش هەیەو دراوە بە حزبەكان.

 

ئەوەی جیاوازە ئەوەیە، لە هەولێر دوو فایلی دیكەش بوونیان هەیەو دراون بە حزبەكان، یەكێكیان(ناوی فایلەكە xml)ە زانیاریی وردی تێدایە لەبارەی وێستگەكانی دەنگدان‌و ژمارەی دەنگدەرو كاتی دەستپێكردن‌و كۆتایی هاتنی دەنگدان‌و ڕێژەی دەنگی بەدەستهاتووی هەر حزب‌و كاندیدێكی تێدا جیاكراوەتەوە، ئەمە لەناو بەڵگەكانی سلێمانیدا كە دراوە بە حزبەكان بوونی نییە.

 

 

وێنەیەك لە فایلی (xml) كە لە هەولێر دراوە بە حزبەكان‌و لە سلێمانی نەدراوە.

 

 

بەشێكی دیكە لە هەمان فایلی (xml) كە دەنگی بەدەست هاتووی حزب‌و كاندیدەكانی تێدا تۆماركراوەو لە هەولێر دراوە بە حزبەكان‌و لە سلێمانی نەدراوە.

 

فایلێكی دیكە كە لەناو فۆڵدەری هەر وێستگەیەكی دەنگدانی پارێزگای هەولێر بوونی هەیە ناوی (log text)ە، ئەم فایلە باركۆدەكانی سەرجەم فۆرمەكانی دەنگدانی ئەو وێستگەیەی تێدایەو لە تەنیشتیەوە كاتی خستنەناو سندوق‌و هەژماركردنی فۆرمەكە تۆمار كراوە، ئەو كاتە تۆماركراوە بە (كاتژمێر، خولەك‌و چركە) بەشێوەی ئەلیكترۆنی ئەو ئامێرە تۆماری كردووە كە لەسەر سندوقەكانی دەنگدان بەسترابوو، ئەم فایلەش لە هەولێر دراوە بە حزبەكان، بەڵام لە سلێمانی نەدراوەو كاتی هەر فۆرمێكی دەنگدان كە خراوەتە سندوقەوە دیارنییە.

 

بە واتایەكی دیكە؛ لە هەولێر دەتوانیت بەو كۆدەی لەسەر هەر فۆرمێكی دەنگدان هەیە ئەو كاتە بدۆزیتەوە كە ئەو فۆرمەی تێدا خراوەتە ناو سندوقی دەنگدان، بەڵام لە سلێمانی ناتوانیت كاتەكان بدۆزیتەوە، لەبەرئەوەی لقی سلێمانی كۆمسیۆن ئەو بەشەی بەڵگەكانی نەداوە بە حزبەكان.

 

وێنەی فایلی (log text)ی قوتابخانەی هاناستی لە حەسارۆك - هەولێر كە تێیدا باركۆدی فۆرمەكانی دەنگدانی تێدایەو كاتی خستنەناو سندوقی فۆرمەكان لە تەنیشتیەوە تۆماركراوە.

 

ئەو بەشەی بەڵگەكان چ پەیوەندییەكی بە ساختەكارییەوە هەیە؟

 

جیاوازی بەڵگەكانی كۆمسیۆن لە نێوان پارێزگای هەولێرو سلێمانی لە كاتێكدایە لە سلێمانی حزبی باڵادەست كە یەكێتی نیشتمانییە تۆمەتباركراوە بە "ئەنجامدانی ساختەكاریی زەبەلاح بەشێوەی ئەلیكترۆنیی"، هەرچەندە یەكێتی بەردەوام ئەو تۆمەتەی ڕەتكردووەتەوە، هاوكات حزبە ناڕازییەكان دەڵێن "ساختەكاری لە هەولێرو دهۆكیش كراوە لەلایەن پارتییەوە، بەڵام بە شێوازی ئەلیكترۆنیی نەبووە."

 

حزبە ناڕازییەكان ئەوەیان خستەڕوو، لەناو ئەو هارد دیسكەی كۆمسیۆن داویەتی بە حزبەكان‌و وێنەی سەرجەم فۆرمەكانی دەنگدانی تێدایە، 6 كەس لە 8 كاندیدە دەرچووەكەی یەكێتی لە سلێمانی هەریەكەیان هەزاران دەنگی هەیە بە یەك فۆرمی دەنگدان كە لە زۆربەی هەرە زۆری سندوقەكانی سلێمانیدا ئەو فۆرمە بە هەمان كۆد بوونی هەیەو دووبارە بووەتەوە.

