بەرهەم ساڵح ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووندی گۆڕان‌و كۆمەڵ دەبێتەوە

03-07-2018 08:02
بەرهەم ساڵح، سەرۆكی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری. وێنە؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ ڕەخنەی تووند لە هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح دەگرن‌و هەڵوێستە تاك لایەنەكانی بە پاشەكشەو دروستكردنی بێمتمانەیی لە نێوانیاندا ناو دەبەن، دەشڵێن، دەیەوێت یەكێتی لەخۆی ڕازی بكات بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.

 

ڕەخنەكانی ئەو دوو حزبە دوای ئەوەدێت، هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە كە تێیدا ئەوەخراوەتەڕوو، بە ڕەچاوكردنی دۆخی كەركوك هیچ تانەیەكیان لە ئەنجامی هەڵبژاردن لەو شارە پێشكەش نەكردووەو چاودێری پڕۆسەی هەژماركردنەوەی دەنگەكان ناكەن.

 

ئەوە لەكاتێكدایە لەگەڵ گۆڕان‌و كۆمەڵ لەچوارچێوەی یەك لیستدا بەشداری هەڵبژاردنیان كردووەو پێكەوە دەڵێن، دەنگەكانیان "دزراوە"و "ساختەكارییان" بەرامبەر كراوە.

 

هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح شەوی ڕابردوو ڕاگەیەندراوەكەی بڵاوكردەوە، لەكاتێكدا ئەمڕۆ پڕۆسەی هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان لە كەركوك دەستیپێكرد بۆئەو سندوقانەی سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە.

 

پەرەگراف لە سەرچاوەی ئاگادارەوە زانیویەتی، "هاوپەیمانی هەوڵیداوە ئەو ڕاگەیەندراوە بەناوی هەرسێ حزبەكەوە بڵاوبكرێتەوە، بەڵام گۆڕان‌و كۆمەڵ ئەوەیان ڕەتكردووەتەوە."

 

بەرپرسێكی باڵای گۆڕان بۆ پەرەگراف وتی"دەبوایە هاوپەیمانی ڕێزی لە ڕای ئێمەو كۆمەڵ بگرتایەو خۆیشی ئەو ڕاگەیەندراوەی بڵاونەكردایەتەوە كە هیچ پێویست نییەو جۆرێكە لە پاشەكشە لە هەڵوێستەكانی ڕابردوو."

 

حزبەكەی بەرهەم ساڵح لە ڕاگەیەندراوەكەیدا باسلەوەدەكات، بە ڕەچاوكردنی هەستیاری بارودۆخەكەو بەتەنگەوەهاتنی پرسە نەتەوەیی‌و كۆمەڵایەتییەكان لە كەركوك، بەباشیان نەزانیوە سكاڵا لەسەر سندوقەكانی دەنگدان تۆماربكەن، دەشڵێت"بۆیە پەیوەندیمان بەو پڕۆسەی هەژماركردن و جیاكردنەوەی دەنگەكانەوە نیە كە بڕیارە لە كەركوك دەستپێبكات و نوێنەری خۆمان وەك بریكار و چاودێر ڕەوانەی پڕۆسەكە ناكەین."

 

ئەوە لەكاتێكدایە یەك ڕۆژ بەرلەو ڕاگەیەندراوە، حزبەكەی بەرهەم ساڵح ڕاگەیەندراوێكی دیكەی لەسەر ڕەوشی ئەمنیی ئەو پارێزگایە بڵاوكردەوەو لە خاڵێكی دیدگای ئەوان بۆ چارەسەری كێشەكانی كەركوك، دەڵێت"چارەسەركردنی كێشەی ساختەكاری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بەشێوەیەك كە زامنی گەڕاندنەوەی دەنگە دزراوەكان بێت و شەرعیەت بۆ پڕۆسەكە بگەڕێنێتەوە."

 

هەرچەندە هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح لە ڕاگەیەندراوەكەیدا تۆمارنەكردنی سكاڵای لە كەركوك بەستووەتەوە بە پرسی نەتەوایەتییەوە، بەڵام د.ڕێبوار كەریم وتەبێژی فەرمی هاوپەیمانی بۆ پەرەگراف وتی"كە سكاڵا دەكەی دەبێت داتاو زانیاریت لەبەردەستدابێت، ئێمە هیچ داتایەكی كەركوكمان لەبەردەستدا نییە بۆیە شكاتمان نەكردووە."

