دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كۆتایی بە چاوەڕوانییەكان هێنا دەربارەی هەڵبژاردن

21-06-2018 02:05
كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی عێراق.

 

پەرەگراف

 

دادگای باڵای فیدراڵی كۆتایی بە مشتومڕەكان هێنا لەبارەی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، تەنها ماددەی سێیەمی یاساكەی ڕەتكردەوە كە بەپێی ئەو ماددەیە دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان، ئاوارەكان و جوڵەی دانیشتوان‌و دەنگدانی دەرەوەی وڵات هەڵدەوەشانەوە، دادگاكە ئەو ماددەیەی بە نادەستوری لە قەڵەمداو ئەو دەنگانە هەڵناوەشێنەوە.

 

دادگاكە تەواوی ماددەكانی دیكەی یاساكەی بە دەستوری لە قەڵەمدا كە تیایدا هاتووە؛ هەژماركردنەوەی دەستیی لەسەدا 100ی دەنگەكان لە سەرجەم عێراق‌و سڕ كردنی كۆمسیۆن‌و دانانی ژمارەیەك دادوەر لە شوێنەكانیان.

 

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دانیشتنێكی ئەنجامدا بۆ تاوتوێكردن‌و بڕیاردان لەسەر تانەكانی فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان‌و سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق، كە هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانیان بە نادەستوری ناوبردبوو.

 

لە دانیشتنەكەدا دادگای فیدراڵی بڕیاریدا بە دەستوریبوونی تەواوی ماددەكانی هەمواری یاساكە، جگە لە ماددەی سێیەم نەبێت، بەوپێیەش دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان‌و دەنگی ئاوارەكان‌و جوڵەی دانیشتوان‌و دەنگدانی دەرەوەی وڵات هەڵناوەشێنەوە كە پێشتر یاساكەی پەرلەمان هەڵیوەشاندبوونەوە.

 

دادگاكە جێبەجێكردنی یاساكەی بەسەر هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەمساڵی پەرلەمان پەسەند كرد، بەوپێیەش لەسەدا 100ی دەنگەكان بە دەست هەژمار دەكرێنەوە لە سەرتاسەری عێراق‌و سڕ كردنی كۆمسیۆن‌و دانانی دادوەرەكان لە شوێنەكانیان وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت.

 

پارتی‌و یەكێتی ئەو بڕیارەی دادگا لە بەرژەوەندی خۆیان لە قەڵەم دەدەن كە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت‌(پێشمەرگەو هێزە چەكدارەكانی دیكە)و ئاوارەكانی ڕەتكردەوە، لە بەرامبەردا حزبە ناڕازییەكان پێشوازی لە بڕیارەكانی دیكەی دادگاكە دەكەن‌و لە بەرژەوەندی خۆیان لە قەڵەمی دەدەن بەتایبەت هەژماركردنەوەی دەستیی لەسەدا 100ی دەنگەكان‌و سڕ كردنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و دانانی دادوەر بۆ بەڕێوەبردنی كارەكان. 

 

مەدحەت مەحمود، سەرۆكی دادگای فیدراڵی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بڕیارەكانی دادگاكەی خوێندەوەو ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم دەسەڵاتەكان پابەندن بەوەی بڕیارەكانی دادگا جێبەجێ بكەن، وتیشی"سەرۆكایەتی كۆمار مافی ڕەتكردنەوە یان پەسەندكردنی یاساكانی نییەو دەستور ئەو مافانەی پێنەداوە."

 

بڕیارەكانی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی دوای ئەوەدێت یاساكەی پەرلەمان لە ڕۆژی دەرچوونیەوە ڕێكار بۆ جێبەجێكردنی گیراوەتەبەر لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری عێراقەوە، لەوچوارچێوەیەشدا 9 دادوەر لە شوێنی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دانراون‌و 18 دادوەری دیكەش دیاریكراون بۆ بەڕێوەبردنی نوسینگەكانی كۆمسیۆن لە 18 پارێزگاكەی عێراق.

 

هەرچەندە ئەو دادوەرانە بەپێی یاساكەی پەرلەمان دانراون، بەڵام كارەكانیان سستی پێوەدیاربوو، بەوپێیەی یاساكەی پەرلەمان كاردانەوەی فراوانی لێكەوتبووەوەو هەریەكە لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و سەرۆك كۆمارو پارتی‌و یەكێتی دژی وەستابوون‌و چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵییان دەكرد، ئەمڕۆ دادگاكە كۆتایی بە چاوەڕوانییەكان هێنا.

 

بەپێی بڕیارەكانی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی، لەكاتی بوونی سەرپێچی‌و دەركەوتنی ساختەكاریی، بڕیاردان لە هەڵوەشاندنەوەی دەرئەنجامەكان لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە بە ڕێكارێكی یاسایی لە قەڵەم دەدرێت‌و نادەستوری نییە.