 

ئەو دەنگە دووبارانەی كاندیدەكانی یەكێتی كە بە دەیان هەزار دەخەمڵێندرێن، پێویستە بۆ هەر یەكێكیان كاتی دەنگدانەكەی تۆماركرابێت وەك ئەوەی بۆ هەر دەنگدەرێكی پارێزگای هەولێرو پارێزگاكانی دیكەش كاتەكەی تۆماركراوە، بەڵام كاتی دەنگدانی هەر دەنگدەرێك لە سلێمانی نازانرێت‌و نەدراوە بە حزبەكان.

 

بە واتایەكی دیكەو بۆ نمونە؛ پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد لە ناوەندیی برایەتی كچان لە سلێمانی، وێستگەی ژمارە 01(هەر وێستگەیەك سندوقێكی دەنگدانە) 225 دەنگی دروست هەبووە، هەریەكە لەو 6 كاندیدەی یەكێتی لەسەر هارد دیسكەكەی كە دراوە بە حزبەكان خاوەنی 9 دەنگن كە هەر 9 فۆرمی دەنگەكانیان یەك كۆدی لەسەرەو 9 جار دووبارە بووەتەوە.

 

لێرەدا دەبێت بۆ سەرجەم ئەو 9 دەنگە دووبارەیەی ئەو 6 كاندیدە، 9 كاتی جیاوازی دەنگدان بوونی هەبێت، چونكە هەر دەنگێك كە دەدرێت فۆرمێكەو لە كاتێكی دیاریكراودا دەخرێتە ناو سندوقی دەنگدان لەگەڵ دەنگێكی دیكەدا جیاوازییان هەیە لەڕووی كاتەوە.

 

بەپێی ئەو بەڵگانەی پەرەگراف لە هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری دەستیكەوتووە، بە ئاسانی دەتوانرێت بۆهەر فۆرمێكی دەنگدان لە پارێزگای هەولێر ئەوكاتە بدۆزرێتەوە كە ئەو فۆرمەی تێدا خراوەتە ناو سندوقی دەنگدانەوە، بەڵام لە سلێمانی ئەوە دیار نییەو لە "حزبەكان شاردراوەتەوە."

 

بەرپرسێكی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری بۆ پەرەگراف وتی"ئەو شاردنەوەیە بەشێكی دیكەیە لە ساختەكارییەكەو هەوڵدانە بۆ ونكردنی تەزویرەكە، چونكە لە بنەڕەتدا دەنگە دووبارەكانی یەكێتی ساختەن‌و كاتی خستنەناو سندوقیان نییەو بە ئەلیكترۆنیی تەزویریان كردووە، بۆیە لەناو بەڵگەكاندا كاتی خستنەناو سندوقی فۆرمەكانی دەنگدان لە سلێمانی نەدراوە بە حزبەكان بۆئەوەی ئەوە ئاشكرا نەبێت كە فۆرمە دوبارەكان كاتی خستنەناو سندوقیان نییە."

 

ئەو بەرپرسە شاردنەوەی ئەو فایلانەی لە سلێمانی وەك "بەشێكی دیكە لە ساختەكاریی" ناوبردو وتی"ئەمە ساختەكارییە لە بەڵگەو نوسراوی فەرمیی دەوڵەت، چونكە لە كۆمسیۆن كراوەو بەڵگەكان لە خودی كۆمسیۆن وەرگیراون."

 

پەرەگراف هەمان ئەو زانیارییانەی لە ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان‌و ناوەندی هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامی پشتڕاست كردەوەو ئەو دوو لایەنەش تێبینی ئەو جیاوازییەیان كردووە لە نێوان بەڵگەكانی كۆمسیۆن لە هەولێرو سلێمانی كە دراوە بە حزبەكان، بەهەمانشێوە شاردنەوەی ئەو دوو فایلەیان كە یەكێكیان كاتی خستنە ناو سندوقی فۆرمەكانی لەسەر تۆماركراوە، بە "بەشێكی دیكە لە ساختەكارییەكە" ناوبرد.

 

كەمال هەمزە، كارگێڕی ناوەندی هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ پەرەگراف ئاماژەی بەوەكرد، ئەو 5 فایلەی لە هەولێر كۆمسیۆن داویەتی بە حزبەكان بۆ هەر وێستگەیەكی دەنگدان، هەرپێنجیان پێكەوە پێناسەیەكی تەواوی دەنگەكانی وێستگەكە دەخەنەڕوو، نابێت فایلەكان كەمیان هەبێت وەك ئەوەی لە سلێمانی دراوە بە حزبەكان‌و دوو فایلی كەمە.