 

وتەبێژەكەی هاوپەیمانی ئەوەشی خستەڕوو، لە كەركوك لیستی نیشتمان سكاڵای نییە، وتی"حزبەكان بەجیا تانەیانداوەو وەكو داواكاریی تانەدراوە كە داواكراوە با بژمێردرێتەوە بە دەستیی، چونكە كەس داتای پێنەدراوەو جۆری ساختەكارییەكە دیارنییە" وتیشی"بە تەئكید دەنگمان دزراوە لە كەركوك."

 

بەپێی ئەنجامی ئەلیكترۆنیی هەڵبژاردنەكە، لیستی نیشتمان كە لەناوچە جێناكۆكەكان پێكهێنرابوو، نەیتوانی هیچ كورسییەك لە هەڵبژاردنەكەدا بەدەستبهێنێت، لە كەركوك لەناو حزبە كوردییەكاندا تەنها یەكێتی كورسیی بەدەستهێنا كە 6 كورسییەو نیوەی كورسییەكانی پارێزگاكەیە، لایەنەكانی دیكە لەناویاندا 3 حزبەكەی لیستی نیشتمان تۆمەتی ئەنجامدانی "ساختەكاریی"یان ڕوبەڕوی یەكێتی كردەوە.

 

نیگەرانییەكان‌و وەڵامی هاوپەیمانی

 

گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی كە لەزۆربەی پرسەكاندا بۆچوونی هاوبەشیان هەیە، نیگەرانییەكانیان لە هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح لەكاتێكدایە هێشتا لیژنەی هاوبەشی نێوان ئەو سێ حزبە بەردەوامە لە كاركردن‌و هەوڵی نزیكبوونەوەی زیاتر، ئەوەش دوای ئەوەی سەركەوتوو نەبوون لە پێكهێنانی یەك لیستی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی كوردستان.

 

نیگەرانییەكان بە ڕادەیەكن ڕێكخەری ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان، ڕاگەیەندراوەكەی هاوپەیمانی دەربارەی هەڵبژاردن لە كەركوك بە "شەرعیەتدان بە تەزویر" لەقەڵەم دەدات.

 

د. محەمەد عەلی كە هاوكات ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕانە بۆ پەرەگراف وتی"كەركوك بە بەرنامەی سیاسی سەركەتو و خزمەتكردن دەبێت بە كوردستانی نەك بەتەزویر، ناكرێت لە پارێزگایەك دژی تەزویربیت و لەپارێزگایەكی تر لەگەڵیدا بیت."

 

ئەو بەرپرسەی گۆڕان بەتووندی دژی ئەو وتارە نەتەوایەتییە وەستایەوە كە یەكێتی بەكاریدەهێنێت بۆ دۆخی كەركوك‌و پێیوابوو هاوپەیمانی بەو ڕاگەیەندراوەی بووە بە بەشێك لەو وتارە، وتیشی"یەكێتی تەزویری بۆ خۆی كردوە لە كەركوك نەك بۆ كورد. ئەگینا بۆ هەر شەش كاندیدە كوردە دەرچوەكانی كەركوك یەكێتین."

 

هاوكات بەرپرسێكی باڵای گۆڕان كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت "نیگەرانی زۆر"ی حزبەكەی لە ئاستی باڵادا دووپاتكردەوە لە هەڵوێستەكانی هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح، وتی"گۆڕان گومان دەكات هاوپەیمانی لە پارێزگاكانی هەرێمیش بیانوو بدۆزێتەوەو بكشێتەوە لە هەڵوێستەكانی، ئەگەر دژی تەزویریت دەبێت دژی بیت لە هەموو شوێنێك، كەركوك بە تەزویر نابێت بە كوردستانیی."

 

بەڵام وتەبێژەكەی هاوپەیمانی ئەوەی ڕتكردەوەو لەگەڵئەوەی پێیوابوو هەژماركردنەوەی دەنگەكان لە كەركوك سوود بە لیستی نیشتمان ناگەیەنێت، وتی"دەربارەی هەرێمی كوردستان لە هەرسێ پارێزگاكە سكاڵامان كردووە، بەتایبەت لە سلێمانی داوای ژماردنەوەی تەواوی دەنگەكانمان كردووەو سوورین لەسەر داواكارییەكەمان."

