چەند بڕیارێك لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە دەربارەی هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان

23-06-2018 07:43
دەنگدان بۆ پەرلەمانی عێراق لە وێستگەیەكی سلێمانی/ 12-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق(9 دادوەرەكە) كۆبوونەوەو چەند بڕیارێكیان دەركرد تایبەت بە پرسی هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردن، داوا لە بەڕێوەبەری نوسینگەی پارێزگاكان دەكەن شوێنی تایبەت بۆ هەژماركردنەوەكە دیاریی بكەن.

 

ئەنجومەنی كۆمسیاران لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەوەی خستەڕوو، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا بڕیاریانداوە؛ ئەو دادوەرانەی وەك بەڕێوەبەری نوسینگەكانی كۆمسیۆن لە پارێزگاكان دیاریكراون، بەدواداچوون‌و وردبینی بكەن بۆئەو شوێنانەی سندوقەكانی دەنگدان‌و ئامێرە ئەلیكترۆنیی‌و پێداویستییەكانی دیكەی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراقیان تێدا دانراوە.

 

هەروەها شوێنی تایبەت دیاریی بكەن بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان لەگەڵ پێوستی دڵنیابوونەوە لە پاراستنی ئاسایشی شوێنەكان لەڕێی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس‌و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكان لە پارێزگاكان.

 

ئەنجومەنەكە كارەكانی ئەندامانی پێشووی ئەنجومەنی كۆمسیاران‌و بەڕێوەبەری نوسینگەی پارێزگاكانی كۆمسیۆنی ڕاگرت‌و مۆڵەتی ئاسایی یەك مانگی پێدان، لەگەڵ بڕیاردان بە پێدانی سەرجەم كەلوپەلەكانیان بەو دادوەرانەی لە شوێنیان دانراون بەدەر لە چەك‌و باجەكانیان. 

 

ئەنجومەنی كۆمسیاران تەئكید لەوەشدەكاتەوە، هێشتا "ئیعاز"یان نەداوە بە دەستپێكردنی پڕۆسەی هەژماركردنەوەی دەستیی، پڕۆسەكە دەست پێناكات تا ئەوكاتەی سەرجەم پێداویستییەكانی ئامادە دەبن بەپێی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن‌و بڕیاری دادگای فیدراڵی.

 

بڕیارەكانی ئەمڕۆی ئەو دادوەرانەی لە شوێنی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران دانراون، یەكەم بڕیاری ئەنجومەنەكەیە لە دوای سڕ كردنی كۆمسیۆن‌و شوێنگرتنەوەی لەلایەن دادوەرانەوە.

 

ئەو بڕیارانە دوای ئەوەدێن دادگای باڵای فیدراڵی كۆتایی بە مشتومڕەكان هێنا لەبارەی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، تەنها ماددەی سێیەمی یاساكەی ڕەتكردەوە كە بەپێی ئەو ماددەیە دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان، ئاوارەكان و جوڵەی دانیشتوان‌و دەنگدانی دەرەوەی وڵات هەڵدەوەشانەوە، دادگاكە ئەو ماددەیەی بە نادەستوری لە قەڵەمداو ئەو دەنگانە هەڵناوەشێنەوە.

 

ئەنجومەنی كۆمسیاران هەرلە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیدا، بڕیاریداوە بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە دەربارەی گڕگرتنی كۆگاكەی كۆمسیۆن لە بەغدا كە زیانی بە پێداویستییەكانی هەڵبژاردن‌و سندوقەكانی دەنگدان گەیاندو سووتان، بەپێی بڕیارەكە لێكۆڵینەوە لەگەڵ فەرمانبەران‌و ئەو كەسانەدا دەكرێت كە لەوكاتەدا لە شوێنەكە بوون.

 

هەروەها لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكەی ئەمڕۆش دەكرێت كە لە كۆگایەكی كۆمسیۆن لە بەغدا ڕوویداو هەندێك لە ڕەفەكانی ناو كۆگاكە كەوتن‌و بەهۆیەوە فەرمانبەرێك گیانی لەدەستدا.

 

هەرچەندە لەدوای پەسەند كدرنی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن لە پەرلەمان(6-6-2018) 9 دادوەر لە شوێنی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران دانران‌و دواتریش 18 دادوەر وەك بەڕێوەبەری نوسینگەكانی كۆمسیۆن دیاریكران، بەڵام كارەكانیان سستی پێوەدیاربوو، هەتا ئەمڕۆ كە دوو ڕۆژ دوای كۆتایی هێنانە بە چاوەڕوانییەكان دەربارەی یاساكە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە.

 

پارتی‌و یەكێتی ئەو بڕیارەی دادگا لە بەرژەوەندی خۆیان لە قەڵەم دەدەن كە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت‌(پێشمەرگەو هێزە چەكدارەكانی دیكە)و ئاوارەكانی ڕەتكردەوە، لە بەرامبەردا حزبە ناڕازییەكان پێشوازی لە بڕیارەكانی دیكەی دادگاكە دەكەن‌و لە بەرژەوەندی خۆیان لە قەڵەمی دەدەن بەتایبەت هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان‌و سڕ كردنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و دانانی دادوەر بۆ بەڕێوەبردنی كارەكان.