هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان لە كەركوكەوە دەستپێدەكات

30-06-2018 07:34
دەنگدانی تایبەت لە وێستگەیەكی سلێمانی/ 10-5-2018. وێنە؛ پەرەگراف.

پەرەگراف

 

پڕۆسەی جیاكردنەوەو هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق ڕۆژی سێ شەممەی داهاتوو لە شاری كەركوكەوە دەستپێدەكات، پڕۆسەكە تەنها ئەو سندوقانە دەگرێتەوە كە سكاڵایان لەسەرەو تانەیان لێدراوە لەلایەن حزبەكانەوە.

 

ئەوە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ تەمەنی یاسایی پەرلەمانی عێراق كۆتایی هات‌و پەرلەمان كۆتایی بەكارەكانی هێناو سەركەوتوو نەبوو لە جارێكی دیكە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن‌و چەسپاندنی هەژماركردنەوەی دەستیی لەسەدا 100ی دەنگەكان كە هەندێك لایەن داوایان دەكرد.

 

دادوەر لەیس جەبر حەمزە، وتەبێژی فەرمی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەمڕۆ ڕایگەیاند، دوای 3 ڕۆژ كۆبوونەوەی بەردەوام كۆمسیۆن بڕیاریداوە لە ڕۆژی سێ شەممەی داهاتووەوە هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان دەستپێبكات بەپێی هەموار سێیەمی یاسای هەڵبژاردن.

 

وتەبێژەكەی كۆمسیۆن ئەوەشی خستەڕوو، ئەو وێستگەو بنكانە دیاریی دەكرێن كە پڕۆسەی جیاكردنەوەو هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكانیان تێدا بەڕێوەدەچێت لەسەرجەم پارێزگاكان،  ئەوەش لەسەر بنەمای سكاڵاو تانەو ڕاپۆرتە فەرمییە پەیوەندیدارەكان.

 

"پڕۆسەی جیاكردنەوەو هەژماركردنی دەستیی دەنگەكان دەستپێدەكات لە ڕۆژی سێ شەممە 3-7-2018 بە ئامادەبوونی ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە چوارچێوەی نوسینگەكانی هەڵبژاردنی هەر یەكە لە پارێزگاكانی كەركوك، سلێمانی، هەولێر، دهۆك، نەینەوا، سەڵاحەدین‌و ئەنبار یەك لە دوای یەك، لە پارێزگای كەركوكەوە دەستپێدەكات لەو ڕێكەوتەدا. دەربارەی پارێزگاكانی دیكە بەپێی ئەو كاتانە دەبێت كە كۆمسیۆن دیاریی دەكات. ئەو سندوقانەشی نێردراون بۆ بەغداد جیاكردنەوەو هەژماركردنەوەیان لە بەغداد دەبێت" وتەبێژی كۆمسیۆن وادەڵێت.

 

كەركوك كە سەرەتای پڕۆسەی بەدەست هەژماركردنەوەكە لەوێوە دەستپێدەكات، یەكێكە لەو پارێزگایانەی ئەنجامی ئەلیكترۆنیی هەڵبژاردنەكە زۆرترین ناڕەزایی لێكەوتەوەو پێكهاتەكانی عەرەب‌و توركمان ئەنجامەكەیان ڕەتكردەوەو خۆپیشاندان‌و ناڕەزایی فراوانیان ئەنجامدا.

 

بەپێی ئەنجامە ئەلیكترۆنییەكە، لە كەركوك لەناو حزبە كوردییەكاندا تەنها یەكێتی توانیویەتی كورسی بەدەست بهێنێت كە 6 كورسییەو نیوەی كورسییەكانی پارێزگاكەیە، ئەوەش وایكرد حزبە كوردییەكانی دیكە هاوشێوەی عەرەب‌و توركمان ئەنجامەكان پەسەند نەكەن.

 

وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە لێدوانەكەی ئەمڕۆیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، جیاكردنەوەو هەژماركردنەوەی دەستیی بۆ سەرجەم دەنگەكانی وڵاتانی (ئێران، توركیا، بەریتانیا، لوبنان، ئوردن، ئەمەریكا‌و ئەڵمانیا) ئەنجامدەدرێت‌و ڕێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر بۆ گواستنەوەی سندوقی دەنگەكانی ئەو وڵاتانە بۆ شاری بەغداد.

 

دادوەر لەیس جەبر ئاماژە بەوەشدەكات، پڕۆسەكە بە ئامادەبوونی چاودێرانی نەتەوەیەكگرتووەكان، باڵیۆزخانە بیانییەكان، نوێنەری لایەنە سیاسییەكان، چاودێرانی نێودەوڵەتی‌و ناوخۆیی‌و میدیاكاران بەڕێوەدەچێت‌و وەزارەتەكانی بەرگری‌و ناوخۆ ئاسایشی پڕۆسەكە دابین دەكەن.

 

لەدوای پەسەندكردنی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن لە پەرلەمان(6-6-2018) كۆمسیۆنی هەڵبژاردت سڕ كراو 9 دادوەر لە شوێنی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران دانران‌و دواتریش 18 دادوەر وەك بەڕێوەبەری نوسینگەكانی كۆمسیۆن لە پارێزگاكان دیاریكران، ئەو دادوەرانە سەرپەرشتی پڕۆسەی جیاكردنەوەو هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان دەكەن.