 

بەرپرسە باڵاكەی گۆڕان پێیوابوو، هەڵوێستەكانی هاوپەیمانی‌و ئەو ڕاگەیەندراوەی دەربارەی كەركوك، كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانیان دەبێت، وتی"كاك بەرهەم متمانەی نامێنێت، بۆچوونێكیش هەیە كە ئەو هەڵوێستانەی بۆ ڕازیكردنی یەكێتییە بۆئەوەی لە داهاتوودا پشتیوانیی بكەن ئەگەر خۆی هەڵبژارد بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كە حەزێكی وای هەیە."

 

پێشتریش چەند جارێك ئەوە ڕوبەڕوی بەرهەم ساڵح كراوەتەوە كە كاربۆ ڕازیكردنی لایەنەكان دەكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، لە وەڵامدا وتەبێژی هاوپەیمانی وتی"زۆرجار وتومانە ئەگەر باس باسی سەرۆك كۆماری بێت هەرزوو وەریدەگرت بەبێ دروستكردنی هاوپەیمانی."

 

د.ڕێبوار كەریم پێیوانییە ڕاگەیەندراوەكەی ئەوان بێمتمانەیی دروست بكات لەگەڵ گۆڕان‌و كۆمەڵ، وتی"ڕایەكی جیاواز بۆ دەبێ ببێتە مایەی بێمتمانەیی؟ نەخێر ئێمە لیژنەی هاوبەشمان هەیەو پەیوەندییەكانمان بەردەوامن‌و كاری هاوبەشمان هەیە."

 

پەرەگراف لە بەرپرسێكی باڵای كۆمەڵی ئیسلامییەوە زانیویەتی، ئەوانیش هاوشێوەی گۆڕان هەمان نیگەرانییان لە بەرهەم ساڵح‌و هەیەو پێكەوە لەگەڵ گۆڕان گفتوگۆیان لەوبارەیەوە كردووە.

 

ئەو بەرپرسەی كۆمەڵ كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت، وتی"بەحساب یەك لیست بوین‌و وتومانە تەزویر كراوە كەچی ئەوان بەو ڕاگەیەندراوە پاشەكشەیان پێوەدیارە."

 

تەنها ئەو ڕاگەیەندراوە نییە كە گۆڕان‌و كۆمەڵی لە هاوپەیمانی نیگەران كردبێت، ئەو دوو حزبە پێشتریش لە ڕاگەیەندراوێكی هاوپەیمانی نیگەران بوون كە تێیدا ڕایگەیاند"هاوپەیمانی هەرگیز داوای نەكردووە دەنگی پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆ پووچەڵبكرێنەوە و پێشنیازی واشی نەكردووە، پێچەوانەكەی ڕاستە ئێمە لەگەڵ ڕێزگرتنین لە دەنگ و پێگەی پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆ."

 

ئەو ڕاگەیەندراوەی هاوپەیمانی(10-6-2018) دوای كاردانەوەی پارتی‌و یەكێتی هات بۆ یاسایەك كە پەرلەمانی عێراق پەسەندی كردو دەنگدانی تایبەتی لە هەرێم هەڵوەشاندنەوە كە دەنگی پێشمەرگەو هێزە چەكدارەكانی دیكە دەكات(دواتر دادگای فیدراڵی ئەو مادەیەی یاساكەی هەڵوەشاندەوە).

 

"سەبارەت بەوەی پێشمەرگە ڕای خۆمان هەیە‌و ئاساییە هێزێكی سیاسی ڕای خۆی هەبێت" وتەبێژەكەی هاوپەیمانی بۆ پەرەگراف وای وت.

 

بەدەر لەو دوو هەڵوێستە كە گۆڕان‌و كۆمەڵی نیگەران كردووە، بەرپرسە باڵاكەی گۆڕان نیگەرانییەكی دیكەشی خستەڕوو، باسیلەوەكرد ئەو 3 حزبە ویستویانە داوا لە دەسەڵاتی دادوەریی بكەن ئاڵوگۆڕ بەو دادوەرانە بكات كە وەك بەڕێوەبەری نوسینگەكانی كۆمسیۆن دیاریی كراون، "بەڵام هاوپەیمانی ئامادەنەبووە ئەو داواكارییە واژۆ بكات."

 

لەبەرامبەردا وتەبێژەكەی هاوپەیمانی ئەو زانیارییەی ڕەتكردەوە، وتی"دەربارەی ئاڵوگۆڕی دادوەرەكان بەهیچ شێوەیەك شتیوانەبووەو نەخراوەتەڕوو تا ئێمە واژۆمان نەكردبێت."