هەدەپە 8 كورسی پەرلەمانی زیادكردو پارتەكەی ئەردۆغان 24 كورسی كەم كرد

25-06-2018 12:40

 

پەرەگراف

 

هەدەپە لە هەڵبژاردنەكەی دوێنێی پەرلەمانی توركیادا توانیویەتی لەسەدا 11.69ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت‌و بەوەش بەربەستی لەسەدا 10ی تێپەڕاندو 67 پەرلەمانتاری دەبێت لە خولی نوێی پەرلەمانی توركیا.

 

ئەنجامی لەسەدا 99.65ی دەنگەكانی هەڵبژاردنەكە جیاكراونەتەوەو پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) لە یانزە شار لە پلەی یەکەمدایە کە زۆربەیان شارەکانی باکوری کوردستانن، ئەگەر هەدەپە كەمتر لەسەدا 10ی دەنگەكانی بهێنایە نەیدەتوانی بچێتە پەرلەمانی توركیا بەپێی سیستمی هەڵبژاردن لەو وڵاتە.

 

هەدەپە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2015 پەرلەمانی توركیا بەهەمانشێوە بەربەستی لەسەدا 10ی تێپەڕاند‌و 5 ملیۆن و 148 هەزار دەنگی بەدەستهێناو 59 كورسی بردەوە، لە هەڵبژاردنەكەی دوێنێدا زیاتر لە 5 ملیۆن و 577 هەزار دەنگی هێناوەو 67 كورسی مسۆگەر كردووە لە 600 كورسییەكەی پەرلەمانی توركیا، بەوپێیەش 8 كورسی زیاد كردووە.

 

هەڵبژاردنەكە لەكاتێكدابوو ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسان‌و هەندێك لە پەرلەمانتارانی هەدەپە لە زیندانەكانی توركیادان، لە ناویاندا سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپەو كاندیدی ئەو پارتە بۆ سەرۆكی توركیا.

 

دەمیرتاش كە لە زیندانەوەو لە ڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەرەوە هەڵمەتی بانگەشەی بەڕێوەدەبرد، توانی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا لەسەدا 8.32ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت كە زیاتر لە 4 ملیۆن دەنگ دەكات.

 

هەڵبژاردنەكەی دوێنێ بۆ پەرلەمان‌و سەرۆكی توركیا ئەنجامدرا، یەكەم هەڵبژاردن بوو لەدوای گۆڕینی دەستور لەو وڵاتەو پەیڕەوكردنی سیستمی سەرۆكایەتی، هەڵبژاردنەكە خەونەكەی ئەردۆغانی بەدیهێناو بووە یەكەم سەرۆكی سیستمە نوێیەكەو زۆرینەی دەسەڵاتەكانی وڵات لەدەستی خۆیدا دەبێت.

 

لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا ئەردۆغان براوەی یەكەم بوو توانی زیاتر لە 52٪ی دەنگەكان بهێنێت، واتە زیاتر لە 25 ملیۆن و 781 هەزار دەنگ، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیشدا پارتەكەی ئەردۆغان(ئاكپارتی) 20 ملیۆن‌و 826 هەزار دەنگی بەدەستهێنا كە دەكاتە 42.54٪ی كۆی دەنگەكان، بەو پێیەش 293 كورسی مسۆگەر كردووە.

 

ئاكپارتی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 2015دا 317 كورسی بەدەستهێنابوو، بەوپێیەش لە هەڵبژاردنەكەی دوێنێدا ئەو پارتە 24 كورسی كەم كردووە.

 

پارتەكەی ئەردۆغان هاوپەیمانی پارتی نەتەوەپەرست(مەهەپە) بوو، پێكەوە توانییان زۆرینەی پەرلەمان ببەنەوە بە بەدەستهێنانی زیاتر لەسەدا 53ی دەنگەكان، بەوپێیەی مەهەپە لەسەدا 11.11ی دەنگەكانی هێناوەو 49 كورسی مسۆگەر كردووە.

 

مەهەپە ساڵی ڕابردوو ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی جیابونەوەو لە هەڵبژاردنەكەی دوێنێدا بەناوی (ئیی پارتی) بەشدارییان كرد، ئەوانیش توانییان لەسەدا 10ی دەنگەكان بەدەست بهێنن‌و 45 پەرلەمانتاریان دەبێت لە پەرلەمانی توركیا.

 

هەروەها پارتی گەلی كۆماری(جەهەپە) لە هەڵبژاردنەكەدا توانی زیاتر لەسەدا 22ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت‌و 147 پەرلەمانتاری دەبێت لە خولی نوێی پەرلەمانی توركیا.