یەكێتی گومانی لە تەقینەوەكانی كەركوك هەیەو داوادەكات سندوقەكانی دەنگدان بگوازرێنەوە بۆ بەغداد

01-07-2018 05:28
ئاسەواری تەقینەوەكەی ئەمڕۆی نزیك كۆگای هەڵگرتنی سندوقەكانی دەنگدان لە كەركوك. وێنە؛ كەركوك ناو.

 

پەرەگراف

 

یەكێتی گومانی لە تەقینەوەكانی ئەمڕۆی كەركوك هەیە كە پەیوەندیداربن بە پرسی هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردن‌و دەستكاریكردنی سندوقەكانی دەنگدان، داوادەكات سندوقەكان بگوازرێنەوە بۆ بەغدادو لەوێ بكرێنەوە.

 

دوو تەقینەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە كەركوك ڕویانداو بەهۆیانەوە كوژراو و بریندار هەیە، تەقینەوەی یەكەم خۆكوژی بووەو بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو لە نزیك عەلوی كەركوك لە ڕێگای بەغداد ڕویداوە كە نزیكە لە كۆگای هەڵگرتنی سندوقەكانی دەنگدان، تەقینەوەی دووەمیش لەسەر هەمان ڕێگاو بە بۆمبی چێندراو ئەنجامدراوە.

 

لیوا ڕوكن مەعن سەعدی، فەرماندەی سەپاندنی یاسا لە كەركوك لەبارەی تەقینەوەكەوە ڕایگەیاند "تیرۆرستێكی تاوانبار بە ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوەوە ویستی بچێتە نێو كۆگاكانی هەڵگرتنی سندوقەكانی دەنگدان، بەڵام بەهۆی ئاگایی و هۆشیاری پاڵەوانانمان شكستی پێهێنراوە و ڕێگایان پێنەدرا بچنە نێو كۆگاكانەوە."

 

تەقینەوەكە لە كاتێكدایە بڕیارە ڕۆژی سێ شەممەی داهاتوو پڕۆسەی جیاكردنەوەو هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 12ی ئایار لە شاری كەركوكەوە دەستپێبكات، ئەمڕۆش دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن لە دادگای تەمیز تەئكیدی لە بڕیارەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كردەوە كە پڕۆسەكە تەنها ئەو سندوقانە دەگرێتەوە كە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوەو سەرجەم سندوقەكان ناگرێتەوە.

 

كەركوك كە سەرەتای پڕۆسەی بەدەست هەژماركردنەوەكە لەوێوە دەستپێدەكات، یەكێكە لەو پارێزگایانەی ئەنجامی ئەلیكترۆنیی هەڵبژاردنەكە زۆرترین ناڕەزایی لێكەوتەوەو پێكهاتەكانی عەرەب‌و توركمان ئەنجامەكەیان ڕەتكردەوەو خۆپیشاندان‌و ناڕەزایی فراوانیان ئەنجامدا.

 

بەپێی ئەنجامە ئەلیكترۆنییەكە، لە كەركوك لەناو حزبە كوردییەكاندا تەنها یەكێتی توانیویەتی كورسی بەدەست بهێنێت كە 6 كورسییەو نیوەی كورسییەكانی پارێزگاكەیە، ئەوەش وایكرد حزبە كوردییەكانی دیكە هاوشێوەی عەرەب‌و توركمان ئەنجامەكان پەسەند نەكەن.

 

یەكێتی گومانی هەیە كە دەستكاریی سندوقەكانی دەنگدان كرابن لە كەركوك لە دوای هەڵبژاردن، ئەمڕۆش تەئكیدی لەو گومانە كردەوەو داوایكرد سندوقەكان بگوازرێنەوە بۆ بەغدادو لەوێ بكرێنەوە.

 

ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و بەرپرسی مەڵبەندی ئەو حزبە لە كەركوك، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گومانی حزبەكەی خستەڕوو دەربارەی تەقینەوەكانی ئەمڕۆو دەستكاریكردنی سندوقەكانی دەنگدان.

 

بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك باسیلەوەكرد، ئەو لایەنانەی سكاڵایان لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن هەبووە لە كەركوك پێشتر ڕەزامەندییان پیشانداوە سندوقەكان ببرێنە بەغدادو لەوێ بكرێنەوە، بەڵام دواتر بەوە ڕازیی نەبوون، وتی"بەمەرامێك نەیانهێشت ئەو سندوقانە بڕوات بەرەو بەغداد، بۆماوەی 27 ڕۆژ ئەو سندوقانە لەلایەن لایەنێكی پەیوەندیدارو هەندێك خەڵكی كۆمسیۆن كە پەیوەندی بەو لایەنەوە هەبوو، كۆنتڕۆڵی سندوقەكان‌و كۆگاكانی كەركوكیان كردبوو."

 

ئاسۆ مامەند كە پشتیوانی حزبەكەی بۆ بڕیارەكانی كۆمسیۆن‌و دادگا دووپاتكردەوە، باسیلەوەكرد لەگەڵئەوەی تەقینەوەكەی ئەمڕۆی كەركوك خۆكوژی بووە، بەڵام ئەوان گومانیان هەیە بۆ دوو مەبەست بووبێت.

 

بەوتەی ئەو، یەكەمیان بۆئەوە بووبێت سندوقەكانی دەنگدان كە لەژێر دەستی لایەنێكی پەیوەندیدار بووە‌و یەكێتی گومانی هەیە دەستكاری كرابن، بەهۆی تەقینەوەكەوە پشێویی دروست بكرێت‌و دواتر بڵێن، "دەستكارییەكە پەیوەندی بەو تەقینەوەوە هەیە."

 

گومانی دووەمی یەكێتی دەربارەی تەقینەوەكە ئەوەیە كە كاریگەریی دروست بكات لەسەر فەرمانبەرانی كۆمسیۆن، بەتایبەت كوردەكان كە "دورخراونەتەوە"، بۆئەوەی ئاگایان لە كارەكان نەبێت‌و نەتوانن چاودێریی پڕۆسەی هەژماركردنەوەكەو قوفڵی سندوقەكان بكەن.

 

ئاسۆ مامەند وتیشی"داوا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەكەین بەزوترین كات سندوقەكان بگوازرێنەوە بۆ بەغدادو لەوێ لەپێش چاوی خەڵك بكرێنەوە كە ئێمە گومانمان هەیە دەستكاریی كرابن."