مەترسی داعش لە كەركوك سەرهەڵدەداتەوە‌و دەیان خێزانی كورد كۆچ دەكەن

29-06-2018 05:19
لەدوای نەمانی دەسەڵاتی پێشمەرگە لە ناوچەكانی جێناكۆك، مەترسییەكانی داعش زیاتربوون.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

مەترسی چەكدارانی داعش لە سنوری پارێزگای كەركوك سەریهەڵداوەتەوە، دەیان خێزانی كورد لە گوندەكانی قەزای داقوق لەم هەفتەیەدا كۆچیان كردووەو ماڵەكانیان جێهێشتووە، ئەوانەشی ماونەتەوە بەڕۆژ دەخەون‌و بەشەو پاسەوانی دەكەن‌و خۆیان دەپارێزن.

 

مەترسییەكان دوای ئەوە زیاتربوون كە چەكدارانی داعش شەوی 25ی ئەم مانگە چوونەناو یەكێك لە گوندەكانی ناوچەی حەفتەغار سەربە داقوق، داعشەكان هاوڵاتییەكیان كوشت‌و دوانی دیكەیان بریندار كرد، ئەوەش دوای چەند ڕووداوێكی دیكەی ڕۆژانی پێشتربوو كە داعش لە دژی هێزەكانی عێراق لە سنوری پارێزگای كەركوك ئەنجامیدابوو.

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دۆخی ئەمنیی كەركوك بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، داعش لە زۆر ناوچەی دەرەوەی ناوشاری كەركوك جموجۆڵیان هەیە، بەتایبەت لە سنوری داقوق ژمارەیان زۆرە.

 

ئەو سەرچاوەیە وتی"كاتێك عێراق ناوچەكانی سەربە پارێزگای كەركوكی لە داعش پاككردەوە شەڕی گەورە ڕووینەدا وەكو لای موسڵ تاوەكو داعشەكان بكوژرێن، بەڵكو مانەوە، بەڵام چالاكییان كزبوو، دوای 16ی ئۆكتۆبەر و نەمانی پێشمەرگە لەو سنورانەو گەڕانەوەی هێزە عێراقییەكان، داعش لە گەشەكردندایەو چالاكییەكانیان زیادی كردووە."

 

سەرچاوەكە هۆكاری سەرەكی گەشەی داعشی لەو ناوچە كوردییانە بەستەوە بە نەمانی هێزی پێشمەرگە لەو سنورانە، چەند هۆكارێكی دیكەشی خستەڕوو، وتی"ناوچەكە فراوانەو كۆنتڕۆڵكردنی ئاسان نییە، لەناو هێزە عێراقییەكانیشدا گەندەڵی هەیەو هێزەكان ئینتیمایان بۆ ناوچەكان نییە، هەروەها خەڵكی ئەو ناوچانەش مامەڵە لەگەڵ هێزە عێراقییەكان ناكەن‌و هاوكاریان نین‌و بەهێزی خۆیانیان نازانن."

 

چەمی ڕۆخانە؛ مۆڵگەی سەرەكی داعشەكانی داقوقە

 

دەوروبەری كاتژمێر 9ی شەوی 25ی ئەم مانگە، دەیان چەكداری داعش چوونەناو ئاوایی عەلی كە یەكێكە لە چوار گوندەكەی ناوچەی حەفتەغاری سەربە داقوق، چەكدارەكان لە چەمی ڕۆخانەوە هاتوون كە بەو سنورەدا تێدەپەڕێت.

 

ئەوە یەكەمجار نییە داعش خۆی پیشانی خەڵكی ئەو ناوچەیە دەدات، پێشتر چەندجارێك چەكدارانی داعش چوونەتە ئەو گوندانە، بەڵام ئەمجارەیان جیاوازبووە، جگە لە كوشتن‌و برینداركردنی خەڵكی گوندەكە، داعشەكان بە ژمارەیەكی زۆر خۆیان پیشانی خەڵكەكە داوە.

 

هاوڵاتیەكی ئاوایی عەلی بۆ پەرەگراف وتی"داعشەكان 30 بۆ 40 كەس دەبوون، هەموویان دەموچاویان داپۆشرابوو تەنها یەك كەسیان نەبێت كە ڕیشێكی سووری هەبوو، دانیشتویەكی گوندەكەیان كوشت كە دوكانداربوو لەناو دوكانەكەیدا فیشەكیان پێوەنا دوو كەسی دیكەشیان بەفیشەك بریندار كرد، نازانرێت بۆچی ئەو تەقانەیان كرد، نزیكەی 15 خولەك مانەوەو ڕۆشتن."

 

وەك ئەو هاوڵاتییە باسیدەكات، داعشەكان بە "سەربازی دەوڵەتی ئیسلامی" خۆیان ناساندووەو چەكی جۆری "ئێم فۆر M4" یان پێبووە، پرسیاریان لە چەند گەنجێك كردووە كە كاریان چییەو مەبەستیان بووە بزانن لە ڕیزی هێزە ئەمنییەكاندان یان نا.

