پێكنەهێنانی هاوپەیمانێتی لە نێوان چوار حزبەكە شكستە یان تاكتیكی هەڵبژاردن؟

24-06-2018 08:01
كەسانی یەكەمی چوار حزبەكە.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

چوار لایەنە ناڕازییەكە نەگەیشتنە ڕێككەوتن بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتی‌و دروستكردنی یەك لیست بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەندێك ئەوە بە شكست‌و هەندێكی دیكە بە تاكتیكی هەڵبژاردن ناو دەبەن.

 

گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو هەماهەنگی تەواوهەیە لە نێوانیاندا بۆ ڕوبەڕونەوەی هەر هەوڵێكی ساختەكاری لە پڕۆسەكەدا، ئەو چوار لایەنە بەنیازن دوای هەڵبژاردن لە پەرلەمانی كوردستان كورسییە بەدەست هاتووەكانیان یەك بخەن‌و ببنە "فراكسیۆنێكی بەهێز."

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گفتوگۆكانی نێوان 4 حزبەكە بۆ پەرەگراف تەئكیدی لەوە كردەوە، ئەو 4 حزبە بە یەك لیست بەشداری ناكەن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 30-9 ئەنجامدەدرێت‌و گفتوگۆكانیان لەسەر ئەو پرسە "شكست"ی هێناوە.

 

"ئاڕاستەیەك لەناو گۆڕان‌و ئاڕاستەیەك لەناو كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ یەك لیستیدا نەبوون پێش هەڵبژاردن، پێیانباشبوو ئەو پرسە بكەوێتە دوای هەڵبژاردن‌و لەناو پەرلەمان ئەوكارە بكەن"سەرچاوەكە وای وت.

 

لەگەڵئەوەی گفتوگۆكانی نێوان ئەو 4 حزبە گەیشتووە بە بنبەست بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتی نێوانیان، بەڵام كۆمسیۆن وادەی بەستنی هاوپەیمانێتی درێژكردەوەو سبەینێ دوا وادەی تۆماركردنی هاوپەیمانێتییە.

 

پەرەگراف لە سەرچاوە ئاگادارەكانەوە ئەوەی زانیوە، سەرەتا گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی یەك لیستی بووە لە نێوان هەرچوار حزبەكەدا، كاتێك ئەوە سەركەوتوو نەبووە، هەوڵێكی دیكە دراوە بۆ یەك لیستی لە نێوان گۆڕان‌و هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح، بەڵام ئەوەش سەركەوتوو نەبووە.

 

بۆئەو مەبەستە چەند ڕۆژێك بەرلە جەژنی ڕەمەزان، زیاتر لە 20 بەرپرس‌و كەسایەتی دیار لە گۆڕان‌و هاوپەیمانی كۆبوونەوەیەكی فراوانیان ئەنجامداوەو لە كۆبوونەوەكەدا ڕای زاڵ ئەوەبووە یەك لیستی دروست بكەن، بۆئەوەش هەرلایەك بگەڕێتەوە لای حزبەكەی‌و وەڵامی فەرمی گەڵاڵە بكات.

 

"بەڵام وەكو ڕای فەرمی حزب، گۆڕان ئامادەیی پیشان نەدا‌و ئەو گەرموگوڕییەی لای هاوپەیمانی هەبوو لای گۆڕان نەبوو بۆئەو پرسە" سەرچاوەیەكی ئاگادار وای وت.

 

بەرپرسانی گۆڕان پێیانوایە پێكنەهێنانی هاوپەیمانێتی پێش هەڵبژاردن، كاریگەریی خراپی لەسەر دەنگی لایەنە ناڕازییەكان نابێت، بە پێچەوانەوە هەندێكیان بە "تاكتیكی هەڵبژاردن" ناوی دەبەن، هەندێكی دیكەشیان دەڵێن، "شكست"ی هەوڵەكانەو بۆئەوەش چەند هۆكارێك باسدەكەن.

 

بەرپرسێكی باڵای گۆڕان بۆ پەرەگراف وتی"ئەوە تاكتیكی هەڵبژاردنەو لە ڕووی بەدەستهێنانی دەنگەوە واباشترە یەك لیست نەبین، بەڵام كۆكین لەسەر ئەوەی دوای هەڵبژاردن لەناو پەرلەمان فراكسیۆنێكی بەهێز دروست بكەین."

 

ئەو بەرپرسە زانیاری‌و وردەكاری زیاتری لەبارەی "تاكتیكەكەیان" ئاشكرا نەكرد، وتی"هەماهەنگی تەواومان دەبێت هەروەك بۆ هەڵبژاردنی عێراق هەمان بوو لەڕووی میدیایی‌و چاودێری هەڵبژاردن‌و ڕێگری لە ساختەكاری."

 

ئەوە لەكاتێكدایە بەرپرسێكی دیكەی گۆڕان، پێكنەهێنانی هاوپەیمانێتی بە "شكست"ی گفتوگۆكانی نێوان چوار حزبەكە ناوبرد، وتی"بەشێك لە كۆمەڵ ئامادەنەبوون‌و كێشەیان لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی پێشووی كۆمەڵ هەیە كە ئێستا لەناو هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵحدان‌و پێشیانوایە خۆیان لە ڕووی جەماوەرەوە بە هێزن‌و پێویستیان بە هاوپەیمانێتی نییە‌و دەیانەوێت دەنگی خۆیان بەڕوونی بزانن."

 

ئەو بەرپرسەی گۆڕان وتیشی"بەشێكیش لە گۆڕان گومان‌و دودڵییان هەیە بەرامبەر هاوپەیمانی‌و پێیانوایە تەنها بەرهەم ساڵح خۆیەتی‌و وەك حزب نایناسێنن، سەرئەنجامیش گۆڕان‌و كۆمەڵ یەكتری بەجێناهێڵن‌و ناچنە هیچ هاوپەیمانێتییەك بەبێ یەكتر، هەربۆیە ئەو پرسە سەرینەگرت‌و شكستی هێنا."

 

ئەو چوار لایەنە خاوەنی هەڵوێستی هاوبەش بوون لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق، پێكەوە پڕۆسەكەیان ڕەتكردەوەو ڕایانگەیاند، "ساختەكاریی" تێدا كراوەو دەنگەكانیان "دزراوە"، سەركەوتوو بوون لە هەوڵەكانیان بۆ چەسپاندنی دووبارە ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان‌و كارنەكردن بە ئەنجامە ئەلیكترۆنییەكان.

 

دوای دەركەوتنی ئەنجامە ئەلیكترۆنییەكانی هەڵبژاردنەكەی عێراق، ئەو لایەنە ناڕازییانە داوایانكرد ئەو سیستمە بۆ هەڵبژاردنی كوردستان بەكار نەهێنرێت، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم داواكارییەكەی پەسەند كردو بڕیاریدا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تەكنەلۆجیای ئەلیكترۆنی بۆ هەژماركردن‌و جیاكردنەوەی دەنگەكان بەكار نەهێنرێت، هەوڵەكانیشیان چڕدەكەنەوە بۆ چارەسەركردنی كەموكورتییەكانی هەژماركردن‌و جیاكردنەوەی دەستیی دەنگەكان.