هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان لە دۆخێكی ئاڵۆزدا لە كەركوك بەڕێوەدەچێت

02-07-2018 08:08
كه‌ركوك، نیسانی 2018، هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق. وێنە؛ كه‌ركوك ناو.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

ئەو دادوەرانەی لە شوێنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دانراون، لە دۆخێكی ئاڵۆزدا لە كەركوك، سبەینێ دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆسە هەستیارەكە دەكەن كە جیاكردنەوەو هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی عێراقە.

 

یەكێتی كە بەپێی ئەنجامی ئەلیكترۆنیی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكەیە لەو پارێزگایە، ئامادەكاریی بۆ پڕۆسەكە كردووەو تەواوی بنكەو بارەگا حزبییەكانی لە كەركوك خستووەتە ئینزارەوەو ئەندامەكانی ئاگادار كردووەتەوە سبەینێ سەرجەمیان دەوام بكەن.

 

"دۆخەكە ئاڵۆزەو هەرلایەو شمشێری خۆی ڕاكێشاوە، ئێمەش لای خۆمانەوە ئامادەكاریمان كردووە" بەرپرسێكی یەكێتی لە كەركوك بۆ پەرەگراف وای وت، وتیشی"ئەوەندەی عەرەبەكان لە ناوچەكانی خۆیاندا سكاڵایان لەسەریەكتر تۆماركردووە لەسەر كورد تۆماریان نەكردووە."

 

پڕۆسەی جیاكردنەوەو هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان تەنها ئەو سندوقانە دەگرێتەوە كە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە، ئەو بەرپرسەی یەكێتی وتی"پڕۆسەكە نزیكەی 300 سندوق دەگرێتەوەو هی ناوچەكانی حەویجەشی زۆر تێدایە، حزبە كوردییە دۆڕاوەكان‌و توركمانەكان توندن بەرامبەر ئێمە، تورکمان سكاڵایان لەسەر ئەو سندوقانە هەیە كە یەكێتی دەنگی زۆری تێدا هێناوە."

 

كەركوك یەكێكە لەو پارێزگایانەی ئەنجامی ئەلیكترۆنیی هەڵبژاردنەكە زۆرترین ناڕەزایی لێكەوتەوەو پێكهاتەكانی عەرەب‌و توركمان ئەنجامەكەیان ڕەتكردەوەو خۆپیشاندان‌و ناڕەزایی فراوانیان ئەنجامداو "داوای گەڕانەوەی دەنگەكانیان" دەكەن، توركمانەكان زۆر توندن لەسەر ئەو پرسە بۆماوەیەكیش دەستیان بەسەر سندوقەكانی دەنگداندا گرتبوو.

 

بەپێی ئەنجامە ئەلیكترۆنییەكە، لە كەركوك لەناو حزبە كوردییەكاندا تەنها یەكێتی توانیویەتی كورسی بەدەست بهێنێت كە 6 كورسییەو نیوەی كورسییەكانی پارێزگاكەیە، ئەوەش وایكرد حزبە كوردییەكانی دیكە هاوشێوەی عەرەب‌و توركمان ئەنجامەكان پەسەند نەكەن، ئەوانیش دەڵێن، دەنگە "دزراوەكان"یان دەوێتەوە.

 

6 كورسییەكەی دیكەی پارێزگاكە دابەشبوون بەسەر عەرەب‌و توركمانەكاندا، هاوپەیمانی عەرەبی 3 كورسی‌و بەرەی توركمانی 3 كورسییەكەی دیكەیان بردەوە، كورسییەكیش بۆ كۆتای مەسیحییەكان بوو.

 

3 كاندیدە دەرچووەكەی توركمانەكان دوانیان شیعە مەزهەبن، ئەوەی دیكەیان ئەرشەد ساڵحییە، هاوكات حەسەن تۆران كە بەهەمانشێوە لەناو بەرەی توركمانیدایەو كاندید بوو، دەرنەچووە ئەوەش زیاتر هۆكاری ناڕەزایی توركمانەكانە.

 

بەرپرسەكەی یەكێتی وتی"ئەرشەد ساڵحی‌و حەسەن تۆران بەرەی توركمانین كە لە چەند حزبێك پێكهاتووەو هەر بڕیارێك بدەن هی هەردووكیانە، بەڵام كە حەسەن تۆران دەرنەچووە، ئەرشەد قوڕی بۆ گیراوەتەوە‌و توركمانەكان‌و وڵاتی توركیاش پێی دەڵێن، تۆ دوو شیعەی توركمانت هێناوەتە ناو لیستەكەوە بۆ ئەوان دەرچوون‌و حەسەن دەرنەچووە."