 

ئەو ڕووداوە لە كاتێكدایە هەشت مانگە كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە تەواوی عێراقدا ڕاگەیەندراوە، ئەو ڕووداوە جارێكی دیكە ترس‌و دڵەڕاوكێی زۆری لای دانیشتوانی ئەو سنورەو بەتایبەت ناوچەی حەفتەغار دروست كرد كە لە چوار گوند پێكدێن‌و سەرجەمیان كوردن (ئاواییەكانی عەلی، دارا، مەنسور، فەریق).

 

لە دوای ئەو ڕووداوەوە، ئاوایی فەریق بەتەواوی چۆڵكراوە كە نزیكەی 40 ماڵی تێدابووە، لە سێ ئاواییەكەی دیكەش ژمارەیەك خەڵك كۆچیان كردووە، "ئەوانەشی ماونەتەوە بە ڕۆژ دەخەون‌و بەشەو پاسەوانی دەكەن، لە هەر چوار گوندەكەش خەڵكەكە ئامێرە بەنرخەكانیان وەكو دەڕاسەو تراكتۆرو ئۆتۆمبێلەكانیان گواستووەتەوە بۆ لەیلان‌و قادر كەرەم."

 

هەرچەندە لەدوای ڕووداوەكەوە هێزە عێراقییەكان بۆ سنورەكە نێردراون، بەڵام ئەوە نەبووەتە مایەی دڵنیایی خەڵكی ئەو گوندانە، ئەو هاوڵاتییەی ئاوایی عەلی وتی"دوو هامەری سوپای عێراق هاتوونەتە ئێرە، بەڵام ئەوانیش لە خەڵكەكە زیاتر دەترسن، شەوی واهەیە بەبێ هۆ تەقەدەكەن لە ترسی گیانی خۆیان."

 

ئەوەی وایكردووە داعش لە سنوری داقوق‌و ناوچەی حەفتەغار جموجۆڵەكانی زیاتر بێت لە ناوچەكانی دیكە، چەمی ڕۆخانەیە كە ناوچەیەكی چڕە بەدارو درەخت‌و"بووەتە مۆڵگەی چەكدارانی داعش."

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دۆخی ئەمنیی كەركوك، بۆ پەرەگراف وتی"چەمی ڕۆخانە لە داقوق زۆر پان‌و درێژەو بە حەفتەغاردا دەڕوات، ناوچەیەكی زۆر چڕە، تەنانەت لەكاتی حكومەتی بەعسیشدا ئەو ناوچەیە نەتوانراوە بە تەواوی كۆنتڕۆڵ بكرێت."

 

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا هێزە عێراقییەكان تەنها شەقامە سەرەكییەكانی ئەو ناوچانەیان كۆنتڕۆڵ كردووەو توانایان بەسەر تەواوی سنورەكەدا نییە، وتیشی"تەنها جادەی قیر لەژێر كۆنتڕۆڵدایە، ئەوەش لەبەرئەوە بوو كە داعش دەهاتەسەر جادەكان‌و بازگەی دادەناو خەڵكی دەڕفاند، بۆنمونە ئەو ساترانەی پێشمەرگە دروستی كردبوون ئێستا هێزە عێراقییەكانی تێدا نییەو لەژێر دەستی داعشدایە."

 

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، هەرچەندە ناو شاری كەركوك مەترسی لەسەر نییە، بەڵام جموجۆڵی بەردەوامی داعش لە ناوچەكانی دەرەوەی شار، دەبێتە جێگای مەترسی بۆ ئایندە.

 

هاوڵاتیانی كەركوك شەوی ڕابردوویان پڕ لە دڵەڕاوكێ بەڕێكرد

 

لەگەڵ ئەوەی هێزە ئەمنییەكانی كەركوك، دڵنیایی دەدەن لە ئارامی دۆخی ناوشار و پلانێكی نوێ جێبەجێدەكەن، بەڵام ترس‌و دڵەڕاوكێی خەڵك ناوشاری كەركوكیشی گرتووەتەوە.

 

شەوی ڕابردو هێزەكانی پۆلیس خرانە حاڵەتی ئامادەباشی لەسەدا 100وە كە بە (ج) دەناسێنرێت، لە ئەنجامی دڵەڕاوكێی هاوڵاتیان‌و بڵاوبونەوەی ترسی هێرشكردن، ئەوەش بەوتەی سەرچاوەیەكی ئەمنیی ئاگادار بەهۆی گومانی نیەتی داعش بووە بۆ هێرشی سەر فڕۆكەخانەو قەزای حەویجە، بەڵام "ئەوە خەونێكە بەدینایەت و كەركوك ئارامە."

 

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی دووی دژەتیرۆری عێراق لە كەركوك، شەوی ڕابردوو لە تویتەر داوای لە خەڵك كردووە بڕوا بە پڕوپاگەندەو هەواڵی ناڕاست نەكەن، چونكە دۆخی شارەكە ئارامەو لەلایەن فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە ڕاسپێردراون بۆ ئۆپەراسیۆن دژی چەكداران‌و لەگەڵ هێزەكانی تری شارەكە، دەستیان بە جێبەجێكردنی پلانی ئەمنیی كردووە بۆ پاراستنی زیاتری كەركوك‌و دەوروبەری.