 

كەمال هەمزە وتیشی"دەبێت هەموو پارێزگاكان وەكو یەك بن لە سەرتاسەری عێراق، لە كوێرە دێیەك كە بنكەیەكی دەنگدان هەبێت لەگەڵ بەغدادی پایتەخت فایلەكان وەكو یەك بن، دەبێت هەموو فۆڵدەرەكان كە وەردەگیرێت ئەو 5 شتەی تێدابێت(3 فۆڵدەرو 2 فایل) چونكە دەنگدانەكەو سێرڤەری سیستمەكە مەركەزییە."

 

لە وەڵامی ئەوەی بۆچی لە سلێمانی وانەبووەو ئەو 2 فایلە نەدراوە بە حزبەكان؟ كارگێڕی ناوەندی هەڵبژاردنی كۆمەڵ وتی"ئەكید ئەو پڕۆسەی ساختەكاری‌و یاری پێكردنەیە، یان دەبێت كۆمسیۆن ڕونكردنەوەیەكی بڕواپێكەرمان بداتێ كە بۆچی ئەوە وایە، یان ئەكید دەگەڕێینەوە سەر پڕۆسەی ساختەكاری‌و تەزویر."

 

ڕوونكردنەوەی زیاتر بە وێنە

 

بەپێی ئەو بەڵگانەی كۆمسیۆن داویەتی بە حزبەكان لە پارێزگای هەولێر، پەرەگراف لە هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری وەریگرتووە، فۆرمی دەنگدان بە كۆدی (05310520182674746201) لە قوتابخانەی هاناستی لە حەسارۆك - هەولێر دەنگیداوە بە كاندیدی ژمارە 29ی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان.

 

فۆرمی دەنگدان بە كۆدی (05310520182674746201) كە لە قوتابخانەی هاناستی لە حەسارۆك - هەولێر دەنگیداوە بە كاندیدی ژمارە 29ی لیستی پارتی.

 

كاتێك لەناو فایلی (log text) بۆ ئەو كۆدە دەگەڕێیت دەتوانیت ئەوە دەستنیشان بكەیت كە ئەو دەنگدەرە لە چ كاتێكدا دەنگی داوەو ئەو فۆرمەی خستووەتە ناو سندوقی دەنگدانەكەو ئامێرەكە هەژماری كردووە وەك لە وێنەكەدا دیاریكراوە.

 

 

 

بەڵام لە سلێمانی ناتوانرێت ئەوە دیاریی بكرێت، بۆ نمونە؛ ئەو فۆرمەی بە كۆدی 06120520183013472601 دەنگی پێدراوە بۆ كاندیدی ژمارە 10ی یەكێتی لە سلێمانی، لەناو ئەو هارد دیسكەی دراوە بە حزبەكان هەزاران جار دووبارە بووەتەوە(لەگەڵئەوەی نابێت ئەو كۆدە لەسەرتاسەری عێراق لەسەر هیچ فۆرمێك دووبارە ببێتەوە).

 

هاوكات دەبێت بۆ هەر دەنگێك كاتێكی دیاریكراو هەبێت، واتا ئەو هەزاران فۆرمە دووبارەیەی كاندیدی ژمارە 10ی یەكێتی ئەگەر بە هەقیقی خرابێتنە ناو سندوقەكانی دەنگدان‌و تەنها ئەلیكترۆنیی نەبن، دەبێت بۆهەر یەكێكیان ئەو كاتە تۆماركرابێت كە خراوەتە ناو سندوقەكەوە، بەڵام لەناو بەڵگەكانی كۆمسیۆندا كاتەكانی خستنەناو سندوقی فۆرمەكان لە سلێمانی دیارنین‌و فایلی (log text) نەدراوە بە حزبەكان، ئەوەش پێچەوانەی هەولێرە.

 

 

ئەو فۆرمەی بە كۆدی 06120520183013472601 دەنگی پێدراوە بۆ كاندیدی ژمارە 10ی یەكێتی لە سلێمانی، لەناو ئەو هارد دیسكەی دراوە بە حزبەكان هەزاران جار دووبارە بووەتەوە.

 

بۆ وەرگرتنی ڕای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەربارەی جیاوازیی بەڵگەكان لە نێوان سلێمانی‌و پارێزگاكانی دیكە پەرەگراف پەیوەندیكرد بە هەریەكە لە ڕزگار حەمەمحێدین جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن‌و هاوڕێ تۆفیق بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمسیۆن، بەڵام هیچیان بەردەست نەبوون، لە دوای هەڵبژاردنەوە هیچیان لێدوانیان بۆ ڕۆژنامەنوسان نەداوەو بەردەست نین.