 

فرە پێكهاتەیی لە كەركوك دۆخێكی هەستیاری بەو پارێزگایە بەخشیوە، بەدەر لە ململانێی ناوخۆیی، وڵاتانی دەرەوەش هەژموونیان لەو شارە دەوڵەمەند بە نەوتەدا هەیە، ئەوەش لەڕێی پێكهاتەكانەوە.

 

دۆخەكە بەجۆرێكە كەركوك تاكە پارێزگای عێراقە وڵاتانی دەرەوە بە فەرمی هاتبنەسەرخەت دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی 12 ئایار، ئەوەش كاتێك ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لەگەڵ موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر ئەنجامدا كە هاوكات براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكەیە لەسەر ئاستی عێراق.

 

لەو پەیوەندییەدا ئەردۆغان باسیلە ناڕەزایی توركمانەكان كرد دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە لە كەركوك كە دەڵێن"هەندێك ساختەكاری كراوە و ستەمیان لێكراوە" هەربۆیە سەرۆكی توركیا داوای لە سەدر كرد پشتیوانی پێویست پێشكەش بكات بۆ "دۆزینەوەو چاككردنی ئەو ساختەكاریانە."

 

یەكێتی كە براوەی سەرەكییە لە شارەكە چەندینجار گومانی خۆی پیشانداوە كە دەستكاریی سندوقەكانی دەنگدان كرابن لە دوای هەڵبژاردنەكەوە، بەتایبەت لەو ماوەی 27 ڕۆژەی سندوقەكان لەژێر كۆنتڕۆڵی توركمانەكاندا بووە كە خاوەن هێزی چەكداری تایبەت بە خۆیانن لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا.

 

هەربۆیە دوێنێ لە كاردانەوەی تەقینەوەكانی ئەو شارەدا كە یەكێكیان خۆكوژی بووەو كۆگای هەڵگرتنی سندوقەكانی دەنگدانی كردبووە ئامانج، یەكێتی داوایكرد سندوقەكان بگوازرێنەوە بۆ بەغدادو لەوێ بكرێنەوە، بەڵام داواكارییەكەی بەهەند وەرنەگیرا.

 

ئەنجومەنی كۆمسیاران كە 9 دادوەرن لەگەڵ ئەو دادوەرەی لەهەر پارێزگایەك دانراوە وەك بەڕێوەبەری نوسینگەی كۆمسیۆن، پێكەوە سەرپەرشتی پڕۆسەی هەژماركردنەوەكە، بۆئەو مەبەستە سبەینێ دادوەرەكان لە كەركوك ئامادە دەبن.

 

ئێستا دۆخی كەركوك بەجۆرێكە تەنها یەكێتی بە ئەنجامی ڕاگەیەندراوی هەڵبژاردنەكە ڕازییە، ئەگەر هەژماركردنەوەی دەستیی گۆڕانكاریی لە ئەنجامەكەدا پیشانبدات، ئەوكات دۆخەكە پێچەوانە دەبێتەوەو یەكێتی دەبێتە لایەنی ناڕازیی.

 

"ئێمە چۆن قبوڵی گۆڕینی ئەنجامەكان بكەین لەكاتێكدا سندوقەكان زیاتر لە 3 هەفتە لەژێر دەستی هێزە چەكدارەكانی توركماندا بوون، تەنانەت كارمەندەكانی كۆمسیۆنیشیان دەركردبوو لە زۆربەی مەكتەبەكان" بەرپرسەكەی یەكێتی لە كەركوك وای وت.

 

دابەشبوون‌و جەمسەربەندیی لایەن‌و پێكهاتەكان بەجۆرێكە ئەستەمە دادوەرەكان كە سەرپەرشتی پڕۆسەكە دەكەن بتوانن لە هیچ دۆخێكدا تەواوی لایەنەكان بە ئەنجامێك ڕازیی بكەن.

 

ئێستا چاوەكان لەسەر كەركوك‌و هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكانن لەو پارێزگایە كە پێدەچێت ڕوودانی هەر ڕووداوێك كاریگەری بكاتەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە لە پارێزگاكانی دیكە، بەتایبەت لە سلێمانی كە ئەنجامە ئەلیكترۆنییەكە ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوەو دوای كەركوك هەژماركردنەوەی دەستیی لەو شارەش ئەنجامدەدرێت.